Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ڕۆژمێره‌کانی هه‌ره‌س

Be First!

   ڕۆژمێره‌کانی هه‌ره‌س 
 ڕزگارعومه‌ر

  سڵ کردنه‌وه‌و دوودڵی له‌ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کانی کوردستان ڕۆژ به‌دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بێ،نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان به‌گشتی ناخۆشن،به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ‌به‌رچاومان ده‌گوزه‌رێ هه‌موومان شایه‌دی گۆڕانکاری گه‌وره‌ین،شایه‌دی نسکۆیه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ین،که‌ ئه‌زموونی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌ تۆنێڵێکدا ده‌با کۆتایه‌که‌ی نه‌ تروسکه‌و نه‌ نوزه‌یه‌کی ڕوناکی لێ دیاره‌.تراژیدیا ته‌نیا ئه‌وه‌نیه‌ که‌ ئه‌م ئه‌زموونه بێ وه‌ڵام دۆش داماو ڕووی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پرسیاری گه‌وره‌یه‌،تراژیدیا ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی له‌باری سیاسیه‌وه‌ هێشتا درێژه‌ به‌سیسته‌م و پڕۆژه‌ی ‌قومارێکی پڕ له‌ درۆ ده‌دا.پڕۆژه‌ی ئاوێزان بوونه‌وه‌و چنینی دیموکراسی له‌ گه‌ڵ عێراقی سێنتراڵ،کۆشکێکی پڕ له‌وه‌همه‌،سه‌ربازه‌پڕچه‌که‌کانی سوپای نوێی عێراق له"‌قه‌ره‌ته‌په‌" وا فیکه‌ی بۆ لێده‌ده‌ن،که‌چی له‌ کوردستان بۆ به‌رده‌وام بوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و ناچارکردنی به‌ زۆری هاوڵاتیان هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی موچه‌ت لێده‌که‌ن.
 نسکۆی 1974 ئیقاعی ڕووداوه‌کانی جۆرێک له‌کتوپڕی تێداهه‌بوو،دوواڕۆژمێره‌کانی ئه‌وشکسته‌ی ئه‌وسا به‌ده‌ر له‌ فاکته‌ره‌ نێوده‌وله‌تیه‌کان،فاکته‌ری ناوخۆش ڕۆڵی گه‌وره‌ی تێدا بوو،که‌ گه‌وره‌ترینیان نامۆ بوونی بوو به‌ ئازادی وبه‌ دیموکراسی،ئه‌وسا ته‌نانه‌ت له‌ دوا چرکه‌کانی ڕاکردن و باره‌گا پێچانه‌وه‌ بۆئێران، ئیعدام کردنی بێ داداگای ئه‌و  سیاسیانه‌ی له‌به‌ر جیاوزیان له‌ده‌سه‌ڵات له‌ به‌ندیخانه‌ بوون به‌ خوێنێکی زۆر سارده‌وه‌ به‌ڕیوه‌چوو،ئه‌و میسۆده‌ تا ئه‌مڕۆی نسکۆی 2008 یش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌.له‌ رۆژمێره‌کانی شکستی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستڕێژئیعدامی به‌رده‌رگای ماڵ و سه‌رجاده‌ی ڕۆژنامه‌ نووس ده‌بینین،کرینی ده‌نگێک،کوته‌ک کاری و بێ ده‌نگ کردنی ئه‌وه‌ی تر،هه‌ره‌شه‌یه‌کی حازریش له‌هه‌موان‌ ده‌بینین.
 له‌ ئان وساتی گرمۆڵه‌ بوونی هه‌ره‌سی سیاسیدا،هه‌میشه‌شێوه‌یه‌ک له‌ هه‌ره‌سی کۆمه‌لایه‌تیش به‌ دوای خۆیدا ڕاده‌کێشێ.له‌وردبوونه‌وه‌یه‌کی ساده‌دا وێنه‌یه‌کی دووباره‌و کلاسیکی دوو چینی کۆمه‌لگه‌یه‌ک ده‌بینین،که‌ له‌یه‌کێکیاندا نه‌بوونیه‌کی قوڵ وا ته‌نگی به‌ زۆرینه‌ی هاولاتیان چنیوه‌،که‌به‌پێ ی دوا ڕاپۆرته‌کانی ڕۆژنامه‌کانی کوردستان کار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی،له‌ سوچێکی ئه‌م تراژیدیایه‌ بازاری کۆیله‌کردنی خوشک و ژن و کچی ئینسانێک به‌ ده‌ستی خۆی و فرۆشتنه‌وه‌یان له‌بزنسی له‌شفرۆشیدا بۆته‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کانی دابین کردنی ژیان! وه‌رزی دووه‌می کۆچێکی به‌رفراوانی گه‌نج ده‌بینین،که‌سیسته‌می ئه‌زمونی کوردستان له‌ دوای به‌عسدا وه‌کوبه‌عس به‌سوکایه‌تی پێکردن گه‌وره‌ی کردن.له‌ وێنه‌ی بێباکی به‌رامبه‌ریش،چینێکی پێگه‌یشتووی نێو پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وده‌وروبه‌ری ده‌بینین،که‌ به‌هه‌مان‌ مێنتاڵی کۆنه‌په‌رسترین شێخه‌کانی که‌نداو خه‌ریکی ڕووتاندنه‌وه‌ی بست به‌بستی تواناکانی کۆمه‌ڵگه‌ن.ئه‌و خێزانه‌ ده‌وله‌مه‌ندانه‌ ده‌بینین که‌بێگانه‌ بوون و ڕه‌ش پێست بوونی کاره‌که‌ره‌که‌یان به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دارکاری بکه‌ن،یه‌ک ژه‌م خواردنی پێ بده‌ن،په‌لاماری سێکسیانه‌ی بده‌ن وئه‌تکی بکه‌ن.ئه‌و که‌ناسانه‌ده‌بینین،که‌ له‌وسه‌ری دونیاوه‌ به‌واده‌و به‌ڵینی (دوبه‌ی)ی تازه‌ هاتن وکه‌چی ئێستا له‌پاڵ گسک دانی کۆڵانه‌کان بۆ بژێوی ناچارن سواڵی نان له‌ماڵان بکه‌ن.ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ درۆزنه‌ ده‌بینین،که‌تازه‌ ژیانی سێ چوار نه‌وه‌یتری خۆی زه‌مانه‌ت کردووه‌و ئیتر چ له‌کوردستان حاکم بێ،چ له‌کۆنگره‌یه‌کی ئه‌وروپا نوێنه‌ر بێ،یان له‌ دوبه‌ی قوماش فرۆش بێ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نیه‌.ئه‌مه‌ ئه‌و کوردستانه‌ ئازاده‌ بوو،که‌ خه‌لکی له‌سه‌ر جینۆساید کراو ئازیزانیێکی زۆر خۆیان له‌ پێناوی به‌کوشت دا؟ ئه‌مه‌ کوردستان نیه‌،ئه‌مه‌ کۆیله‌ستانه‌.
 خه‌ڵکی کوردستان،له‌به‌ر بوونی فۆرمێک له‌ئازادی دوور له‌حکومه‌تی مه‌رکه‌زی،له‌به‌ر بێ ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسی،خوێن وسته‌مکاری وناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردیان بۆ ماوه‌ی 17 ساڵ قبوڵ کرد.به‌ڵام به‌و قبوڵ کردنه‌ هه‌روه‌کو ڕووداوه‌کانی قه‌ره‌ته‌په‌و سنوری کوردستان پێ ی نیشانداین زه‌مانه‌تی داگیرنه‌کردنه‌وه‌ی کوردستان دابین نابێ،ئه‌زمونی کوردستان پێویستی به‌پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی ده‌موده‌سته‌،ستراتیژێکی دوولایه‌نه‌یه‌،که‌بتوانێ ڕێگه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌وری حکومه‌تی مه‌رکه‌زی بگرێ،زنجیره‌کانی جه‌وری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له‌ کۆیله‌ستان له‌ده‌ست وپێ خۆی بپچڕێنێ.
 rezgar70ca@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply