Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە تاوانی ڕفاندن و لاقەکردنی کچێکی شانزەساڵ:

Be First!
by January 11, 2014 ژنان

 

 

 

 

 

لاقەکردن بەرهەمی ڕوانگەی پاتریارکییانەیە بۆ ژن

 

 

دەستگیرکردن و پیشاندانی نیاز لەلایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە بۆ سزادانی ئەو شەش کەسەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 06.01.2014، تاوانی ڕفاندن و لاقەکردنی کچێکی شانزەساڵیان ئەنجام دا، ئەو شێوە مامەڵەکردنەیە کە دەبێت لەگەڵ هەموو دۆزێکی تاوانکارییدا بکرێت. بۆیە ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە ئەمجارە، بەپێچەوانەی هەزاران دۆزی تاوانکاریی ترەوە کە بەدرێژایی ساڵ دژ بە ژنانی کوردستان ئەنجام دەدرێن و تاوانکاران بێسزا لێی دەردەچن، ئەم دۆزە بە جیددی وەرگیراوە و هەوڵ دەدرێت کارێک بکرێت هەم پیشانی تاوانکاران و هەم کۆمەڵگاش بدرێت کە ڕفاندن و لاقەکردن تاوانێکی گەورەیە و سزای گەورەی هەیە.

 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەم تێبینیانەی خوارەوەمان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆزەدا هەیە:

 

ئێمە پێمانوایە کە بۆ ڕێگەگرتن لە تاوانی لاقەکردن لە کوردستاندا، هەر ئەوەندە کافیی نییە سزای تاوانکاران بدرێت. ڕوودانی تاوانێکی ئاوا گەورە لە کوردستاندا هەم نیشانەی هەبوونی خەلەل و ناتەواویی گەورەیە لە کولتوری کۆمەڵگای ئێمەدا و، هەمیش نیشانەی هەبوونی کەموکوڕیی گەورەیە لە کارکردنی دەسەڵاتدا لەسەر دۆزی ژنان. بۆیە ئەو ڕووداوە دەبێت زەنگێکی بەئاگاهێنانەوە بێت بۆ کۆمەڵگای ئێمە و ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ئەوە ببینن کە کاری زۆر ماوە لەو بوارەدا بکرێت. سزادانی تاوانکاران بەشێکی بچوکی کارەکەیە و ئێمە هیوادارین ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ئەوە ببینن کە تائێستا کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی حوکمڕانییاندا لەئاست دۆزی ژناندا. هیوادارین ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت دەست بداتە کارکردنێکی سەرتاپاگیر بۆ ڕێگرتن هەم لە هەراسانکردنی سێکسیی و هەم لە لاقەکردنی ژنان لە کوردستاندا. دیاردەکانی شەڕپێفرۆشتن و دەستبۆبردن و لاقەکردن هۆکاری سەرەکیین بۆ کەمیی ڕێژەی کچان لەناو کۆمەڵگادا، بۆیە دەبێت کاری جیددیانەتر بکرێت بۆ نەهێشتنی ئەو تاوانانە، هەر لە هەموارکردنی ماددەکانی یاسای سزادانەوە، تا چەندین ئیجرائاتی جۆراوجۆری تر کە دەکرێت کاری چڕوپڕیان لەسر بکرێت و لە ماوەیەکی کورتدا ئاکامی زۆر باشیان هەبێت.

 

ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە ئەوەیە کە هەم دەسەڵاتداران و هەم زۆربەی ئەو خەڵکەی کە سەرکۆنەی ئەو تاوانکارییە دەکەن، لە سۆنگەی هەمان ئەو عەقڵییەتەوە سەرکۆنەی دەکەن کە خۆی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئەو تاوانەیە. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی شەرپێفرۆشتن و هەراسانکردن سێکسیی و لاقەکردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە (ئەمە ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت)، ئەو عەقڵییەتە باوکسالارییەیە کە لە سەیرکردنیدا بۆ ڕەگەزی ژن، یەکەم شت سێکسەکەی دەبینێت نەک مرۆڤبوونی. کاتێک بەڕێوەبەری پۆلیس و هەموو دەزگاکانی حکومەت و نزیک بە سەرجەم کۆمەڵگای ئێمە، لە تاوانی تەجاوزکردنە سەر ویقاری ئینسانێک و تێکشکاندنی باری دەرونیی و پرۆژەی ژیانییدا، ئەوە بە گرنگترین شت دەزانێت لە دۆزەکەدا کە ئایا ئەو پەردە بۆگەنەی کە بۆ مێشکی بە سێکسبۆگەنکردووی ئەوان گرنگە، هیچ زەربەی خواردووە یان نا، ئەم نەبینینەی کچە قوربانییەکە وەک مرۆڤێک و هەستنەکردن بە ئازارە دەروونییەکانی، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو عەقلییەتە کۆنەدا کە شەش گەنج پێی سۆشیالیزە بوون و وایکردووە کچ وەک مەکینەی دامرکاندنەوەی سێکس ببینن. وایکردووە هەرکات کچێک لە مارکێتێکدا یان بەسەر جادەوە دەبینن، وەک نێچیرێک دێتە بەرچاویان نەک هاوڵاتییەک کە مافی هەیە لە دەرەوەی ماڵ بخوێنێت و کار بکات و ئامادەیی هەبێت. ئێمە کاتێک ئەم جۆرە کارکردنەی دەسەڵاتداران دەبینین لەسەر ئەو دۆزە، ئینجا دەزانین کە ئەگەر وا بڕوات، ئەوا دەستگیرکردن و سزادانی ئەو شەش کەسە هیچێک لەو کولتورە ناگۆڕێت کە هۆکاری سەرەکیی هەبوونی لاقەکردن و هەراسانکردنی سێکسییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. وەک دەردەکەوێت ئەو جیدییەتەی دەسەڵات و زۆربەی خەڵکی ئێمە لە داواکردنی سزادانی ئەو گەنجانەدا دەینوێنن، لەو سۆنگەیەوە نییە کە بڵێن لاقەکردن بۆی هەیە مرۆڤێک تێکبشکێنێت، بەڵکو لەو سۆنگەیەوە کە گوایە ژن شەرەف و نامووسە و دەستبردن بۆی تابۆشکاندنێکی گەورەیە. ئێمە پێمانوایە ئەو شەش گەنجە دەبێت لەسەر ئەوە سزا بدرێن کە تەجاوزیان کردۆتە سەر حەرەمی لەشی مرۆڤێکی تر و ناڕەحەتییەکی دەرونیی وا گەورەیان بۆی دروست کردووە کە بۆی هەیە تا ماوە ژیانی قورس بکات، نەک لەسەر دەستبردن بۆ «کارێکی قێزەونی وەک سێکس». سزادانی لاقەکەران بەناوی «دەستبردن بۆ شەرەفی خانەوادەیەک» و بەناوی « دەستبردن بۆ کاری بەدڕەوشتیی» و « دەستبردن بۆ کاری حەرام»، بەرهەمێنانەوەی هەمان ئەو کولتور و ڕوانگە کۆنسەرڤاتیڤەیە بۆ ڕەگەزی ژن کە هۆکاری ئەوەیە ئاوا ئاسان دەست بۆ لاقەکردنی ژنان دەبرێت لە کۆمەڵگادا.

 

ئێمە زەرورەت دەبینین لێرەدا هۆشداریی بدەین لەئاست ئەو ڕێتۆریکە کۆنسەرڤاتیڤانەدا کە هەم دەسەڵاتداران و هەم ڕاگەیاندنەکان و هەمیش نووسەران و سیاسەتمەدارانی کۆنەخواز، بۆ سەرکۆنەکردنی تاوانەکە بەکاری دەهێنن. لێکدانەوەی ئەو ڕووداوە وەک «ئاکامی لاوازبوونی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا» و، قۆزتنەوەی ڕووداوەکە بۆ پێداگریی زیاتر لەسەر ئەهەمییەتی داخراویی کۆمەڵگا و دوورڕاگرتنی کوڕان و کچان لەیەکتر، وە ترساندنی دایکان و باوکان لە ناردنی کچەکانیان بۆ ناو کۆمەڵگا، دەبێتە هۆی ئەوەی کچان ئەوەندەی تر لە ماڵەوە حەسر بکرێن و ڕێگەی هاتنەناو کۆمەڵگایان لێ بگیردرێت. بۆیە ئیشی دەسەڵاتدارانە کاری بە پلان بۆ کەمکردنەوەی ئەم کارکردە نێگەتیڤەی ئەو ڕووداوە بکەن. ئەوەی کە خەتەری لاقەکردنی کچان هەیە لە کۆمەڵگادا، نابێت بەوە چارەسەر بکرێت کە کچان باجەکەی بدەن. نابێت لەجیاتی ئەوانەی کە دەست بۆ لاقەکردن دەبەن، کچان لە ماڵەوە زیندان بکرێن. کارێکی وا ڕێک وەک ئەوە وایە پیاوکوژێک کە هەڕەشەی کوشتنی لە کەسێک کردووە لێگەڕێیت لە دەرەوە بێت و، هەڕەشەلێکراوەکە، بۆ پاراستنی ژیانی، بکەیتە زیندانەوە. ڕێک ئەم ڕێگەچارەیەیە کە کۆمەڵگای ئێمە تائێستا گرتوویەتییە بەر. ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤانەی کۆمەڵگا بۆ ژن و بینینی ژنان وەک نێچیری سێکسیی، بەوە چارەسەر کراوە کە نزیک بە نیوەی هاوڵاتییان کە ژنن لە ماڵەکاندا حەسر کراون. ئەمە هەر سنووردارییەک نییە لە ژیانی کچاندا، بەڵکو نەبوونی زەمینە بۆ هاتنی کچان بۆ ناو کۆمەڵگا، بە چەندین شێوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. لەمەدا دەسەڵاتداران بەرپرسن چونکە بەجیددیوەرنەگرتنی ئەم کێشەیە مانای بەشدارییکردنی دەسەڵاتدارانە لەو پێشێلکارییانەدا.

 

ڕۆزا حسێن

چۆمان هەردی

نەجیبە مەحمود

 

11.01.2014

 

Previous
Next

Leave a Reply