Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕۆژئاوا؛ سەرزەمینی مرۆڤە ژیرەکان!

ڕۆژئاوا؛ سەرزەمینی مرۆڤە ژیرەکان!

Closed
by June 8, 2013 گشتی

 

 

ڕۆژئاوا لە خەیاڵی ئێمەدا؛ یان مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدا(ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) هەمیشە ئاماژەیە بۆ سەرزەمینی مرۆڤە باڵاکان، بۆ هێزە زەبەلاح و گەورەکان، سەرزەمینی داهێنانەکانی مرۆڤایەتی. لەگەڵ ناوهێنانی ڕۆژئاوادا یەکسەر بیرمان بۆ هێز؛ یان دەسەڵاتێکی باڵا دەچێت، هێز بە دوو مانا، هەم هێز لەڕووی سەربازی و دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بەسەر جیهان، بەتایبەت بەسەر ڕۆژهەڵاتدا لەڕووی بەڕێوەبردن و تەحەکوم پێکردنەوە، هەم وەکو هێزی داهێنان. ئەوەی وایکردووە ڕۆژئاوا لە خەیاڵدانی مرۆڤی ڕۆژەهەڵاتیدا زەبەلاح و باڵا بێت ئەو هەیمەنەیەی ڕۆژئاوایە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا کە زیاتر لە دوو سەدەیە بەردەوامی هەیە
ئەو هەیمەنەیەی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا، لەخەیاڵدانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیدا هەم واقعێکی هەنوکەیی یان بەردەوامە، هەم بۆماوەییانە ماوەتەوەو هەمیشە ڕۆژئاوا وەک هێزێکی زەبەلاح و باڵاو، ڕۆژهەڵاتیش وەکو ژێردەستەو دەستەمۆو بێتوانا لەبەردەم (هێز)ی ڕۆژئاوادا نیشنداوە. ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی دیکەش ڕۆژئاوا وەکو سەرزەمینی داهێنان هەر لە شۆڕشی پیشەسازییەوە؛ یان با بڵێین لە دروستکردنی چاپخانە لەسەدەی پازدەهەمەوە لەلایەن (گۆتێنبێرگ) ەوە؛ کە چاپخانە ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی شارستانیەتدا، ئیدی ڕۆژئاوا بوو بە سەرزەمینی داهێنان و تا ئێستاش بەردەوامەو (ڕۆژهەڵات)یش جگە لەبەکارهێنەرێکی نەزان هیچی دیکە نییە. واتە ئەم تێڕوانینە ڕەگێکی (مێژوویی زانستی) و هەم (مێژویی سیاسیی)شی هەیە.
ئەتوانین سود لە چەمکی بۆماوەیی (فرۆید) ببینین لە ژێرکارتێکردنی فیکرەکانی دارویندا، فرۆید لەباسی دەرونشیکاری و خەونبینین و کەوتنە خوارەوە لەخەودا ئەڵێ : (مرۆڤ بۆیە زۆرجار لەخەونیدا لەشوێنێکی بەرزەوە ئەکەوێتە خوارەوە، لەبەرئەوەی بۆماوەیی لە باپیرە گەورەیانەوە کە مەیمونە بۆی ماوەتەوەو لە نائاگایدا چەسپاوە. کاتێک بەچکەی مەیموونەکان لەسەر دارەکان ئەکەوتنە خوارەوە ئەم کەوتنە خوارەوەیە لە بەرزاییەوە کە لە نائاگایی مرۆڤدا وەچە دوای وەچە ماوەتەوەو زۆرجار بە خەون ئەیبینێ لەشوێنێکی بەرزەەوە ئەکەوێتە خوارەوە) هەڵبەت ئەم فکرەیەی فرۆید بۆ شیکردنەوەی خەون و کەوتنە خوارە لەبەرزاییەوە لە خەوندا لەژێر کارتیکردنی بۆچوونەکانی دارویندا کە ئەسڵی مرۆڤ ئەگەڕێنێتەوە سەر مەیموون.
دەتوانین سود لەو تێڕوانینەی فرۆید بۆ خەون بینین و کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەوە وەربگرین، کە لە نەست یان نائاگایی مرۆڤەکاندا ماوەتەوە، هەمان ئەو باڵادەستییەی ڕۆژئاواو دەوڵەتە زەبەلاحەکانی وەکو بەڕیتانیا  وڕوسیاو ئەمەریکاو فەڕەنساوئەڵمانیاو، چەند وڵاتێکی دیکە، لە خەیاڵدانی کۆمەڵگاکان یان تاکی ڕۆژهەڵاتیدا ماوەتەوەو جگە لەوە بەردەوامیشی هەیە. ڕۆژئاوا وەک سەرزەمینی مرۆڤە خاوەنهێز و باڵاکان وێنەیەکی نەگۆڕ و چەسپاوی لە هەست و نەستی تاکی ڕۆژهەڵاتیدا دروستکردووەو وەچە دوای وەچە ماوەتەوە، ئێستاش ئەم هەیمەنەیە بەردەوامەو فراوانتریش ئەبێت ئیدی ئەو باڵایییەی ڕۆژئاوا هەم لەڕوی هێزی سەربازی و بەڕێوەبردن و هەم لەڕووی داهێنانەوە دۆخەکەی کردووە بە حەقیقەتێکی چەسپاو یان کولتور. کاتێک بۆ یەکەمجار بەڕیتانییەکان یەکەم  ترۆمبێلیان  هێاوەتە عێراق؛ خەڵکی عێراق بەجۆرێ سەرسامی ئەم ئامێرە بوون کە دەڕوات و مرۆڤیش هەڵئەگرێ و ئەیگویزێتەوە، ئەم سەرسامبوونە خۆی لەخۆیدا سەرسامبوونە بەرامبەر (هێز)ی ڕۆژئاوا، بەهێزیی ئەوی دی، عەلی وەردی بە وردی ئاماژەی پێ دەکات. ئەو ترۆمبێلەی کە هێنبرابوویە عیراق، دوای ئەوەی لە پردی (ڕوسافە) لە نزیک (کەرخ) ترۆمبێلەکە بەنزینی تێدا نامێنێ و لەوێ ئەیوەستێنن، ڕۆژێک دوای ئەوە، خاوەنەکەی ئەیەوێ سەرێک لە ترۆمبێلەکەی بدات، کاتێ نزیک ئەبێتەوە، قەرەباڵخیەکی گەورە لە جاددەیەکی تەسکدا ئەبینێ، کە خەڵکەکە لەبەردەم دەرگایەکدا وەستاون و خاوەنی شوێنەکە کرێ لەخەڵک وەرئەگرێ لەبەرامبەر چوونە ژورەوەیاندا بۆ بینینی ترۆمبێلەکە “١”.  ئەمە وەک دوو نموونە کە سەرسامبوونی خەڵکانی ڕۆژهەڵات نیشان ئەدات بەرامبەر هێزو قودرەتی ڕۆژئاوا لە داهێناندا. ڕۆژئاوای سەرزەمینی داهێنان هەمیشە لەڕێگای داهینانەکانییەوە وەکو هێزێکی باڵاو زەبەلاح بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی بێتوانا؛ دەرکەوتووەو خۆی نمایش کردووە.
کاتێک پزیشکێک بە نەخۆشەکەی ئەڵێ: نەخۆشییەکەت لە ئەمەریکا، یان بەڕیتانیا، یان ئەڵمانیا چارەسەری هەیە، ئەمە دانپێدانانێکی ڕاستەوخۆیە بە (بەهێز)ی و پێشکەوتوویی و ڕۆژئاوادا.
کاتێکش ئەوترێ سیستمی پەروەردە لێرە ئەکەین بە سیستمی سویدی، لێرەدا پێویست ناکات شیکردنەوە بۆ سیستمی سویدی بکەین، تەنها ئەم دەربڕینە بەسە(سیستمی سویدی) ئیدی سوید وەکو وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەوروپا کە ئەبێ سیستمی پەروەردەکەشی پێشکەوتووبێت بێگومان، پێویست بە بەدواداچوون ناکات و بابەیەکی نەخوێندەوار یان تەنانەت خوێندەوارێکیش یەکسەر خەیاڵی بۆ سیستمیکی باش و پێشکەوتوو ئەچێت، بەڵام ئەم دۆخە واقعێک خولقاندوویەتی کە ڕاستییەو لەم نوسینەشدا ئاماژەی پێکراوە. زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروت، لە دوبەی و لە سلێمانی، زانکۆی بەریتانی و فەرەنسی لە هەولێر. وڵاتانی ڕۆژهەڵات؛ بە یابان و کۆریاشەوە پڕن لەو پەیمانگاو زانکۆ ئەمەریکی و ڕۆژئاواییانەی کە لەسەر شێوازی ڕۆژئاوایی و بە سیستمی ڕۆژئاوایی وانەیان تێدا ئەوترێتەوەو تەنانەت لەو وڵاتانەشدا سەرسامبوون بە ئەمەریکا؛ وەکو وڵاتیکی زلهێز؛ لە هەندێ لایەنەکانەوە هەستی پێ دەکرێت.
د سەردار ئەڵێ: بەرگریکردن لە ڕۆژئاوا به ڕای من ڕه‌گی هه‌یه له خۆ به‌که‌م زانین به‌رامبه‌ر رۆژئاوا و به کوفر زانینی قسه‌كردن به شێوازی سوکایه‌تی به‌رامبه‌ر مرۆڤی رۆژئاوایی! پاشانیش ئەڵێ: له (مارکۆپۆڵۆ)وه که به ناشیرینترین شێوه باسی کورد ئه‌كات، هه‌تا مێژوونوسی مارکسی (ئه‌ریک هۆپسپاوم) که ده‌ڵێت کوردی عێراق به‌ربه‌ری یان وه‌حشین، پرۆسه‌ی ناشیرینکردنی رۆژئاوا بۆ کورد به کۆمه‌ڵ به‌رده‌وامه. دیاره رۆژئاوا ئه‌م کارانه ده‌كات، نه‌ك وه‌ك ده‌ربڕینی بێزاریه‌ك، به‌ڵکو بۆ هێشتنه‌وه‌ی سیسته‌می باڵایی)”٢”
ئایا چەسپاندن یان هێشتنەوەی (سیستمی باڵایی) لەڕێگەی بە خراپ باسکردن یان ناوهێنانی ئەوی دیەوە ئەبێ؟ ئایا گونجاوە لەبەرامبەر ئەوەی ڕۆژئاواییەکان بەخراپ باسی ئێمە یان ڕۆژهەڵاتیان کردووە، ئێمەش هەمان شت پەیڕەو بکەین و بۆ تۆڵەکردنەوە، یان سڕینەوەی سیستمی باڵایی بە ڕۆژئاواییەکان بڵێین(قێزەون) وەکو د. سەردار ئەم دەستەواژەیەی بەکارهێنا؟ ئایا ئەمە دۆخەکە بەرابەر دەکاتەوە، یان لەبنەڕەتەوە هۆکارەکان شتگەلێکی دیکەن؟ یان بۆچی تەنها لەباسکردن و ناوهێنانی بەرامبەردا چاو لە ڕۆژئاوا بکرێت، بەڵام بۆ داهێنان و لایەنەکانی دیکە نەک ناتوانرێ چاویان لێبکرێت، بەڵکو ناتوانرێ بە دروستی سود لە بەرهەمی عەقڵی ئەوان وەربگیررێت.
ئێمە بەئاگا یان بێئاگا؛ بمانەبەوێ یاخود نا، هەمیشە هێز و باڵایی ڕۆژئاوا وەکو هەور بەسەرمانەوەیە، یاخود لەبەردەمماندا ئامادەیی هەیە، هەمیشە پێیوستمان بە (هێز) یاخود بەهەمی عەقڵی ڕۆژئاواییەکان هەیە. ڕۆژهەڵات ناتوانێ بەبێ داهینراوە ڕۆژئاواییەکان ژیان بگوزەرێنێ، مەگەر ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی سەرەتایی، وەکو سەردەمی کشتوکاڵ یان ئاژەڵداری، تەنانەت بۆ نوسینی ئەم بابەتەو بۆ بڵاوکردنەوەی و بۆ خوێندنەوەشی ئێمە نەک پێیوستمان بە (هێز و قودەرەت) یاخود داهینراوەکانی ڕۆژئاوا هەیە، بەڵکو بەبێ داهینراوە ڕۆژئاواییەکان لەکاتی ئێستادا ناتوانین بابەتێکیش بنوسین و بڵاوی بکەینەوە، بەڵام ڕۆژئاواییەکان پێویستیان بە (عەقڵ) و (قودرەت)ی ڕۆژهەڵات نییە. ئەوەی ڕۆژئاوا لەڕۆژهەڵات پێویستییەتی؛ هەبووە دەستکردەکان نین کە بەرهەمی عەقڵی ڕۆژەڵات بن، بەڵکو ئەو سامانە سروشتیانەیە کە لەژێر زەوی و خاکی ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەیە، کە سروشتی و خوداکردە نەک دەستکرد و ڕۆژهەلاتییەکان نەیانتوانیوە سودی لێ وەربگرن و بەکاری بهێنن، چونکە بەکارهێنانی پێویستی بە؛ بەگەڕخستنی عەقڵ یان شۆڕشێکی پیشەسازی هەبووەو هەیە، کە تا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتدا ڕووینەداوە.
ئەوە بەڕیتانییەکان بوون لە ئێراندا نەوتیان دۆزییەوەو نەوتیان دەرهێنا، نەک ئێرانییەکان خۆیان. لە عێراقدا بەهەمان شێوە. کاتێک لە کوردستان کۆمپانیا بیانییەکان نەوت دەرئەهێنن ئەوە لەبەرئەوەیە کورد ناتوانێ نەوت دەربهێنێت، ئیدی بەهەر هۆیەک بێت، جگە لەوەش ئاخر گەیشتن بە نەوت بە (پاچ) یاخود قوڵینگ و خاکەناز ناکرێت. کاتێک تۆ ئەتەوێ پەیوەندی بە هاوڕییەکتەوە بکەیت کە لەشوێنێکی دور یان تەنانەت نزیکی سەر ئەم هەسارەیەیە، پێیوستت بە ڕۆژئاوایە، کاتێک ئەتەوێ گەشتێک بۆ شوێنێک بکەیت پێویستت بە داهێنراوەکانی ڕۆژئاوایە، کاتێک ئەتەوێ سەفەری حەج بەجێبهێنیت پێیوستت بە فڕۆکەیە. هەموو ئەمانە وایان کردووە ڕۆژئاوا وەکو سەرزەمینی مرۆڤە باڵاکان یان کەسانی خاوەن عەقڵ و قودرەت و هێز سەیربکرێن و ئەمەش ڕاستییەکەو نکۆڵی لێ ناکرێت. ئێمە لە چ شتیکدا ناگەڕیینەوە بۆ بەرهەمی عەقڵ و قودرەتی ڕۆژئاوا؟؟؟
نابێت ئێمە لەخۆمانەوە دژی ئەو واقیعە چەسپاوە بووەستینەوە کە نەخێر نابێت هێندە باڵایانە یان هێندە پیرۆز سەیری ڕۆژئاوا بکەین. ئەوە تەنها قسەیەکەو هیچی دیکە. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن؟ مەسەلەکە بە پیرۆز سەیرکردن نییە، هێندەی ڕاستییەکەو بەئاشکرا هێزو قودرەتی ڕۆژئاوامان نیشان ئەدات. هەموو چرکەو خولەک و کاتژمێرێک؛ پێویستمان بە بەرهەمی ئەو ئەقڵە هەیە، ئەوە ڕۆژئاوا پەرستی نیییە، بەڵکو بێتوانایی و بیماریی(عەقڵ)ی ڕۆژهەڵاتە، لە بەرامبەر قودرەتی ڕۆژئاوادا. بەڵێ ڕۆژئاوا سەرزەمینی مرۆڤە باڵاو ژیرەکانە، ژیر بەومانایە نا کە ئەوان دڕندەو خوێنڕێژ نین، مەبەستەکە شتێکی دیکەیە کە لەنوسینەکەدا بەڕوونی دیارە. تۆی ڕۆژهەڵاتی کاتێک ئەتوانی باس لە باڵایی ڕۆژهەڵات، یان مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بکەیت، کاتێک بتوانی ئایپاد و فڕۆکەو لاپتۆپ و ڕۆبۆت و …. هتد دروست بکەیت، تەنانەت گەر ئەوانەش دروست بکەیت هێشتا ناتوانی وەکو ئەوان بیت، چونکە ئەوە داهێنراوی ئەوانەو بەرهەمی عەقڵ و بیرکردنەوەی ئەوانە، تۆش بەرهەمی عەقڵی خۆت نیشان بدە.
کاتێک ملیۆنان مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتەوە کۆچیان کردووە بۆ ڕۆژئاواو بەردەوامیش کۆچ ئەکەن، تا ژیان بدۆزنەوە، ئەمە خۆی دانپێدانانێکی ئاشکرایە؛ بە هێزو قودرەتی ڕۆژئاوادا، کە ژیانێکیان بنیات ناوە تۆی ڕۆژهەڵاتی هەموو شتێک ئەکەیت و هەزاران میل ئەبڕیت و ژیانی خۆت ئەخەیتە مەترسییەوەو بەناو باخیرەو دەریاو ڕوبارە گەورەکاندا تێ ئەپەڕیت، تا بگەیتە سەرزەمینی ئەوان. تۆ کە بۆ ژیان ئەوروپات هەڵبژراردووە، بۆ خوێندن زانکۆکانی ڕۆژئاوات هەڵبژاردووە، ئایا ئەکرێ ڕەخنە لەو دیدە چەسپاوە بگریت، کە نابێ وەکو مرۆڤی باڵا تەماشای ڕۆژئاواییەکان بکەین؟؟؟!!! لەکاتێکدا چوونی تۆ بۆ ئەوەی لەوێ (بژیت)و بخوێنیت دانپێدانانێکی ئاشکرایە بە باڵایی ڕۆژئاوادا، بە هێزو قودرەتی ڕۆژئاوادا، لە هەموو ڕوویەکەوە. ئەوە ڕۆژئاواییەکانن هەموو یاخود زۆرینەی هەرەزۆری پێداویستییەکانی ئێمەیان دابین کردووە، بەرهەمی ئەقڵی ئەوانە. ئەمە پیرۆزکردن نییە، بەڵکو ڕاستییەکی تاڵە بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی تا ئاستی داڕزان. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ڕۆژئاوا بەهەشتە، بێ کێشەیە یان بێ کەموکورتییە! نا، بەڵکو قسەکردنە دەربارەی باڵایی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا. قسەکردنە دەربارەی واقعێک و هۆکارەکانی.
ڕۆژئاوا یەکەمین جار شۆڕشی پیشەسازی تێیدا ڕویدا. لەڕۆژئاوا فەلسەفە لەدایک بوو، هەر لەوێش گەشەی کرد. چاکسازی ئاینی لەڕۆژئاوا سەری هەڵدا، شۆڕشی فەڕەنسی وەکو یەکەمین شۆڕش لەمێژودا کە بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئەوروپا، لەڕۆژئاوا هەڵگیرسا. نیوتن و یاسای کێشکردنی زەوی و زانستی فیزیا و هەموو ئەمانە لەڕۆژئاواوە هەڵهاتن و گەشەیان کرد.
گەر ڕۆژهەڵات بیەوێ وەڵامی بۆ ڕۆژئاوا هەبێت ئەبێ شۆڕشێکی زانستی بەرپا بکات، ئەگەرنا وەڵامەکان نەک کاریگەر نابن و جێگای خۆیان ناگرن، بەڵکو دەبنە مایەی پێکەنینیش.ئەم واقیعە بەو جۆرە دەهێنرێتە گۆڕین.
ڕۆژهەڵات کەتا ئێستا فێرنەبووە داهێنراوەکانی ڕۆژئاوا بە دروستی بەکاربهێنێت، تا ئێستا ڕۆشنبیریی لێخوڕینی ترۆمبێل فێر نەبووە کە نزیکەی(١٣٠)  ساڵە لەڕۆژئاوا دروستکراوە،تا ئێستا سیستمێک لە ڕۆژهەڵاتدا نییە ڕێز لە مرۆڤ بگرێت، وەکو مرۆڤ. بۆ شتەکانی دیکەش هەمانشێوە.
ڕۆژئاوا خاوەنی شکۆیە… ڕۆژهەڵات دەمێکە شکۆی شکاوە. ڕۆژهەڵات سەدان ساڵە لەناو قوڕی جەهل و خەیاڵپڵاویدا چەقیوە. عەرەبەکان شانازی بە بورجی خەلیفەوە ئەکەن کە ئەندازیارەکانی ئەڵمانی و فەڕەنسی بوون، لەکاتێکدا تەلارسازی لەسەردەمی ئومەوی و عەباسییەکاندا گەیشتە لوتکە، بەتایبەت لە ئەندەلوس. هەرگیز بورجی خەلیفەو دەیان و سەدان هەبووی لەو شێوەیەش نیو هێندەی ئەهرامەکان نەک نابنە جێگای شانازی، بەڵکو بەراوردیش ناکرێن پێکەوە. چونکە ئەهرامەکان بەرهەمی عەقڵی ڕۆژهەڵاتن، نەک بوجی خەلیفە. ڕۆژهەڵات کاتێک شکۆی شکا کە داهێنەرە گەورەکانی خۆی شاربەدەر کردو فڕەیدانە دەرەوەو تەکفیری کردن، لە دیارترینیان(ابن رشد) و دورخستنەوەی بۆ مەغریب، تا لەوێ کۆچی دوایی کرد. هەروەها کتێبە بەناوبانگەکەی غەزالی(تهافت الفلاسفة)و فتواکانی(من تمنطق فقد تزندق) ئیدی پەردەیەکی ڕەشی دادایەوە بەسەر فیکرو داهێناندا. کاتێک حەلاجیان بەو دەردە برد و هەموو فکرو بیرکردنەوەو داهێنانیان کوشت.لەوکاتەوە ڕۆژهەڵات لەناو قوڕی سەلەفیەتدا چەقیوە، سەلەفیەت بە زۆر مانا.
*  ئەم نوسینە وەڵامە بۆ بۆچونێکی دکتۆر (سەردار عەزیز) کە ڕەخنەی لەو دیدە گرت و بە هەڵەی ناوبرد کە نابێ خۆمان بچوک بکەینەوەو وەکو مرۆڤی باڵا سەیری ڕۆژئاواییەکان بکەین و ئەم دۆخەی بە نەخۆشی و قەیرانێکی ئەخلاقی ناوبرد، بەبێ ئەوەی بەدوای هۆکارە ڕاستەقینەکانیدا بگەڕێ و، بەبێ ئەوەی پێمان بڵێ واقعێک ئەم دۆخەی خولقاندووەو بگەڕێتەوە بۆ ڕیشە (مێژویی_سیاسیی) یان (مێژویی_زانستیی)ەکانی. ئەم نوسینە تەنها وەڵامی ئەو تیڕوانینەی ناو نوسینەکەیە. لەکاتێکدا چەند ساڵێک پێش ئێستا؛ دکتۆر (سەردار عەزیز) لە نوسینێکدا دەربارەی ئەوروپا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ئەڵێ : (من دڵخۆشم کە لێرەم، لە کوردستان بوومایە جگە لە سەگێکی پیس زیاتر هیچی تر نەبووم) “٣” هەر لەو نوسینەدا لە باسی کوردستاندا ئەڵێ: (بەینی خۆمان بێت؛ هیچ شتێک لەو وێرانەیە بە کەڵک نایەت)

 

بەرهەم خالید

سەرچاوە:
1- First car to enter Iraq, by Hue Mi
Website: Investor Iraq
Published:31_1_2012
٢ – دەربارەی سوکایەتکردن بە خەڵکی سویسرا، د سەردار عەزیز.
٣_ ڕۆژێک لە مەنفا، د.سەردار عەزیز.رۆژنامەی ئاوێنە، ژ٦٤.س ٢٠٠٧

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.