Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

ڕوئیا بەدواى نورانیەكا ئەگەڕىَ

Be First!
by September 22, 2008 ئەدەب

 ڕوئیا بەدواى نورانیەكا ئەگەڕىَ
 هەردى شەفیق

 ئەى ئەو كچەى گۆرانى بۆ پیاوێك ئەڵى ى لە ناخەوە هەلاهەلایە
 لەناو ڕۆحى خۆیدا وێرانە
 بەخەیاڵ وێنەى پیاوێك دروست ئەكەیت، بەخوێنى خۆى تابلۆیەك دروست ئەكات
 پیاوێكت لەم گوزەرەدا نەدیتوە
 میهرەبانى ڕیسواى زەمانەى كردوە ؟
 پیاوێك هەمیشە لەبەرخۆیەوە دەڵیت
 با وێران بێت ئەم وێرانەى خەیاڵە
 با كەلاوەبێت ئەم ڕۆحەى بووە بەكەلاوە
 با زیندانى بێت ئەو مەرگەى لەناو ڕۆحى مندا زیندانە
 بایاخى بێت ئەو عیشقەى لەناو دڵى مندا مردوە
 لەپاش جەنگەكان خوێنەكانیان پێ سڕیم
 تەرمى ئازیزەكانمیان پێ خستمە چاڵ
 باهەرەس بهێنىَ چارەنوسى ئەو هەموو نهێنیە
 
 لەو مەیخانەدا كەمەینۆشەكانى پاشماوەى عیشقێكى ناكامن بپرسە
 ئەرى ئێوە مردوویەكتان نەدیتوە
  هەموو شەوىَ گوىَ لەهاوارى دڵى خۆى ئەگرىَ و
 بەدیارگۆرانیەكانى ڕۆحى خۆیەوە كزكزدائەنیشىَ؟
 پیاوێك هەمیشە دەڵى:
 عیشقەكانمان هەمووى درۆ دەرچون
 پیاوێ: ئەوەچەند سەدەیە برینەكانى خۆى تیمار ئەكاو خوێنیان لێدىَ
 داواى نورى میهرەبانى لەخوائەكاو خوێنى بۆدىَ
 پیاوێك هەمیشە ژنەكان بانگى دەكەن:
 بەم هەموو برین و غەم و خوێنەوە بۆكوىَ دەڕۆى
 بەم میهرەبانى خواو خەمانەوە بۆكوىَ دەڕۆى ؟
 
 لەخوڵوەتێكدا كەێۆفیەك لەپەنجەرەیەكى چكۆلەوە تەماشاى خوائەكات
 بپرسە :ئەرىَ تۆ زاهیدێك ناناسیت لەناو ڕۆحى خۆیدا نوێژئەكات؟
 زاهیدێك بەناو نەگەشتن بەخەونەكانیدا ماندووبوەو
 وەك شێتێك قومارخانەو سۆزانیخانەكانى شار دەگەڕێت و
 خوێنى قوربانیەكان بەدەرگاى مەعبەدەكانەوە دەسڕێت
 
 لەو سیاسیانە بپرسە ژیانیان كردووەتە درۆیەكى بێتام و بێمانا
 ئەرىَ كەسێكتان نەدیوە هەموو ڕۆژىَ لەژورەكەیدا خۆكوژى ئەكات؟
 پیاوێكتان نەدیوە
 هەمووعومرى  بۆدڵى خۆى گەڕاوە لەسینەى كەسىَ ترداو نەبینیوە؟
 نەتان دیوە پیاوێك لەم مەملەكەتى تاڵانكردنى ڕۆحەدا
 لەم وڵاتى هەڕاجكردنى دڵەدا
 بەدواى دڵ  و ڕۆحى خۆیدا ئەگەڕىَ؟
 پیاوێك وەك دێوانەكان ئەڵێت:
 درۆكانى حەقیقەت كەڵكیان پێوەنەماوە تەفسیرێكى تربدۆزنەوە ژیان
 جوانیەكانى حەقیقەت تامیان تیانەماوە مەرگێكى تربدۆزنەوە بۆ ژیان
 لەو توتیە سەرابیانە بپرسە، بەدارستانە ڕوت و تینوەكاندا دەفڕن
 ئەرىَ باڵندەیەكتان نەدیوە پڕە لەویقارى حەقیقەت
 پڕەلەخوێن و برین،سام و هەیبەت
 پیاوێك هەمووئێوارەیەك لەبرى پەڕەسێلكەیەكى شەكەت
 دڵى ئەخاتە بەردەستى بێچوەكانى؟
 پیاوێك كەبەشەقام و كۆڵانەكاندا دەگەڕىَ بۆنى ژیانى دى
 كەدەیەوێت لەدوكانێك لابدات كێك و ساردیەك بخوات
 دەست بەگیرفانەكانیدا ئەگێڕىَ و پارچەیەك مەغریب دەردێنىَ
 پیاوێك خەمساردى هەمووساقیەكان ئەخوێنێتەوە
 مەرگ لەناو چاوە مەستەكاندا ئەبێنىَ
 پیاوێك هەرەس هێنانى هەموو ماڵەكانى تەنیایی دیوە
 ڕوخانى هەموو سەردەمەكانى وەفادارى دیوە
 پیاوێك بەسەر پشتى ئەسپێكى خەیاڵیەوە دەڕوات و تۆنایبینى
 بەناو چاوەكانى تۆ دا گوزەرئەكاو لێتەوە دیار نیە
 
 لەمەعبەدێكدا هەموو ئیماندارە كانى سەریان بەسوجدەوە جێماوە بڵىَ :ئەرىَ ئێوە ئیماندارێك ناناسن
 بەدواى یەقیندا ئەگەڕىَ و لە فەزاى گوماندا و نبووە
 پیاوێك كوشتنى كۆترە كان تەفسیر ئەكاو دڵەى پەڕەسێلكەكان ئەخوێنێتەوە
 پیاوێك بەدواى گۆڕى ئازیزێكى دا دەگەڕىَ ڕۆحى لاجێبێڵى و
 بەدیار خەونە كوژراوەكانیەوە تێر بگرى ؟
 پیاوێك یادگارى عیشقە كۆنەكانى زیندو ئەكاتەوە
 پێاوێك بەدواى گۆڕى هاوڕىَ دێرینەكانیدا ئەگەڕىَ
 زەمان ڕۆیی و كەس دەرگاى لەو پیاوە نەكردەوە پەرداخێك ئاوى بداتىَ
 ئاخر ئەو هەمیشە بەخوێن و زەغرەفە
 لەسەر دیوارى عیبادەتگایەكى دێرین ئەنوسىَ
 شەو هەمیشە بۆنى خوێنىَ لێدىَ
 
 لەو مۆسیقارانە بپرسە، بەدیار پیانۆیەك و كەمانێكەوە ژێكانى پچڕاون
 ئەرىَ ئێوە پیاوێكتان نەدیوە مۆسیقاى مەرگى حەسرەتەكانى ئەژەنێت؟
 پیاوێك بۆنى ڕەیحانەى مەرقەدو مشایەخەكانى لێدىَ؟
 پیاوێك بەحەسرەتەوە مردو هەناسەى كۆترێكى پێنەكرا بەمۆسیقا؟
 پیاوێك لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنىَ و دەڵىَ:
 بەكۆڵىَ برین وخوێنەوە هاتین ودەرگاى مەرگمان كوتا
 بەڕوتى هاتین و بە كۆڵىَ خوێن و برینەوە چوین
 بەبىَ پرسیار هاتین و بە كۆڵىَ پرسیارى بىَ وەڵامەوە چوین
 
 لەناو خێڵە وەحشەت ناكەكانى دارستاندا پرسیاربكە
 ئەرىَ ئێوە پیاوێكتان نەدیوە لەنێو دڵى شەودا بۆدڵى بریندارى خۆى دەگەڕىَ
 بەناو كەمینى هەزارەها جانەوەرى وەهمیدا دەڕوات تابگاتە ئەو سەرى قیامەت
 پیاوێك لەسێبەرى گۆڕەكاندا جگەرە دەكێشىَ و
 لەسەر گۆڕەكان ڕەیحانە جێدێڵى
 پیاوێك بەناو خامۆشى عومرى خۆیدا دەیەوێت
 چراى ئیمانێكى ڕۆحیتر داگیرسێنێت؟
 
 لەو فەیلە سوفانە پرسیار بكە سەریان تەنیا بەسەر كتێبەكاندا شۆڕ ئەكەنەوە
 ئەرىَ ئێوە پیاوێك ناناسن
 هێشتا پێى وایە بەختیارى یەكێكى ترە لە درۆ جوانەكانى حەقیقەت؟
 پیاوێك برینى ئەو ئەسپانە تیمار ئەكات بەرلەوەى لەجەنگ بگەڕێنەوە برینداربوون
 بەرلەوەى خودا بناسن ئیمانداربوون ؟
 پیاوێك پەپولەكان لەسەر سینەى دەنون
 گوڵە ئەستێرەكان لەناو دڵیدا لانەئەكەن
 پیاوێك دەستەكانى سورە بەسەر بڕینى ڕۆحى خۆى
 پەشیمانى ئەیكوژىَ نەك برینەكانى ڕۆحى خۆى
 یادگاریەكانى ئەیكوژىَ نەك هەناسەكانى دڵى خۆى
 
 بەو پۆلە باڵندە غەمگینانە بڵىَ ترسى مەرگ كۆیكردونەتەوە
 ئەرىَ ئێوە كوكوختیەك ناناسن بەدەنگى كەمانێكى پیر دەگرى
 كوكوختیەك هەمیشە لەماڵى نەسیمى عەترو عیشق و شیعرەوە دىَ و
 لەدوعاى ئەو چڵەڕەیحانانە ئەترسىَ
 دەستى پایزێكى ناشى لەخەزان مارەیان ئەكا؟
 حیكایەتەكانى بۆ ئەو ڕاهیبانە ئەگێڕێتەوە
 لەخزمەتى كلیساكاندا پیرى ئەیانكوژىَ
 چیرۆكى (با) بۆئەو ێۆفیانە ئەگێڕێتەوە
 خەڵوەتەكانیان گۆڕەو شاریان ئەدا
 
 لەو كچانە بپرسە دڵیان لەنێو خوێنى چەقۆكاندا لێون بووە
 ئەرىَ ئێوە كوڕێك ناناسن بەنێو ڕۆحى خۆیدا هەنگاو دەنێت بەرەو ماڵى عەشق؟
 چاوەكانى پڕن لەپوچگەراییەكى سەوزو
  ڕۆحى تژیە لەنائومێدى شین ؟
 كوڕێك لە دەرگاى ماڵەكانى شار ئەدات و میهرەبانى ئەبەخشێتەوە
 لەنێوان لەدایك بوون و مردنا گوڵێكى سور ئەڕوێنێت؟
 هاڵاوى تەنیایی سەر پەنجەرەكان دەسڕىَ و دەڵىَ:
 ئەم هەموو گوڵە لەخوێندا دەخنكێن و كەس نایبینىَ
 ئەم هەموو بیابانە مردون و باران نابارىَ
 كورێك مناڵان هەمیشە بانگى لێدەكەن:
 مەڕۆ باسپێدە دۆستى ئێمە بێت
 مەڕۆ بامەغریب لەئێمە یاخیبێت
 كوڕێك زەمانە جێى هێشتوەو
  بەدواى دڵ و ڕۆح ویادگاریە كانیدا ئەگەڕىَ
 بەدواى عیشق و وەفاو جوانیەكانى ڕۆحى خۆیدا وێڵە
 
 لە كۆڕى ئەو مەستانەدا دووبارە بوونەوەیەكى بێمانایە ژیان
 درۆیەكى دوبارەو هەزاربارەیە ژیان،بپرسە
 پیاوێك بێرەدا تێنەپەڕیوە
 دڵى لەناو لەپى دەستیدا داناوەو سەیرى دەكات؟
 پیاوێك هاواردەكات
 ئەم برینانە مەكولێنەوە كەبرینى تۆن
 ئەم مناڵانە مەكوژە كەمناڵى تۆن
 پیاوێك لەجەنگ ومەرگ ونیشتیمان هەڵدىَ و
 خوێن وخواو خەم و ویژدان یەخەى ئەگرن
 عیشق و خوێن وجەنگ ومەرگ یەخەى ئەگرن
 پیاوێك بەدواى ڕۆحى ونبوویدا ئەگەڕىَ و مەرگ ئەدۆزێتەوە
 بەدواى ڕۆحى خوێناوى خۆیدا ئەگەڕىَ ودڵى مردوى  ئەدۆزێتەوە
 
 لەو دێوانانە بپرسە هەموو ڕۆژىَ دەردەدڵ ئەیانكوژىَ و زیندویان ئەكاتەوە
 ئەرىَ ئێوە گۆڕغەریبەیەكتان نەدیوە نائومێدى ئەوى كوشتوە ؟
 لەو كوێرانەبپرسە چراكان ئەكوژێننەوەو پەروانەكان دائەگیرسێنن
 ئەرىَ ئێوە نابینایەكتان نەدیوە بەدواى چاوەكانى خۆیدا وێڵە؟
 لەو كەشتیوانانە بپرسە لەگەڵ هەڵكردنى (با)كاندا گۆرانى ئەڵین
 كەشتیەكى تینوتان نەدیتوە لەناو دڵى دەریادا لەنگەر ئەگرێت
 ئەرىَ ئێوە مردویەك ناناسن ساڵانێك لەمەو بەر
 ئەیویست دەریا بەبیابان بگەیەنێت
 
 لەو عاریفانە بپرسە كەبەڕوتى بەنێو دڵى خۆیاندا ئەگەڕێن
 پیاوێك ناناسن لەتەنیشت ئەو ناندێنانەوە ژنەكان گۆشتى دڵى خۆیان لێدەنێن
 سەرى هەموو هەموو قابلەمەكانى خەیاڵى لابردوەو
 بەحەسرەتەوە تامى گۆشتى دڵى خۆى كردوە؟
 پیاوێك هەمیشە دەڵىَ :
 ئەرىَ بۆدەبىَ فریشتە سپیەكانى خوا بكوژرێن؟
 
 لەوپەروانە شێتانە بپرسە لەدواى كوشتن و
 كوژانەوەى چراكانەوە دەسوتێن
 ئەرىَ ئێوە پەروانەیەكى تر ناناسن لەڕۆحى خۆیدا دەبێت بەقەرەبروت؟
 ئەرىَ ئێوە كەسێك ناناسن هێشتا پێى وایە خودا پڕە لەڕۆحى پەروانە؟
 پیاوێك بۆ سەدە دورەكانى دواى خۆى دەژى و
 میهرە بانى سەدە دێرینەكان دێنێتەوە
 پیاوێك لەو پەڕى نائومێدیدا ئەڵێت:
 كىَ ئەو كەمانە لێبدات دڵى هەتیوێكى  خۆشدەكرد؟
 لەو ڕاو چیە ناشیانە كەجارێكى تر دەیانەوێت
 لەمردن ژیان ولەژیان مردن سەوزبكەن بپرسە
 پیاوێك تان نەدیوە لەخوێنى كوكوختیەكدا بۆ خوابگەڕێت
 
 ئەو ڕۆژە تۆ دەگەڕێیت من لەوىَ نیم
 وەك ئەو قوڵینگە تازىَ بارانە ڕۆشتوم ،كەدەڕۆن دەخوێنن
 وەك ئەو كوكوختیە غەمگینە ڕۆشتوم  گۆرانیەكانى پڕن لە حوزن وفرمێسك
 وەك ئەو شارە كۆس كەوتوە ڕۆشتوم  ئاوەدانى وێرانى كردوە
 
 ئەو ئێوارە مردن دێت و دەرگاى ژورەكەم دەكاتەوە
 ئەو كتێب و جانتاو قەڵەمەكان دەپێچێتەوە
 باڵندەیەك دەرگاى مەغریب دەكاتەوە
 غوبار تارمایی پیاوەكە دەكوژێنێتەوە
 مانگ غەمگینە تۆلەوىَ نیت و
 مردن دواین گوڵى سورى خۆیم پێشكەشدەكات
 پیاوێك لەسەر بەرماڵەكەى دوعا ئەكات
 كچێك لەپەرستگایەكدا بوغرد دائەگیرسێنێت
 
 كەسێك دێت ودەست ئەكاتە ملى شیعرەكان
 نائومێدى ئەڕێژێتە باغەكانى ژیان
 شاعیرەكان دێن بازاڕى تابوتسازەكان دەگەڕین
 هەموو دەرگاكانى نائومێدى دەكەنەوەو دەڵێن:
 پیاوێكتان نەدیتوە بارى دەرونى تێكچوە؟
 هەندێك دێن بەدواى هێلانەى كۆترە وەهمیەكانیاندا دەگەڕێن
 هەندێك بۆ چەقۆیەك خۆیانى پێ بكوژن
 هەندێك بۆ ئەم شیعرە تابیر لەمردنى خۆیان بكەنەوە
 
 هەندێك بۆ گوڵى سور دەگەڕێن بیدەن بەدۆستە كانیان
 هەندێك بەدواى دڵى كوژراوى خۆیاندا وێڵن
 بەبىَ ئەوەى بزانن ماڵەكەى من مەیخانە نیە
 پاشاكان دێن وبۆ تاجەكانیان دەگەڕێن
   نازانن ماڵى شاعیرە كوشتارگا نیە
 هەندێك دێن و خاچ وعیشقە كوژراوەكانیان دەدۆزنەوە
 هەندێك فریشتە كوژراوەكەى ڕۆحیان دەبەنەوە
 هەندێك دێن وبۆ كوكوختیە كوژراوەكەى ڕۆحیان دەگەڕێن
 نازانن ماڵەكەى من مەیخانە نیە
 
 ئەو ئێوارە یادگاریەكانى ئەو هاوڕێیانە م جارێكى تر لەتابووتەكەدا دەمكوژىَ
 پێكەوە باسى ئازارى كوكوختیەكمان كردوە
 زەڕنەقوتەیەكى سەر لێشێواومان بردوەتەوە لانەكەى
 ڕێشۆڵەیەكى پێكراومان تیمار كردوە
 پاساریەكى سەرما بردومان بردووەتە بەر ئاگردان
 ئەو ئێوارە كچێك دەگەڕٍیتەوە ئاگرى لەسەر ڕۆحم كردوەتەوە و
 هەزار ساڵە ڕەدوى بێوەفایی كەوتووە
 كوڕٍێك دێت بىَ ڕامان لەهەموو ئازارەكانم
 دەستەكانى ئەوى گرتووە
 
 بەڵام دڵم شتێكى تردەڵىَ
 ئەو دەڵىَ:
 ئەو ئێوارە كەس دەفتەرى یادەوەرى عیشقێك هەڵناداتەوە پڕەلەغەم
 كەس سەیرى وێنەیەك ناكات تۆزى ساڵەكانى خوا حافیزى لێنیشتوە
 كەس ئەو گۆرانیە غەریبە ناڵىَ بۆ ڕۆحێكى غەریبم وتوە
 كەس گوڵى ژاكاوى ئینجانەیەك ئاو نادات
 ئاوێنەیەك ناسڕىَ شێوەى تەنیایمى هەڵگرتووە
 كەس یادى عیشقێك ناكاتەوە سێبەرەكانى كەسێكیان كوشتوە
 كەس تابلۆى ئەو دیوارە ناسڕىَ خەیاڵ كێشاویەتى
 سەر لەگۆڕێك نادات ڕۆحى خۆمم وەكو بوغورد لەسەرى سوتاندوە
 بەدواى چیدا ئەگەڕێیت ؟
 ئەو ئێوارە خاوەن میهر لێرە نیە
 من ڕۆحى خۆم م پێچاوەتەوە و ڕۆشتوم
 كەس نایەوێت كتێبێك هەڵبداتەوە لەشاعیرێك بەجێماوە
 مۆمێك داگیرسێنێت شاعیرێك جىَ ى هێشتوە
 كەس دڵى ئەو كوكوختیە غەریبە ڕاناگرىَ
 لەسەر پەنجەرەكە لانەو هیلكەى چێكردوە
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply