Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕوداوەکانی بادینان، گۆشەیەک لە ململانێیەکی کۆنەپەرستانە

ڕوداوەکانی بادینان، گۆشەیەک لە ململانێیەکی کۆنەپەرستانە

Closed
by December 4, 2011 گشتی

روداوەکانی زاخۆ و سمێل و دهۆک کە بە فتوا دەستپیدەکات و سوتاندنی دوکانەکانی مەیفرۆشی و سەنتەرەکانی مەساج و چەند ئوتێل و گازینۆ و ژمارەیەک برینداری لێدەکەوێتەوە و پاشانیش سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی و راوەدونان و گرتن بەدوای خۆیدا دەهێنێ، گۆشەی ململانێیەکی سەرپا کۆنەپەرستانەی نێوان دوو رەوتی دژی ئازادی و کۆنەپەرستیە. سەرکوتکەری دەسەڵاتی بۆرژوزی کورد بەتایبەت پارتی و دژە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی ئینسانی ئیسلامیەکان و رەوتە سیاسیە ئیستیرادکراوەکانن.
کارنامەی دەسەڵاتی کوردایەتی سیخناغە لەسەرکوتی سیاسی نەیارانی سیاسی خۆی و دەسەڵاتەکەیان و پشتیوانیکردن لە کۆنەپەرستی ئیسلامی و زەمینەسازکرن بۆ تەراتێنی باندو رەوتگەلی دژی ئازادی ئیسلامیەکان. هەروەها کارنامەی ئیسلامیەکانی کوردستان و رەوتە سیاسیەکان و مەلا کۆنەپەرستەکانیش قانگدراوە بە فتواو تیرۆر و دژایەتی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و دژایەتیکردنی ئاشکراو شەرعی! مافەکانی ژنان و مناڵان و هەموو سیما جوان و سەردەمیەکان. لە هونەرو ئەدەبەوە بۆ پۆشینی جل و بەرگی سەردەمی، لە دژیەتی نوسەران و ئەدیبان و شاعیر و توێژەرەوەکان و رەخنەگرانی  دیدی ئیسلامەوە بۆ سوتاندن و گڕدانی دوکانەکانی مەیفرۆشی و ئارایشگکانی ژنان و تیزاپ پژاندن و شێواندنی سیماکانی ناوچە گەشتیارەکان.
ئەم دوو رەوتە قێزەونترین دوو دیاردەی کۆمەڵگای کوردستانن. چاکسازی و ئایندەی شیاوی ئینسانی بە بێ کەنارخستنی ئەم دوو بزوتنەوە دژی ئازادی و ئینسانییە، ئیمکانی نییە.
بزوتنەوەی کوردایەتی کە ناتوانێت تەحەمولی ئازادی سیاسی و خۆپیشدان و مانگرتن و رەخنە لە سومبلە بەناو نەتەوەیی و نیشتمانی و دینی و کەلچەریەکان، بگرێت. کە ناتوانێت  ئازادی هەڵسورانی و ‌هێزە کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکان و  هێزی نەیاری، رێپێبدات و بەرەسمی بناسێت، وە نەتوانێت ڕیز بۆ مافە جیهانداگرەکانی ئینسان دابنێت… کەواتە هەڵگری هیچ پێشکەوتنخوازیەک نییە، ناکڕێت چاوەڕوانی لەوە زیاتری لێبکرێت لەو مێژووە دژی ئازادییە سەرکوتکەرییەی تائێستا سەریەکی ناوە.
هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکانیش کە مێژوی کارو کردەوەیان بە توندو شلەتێن و میانەڕەوەوە ئاشکرایە. پەیامی دژە ئازادییان بە ترساندنی ئینسانەکانی سەر زەوی بە ئاگرو دوپشکی جەهەنەم دەست پێدەکات تا ماف و داخوازیەکانییان و بزوتنەوەی نارەزایەتی ئێستاو دنیای سەرزەوی پایماڵ بکەن و بیسپێرنە دنیای خەیاڵی سبەینێ. بەڵام ئەمە تەنها گۆشەیەکە لە فریوکاری بەر لەدەسەڵاتیان و لەدوای ئەم درۆیەیان هەڕەشە، فتوا،سەنگسار، تێرۆر، تەقاندنەوە، سەربڕێن…کارنامەیەکە کە لەهەر گۆشەو کەنارو جغرافیایەکی ئەم سەرزەمینەدا دەسەڵاتیان هەبووبێت یان تواناییان گەیشتبێتە ئاستێکی دیاریکراو، دەستیان لێی نەپاراستووە. کارنامەی ئیسلامی سیاسی هێندە قێزەونە تەنانەت ناتوانرێت کەمترین گۆشەی، نیشان بدرێت.
خوڵقێنەرانی ئەم دۆخەی بادینان، ئەم دوو هێزە کۆنەپەرست و دژی ئازادیەن تا کۆمەڵگا زارەترەک بدەن، وە لە ململانێی نێوان خۆیاندا بیانکەنە بارمتەی ململانێیەکی سیاسی تر لە دۆخی هەلومەرجی شۆڕشگێرانەی ناوچەکەدا.
ئیسلامی سیاسی و رەوتە سیاسیەکانی لە کوردستان و ناوچەکەدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تونس و مەغریب و میسر… بە کۆتایی شۆڕش دەزانن و سەرکەوتنیان لەم گەمە کاتتیەدا، بە سەرکەوتنی ئیسلامیەکان لەقەڵەم دەدەن و دەیانەوێ گوڵە بەهارە لە “بەهاری عەرەبی” بچنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە شۆڕش بەم هەڵبژاردنانە نە کۆتایی هاتووە و نە شانسی ئیسلامی سیاسی بۆ سەرکەوتن و مەیدانداریان، لە ئارادایە. چونکە هەڵسان و شۆڕشەکانی ناوچەکە لە بنەڕەتدا بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ئیرادە و نان و حورمەتی ئینسانییە، کە ئیسلامیەکان لە بنەڕەتدا لە دژی ئەمانە دروست بوون و قوتکراونتەوە. بەڵام لەم راستیانە تێناگەن و دەیانەوێ کەشی نارەزایەتی لەدەسەڵاتی تاڵانچێتی و زۆری پارتی و یەکێتی بکەنە بەردەبازێک بۆ بەشداری جێ دڵخوازی خۆیان لەهەمان دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی.
پارتی و یەکێتی بە تایبەت پارتی کە خۆی بە هێزی بێ رکابەری ساحەی سیاسی کوردستان دەزانێت. دەیەوێت بە سیناریۆ سازکردن و ملهوری نواندن و کپ کردنەوەی ناڕەزایەتی شەقام و تورەیی خەڵکی کوردستان لەڕێگای بێدەنگکرن و پاشەکشەکردن بە نەیارە سیاسیەکانی بباتە پێشەوە و وای نیشان بدات کەتورەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستان، دروستکراوی هێزە بەناو ئۆپۆزیسۆکانن و بۆیە دەبێت بخرێنەوە ناو قەفەز و قاوغی خۆیان. لە کاتێکدا ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و تەنانەت قەومی کورد کە بەشە بەرجەستەو رێکخراوەکەی “بزوتنەوەی گۆران” نەک تەبایەکیان لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکە بە ئاشکرا خەریکن سات و سەودا بە قوربانیانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و لەخەمی بودجەو پۆستی سیادیدان لە هەمان دەسەڵاتی تاڵانچی و گەندەڵی حزبی، پارتی و یەکێتیدا.
ململانێی نێوان حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوا، قەومی وئیسلامی… بە کۆبونەوەی پێنج قۆڵیەکانەوە بێت، یان بە بەشدری و بەشدرای نەکردنیان لە حکومەت و پەرلەمانی حزبی پارتی و یەکێتی. بە ململانێی سیاسی و دیبلۆماسی بێت یان سیناریۆ سازکرن و پیلانگێڕان… هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە هەموویان سەر بە خانەوادەیەکن” خانەوادەی بۆژوازی” دژ بە بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکارو خەڵکی تورەو پڕ چاوەڕانی کوردستان.
بۆیە پێویستە چینی کرێکار و خەڵکی دەستەنگی کوردستان و بەرەی رادیکاڵ و ئازادیخوازەکەی،  ڕیزی خۆیان لە ئاسۆی سیاسی و سیناریۆکانی ئەم لایەنانە جیابکەنەوە. لەوەش واوەتر  پێویستە لە ریزی سەربەخۆو رێکخراوی خۆیاندا، نا بۆ دەسەڵاتدارێتی زۆردارانە و خوێنمژانەی بۆرژوازی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی بڵێن و تیبکۆشن کۆمەڵگا لەدەست دەسەڵاتی ئەمانە و مەیدانداریان، رزگار بکەن. ئەمە زامنی چاکسازی و ئایندەیەکی گەش و کۆتایهێنانە بە سیناریۆ زنجیرەیەکان و دۆخی نائەمنی و ترس و تۆقاندن و ململانێ نەبڕاوەکانی نێوان دەسەڵات  خۆیان و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی.

 ٤/١٢/٢٠١١

    
   عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.