Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ڕوی خودای شته‌ بچوکه‌کان…. دیدار مه‌سیفی

Be First!

 ئه‌وه‌ تایتلی رۆمانێکه‌ که‌ نوسه‌ری به‌ ره‌گه‌ز هیندی ئه‌روندهاتی رۆی پێده‌ناسرێته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌ به‌رزه‌ سه‌ره‌تا و لوتکه‌ی  ده‌قێک بێت که‌ باس له‌ یاده‌وه‌ری خودی نوسه‌ر و ژیانی ئاڵۆزی  کۆمه‌ڵگاکه‌ی بکات‌.                            
 ئه‌م رۆمانه‌ به‌ر له‌ ده ساڵ خه‌ڵاتی جیهانی بووکه‌ری پێ به‌خشرا و به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری به‌ جیهان دا بڵاوبووه‌وه‌ و وه‌ک کارێکی هه‌میشه‌ زیندوو پێشوازی لێکرا.                                    
 رۆی له‌ پایزی ساڵی 1961 له‌ باکووری رۆژهه‌ڵاتی هیندستان‌ له‌ دایکێکی کریستیانی سریانی  و باوکێکی به‌نگالی له‌ دایک بووه‌، منداڵی خۆی له‌ هه‌رێمی کێرالا له‌ باشووری رۆژئاوا به‌ سه‌ربردوو و پاشان ئه‌ندازه‌ی ته‌لارسازی له‌ نیوده‌لهی خوێندووه‌ و دواتر بۆ ژیان له‌و شاره‌دا ماوه‌ته‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی به‌ نوسینی رۆمانی {خودای شته‌ بچووکه‌کان} سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ ده‌ست هێنا، هه‌نوکه‌ ده‌ست و بیر و لێکدانه‌وه‌کانی له‌ هی ئه‌ندازیارێک گه‌لێک واڵا تر و به‌هێز ترن و ئه‌ویان ڕه‌وانه‌ی مه‌یدانێک کردووه‌ که تێیدا توانای هه‌یه‌ کاری ئینسانی مه‌زنتر ئه‌نجام بدات.

  رۆی به‌خت یار پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی هیندستان و ته‌واوی رۆژهه‌ڵات و ووڵاتانی سێیه‌م که‌ هه‌زار و یه‌ک ده‌رده‌ سه‌ری و شکستیان تووش دێت تا کتێبێکیان بۆ چاپ ده‌کرێت، ته‌نیا به‌ سپاردنی ره‌شنوسی رۆمانه‌که‌ی به‌ ده‌زگایێکی چاپی جیهانی بری یه‌ک‌ ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت.    

 رۆمانه‌که‌ سه‌ره‌تا به‌ رۆژێکی باراناوی ده‌ست پێده‌کات کاتێک راهێل یه‌کێک له‌ پاڵه‌وانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی رۆمانه‌که‌ پاش بیست و سێ ساڵ دووری له‌ ئه‌مریکاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی منداڵی به‌ ناوی ئه‌یمه‌نه‌م که‌ ده‌که‌وێته‌ هه‌رێمی کێرالا له‌ باشووری رۆژئاوای هیندستان. ئه‌یمه‌نه‌م شوێنی راسته‌قینه‌ی ژیانی منداڵی نوسه‌ره‌ و کاتی گێڕانه‌وه‌ش که‌ کۆتایی ساڵه‌کانی ( 1960 )ه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می منداڵی ئه‌ودا.‌ بۆیه‌ راهێلی دایک سریانی و باوک به‌نگالی کت و مت له‌ که‌سیێتی خۆی ده‌چێت و ئاخاوتنه‌که‌شی ده‌ڵێیت راسته‌وخۆ هی‌ ناخی پاک و شاعیرانه‌ی ئه‌ون. ‌  

  وه‌ک تایتلی رۆمانه‌که‌، دیاره‌ شته‌ بچووکه‌کان کرۆکی سه‌ره‌کی بابه‌ته‌که‌ن و رۆی به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ تا نوسینی ده‌قێکی وه‌ک رۆمان ئامانجه‌که‌ی به‌ دروستی بپێکێت.. ئه‌ویش به‌ زه‌ڕه‌بین دانان و گه‌وره‌کردنی ئه‌و شته‌ بچووکانه‌ی که‌ له‌ ژیانی تاک و کۆمه‌ڵگادا پشت گوێ ده‌خرێن، به‌ڵام دواتر ده‌بن به‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌ و قووڵترین برین. بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ رۆی ده‌قه‌که‌ی به‌ نه‌فه‌سێکی دریژ و رسته‌ی پڕ مانا و قووڵی فۆلکنه‌رانه‌ نوسیوه‌.   هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵبژاردنی خوشک و برایێکی جمک به‌ناوی راهێل و ئیسته‌فان وه‌ک دوو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌، ئه‌و توانیویه‌تی تاکی نێر و مێ بکات به‌ دوو ئاوێنه‌ی هاوشێوه‌ و نزیک به‌ یه‌کتر و له‌وێوه‌ کێشه‌ سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ شێوه‌یه‌کی ره‌وانتر بخاته‌ روو.  

 رۆمانه‌که‌ له‌ بیست و یه‌ک به‌ش پێکهاتووه‌ و له‌ هه‌ریه‌کێکیان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و پێشه‌وه‌ گه‌شتێکی سه‌رسورهێنه‌ر به‌ خوێنه‌ر ده‌که‌ن و ده‌یبه‌ن بۆ نێو ئه‌و باغه‌ شێدار و گه‌رمانه‌ی هه‌رێمی کێرالا که‌ تێیدا ئازار و گرێبه‌نده‌کانی ووڵاتی تازه‌ دروست بووی هیندستان به‌ ده‌ست گه‌لێک کێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. گه‌وره‌ترین کێشه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئینگلیز هه‌موو شتێک هه‌ڵده‌لووشێ و ده‌ستی له‌ ووڵات ده‌کێشێته‌وه‌، بریتی یه‌ له‌ ململانێی نێوان ئاینه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و رۆمانه‌ وه‌ک شتێکی کاریگه‌ر تر خۆی ده‌نوێنێت هه‌ره‌می دابه‌ش بوونی توێژه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ که‌ له‌ هیندستان دا مێژوویێکی زۆر درێژتری هه‌یه‌ له‌ کۆلۆنیالیزم. ئه‌و رێز به‌ندییه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ چه‌ندین ناو و ناتۆره‌ خۆی ده‌نوێنێت، بۆ نموونه‌ چینی سه‌رده‌ست و ژێر ده‌ست، که‌سی پاقژ و قرێژ، سه‌ردار و نه‌دار، ده‌وڵه‌مند و هه‌ژار، و هتد. لێره‌دا رۆی و نواسه‌رانی دیکه‌ی که‌ به‌ ئینگلیزی ده‌نووسن هه‌ر بابه‌تێک که‌ هه‌ڵیده‌بژێرن ‌بێ ویستی ئه‌وان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی به‌ زه‌قی تێدا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وه‌ش له‌ دونیای ئه‌مرۆدا ئه‌ونده‌ کاریگه‌ر و خه‌مناک ده‌بێت که‌ خوێنه‌ر هه‌رده‌م ده‌خاته‌ بارێک له‌ نیگه‌رانیه‌وه‌.

 {خودای شته‌ بچووکه‌کان} باس له‌ وورد و درشتی ژیانی خێزانێک که‌ ماڵه‌ باپیر و داپیری راهێل و ئیسته‌ن- له‌ لای دایکانه‌وه‌- و کۆمپانیای دروست کردنی تورشی و تیژه‌مه‌نی و موره‌بایان هه‌یه‌. ئه‌و خێزانه‌ تا ئه‌و کاته‌ی چاکۆی کوڕیان له‌ ئۆکسفۆرده‌وه‌ به‌ بروانامه‌یه‌کی به‌رز  و دڵێکی شکاوه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رده‌م کێشه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی کۆمۆنیستی هه‌رێمه‌که دا هه‌یه‌. باباچی که‌ باوکی چاکۆیه‌ پسپۆری زینده‌وره‌زانییه‌ به‌ڵام ئه‌و کاتێک له‌ بواره‌که‌ی دا ناهه‌قی به‌رامبه‌ر ده‌کرێت،  دڵی له‌ چه‌ند لاوه‌ ده‌شکێت، دواتریش که‌ له‌ باری ده‌روونیه‌وه‌ کاری تێده‌کات، ئه‌و داخی دڵی خۆی به‌ ماماچی ده‌ڕێژێت تا ئه‌و راده‌ی شه‌وێک هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ تێر لێی ده‌دات. چاکۆ وه‌ک که‌سێکی هۆشیار و تازه‌ گه‌ڕاوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌و کاره‌ ئاگادار ده‌بێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ باوکی ده‌کات که‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ دوا جار بێت ده‌ست درێژ بکاته‌ سه‌ر دایکی. باباچی له به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی خۆی و کوڕه‌که‌ی به‌ ته‌واوی له‌ ژیان ده‌سڵه‌مێته‌وه‌ و هه‌تا ده‌مرێت نه‌ له‌ دایکی چاکو نزیک ده‌بێته‌وه‌، نه‌ ئاخاوتنێکیشی له‌گه‌ڵ ده‌کات که‌ بۆنی خۆشه‌ویستی لێبێت. چاکۆ که‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ‌تازه‌ له‌ هاوسه‌ره‌ ئینگلیزه‌که‌ی جیا بۆته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی دڵی ده‌دات به‌ که‌سێکی تر به‌ ناوی جۆی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ مارگرێت هێشتا کۆرپه‌ کچه‌که‌ی له‌ چاکۆ ساوایه‌.   

 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ هه‌ر به‌ ته‌نها قه‌ده‌رێک نیه‌ تووشی چاکۆ ببێت، به‌ڵکو دواتر هه‌م خوشکه‌ی ئاموو که‌ دایکی جمکه‌کانه‌ و هه‌م کچه‌که‌ی راهێل به‌ کۆڵی پڕ له‌ خه‌م و برینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ.  

 رۆی له‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی کاره‌کته‌ره‌کانی چاوی هه‌رده‌م له‌سه‌ر شته‌ وورده‌کانه‌، بۆیه‌ ئه‌و له‌ پاڵ ئه‌و رووداو و چیرۆکانه‌ی تێکه‌ڵ به‌ یه‌کترن، به‌ هه‌ستێکی ناسکه‌وه‌ زیره‌کانه‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانیان ده‌رده‌خات و به‌ شێوازی کاریگه‌ر و جوانی به‌رده‌وام خوێنه‌ر ده‌تاسێنێت.  

 باباچی پاش ئه‌وه‌ی له‌ رقی چاکو، ئاموو له‌ خوێندن ده‌رده‌هێنێت، ماوه‌یه‌کی درێژ پێناچێت رۆڵه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت و ده‌مرێت. رۆژێک ئاموو له‌گه‌ڵ پلکی دا به‌سه‌ردان ده‌چن بۆ که‌لکه‌تا و له‌وێ دڵی بۆ که‌سێکه‌وه‌ ده‌نوسێت که‌ فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ کارگه‌ی چا. له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورت دا ده‌گه‌ن به‌یه‌کتر و زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن. به‌ڵام دواتر وه‌ک چاکۆ هێشتا منداڵه‌کانی ساوان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵی باوکی و ده‌ست له‌ شووه‌ سه‌رشۆر و سه‌رخۆش و باڵا کورته‌که‌ی به‌رده‌دات که‌ بۆ پاره‌ و ترس له‌ ئینگلیزه‌ سه‌رکاره‌که‌ی نه‌وه‌ک بیکاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یه‌وێت شه‌ره‌فی ئامووی هاوسه‌ری هه‌راج بکات.     

 که‌چی ئاموو له‌ ماڵی دایکی وه‌ک کچی خیزانێکی سه‌ردار و ده‌وڵه‌مه‌ند باجێکی گه‌لێک گه‌وره‌تر ده‌دات کاتێک له‌ پڕ ده‌که‌وێته‌ داوی ئه‌وینی ڤیلووسای قرێژ.  ڤیلووسا دارتاشێکی ده‌ست ره‌نگین ده‌بێت که‌ له‌ کارگه‌ی ئه‌وان کار ده‌کات و وه‌ستای هه‌موو ئامێره‌کانه‌. ئه‌و جمکه‌کانی ئامووی زۆر خۆشده‌ویست و نازی هه‌ڵده‌گرتن. به‌ڵام کاتێک په‌یوه‌ندیی ئه‌وینه‌ یاساغه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئاموو دا ئاشکرا ده‌بێت، ده‌که‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی بنه‌ماڵه‌ و خزمه‌ت و خۆشه‌ویستیه‌که‌ی بۆ ئه‌وان ده‌خرێته‌ ژێر پێ و هه‌تا سه‌ر نه‌فره‌تی لێده‌کرێت. ئامووش له‌ ماڵی دایکی ده‌رده‌کرێت و دواتر له‌ ئوتێلێکدا ده‌مرێت. رۆی له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌دا به‌ ووردی په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر تاڵی و به‌دبه‌ختیه‌کانی ئه‌و ژنانه‌ که‌ قه‌ده‌ریانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک دا بژین که‌ چاوێک بۆ ده‌رخستنی شته‌ بچووکه‌کان بزره‌.   
 راهێل که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ماڵه‌که‌ی دا هیچ شتێک وه‌ک خۆی نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ هه‌موو شتێک زیاتر بۆ ئیسته‌ی برای په‌رۆش ده‌بێت که‌ به‌ هۆی رووداوه‌ تاڵه‌کانی منداڵی و دووری ئه‌و به‌ ته‌واوی چووه‌ته‌ باری کڕی و بێده‌نگیه‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شتێک زیاتر دوای مه‌رگی سۆفی و دایکی و کورژانی ڤیلووسا و کۆچی راهێل ناخی کون کرد بریتی بوو له‌و رووداوه‌ شه‌رم ئامێزه‌ی که‌ شه‌ربه‌ت فرۆشه‌که‌ی هۆڵی شانۆ له‌ منداڵی پێیکرد.‌ ئیسته‌ له‌ رۆژی گه‌رانه‌وه‌ی راهێل دا هیچ سه‌رسامیه‌ک نانوێنێت، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا راهێل په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ براکه‌ی وه‌ک فلیمێکی درێژ و له‌ یاد نه‌چوو دێته‌وه‌ یاد و له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ئیسته‌ هه‌موو گیانی ده‌بێت به‌ نیشانه‌ی پرسیار. بۆیه‌ ناچار ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و پیاسیه‌ک بۆ سه‌ر رووبار ده‌کات. له‌ رێگا دا چاوی ده‌که‌وێت به‌ هاورێ پێلای که‌ رابه‌ری پێشووی کۆمۆنیسه‌کانی هه‌رێمه‌که‌ بوو. ئه‌و که‌ راهێل ده‌بێنێت له‌ ئه‌مریکاوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خۆشحاڵ ده‌بێت و باسی ئه‌و رۆژه‌ی بۆ ده‌کات که‌ چۆن ئه‌و و لینینی کوڕی پێکه‌وه‌ له‌یه‌ک کاتدا لای دکتۆر ده‌بن تا ئه‌وه شته‌یان بۆ ده‌ربهێنێت که‌ خستبوویانه‌ که‌پۆکانیانه‌وه‌. راهێل له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا زیاتر یاده‌وه‌ری ئه‌و رۆژه‌ ئازاری ده‌دات که‌ سۆفی مۆڵی کچه‌ خاڵی له‌ رووباره‌که‌دا ده‌خنکێت. سۆفی له‌گه‌ڵ مارگرێتی دایکی به‌سه‌ردان سه‌ردانی چاکۆ ده‌که‌ن پاش ئه‌وه‌ی جۆی به‌ کاره‌ساتێک گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات. رووداوی خنکانی سۆفی جگه‌ له‌وه‌ی برینێکی قووڵ له‌ خه‌یاڵی راهێل و ئیسته‌ به‌جێده‌هێڵێت، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ش که‌ په‌یوه‌ندی نێوان مارگرێت وچاکۆ ساردیێکی گه‌وره‌تری تێبکه‌وێت. هه‌روه‌ها ئه‌و رووداوه‌ ده‌بێته‌ هۆی په‌رده‌ لادان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نهێنیه‌ی نێوان ئاموو و ڤیلووسا. چونکه‌ ئه‌و شه‌وه‌ له‌ کاتی خنکانی سۆفی، ڤیلووسا وه‌ک زۆربه‌ی شه‌وان له‌ چاوه‌رێی ژووانی ئاموو دا ده‌بێت. به‌ڵام که‌ ئه‌و پێشهاته‌ رووده‌دات ئه‌و ده‌چێت‌ یارمه‌تی هه‌ردوو جمکه‌کان ده‌دات و ده‌یانبات بۆ ئه‌و که‌لاوه‌یه‌ی که‌ جێی ژووانی ئه‌و و ئاموو بوو. به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین کێشه‌ بۆ خۆی دروست ده‌کات، کاتێك پلکی ئاموو به‌وه‌ تاوانباری ده‌کات که‌ سۆفی کوشتووه‌ و  منداڵه‌کانی دیکه‌ی ڕفاندووه‌. پێشتریش بابی کوچامای پلکی ئاموو رقی له‌ ڤیلووسا بوو و به‌ کۆمۆنیستی ده‌زانی. کاتێک پۆلیس ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌که‌ یه‌که‌م جار ڤیلووسا به‌ کوشتنی سۆفی تاوانبار ده‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی هه‌ردوو منداڵه‌که‌ هه‌موو له‌شی خه‌ڵتانی خوێن ده‌که‌ن. به‌ڵام راهێل و ئیسته‌ شاهێدی بێگوناهی بۆ ڤیلووسا ده‌ده‌ن، پۆلیس هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌کات و له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ بابی کۆچاما رێک ده‌که‌ون که‌ شاهێدی به‌ منداله‌کان بگۆڕن نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ ببێته‌ کێشه‌یه‌کی سیاسی و پارتی کۆمۆنیست خه‌ڵک بێنێته‌ سه‌ر جاده‌. ڤیلووسا له‌ ئه‌نجامی لێدان د ا ده‌کوژرێت به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ کچێکی منداڵی خنکاندووه‌ و ده‌ستی درێژ کردۆته‌ سه‌ر راهێل و ئیسته‌.             ‌
 ئه‌و رۆمانه‌ پڕیه‌تی له‌ چیرۆکی تێکهه‌ڵکێش و کاریگه‌ر که‌ به‌ زمانێکی پڕ له‌ وێنه‌ی جوان نوسراوه‌. که‌چی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی زیاتر جێگای پرسیار و سه‌رنجه‌، بریتی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان راهێڵ  و ئیسته‌. رۆی له‌ وه‌سف کردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌وه‌نده‌ کارا و سه‌رکه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌  زۆر شوێن دا نه‌یتوانیوه‌ کۆنترۆلی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بکات و په‌یوه‌ندی نێوانی ئه‌و دووانه‌ به‌ سروشتی بگێڕێته‌وه‌. ئه‌و له‌ کۆتایی دا و له‌ کاتی گه‌رانه‌وه‌ی راهێل خۆشه‌ویستییه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ قووڵ ده‌کاته‌وه‌ تا  ده‌یباته‌ ئاقارێک که‌ هه‌موو تخووب و رێساکان  ده‌به‌زه‌نێت. له‌ کۆ دا ئه‌و رۆمانه‌ تاوه‌کو ئێستاش یه‌کێکه‌ له‌ باشترین ده‌ق که‌ به‌ زمانێکی قووڵ و شاعیرانه‌ باس له‌ سه‌رده‌مێکی هه‌ستیار و پڕ له‌ ده‌رد و په‌تای کۆمه‌ڵگای هیندستان بکات.   

 دوا شت، رۆی له‌و رۆمانه‌ دا ده‌یه‌وێت بڵێت که‌ بازدان به‌سه‌ر وورده‌کارییه‌کان و پشت گوێ خستنیان خودای شته‌ بچووکه‌کان ده‌ڕه‌نجێنێت، یان دواتر ئه‌ویتر به‌ گه‌وره‌یی له‌ چاومان دا ده‌ڕمێنێت!    
 
dmasifi289@yahoo.ca
 
 

Previous
Next

Leave a Reply