Skip to Content

Monday, November 29th, 2021

ڕه‌نگاڵه‌ …… ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی

Comments
by August 2, 2009 ئەدەب

ڕه‌نگاڵه‌
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

 

 

1
هێڵكی دووكه‌ڵ ده‌مباته‌وه‌ بۆ،
به‌هه‌شتێك له‌ ئاگر و
به‌ نێرگزییه‌تی پیاوێكدا موڕاجه‌عه‌ ده‌كه‌م
غیره‌تی ده‌پێچێ له‌ سوچی سیگارێك و
دووكه‌ڵێك دروست ده‌كا له‌ به‌ژنی ژن…!!

2
په‌نجه‌ره‌ یانی بینین
له‌ ناو هه‌ناوی هه‌موو هاوینێكدا
جووتێك جزمه‌ی زستان
له‌ناو له‌پی هه‌ر ستیانێكدا،
دووپرته‌قاڵی مناڵ…
له‌ ناوگه‌نجی چه‌مێكیشا
پایزێك به‌ خه‌به‌ر دێ،
گۆچان چرۆ ده‌كا له‌ده‌سیا…

3
نان له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كدا،
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم
ئه‌وه‌ حیكمه‌تیخه‌یاڵه‌كانی كێڵگه‌یه‌
ته‌ناف ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سێبه‌ری سێداره‌
له‌وێدا گه‌رویئازادی هێڵنج ئه‌دا
ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی وڵاتی وه‌حشه‌ته‌…!!
        
4
كه‌ جگه‌ره‌ لاسای شه‌و ده‌كاته‌و
له‌ كۆڵانه‌كانی ئاسماندا،
تاریكی ده‌چێنێ…كه‌ تاریكی باڵ ده‌گرێ و
لاسای فڕین ده‌كاته‌وه‌
ته‌نها هاوڕێیه‌كی،
ئه‌ویش شه‌مشه‌كوێره‌…!!

5
كه‌ مانگ له‌ حه‌وشه‌كانی ئاسماندا،نان ده‌خوا
كه‌ناری ئه‌ندێشه‌یان له‌ قه‌فه‌س ده‌كه‌نه‌وه‌و
ده‌بنه‌ ئه‌سیری شه‌و..
چۆله‌كه‌ ده‌ست هه‌ڵده‌گرن،
له‌ ڕێنوسی هێلانه‌و
نیگه‌رانی پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌شه‌و..
مێروله‌ به‌ده‌نكه‌ گه‌نمێك ده‌ڵێ:لێم ببوره‌
قه‌ناعه‌تم به‌ فه‌تحی شه‌و..
په‌ڕه‌سێلكه‌ ده‌ڵێ:به‌سیه‌تی كرێچێتی،
كوێستان و گه‌رمیان
مانگ ده‌له‌وه‌ڕێ
منیش ده‌بمه‌ پاسه‌وانی شه‌و…!!

 6
كه‌ شه‌و ده‌كه‌وێت و سه‌ری ده‌شكێ
تاریكی پێڵاوه‌كانی ده‌دڕێ و
ئه‌ستێره‌ پێكه‌نینیان كپ و
مانگیش گۆره‌وییه‌كانی وون…!
      
7
كه‌ تیشكی خۆر دوگمه‌ی گوڵێك ده‌كاته‌وه‌،
به‌ ئینجانه‌ ده‌ڵێم به‌سیه‌ چه‌نه‌بازی،له‌وێدا دوو ده‌ریا
هه‌ژانیان ده‌گاته‌ حزووری خوا…!!

8
په‌رده‌ بیانووه‌ بۆ په‌نجه‌ره‌
په‌یژه‌ دۆڕنێكه‌ بۆ نیشته‌جێ،
ئاوێنه‌ كتێبێكه‌ ڕوومان،
تیاییدا موتاڵا…!!

  9
كه‌ شه‌ڕ دێ كه‌مانچه‌ به‌ فڕینێكی شه‌له‌وه‌
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو ده‌ستی دره‌خت
ده‌ست و پلی دره‌ختیش هه‌تا گوزه‌ر ده‌كا،
بۆ حه‌رفه‌ وه‌ریوه‌كانی خه‌یاڵ و
هه‌تا به‌ئاگا دێته‌وه‌،
ده‌بێته‌ قۆناخه‌ تفه‌نگ…!!

10
كه‌ چاوی مناڵان پڕ ده‌بێ له‌ ئاسمان
خۆیان ناونووس ده‌كه‌ن بۆ فێرگه‌ی فڕین
ئه‌و كات جه‌سته‌یان،
به‌ قاقایه‌ك ده‌به‌ستن و
ڕۆحیان ئه‌ستێره‌ لێده‌خوڕێ و
مانگیش ده‌كه‌نه‌ كۆلاره‌…!!

  11
ژیان سه‌راپا سه‌فه‌ره‌…
هه‌رچی گومان و ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌،
هه‌ڵده‌چنم به‌ ملپێچی ده‌رگاكه‌مدا،
به‌ مردن ده‌ڵێم چاوه‌ڕێم به‌ تا دێمه‌وه‌
ژیان له‌ تۆدا نیشته‌ جێیه‌…!

 12
عیشق له‌زه‌تی تیشك،
 ئاوه‌ڵا ده‌كا له‌ دڵما
ئه‌ مه‌یان یانی ئازادی…
وه‌لێ ده‌بێ چاوه‌ڕوانبم، سێبه‌ره‌كه‌ی
تاڵیم پێ بنۆشێ،
ئه‌مه‌یان یانی دیلی…!!

13
كه‌ ده‌چمه‌ خه‌ڵوه‌ت و
خه‌و ده‌پلیشێنمه‌وه‌
ده‌سته‌كانم چاوه‌ڕوانه‌
قیژه‌ی كاتژمێره‌كه‌م،
بخاته‌ پێڵاوه‌كانی كۆڵان..!!

 14
هه‌موو شتێك دژ یه‌كه‌..
له‌ ناو شه‌پۆلی ده‌ریا،
كۆڵانێك له‌ بێده‌نگی…
له‌ ناو كپی به‌ردیشا
قیژه‌ی ڕووبارێك،له‌ بێحه‌یایی…!!

15
لێره‌وه‌ له‌ دووڕیانی شه‌وێكا
جانتای سه‌رم سه‌راب ڕاده‌خا
جاده‌ ده‌ڕوا
پارك ده‌ڕوا
باران ده‌ڕوا
له‌و سه‌رابه‌ شینه‌دا
من پیاوێك ئه‌ناسم ئاوی ئاوی
ڕیشی پایزی لێده‌بارێ،
قژی گریان هه‌ڵده‌كا…!!

 16
ڕۆژانه‌ من ده‌ڕۆم تا موتڵه‌ق تا سێبه‌ر تا دوورییه‌كان
تا چوارگۆشه‌ی چوار شه‌ممه‌یه‌ك،
له‌ ئاستانه‌ی مه‌زارێك…
تا شه‌پۆلدانی هه‌ینییه‌ك،
ته‌ به‌ر قاچی مزگه‌وتێك…
تا ده‌ست له‌ دیواری قریوه‌ی مێرووله‌یه‌ك
بۆ له‌تێك ژیان
تا باڵق بونی باڵی چه‌ترێك
به‌ واژۆی باران
كه‌چی من هه‌ر ناگه‌مه‌ حه‌قیقه‌تی مه‌نسورێك…!!

Previous
Next

Leave a Reply