Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ڕژێمی ئیسلامی به‌ره‌و ڕووخان مل ده‌نێ

Be First!
by June 7, 2008 گشتی

   ڕێناس جاف…….

  ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد و ڕاستییانه‌ی بۆ واقیعی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران هه‌بێت ،زۆر به‌ ڕوونی په‌ی به‌وه خاڵه‌ ده‌بات، دۆخی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران  له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌ هه‌تا چه‌ند‌ شپرز و ئاڵۆزه‌ و سه‌به‌بکاری ئه‌م ڕه‌وشه‌ پڕ زه‌حمه‌ت و چه‌رمه‌سه‌رییه‌ش بۆ گه‌لانی ئێران جگه‌ له‌ سه‌رانی ڕژێم، ده‌بێ کێ بێت!
 گه‌ر ئاوڕیك بۆ سه‌ر دۆخی ئابووری و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک بده‌ینه‌وه‌ ،ده‌بێ بڵێین له‌ هیچ سه‌رده‌مێک دا خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ بارگران و داماو موحتاج و ئاتاج نه‌بوونه‌. ڕوو له‌ هه‌ر لا و ئالییه‌کی کۆمه‌ڵ بکه‌ی ،جه‌ماوه‌ره‌که‌ی به‌ده‌س وه‌زعێکی پڕخراپه‌وه‌ ناڵانه‌.توانای کڕینی خه‌ڵک له‌ نزمترین ئاست دایه‌. گرانی ،بێداد ده‌کات و خه‌ڵکه‌که‌ی به‌و ده‌رده‌ بردووه‌ که‌س تۆزقاڵه‌ ڕه‌حمێک به‌وه‌ی په‌نا ده‌ستی ناکات و کڵاو له‌سه‌ر یه‌ک نان، گه‌یشتۆته‌ بانترین ئاستی خۆ و بگره‌ بۆته‌ کارێکی ئاسایی ڕۆژانه‌.
  به‌ داخه‌وه‌ زۆر جار هه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ خراپه‌ ،خه‌ڵکه‌که‌ ئه‌خاته‌ گیانی یه‌کدی و باری مه‌ینه‌ت و چاره‌ڕه‌شییه‌که‌یان، ئه‌وه‌نده‌ی دی سه‌خت و حاسته‌م تر ده‌کات. که‌ خه‌ڵک نه‌توانێ دابینی ژیان و گوزه‌رانی ئاسایی خۆی بکات، مه‌خابن  ئه‌م گرفت و کێشه‌ به‌ ده‌یان ده‌رد و په‌تا و کوێره‌وه‌ری دی به‌ دوادا دێت.
 ئاماری خودی ده‌زگه‌کانی ڕژێم ئه‌‌ڵێ:له‌ گه‌وره‌ شارێکی میناک تاران دا بوونی داهاتی که‌متر له‌ نزیکه‌ی 800 هه‌زار تمه‌ن ،حسێبی له‌ خوار هێڵی هه‌ژاری بۆ ده‌کرێ.ئه‌م ڕێژه‌ بۆ ساڵی 1387 ی هه‌تاوی (2008 ی زایینی)یه‌.
 ئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخی خه‌ڵک  به‌ تایبه‌ت مز و مووچه‌وه‌رگران (مووچه‌بگیران) و کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت بێت،جوان تێده‌گات پتر له‌ سه‌تی 95 ی کارمه‌ندان، داهاتی مانگانه‌یان خوار 300 تا 400 هه‌زار تمه‌نه‌.
 کاتێ سه‌رپرسی ماڵ(دابینکه‌ری خه‌رج و به‌رج) نه‌توانێ ده‌سته‌به‌ری سه‌تی یه‌کی نیاز و پێداویستی خۆ و بنه‌ماڵه‌که‌ی بکات ،ئه‌ی چلۆن له‌ گۆڕ ئه‌و هه‌موو کێشانه‌ی دێ، به‌ لێشاو ڕووی تێده‌کات و چۆن چۆنی ده‌رقه‌تیان دێ ‌‌؟!
 دیاره‌ کێشه‌ی ئابووری بۆ خۆ به‌ ده‌یان کێشه‌ و په‌تای دی به‌دوادا دێ که‌ هه‌ر کامه‌ له‌و گرفتانه‌ش ،بۆ خۆ سه‌رچاوه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی زۆر به‌ڵا و موسیبه‌تی ماڵکاولکه‌ری جڤاکی و کۆمه‌ڵایه‌تین.
 ئامار و ڕاستییه‌کانی واقیعی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران  ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ:له‌ هیچ  ده‌وره‌ و سه‌رده‌مێکی مێژووی ئێراندا  ماده‌هۆشبه‌ره‌کان ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا  بره‌ویان نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر دانپێدانانی خودی سه‌ران و به‌رپرسانی سه‌ر‌بازی ڕژێم،سه‌تی 80ی ماده‌هۆشبه‌ره‌کان له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ دونیا.
 له‌و نێوانه‌دا به‌ سه‌ت داخ و که‌سه‌ره‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ساوای هه‌رێمی کوردستانیش وه‌به‌ر ئه‌و موسیبه‌ته‌ که‌وتووه‌ و له‌ کوردستانێک دا جاران به‌ ده‌گمه‌ن تلیاک خۆرت تێدا شک ده‌برد ئه‌مڕۆکه‌ کوشنده‌ترین ماده‌ی هۆشبه‌ری تێدا ده‌س ده‌که‌وێ.
 له‌ کامه‌ قۆناخی مێژووی ئێران دا وه‌ک ئه‌مڕۆ  ئه‌وه‌نده‌ کۆمه‌ڵگه‌ گیرۆده‌ی له‌شفرۆشی بووه‌!! کوا کێ پێی شک دێ مێژووی ئێران ئه‌وه‌ی تێدا نووسرابێت ته‌مه‌نی له‌شفرۆشی تیایا  دابه‌زیوه‌ بۆ خوار دوانزه‌ ساڵان؟!که‌ی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌مڕۆکه‌، ده‌سته‌ و گرووپی بازه‌رگانیکه‌ر به‌ کچانی ئێرانییه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵدا چالاک بووه‌؟!
 له‌ کێها(کامه‌)خول و بڕگه‌ی دیرۆکی ئێران دا وه‌کی ئه‌مڕۆکه‌ کۆمه‌ڵ له‌ باری به‌هاکانی مرۆییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ داته‌پیو و له‌ ئاستێکی نزم دا بووه‌!
 ئه‌ی کوا ئه‌و دین و ئایینه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌رجه‌ی بۆ ده‌که‌ن له‌ کوێیه‌ با بێت و به‌ قسه‌ی ئه‌وان گوته‌نی  ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ت و خوو و خده‌ سووک و  چه‌وت و نه‌وییانه‌ قوتار بکات؟!
 ئه‌ی له‌به‌ر چییه‌ بۆ بۆنه‌یه‌کی  ئه‌و ئایینه‌ی حوکوومه‌تی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌که‌ن به‌ ملوێنان تمه‌ن له‌ پاره‌ی خه‌ڵکانی ڕه‌ش و ڕووتی ئه‌م ئێرانه‌ی بۆ به‌ فیڕۆ ده‌ده‌ن!!
 ئه‌ی له‌ کوێنه‌ ئه‌و هه‌موو بڕوادارانه‌ بێن و چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌م هه‌موو دزی و فزی و حیزی و ده‌غه‌ڵبازییه‌ ببیننه‌وه‌!!
 ڕابواردن به‌ ئه‌قڵ و فام و ئاوه‌زی خه‌ڵک باشه‌ ئیدی به‌س نییه‌!!
 ئه‌م هه‌موو سه‌ر و زمانه‌ بڕینه‌ بڵێ ئیتر نه‌بڕێته‌وه‌!!
 ئه‌م هه‌موو ناحه‌قی و زوڵم و سته‌م و وه‌بن لیچ خستنه‌ی مافی خه‌ڵک‌ به‌س نییه‌!!
 که‌ باسی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیمۆکراسی ده‌کرێ ،خۆیان به‌ شانشین و پێشه‌نگی ئه‌و بواره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌وپه‌ڕی بێ شه‌رمییه‌وه‌ ده‌م له‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ گوایه‌ ڕژێمه‌که‌یان له‌ دونیادا تاک و بێ هاوتایه‌. که‌چی ڕۆژ نییه‌ ئێمه‌ شایه‌تی هێرش و ده‌سدرێژی و سته‌م و زوڵمی ئه‌م ڕژێمه‌ ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لانی خۆ و بگره‌ دراوسێش نه‌بین.
 نموونه‌ی هه‌ره‌ ڕوونیشی ،گرتن و زیندانیکردنی ئه‌و هه‌موو ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیره‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رگری و لاگری له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافی مرۆیی له‌ به‌ند ده‌کرێن یان تۆپبارانکردنی به‌رده‌وامی ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ بڕ و بیانووی پڕ و پووچ و گۆتره‌وه‌.
 نازانم‌ یاریکردن به‌ شعوور و ئه‌قڵییه‌تی ئه‌م خه‌ڵکه‌  وادیاره‌ بۆته‌ خه‌سڵه‌تێکی باوی ده‌سته‌ڵاتدارانی ڕژێم .
 به‌ڵام دیاره‌ خودا ئه‌وه‌نده‌ ئه‌قڵ و ماریفه‌تی به‌ خودی ئه‌م ملهوڕانه‌ نه‌داوه‌ که‌ هێندێ تێفکرێن و ئاگاداری ئه‌وه‌ بن دونیای ئه‌مڕۆ،دونیای مێدیا و پێوه‌ندییه‌ و هه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه‌ی ئه‌وان وا پێی ڕاده‌بوێرن و سووک سه‌یری ده‌که‌ن،بۆ به‌رگری له‌ شه‌ره‌ف و حورمه‌تی خۆی،ده‌سته‌وداوێنی دونیا ده‌بێت و به‌ هه‌موو سات و ده‌مێک، وردترین ڕووداوی نێو کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ دونیای ده‌ره‌وه‌.
 ئیدی بڵا ئه‌مان هه‌ر له‌ دونیای بێخه‌به‌ری خۆدا  له‌رزانه‌ی بۆ بڵێن.
 چوونکه‌ وا بۆ 30 ساڵی ڕیبه‌ق ده‌چێ هه‌ر به‌ شێوه‌ی یه‌ک لایه‌نه‌ فوو به‌‌ که‌ڕه‌ناکه‌یاندا  ده‌که‌ن و ئیدی ئه‌مه‌یان بۆ ته‌رک نادرێ و زه‌حمه‌تیشه‌ ده‌سبه‌رداری بن.
 
 
 له‌ کامه‌ ده‌وره‌ی ئێراندا  کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌نده‌ گیرۆدی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل دان و به‌رتیل خواردن بووه‌!! به‌ڵام  له‌مه‌شدا گۆی مه‌یدانیان له‌ هه‌مووان بردۆته‌وه‌ و له‌ژێر ناوی به‌ ده‌یان فێڵی مه‌زه‌بی خه‌ڵکی پێ فریو ده‌ده‌ن.
 ئه‌وه‌ی بچێته‌ خانه‌ و واری قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌وه‌ گورجێ کڵاوێکی شه‌رعی بۆ چێ ده‌که‌ن و به‌ لای جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌رگێکی ماقووڵی به‌وه‌ردا ده‌که‌ن. وه‌ره‌ و بۆ خۆ له‌ نزیکه‌وه‌ ببینه‌ و بزانه‌ بۆ خۆ گوته‌نی بۆ “گوێزتنه‌وه‌ی به‌هاکانی ئینقلاب”،چلۆن خه‌زێنه‌ی وڵات به‌ تاڵ ده‌که‌ن.
 هه‌ر ئه‌م به‌ینه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌م بووم سه‌رانی ڕژێم حازرن چه‌نده‌ خه‌رج بکه‌ن و به‌کرێگرته‌ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گژ حوکوومه‌تی هه‌رێمی دا بده‌ن.
 به‌ینێکه‌ ڕژێمی تاران یارمه‌تی پسپۆڕی و ته‌کنیکی تاقمێک ده‌دا تا که‌ناڵێکی سه‌ته‌لایتی بکه‌نه‌وه‌ و تێیدا بکه‌ونه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌هاکانی ڕژێم به‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا.ئه‌مه‌ لایه‌نێکی چه‌وت و دوژمنکارانه‌ی دی سیاسه‌تی ڕژێم به‌رامبه‌ر دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کورده‌.
 به‌ڵام له‌و لاوه‌ ،کوا کێ سۆراخی دێ ئێران ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مڕۆکه‌ له‌ ئاستی نێوده‌ڵه‌وتی دا به‌ چاوێکی سووکه‌وه‌ سه‌یر بکرێ!
 کێ شک ده‌بات مێژووی ئێران ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مڕۆکه‌ تووشی بێ متمانه‌یی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هاتبێ!!
 بڵێی ئه‌و هه‌موو ڕێککه‌وتن و گرێبه‌ستانه‌ی حوکوومه‌تانی پێشوو و ڕابردووی ئێران، ئه‌وه‌نده‌ی  سه‌رانی ڕژێمی ئیسلامی ،داهات و سه‌رمایه‌ و سامانی گرانبایی ئێرانیان  خستبێته‌ ده‌س وڵاتانی بیانییه‌وه‌! که‌چی به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ن وڵاتێکی ڕه‌ش و ڕووت و مفته‌خۆر و دیکتاتۆر نه‌بێ، که‌س متمانه‌ی به‌م ڕژێمه‌ نییه‌ .
 هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا به‌رامبه‌ر ڕژێم بۆ خۆ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌.
 باشه‌ هۆکار چییه‌ کوڕ ئیدی چوونه‌ زانستگه‌ و خوێندنی باڵای ئه‌وه‌نده‌ به‌ لاوه‌ گرینگ نییه‌!!
 چاری ئه‌و هه‌موو بێکارییه‌ی ده‌رچووانی زانستگه‌ بڵێی هه‌مووی هه‌ر به‌ ئیمامی زه‌مان بکرێ!!
 ئایا لاگریکردن له‌ حه‌ماس و حیزبوڵڵا و سه‌درییه‌کان گرینگتر له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خودی خه‌ڵکی ئێرانه‌!!
 باشه‌ چلۆنه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێک دا خه‌ڵک له‌ پێته‌خته‌که‌یدا بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی بژیوی ژیانی زۆر ئاسایی خۆ، شه‌و و ڕۆژ وه‌ک ئاشه‌ مه‌کینه‌ کار ده‌کات که‌چی له‌م لاوه‌ له‌ کیسه‌ی خه‌لیفه‌ به‌ ملیاران دۆلار ده‌خرێته‌ گیرفانی گرووپه‌کانی تێکده‌ری وه‌ک حیزبوڵڵای لوبنانه‌وه‌!!
 بڵێی ئه‌م هه‌مووه‌ ‌ هه‌ر له‌ پێناو ئیسلام و خزمه‌ت کردن به‌ دیندا بێت!!
 ئه‌ی چلۆنه‌ پارێکی (به‌شێکی )ئه‌م دیندارانه‌ له‌ شارێکی وه‌ک تاران دا ئیزنی کردنه‌وه‌ی مزگه‌وتێکیان پێ نادرێ!!
 ئه‌ی چلۆنه‌ له‌ زۆربه‌ی ده‌زگه‌ و ئیداره‌کانیدا هه‌موو ڕۆژانێکی چوارشه‌ممه‌ی حه‌وته‌، سووکێتی به‌ گه‌وره‌ترین که‌ساتییه‌کانی هه‌مان جیهانی ئیسلامه‌که‌یان ده‌کرێ!!
 چلۆنه‌ ئه‌وه‌ی ناوی خه‌لیفه‌کانی ئیسلامی جگه‌ له‌ “عه‌لی” له‌سه‌ر نه‌بێت له‌ ئێران دا عومرێک تووشی کێشه‌ و نه‌هامه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ری دێت!!
 بێژی گه‌لانی دونیا ئیدی هه‌مووان له‌ گوێی گادا نووستبن و ئاگاداری ئه‌م هه‌موو ڕاستییه‌ نه‌بن!!
 نه‌خێر. ئیدی ته‌نانه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بیش متمانه‌ به‌ زمان و گفت و لفتی سه‌رانی ڕژێمی ئیسلامی ناکه‌ن.
 
 به‌ڵام باشه‌ سه‌به‌بکاری ئه‌م هه‌موو ماڵوێرانی و نه‌گبه‌تی و داماوی و چه‌رمه‌سه‌ری و موسیبه‌ته‌ کێیه‌؟!
 باشه‌  “شه‌یتانی گه‌وره”،‌  سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گشت نه‌هامه‌تی و چاره‌ڕه‌شییه‌یه‌ و هه‌مووی هه‌ر له‌ژێر سه‌ر “ئیستیکبار”دایه‌؟!
 باشه‌ سه‌ددام و ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عس، باعیس و سه‌به‌بکاری ئه‌م هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌ن؟!
 ئایا وه‌ده‌س خستنی بۆمبی ئه‌تۆم ئه‌و هه‌مووه‌ دێنێ  گه‌لانی ئێرانی ئه‌مڕۆکه‌ له‌ ئاستی دونیادا وا سه‌رکز و داماو کردووه‌!!
 باشه‌ ئه‌مه‌ چ چه‌کێکه‌ ڕژێمی ئیسلامی که‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کات له‌ دینه‌که‌یدا چه‌کی ئه‌تۆم چ پێگه‌یه‌کی نییه‌،که‌چی له‌و لاوه‌ هه‌موو ئابڕوو و ڕێز و حورمه‌تی گه‌لانی ئێرانی له‌سه‌ر  داناوه‌!!
 کۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێم وایه‌ ئیدی ئه‌وه‌ی لا ساغ بۆته‌وه‌ ڕژێمی ئیسلامی  ئه‌وه‌نده‌ ده‌ربایستی بڕیاره‌کانی نییه‌ و گوێ به‌ دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ نادات و ده‌یه‌وێ “وه‌لایه‌تی فه‌قی”،دونیا بگرێ.
  دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتارێکم نووسی به‌ ناوونیشانی:”ڕژێمی کۆماری ئیسلامی به‌ره‌و تاسان مل ده‌نێ”،به‌ڵام ئه‌مڕۆکه‌ یه‌قینم لا دروس بووه‌ ئه‌م ڕژێمه‌ له‌م ماوه‌دا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و په‌ته‌ له‌ مل خۆی بکاته‌وه‌ و خه‌ریکه‌ سه‌ری به‌ فه‌ته‌رات ده‌چێ.
 چوونکه‌ نه‌ ته‌نێ هیچ ڕێزێک بۆ خواست و ویستی گه‌لانی خۆ دانانێ بگره‌ بڕیاری نێوده‌وڵه‌تیشی به‌ لاوه‌ گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆدا نه‌بینێ، به‌ لاوه‌ ‌ هیچ گرینگ نییه‌ و وه‌پشت گوێی ده‌خات.
 سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌م ڕژێمه‌ فڕی به‌سه‌ر  سیسته‌می “کۆماری”یه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ فریودانی بیر و ڕای گشتیی دونیایه‌ ئه‌گینا جگه‌ له‌ نیزامی “وه‌لایه‌تی فه‌قی”،‌‌ هیچی دی نییه‌.
 ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئاوڕدانه‌وه‌ و وه‌به‌ر لێکدانه‌وه‌ خستنی هه‌ر کامه‌ له‌و پرسانه‌ی تیشکیان خرایه‌ سه‌ر ،بۆ خۆ نووسینی تایبه‌تی ده‌وێ و گه‌ره‌ک هه‌ر کامه‌یان بکه‌یته‌ سه‌ردێڕی وتار و بابه‌تێک .
 ئێستا به‌ سه‌رنجدان به‌و کۆمه‌ڵه‌ هۆکاره‌ی ئیشاره‌تی پێدرا ،من پێم وایه‌ ڕژێم له‌ دوا ده‌مانی په‌له‌قاژه‌ی خۆی نزیک که‌وتۆته‌وه‌.هه‌ر بۆیه‌ به‌ زمانی مناڵانه‌ ڕوو له‌ هه‌ر لایه‌ک ده‌نێ و په‌نا ئه‌باته‌ به‌ر هه‌موو لایه‌نێک.
 لێ گه‌لێ ڕوونه‌ کۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیدی ئه‌و هه‌موو مۆڵه‌ت و ده‌رفه‌ته‌ی خرایه‌ به‌رده‌م ڕژێم،ئه‌مجار هه‌ر وا سووک و سانا به‌ لایدا تیناپه‌ڕێ و ڕه‌نگه‌ ڕۆژانی دادێ ،بڕیاری یه‌ک لاکه‌ره‌وه‌ بدرێ.
 به‌ هیوای ڕۆژانی گه‌ش بۆ دۆزی گه‌لی کورد به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
 
   
renascaf@yahoo.com
      تاران
 17 ی جۆزه‌ردانی 2708 ی کوردی
 

Previous
Next

Leave a Reply