Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕۆلان بارت : ڕەخنەگری بونیاتگەرایی

ڕۆلان بارت : ڕەخنەگری بونیاتگەرایی

Closed
by July 12, 2008 گشتی

          هەندێك وای بۆ ئەچن كە گوایە ناكۆكییەك لە نێوان  ئەو یاسا زانستییانەدایە كە  پارت سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی دایڕشتن لە كتێبی ( ڕەخنە و ڕاستی )دا و یاخود سەبارەت بە بەختەوەریی ڕەها كە لە كتێبی
  ( چەشەی دەق ) و هەروەها لە كتێبی ( ڕۆلان بارت بە خامەی  ڕۆلان بارت ) دا لێوەی ئەدوێت  وەلێ ئەم بۆچوونە زۆر ڕووكەشە و لە جیهانی نووسینی ئەم  ڕەخنەگرە مەزنەدا  چ  ناكۆكی و گرێوگۆڵییەك لە ئارادانییە …!  هەرگیز زانین – مەعریفە –  نەبۆتە دژ و ئەنتی دەرهەق بە چەشە ..لەبەرئەوەی چەشە ئەبێتە هۆكار یان دەرئەنجامی زانین .. بۆیە ئەبینین كاری شیكار لە ڕاستییەوە نزیكترە ئەگەر  چەشەی خوێنەر بۆ دەق فەرامۆش نەكات ! كاری پارت لە بواری ڕەخنەدا ئاشكرایە و وەكو سانسۆرێكی دەرەكی دەق ئەپشكنێت و ڕاڤە و شرۆڤەی بۆئەوە ئەكات تا بتوانێت سیمبۆڵ و ئاماژە و ڕەمزەكانی لێكدی جیابكاتەوە ، ئەوجا یەكە یەكە شییانئەكاتەوە !
           بۆ ڕاڤەكردنی هەر دەقێكی ئەدەبی ، بارت ، زۆر هێمنانە و پێبەپێی ڕێسایەكی زانستی وەكو بینایەكی ئەندازەیی  لە هەموو لایەكەوە ئەیخەمڵاند و میتۆدی بوارە زانستییەكانی وەكو ( دەروون شیكاری و سۆسیۆلۆژیا و زمانزانی ) بەكارئەهێنا هەنگاوەكانی – دامەزرێنەرانی ووشەی – پیادەئەكرد .. كێن دامەزرێنەرانی ووشە !؟؟  ئەمە پرسیارێكە لە دووتوێیەوە پارتیشمان زیاتر بۆ ڕوون ئەبێتەوە ! دامەزرێنەرانی ووشە بریتین لە  : ماركێز دووساد كە سادیزمی بەرپاكرد ، شارل فۆریێ ی یۆتۆپیاییە  ، لیۆلا – ی تەسەوفكارە …گرنگی ئەو نووسەر و بیریارانە  بە پێی بۆچوونی پارت  لەوەدایە كە  ئەوان لە كۆی نووسینەكانیاندا كۆد و سیمبۆڵێكی ئەوتۆیان بەكارهێنا كە پێشتر نەبوو !  هەریەكەیان بە بۆچوونی پارت زمانێكی وایان فەراهەمكردووە كە لە دۆزینەوەی كیشوەرێكی نوێ ئەچێت بۆ وێنە  دووساد داڕشتنی چەشەی بیناكردو  فۆریێ زمانی بەختەوەری ئەفراند و لیۆلا-ش جیهانی فەنای خواوەندی ڕەخساند .. بۆیە بارت ئەو سێكوچكەیەی بە دامەزرێنەری ووشە ناوزەد كردبوو .. بەو واتایەی ئافەریدەكاری زمان سنوورەكانی  ( یاسا و چەمكەكانی زمانی ئاسایی ) ئەبەزێنن و لە سەردەمێكی تازە نزیك ئەبنەوە كە نووسین  ئاماژە  بە نووسەر ئەكات نەك بە پێچەوانەوە ….!
          بارت وای بۆ ئەچێت كە تێڕوانینی خوێنەر بۆ دەق ڕوانینێكی دەرەكییە  وەكو تێڕوانینی شیكارێك بۆ دیاردەیەك كەچی تێڕوانینەكە سارد نییە و پڕ و تژییە لە بەختەوەرییەك كە جیهانی خوێندنەوە ئەیبەخشێت ، لـــێ هەر بە ڕوانینێكی دەرەكی ئەمێنێتەوە ..
       هەر ئەو تێڕوانین و بۆچوونە نەوژەنانە بوون كە گروپێك بگرە لەشكرێك لە دوژمنی بۆ پارت هێنایە گۆڕێ وایان تاوانبار ئەكرد كە گوایە بارت رەمزی هەموو سەرچڵی و سەركێشییەكە لە بواری ڕەخنەدا بە گەلحۆ و نەفامی دونیای ئەدەبیان ناوزەد كرد .. گرفتەكە لەوەدایە كە  تەنانەت  لایەنگرانیشی ناوبەناو هەر دژی ڕائەوەستان و بە ناهەقكار و عەبەسی نێو دونیای ڕەخنە ناویانئەبرد !
        ڕۆلان بارت ئەڵێت : " هەندێك جار لەو دەمانەدا كە بە نێو دەقێكدا شۆڕ ئەبینەوە یاخود  دەقێكی ئەدەبی بە نێو ئێمەدا گەشتئەكات ، بەختەوەرییەكی بێ سنوور شكۆفە ئەكات و لە نێو ژیانمانا سەقامگیر ئەبێت ، وامان مەیسەر ئەكات كە ئەویدیكە لە نێو خۆماندا بنووسینەوە  پاش ئەوەی  دەقەكە لەگەڵمانا ئەژی و ئێمەش لەو دیوی ووشەكانەوە سەردەر دێنین !! "
           بارت بە درێژایی ژیانی تەنها لەسەر ئەو نووسەر و بیریارانە  ئەدوا و ئەینووسی  كە خۆشی ئەویستن ، ئاكادیمیای كۆلێژ  دوو فڕانس و هیچ گۆڤارێك ئەو فشارەیان  لەسەر ئەم ڕەخنەگرە مەزنە دانەناوە كە  بە ئاراستەیەكی پێچەوانە لە ویست و خولیای  خۆی  وانە بڵێتەوە و بنووسێ ، ئەو هەر بە كارەكەی خۆی لە ئاستێكی زۆر بەرزدا ئەدەبێكی جوانی  ئافەریدەكرد ( نەوەك وەكو زۆربەی مامۆستایان كە میتۆد و ڕێبازی خۆیان بە درێژایی ژیانیان نەدۆزیوەتەوە و ئەوەی ئەیڵێن لەگەڵ نووسینەكانیاندا ئاسمان و ڕێسمانە ..! ).. لە كتێبی _ ڕۆلان بارت بە خامەی بارت – دا هەر بە نووسینی چەند ووتارێك یاداشتنامە و چیرۆكی جوان ئەنەخشێنێ  كە كتێبخانەی ئەدەبی جیهانی پێ ڕازاوەتەوە .. خۆی شیئەكاتەوە و شێواز و ستایڵ و میتۆدی نووسینی خۆی شرۆڤـە ئەكات ، باس لە مەزنی ئاندرێ ژید ئەكات  كە چۆن بۆتە هۆكاری سەرەكی لە چەكەرەبوون و گەشانەوەی بارتی نووسەردا !!
 ڕەخنە و سۆسیۆلۆژیا و ئاماژەناسی  لە سەرەتادا تەنها وەكو دەمامكێك بەكارهاتوون  كەچی لای بارت  شمشێری دەستن و پڕۆسێسی نووسین دێننەئاراوە و پرسیاری گرنگ و نەبڕاوەی بارت تەنها لەسەر بەرپابوون و خەمڵاندنی پڕۆسەی نووسینە . 
         خۆ ئەگەر پڕۆسەی نووسین لای بارت  هەر هیچ خەسڵەتێكی ئەدەبی تیا نەبووبێ ، تەنها بە  پاساوە  زانستییەكەی  لەو بڕو بیانووەش قووتاری ئەبوو ، لێ لە واقیعدا  پارت لە دووتوێی ڕەخنەوە  وەرئەچەرخایەوە
 سەر ئەدەب ، هەر لە یەكەم كتێبییەوە " نووسین لە پلەی سفردا  "  تا دووا كتێبی كە لە دوای  مەرگیدا بڵاوبووەوە ، پارت لەو ئاستەنگانە ئەكۆڵێتەوە كە دێنە بەردەم نووسەر لە سەردەمەكەی خۆیدا ، بە هەموو شێوازێك لەو مۆدێلە  كۆن و سەلەفییەی ئەدا كە داكۆكی بوو لە دیدەو نیگای پێشین و ئەدەبی باپیران .
       دیدەی بارت بۆ ئەدەب  دیدەنیگایەكی ئاسان نییە ،  بارگاوی نەبووە بە كڕنووش و تەنازولاتەوە ، ئەگەر ئامانجی ئەدەب گۆڕینی كەرەستەی نائاسایی بووبێ بەرەو كەرەستەی ئاسایی و خوڵقاندنی جیهانێك بێت پڕبێت لە ئیشكالییەت ، ئەوا زمان داردەستێكی زانستی بارت بووە تابتوانێت ڕاڤەی  مەوداكانی ئیشكالییەت بكات پێش ئەوەی ڕكێفی خۆی وەكو نووسەرێك بەسەرمانا ئاسوودە بكات ..
      بارت بە خۆشەویستییەكی ڕەهاوە لەم كتێبەوە بۆ ئەو پەڕاو .. لەم نووسینەوە بۆ ئەو ووتار  كاری ئەوە بووە  بە بەردەوامی ئەو پرسیارە بكات كە سەرقاڵی دۆزی نووسین و كایەكانییەتی ،بۆوەی بتوانێت گرێو گۆڵو هێما و سیمبۆڵەكانی شیتاڵ بكاتەوە . لە كتێبەكەیدا سەبارەت بە  ( ئەفسانە )  میتۆدی بارت ئاشكرایە : ستایش و پیاهەڵدان یاخود ناشرینكردنی ڕواڵەت و دیاردەكانی نێو كۆمەڵگا  وەكو دیاردەی پڕۆپاگەندە و ئەستێرەكانی سینەما و مۆدێلەكانی جلوبەرگ و ئاهەنگی پادشا و سیاسیەكان و بوارەكانی وەرزش و تاد…. ناكاتە ئاوات و ئامانج و مەبەستی نووسینەكەی خۆی ، زۆر بە پێچەوانەوە ، پارت بە شرۆڤەكردن ئەیسەلمێنێت كە  هەموو ئەو حاڵەتانە  خولیا و ئارەزووی خەڵكی بەلای خۆیدا ڕائەكێشێت  كە سەرئەنجام مۆدێلێكی هێماگەریی ئەبەخشێتە ئەفسانە .. مامەڵەی پارت لەگەڵ ئەو كەرەستانەدا : ماسوولكەی زۆرانبازان و خەونی هۆڵەكانی سەما و ڕووخساری گریتا گاربۆ ، وێنائەكات  وەلێ بە ووشە و داڕشتنێك كە  هێندە دەوڵەمەندە بە ئاماژە و سیمۆلۆژیا كە نزیكمان ئەخاتەوە لە  كڵاوڕۆژنەكانی زانین وچەشەیەكی ئەدەبی و مەعریفی بێپایانمان پیچئەبەخشێت .
  
       تەنانەت لە كتێبەكەیدا (  سیستمی مۆدە )  كە بە یەكێ لە كتێبە ووشك و برینگ و زانستییەكانی بارت  ناوزەدئەكرێت ،  لەنێو جیهانی بەرتەسكی پۆشاك و جلوبەرگدا  كۆد و شفرەیەك بەكاردێنێت  وائەزانیت ئەو لە ڕەوانبێژی و جوانناسی دونیای ئەدەب ئەدوێت ، ئەوەیە ئافەریدەكاری پارت ! ئەو لە شوێنێكدا ئەڵێت :چوار  ڕەگەزی گرنگی پۆشاكی ژنان  هەروەكو  سەروا و قافیەی دوو دێڕە شیعر ئامێزیان بۆیەكدی كردۆتەوە !!
   ئەدەبی بارت ئەدەب و وێژەیەكی ڕوانە و ڕوونی و شەفافییەتی نووسەر فەراهەمئەكات .  ئەوەتا لە " بارت بە خامەی بارت " دا بە ڕووخساری ڕووت و قووتەوە لێمان دێتە پێشێ و  زۆربەی جار بە ستایڵی تایبەت بە خۆیەوە و لە شێوازی چیرۆكدا ، ئامرازی ( من ) وەكو یاریدەكارێك بەكاردێنێت  بۆوەی بچێتە نێو دڵی ووتاری خۆشەویستی –یەوە  لە بەشی : چەردەیەك لە ووتاری ئاشق / دا ، وێنەكانی و شێوە و مۆدێلەكانی و هەموو كەرەستەكانی دڵ و ئەوین و ئاشق و ترپەكانی دڵت بۆ واڵا ئەكات .
          بارت هیچی لە پڕووست و ئاندرێ ژید و سارتەر كەمتر نییە ! گومانی تیا نییە كە بارت دەنگێكی بێهاوتا و تاكە گەر بەراوردی بكەین لەگەڵ بیریاران و زانایان و نووسەرانی سەردەمەكەی خۆیدا ، ڕەنگە یان  پێدەچێت كەسانێك هەبووبن و هاوچاخی خۆی بن و  هەمان شرۆڤـە و ڕاڤەكاریان بۆ دونیای ئەدەب و گوزەرانی ژیان كردبێت كەچی  نێو نێوبانگی كتێبەكانیان  هەمان زایەڵە و دەنگی  ئەم ڕەخنەگرەی نەبووە !
  ئێمە بۆ ژانرە هەستیار و زۆر گرنگەكەی ئەدەب كە ڕەخنەیە ، هەتا بڵێیت قەرزارباری ڕۆلان بارتین ، ژیان و لاپەڕەكانی ڕۆشنبیری و هزر و فەرهەنگی هیومانیتی ( مرۆڤایەتی ) لە ساڵانی شەستەكان و هەفتاكانی سەدەی پێشوودا زۆر ڕوو سوورە بە كتێب و ووتار و وانەكانی زانكۆی ئەم  ڕەخنەگرە بلیمەتە ..
    لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا  شۆڕەسوارێكی دونیای ئەدەب و ڕەخنە و هزر و بوونیاتنگەرایی
 پاش ئەوەی  دووا وانەی خۆی لە كۆلێژ دوو فڕانسدا ئەڵێتەوە و لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەدا دێتە دەرێ و بە ئاراستەی میترۆی سان میشێل بۆوەی لەوێوە بچێتە ماڵێ ، ئۆتۆمبیلێكی زۆر خێرا و بەلەز لێیئەدات و هەناسەی لێئەبڕێت .. ئەو ڕۆژەی كە دادگایی ئەو شۆفێرە بوو ، دادوەر ئەیویست باسی گرنگی ئەو پیاوە گەورەیە بۆ ئەو شۆفێرە كوژەرە بكات ، شۆفێرەكە قسانی بە دادوەر بڕی و پێی ووت :"  لەگەڵ ڕۆژی كارەساتەكەدا و من كتێبەكانی بارت ئەخوێنمەوە و ئێستا زانیم كە چ كەڵە پیاوێكم كووشتووە ، بەڵام ئەگەر ئێوە زۆر خەمخۆرن و چاو بەگریانن بۆ هەموو بلیمەت و زاناكانی ئەم وڵاتە ،پێویست وابوو ، ئەركی سەرشانتان بوو  بە ئاگادارییەك لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەو سەر ئەو شەقامەی كۆلێژەكەی لێیە بنووسن و بڵاوی بكەنەوە كە : ئێوە ئەی شۆفێرەكانی پاریس بۆتان نییە لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەدا ئۆتۆمبێل  بئاژوون لەبەرئەوەی پیاوێكی مەزنی وەكو ڕۆلان بارت  بەو شەقامەدا ئەپەڕێتەوە " و ئیدی شۆفێرەكە دەداتە پڕمەی گریان !! 
    بارت مرد لێ ڕووناهی ڕۆح و نووسین و هزری ئەو وەكو تیشكی خۆر هەردەم و بۆ هەمیشە بێ بڕانەوەیە بەڵام خۆزگە ئەو تیشكەش ئەگەیشتە ئێرە و تاقە یەك ڕەخنەگری وەكو پارت یان سێبەرەكەی پارت ئا لێرە ئەخووڵقا !
 بۆوەی ئەو لێشاوە لە شیعر و چیرۆك وشانۆ سەقەتانەی بەرەو توونی بابا تووڕ هەڵئەدان !!
  بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لەم ژێدەرانە وەرگیراوە :
 – بە ئیسپانی :
 ووتاری  ڕەخنەی زانستی لە فەلسەفەی بوونگەراییەوە بە قەڵەمی ڕۆسا ناباڕۆ دوران
  لە پاشكۆی ئەدەبی مانگانەی ڕۆژنامەی ناوداری ئیسپانی ئا بێ سێ دا ، مەدرید ، 2001 .
 – بە هۆڵەندی :       ئێنسكلۆپێدیای هۆڵەندی بۆ ئەدەب و هونەر ، ئامستردام ، 1999 .
 –  بە عەرەبی :
 پێشەكی كتێبی  ( ڕۆلان بارت / نووسین لە پلەی سفر دا ) بە قەڵەمی محمدبرادە 1980 بێروت .
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.