Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

ڕۆمانی شیکاگۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکەوە گرێدەدات

Be First!

 

 

 

رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تەنها دوو شوێنی جوگرافی جودانین، بەڵکە دوو کلتوور و دونیای جیاوازیشن. هەر لەدێرزەمانەوە، ئەم دوو ناوچەیە لە ڕووی کلتووریەوە جیاوازبوون و مەڵبەندی چەندین شارستانی دژبەیەک بوون. هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم جیاوازییە ماوە. لێ نووسەری ناوداری میسری” عەلا ئەسوانی” لە ڕۆمانی ” شیکاگۆ” دا هەوڵیداوە هەردووکیان کۆبکاتەوە. ئەسوانی  لەڕێگای کۆمەڵێک کەراکتەرەوە، هەوڵیداوە پرسگەلی : ( خۆشەویستی، سێکس، دەسەڵاتی سیاسیی، ڕاسیزم، خوێندکاران، شۆرشی ساڵانی 1968) لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کۆبکاتەوە. بەڵاملە هەموویان گرینگتر دوو پرس زۆر بەجوانی وەسف دەکات : ( کێشەی چەوساندنەوەی قبتییەکان لەمیسر، کێشەی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا). خۆی لەخۆیدا ئەسوانی بەچاوێکی مرۆیانەوە سەیری ئەم دوو پرسەی کردووە، هەرچەندە لە بەرامبەر قبتییەکان بە هەستێکی نیشتمانپەروەرییەوە سەیری کێشەکە دەکات. ئەو پێی وایە زیاتر کێشەکە پەیوەندی بە ڕژێمی موبارەکەوە هەیە،بەڵام لەڕاستیدا کێشەی قبتییەکان زۆر لەوە گەورەترە، ئەسوانی کێشەی قبتییەکان وەکو کێشەیەکی نەتەوەیی سەیر ناکات، بەڵکە ئەو پێی وایە موبارەک هەموو میسرییەکان دەچەوسێنێتەوە، بە واتایەکی تر هەموو کێشەکان بە عەلاگەی موبارەکەوە هەڵدەواسێت. شوێن لەم ڕۆمانەدا زانکۆی ئەلیۆندە ( کە گەورەترین زانکۆی ئەمریکایەو لە ساڵی 1890) لە شاری شیکاگۆدامەزراوە، لێ ئەسوانی بە فرۆکەی خەیاڵی ئەدەبی، خوێنەر دەگوێزێتەوە بۆ ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات و بەناو وڵاتە فراوانەکەی میسردا پیاسەی پێدەکات. زەمەنیش لەم رۆمانەدا ساڵانی دوای ڕووداوی 11 سێپتەمبەر 2001 ، ئەمەش بە قۆناغێکی نوێ لەمێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت. لەم قۆناغەدا ( شەڕ، تیرۆر، ئیسلامگەرایی) لەهەمووشی گرینگتر چەتەگەریی و شەڕەنگێزیی ئەمریکا خراپتر دەبێت. ئەسوانی دەڵێت: ( ژیان لە ئەمریکا وەکو میوەی ئەمریکی وایە، لە دەرەوە حەزبزوێن و درەوشاوەیە، کەچی تامی نییە!ل.227). ئەسوانی لەڕێگای کۆمەڵێک ئەکتەرەوە ، خوێنەر تێکەڵ بە کۆمەڵێک جیهانی جیاواز دەکات.  

ئەو لەڕێگای ” شەیما محەمەدی و تاریق حسیب” ەوە باسی عەقڵیەتی کچان و کوڕانی گەنجی میسری دەکات، چۆن ئیسلامگەرایی هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی مێشکی گەنجادا سەپاندووە. لێ نووسەر پێمان دەڵێت، چەندە ئایین هەژموونی بەهێزبێت، لێ ناتوانێت خۆی لەبەردەم حەزە سێکسیی و هەستی خۆشەویستی خۆی ڕابگرێت. شەیما و تاریق هەرچەندە زۆر ئیماندارن، لێ ناتوانن خۆیان لەبەردەم هێرشی حەزە سێکسیی و سۆزە خۆشەویستییەکانی ناخیان خۆ ڕابگرن . لەڕێگای ( رەئفەت سابیت و محەمەد سەلاح)ه‌وە ، باسی کۆچبەرە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەمریکا دەکات. ” رەئفەت سابیت” هەموو ووزەی خۆی دەخاتە گەر، بۆ ئەوەی وڵاتە دواکەوتووەکەی خۆی لەبیربکات و خۆیبکاتە ئەمریکی، لێ چ دەورووبەر و چ ناخی ، دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئەم ویستەیدا. کاتێک رەئفەت سابیت ” سارە”ی کچی لەگەڵ “جیف” دەبنە هاورێ و ماڵی باوکی لەبەر ئەو گەنجە بێکار و بێسەوادە بەجێدەهێڵێت، رەئفەت تووشی تێکشانێکی دەروونی  وخێزانی خراپ دەبێت. ئەو ناتوانێت کلتوورە ڕۆژهەڵاتییەکەی ناخی لەبیربکات و بەهیچ شێوەیەک بەرگەی ئەو ڕاستییە تاڵە ناگرێت ، کە کچەکەی دەیکات بە قوڕگیدا. لێرەدا دووفاقی کەسایەتی رەئفەت دەردەکەوێت. لەڕێگای محەمەد سەلاح  و ” کریسی” ژنی ، کێشە سێکسییەکانی نێوان ژن و پیاوان باس دەکات. چۆن کزبوونی ووزەی سێکسیی، ئەم مامۆستای زانکۆیە، تووشی گەورەترین کێشەی دەروونی و خێزانی دەکات، لەکۆتایشدا خۆی دەکوژێت. هەروەها لە ڕێگای خۆشەویستە کۆنەکەیەوە ( زەینەب ڕەزوان” ەوە کێشەی ئیسلامگەرایی میسر باس دەکات. زەینەب دەڵێت: ( میسرییەکان لە دادپەروەریی لەم دنیا ئومێدبڕ بوونە، لەو دنیا چاوڕوانین!،،ئەوەی ئەمڕۆ لەمیسردا بڵاودەبێتەوە،، ئاینداریی ڕاستەقینە نییە ، بەڵکو خەمۆکییەکی دەروونیی بەکۆمەڵە، هاوشان بە نەهامەتی ئایینی ، لەهەمووشی خراپتر ئەوەبوو چەند ملیۆنێک میسریی لە سعودییە کاریانکرد و بەبیریی وەهابی گەڕانەوە ،،ل426). لەڕێگای ” جۆن گراهام” و ” کارۆڵ” ی هاورێیەوە، باسی راسیزمی ئەمریکی دەکات. گراهام ، کابرایەکی چەپی پیرە ، مامۆستای کۆلیژی پزیشکییە، کاڕۆڵ بێوەژنێکی ڕەشپێستی گەنجە. ماوەیەکی زۆر بەدوای کاردا دەگەڕێت ، بەڵام لەبەرئەوەی ڕەشپێستە  کاری دەستناکەوێت. ئەو باسی ئەو یاسایە دەکات ، کەهەتاوەکو ئەمڕۆ لەکۆمەڵگەی ئەمریکدا بەرقەرارە: 

Are youwhite? YouareRight  تۆ سپیت ؟ کەواتە لەسەر هەقیت

Are youblack? Go Back.!  تۆ ڕەشیت؟ بگەڕێوە دواوە..ل214

ئەو باسی ژیانی گەڕەکی ڕەشپێستەکان دەکات و دەڵێت: ( هەژاری دەگاتە ئاستێک زەحمەتە بوونی لە ئەمریکادا بهێنرێتە بەرچاو، بێکاریی و ماددە بێهۆشکەرەکان و ڕووداوی کوشتن و دزی و ئەتککردن یەکجار بڵاون،ل244). هەتاوەکو ئەمڕۆش  سنوورێکی راسیزمانە بۆ ڕەشەکان کێشراوە ، کە نابێت بچنە ناو گەڕەکی سپیپێستەکانەوە، کاتێک بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی ڕەشپێست دەیەوێت ئەم سنوورە ببەزێنێت، ئوروپییەکان ماڵەکەیان دەسووتێنن و دەریاندەکەن. 

لەهەمانکاتدا باسی کوشتارگەلی سپی پێستەکان  دەکات دژ بە گەلەڕەسەنەکی ئەمریکا کەبە ناڕەوا ( هیندی سووری) یان پێدەڵێن. چۆن ئوروپییە وەحشیەکان زیاتر لە 12 ملیۆن خەڵکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەیان کوشتووە. لەوکاتەدا سپی پێستەکان پێیان وابوو : (هیندییە سوورەکان ئاژەڵێکن بۆ خۆیان، ئافەریدەگەلێکی بێ رۆح  و بێ ویژدانن، بۆیە خاڵین لەو بەها مرۆییانەی پیاوی سپی هەڵی گرتوون!..ل11).

لەڕێگای ” کەرەم دوسی” یەوە باسی ڕەگەزپەرستی عەرەبەکان دەکات دژ بە گەلی قارەمانی قیبتی لە میسر. چۆن ڕۆژانە ڕووبەروی راسیزمی عەرەبی دەبنەوە، لەکاتێکدا قیبتییەکان خاوەنی وڵاتەکەن و خەڵکی ڕەسەنی میسرین و عەرەبیش ئەم وڵاتەی تەعریب کردووە. لەهەمانکاتدا باسی ڕژێمی دیکتاتۆری میسریی دەکات، چۆن لەزیندانەکاندا جۆرەها شێوازی ئەشکەنجە لەدژی نەیارانی بەکاردەهێنێت. ” سەفوەت شاکر” کە ئەفسەرێکی ئەمنی میسرییە، باس لە شیوازەکانی ئەشکەنجەی میسری دەکات، چۆن ئەتکردنی ژنان، کارێکی ڕۆژانەی جەلادەکانی ئەم ڕژێمە بووە. سەفوەت دەڵێت: ” جەسورترین تاوانبار بەرگەی ئەتککردنی نامووسی ژنەکەی، یاخود دایکی بە بەرچاوییەوە ناگرێت،،ل336″

بەگشتی ئەم ڕۆمانە ، کۆمەڵێک پرسی ” سیاسیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی” دەوروژێنێت. ئەسوانی زۆر شارەزاییانە میتۆدی ڕۆمانی بەکارهێناوە، خوێنەر جێژێکی گەورە لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دەبینێت. لێرەدا جێگای خۆیەتی، کە دەستخۆشیەکی باش لە کاک ( سەباح ئیسماعیل) بکەین، بەڕاستی زۆر جوان ئەم رۆمانەی کردوو بە کوردی. 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

سەرچاوە:

عەلا ئەسوانی. شیکاگۆ. وەرگێرانی ، سەباح ئیسماعیل. چاپی دووەم. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. هەولێر.2012

Previous
Next

Leave a Reply