Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

ڕیکلامى جگەرە کێشان لە دراماى گەردەلولدا

Be First!

 

 

 

 

بارى سەرنج 

 

 

ئەگەر بزانین لە توتندا زیاتر لە دوو سەد ماددەى زیانبەخش و ترسناک هەیە ، ئەوسا ئەزانین لە بەردەم چ دوژمنێکى مرۆڤایەتیداین .. شایانى باسە پێشتر و لە ساڵەکانى هەفتاکانى سەدەى ڕابوردوودا ، کۆمپانیا زەبەلاحەکانى جگەرە بە شێوەیەکى بەر بڵاو ڕیکلامیان بۆ جگەرەکانیان ئەکرد ، لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا ..تەنانەت لە ڕێى ئەستێرەکانى سینەماوە برەویان بە بازاڕى ئەو کاڵا ژەهراوى و ترسناکە دەدا ..بەڵام پاشان کە مرۆڤایەتى کەوتە ژێر کاریگەرى زەبرەکانى توتنەوە ، ئیدى بە شێوەیەکى لە سەدا سەد ڕیکلامى جگەرە قەدەغە کرا و ..باجێکى زۆریان لەسەر کۆمپانیاکانى توتن دانا و .. مەجبوریان کردن لەسەر پاکەتەکانیان بنوسن : جگەرە کێشان هۆکارى سەرەکییە بۆ توشبوون بە نەخۆشیەکانى شێرپەنجە.. لە هەندێک پاکەت نوسراوە : جگەرە کێشان بریتییە لە خۆکوژیى ..

بۆ نمونە بڕوانن بۆ فیلمەکانى ئەستێرەى هۆلیود : شین کۆنرى لە هەفتاکان و هەشتاکانى سەدەى بیستدا ، بە ئاشکرا ڕیکلام بۆ کۆمپانیاکانى توتن دەکات   لە ڕێى کێشانى جگەرە وە ، بەڵام لە دواى ئەو ماوەیە ، بە هیچ جۆرێک لە فیلمەکانى ئەو ئەستێرەیەى هۆلیوددا جگەرە نابینرێت ..یان لە وڵاتێکى وەکو تورکیادا کە جگەرە کێشان بوە بە دیاردە و هەردوو ڕەگەز بەکاریدێنن ، ئەبینین لە زنجیرەیەکى  زیاتر سەد و پەنجا  ئەڵقەیى وەکو زنجیرەى ( گەڕانەوەى هیواکان ) دا یەک جگەرەیش نابینرێت ..

ئەم حاڵەتى یاساغکردنە ، بوعدێکى فەلسەفى هەیە ، چونکە دراما لەگەڵ ڕووداوەکانیدا گەلێک داب و نەریت و بەهاى بەرز و نزم بۆ تاکەکانى کۆمەڵگا ئەگوێزێتەوە ، بۆ نمونە خۆم بە هۆى فیلمە ڕۆمانسیەکانى 40 ساڵ پێش ئیستاى ئیبراهیم تاتڵیسازەوە ، عەشقى جگەرە لەلام دروست بوو ، بوم بە بە جگەرەکێشێکى زۆر ئاڵودە و .. بە هەزار و یەک ڕێگا و دواى ئەوەى دووچارى نەخۆشى دڵ بوم ، ئینجا توانیم خۆم لەو خووە ترسناکە دوور بخەمەوە ..

هەر بۆیە زۆر بەلامەوە سەیرە دەرهێنەرى دراماى گەردەلوول ، شەوانە بە چەندەها شێوەى سەرنج ڕاکێش جگەرەکێشان  نیشانى تاکەکانى کۆمەڵگاکەى دەدات ..ئایا نازانێت ملیۆنەها لاو بە تاسەوە تەماشاى ئەو کاڵا زیانبەخشە ئەکەن کە  وەکو خەمڕەوێن نیشانى ئەدات لە کاتێکدا هونەرمەند عەبدولى حەمە جوان بە تاسەوە مژ لە جگەرەکەى ئەدات و بە خێزانى ئەڵێ: ئەى جگەرە نەکێشم ، چى بکەم ؟؟؟

بە ڕاستى ڕەنگە بڵێم جگەرە لە مولازم موحسین ترسناکترە ، بڕوانە بۆ  نەخۆشخانەکانى شێر پەنجە و یەکەکانى بوژانەوەى دڵ و هەناوبینى لە شارەکانى کوردستاندا هەزاران مرۆڤى دەردەدار ئەبینیت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانى ئەو نەخۆشییانە : دوکەڵى جگەرەیە ..ئەوەندە بەسە ئەگەر بڵێم ڕۆژانە نزیکەى حەوت فایلى نەخۆشیەکانى شێر پەنجە لە شارێکى وەکو سلێمانیدا ، زیاد دەکات .. شایانى باسە کامێراى ڕۆژنامەنوسان وێنەى ڕاهێنەرى 

هەڵبژاردەى فوتبۆڵى ئەڵمانیایان گرتبو کە بە دزییەوە و لە شوێنى تایبەت بە جگەرەکێشاندا ، جگەرەى ئەکێشا ، ئەو گرتە ڤیدیۆیە ، هەڵایەکى گەورەى نایەوە ، بە مەرجێک ئەو حاڵەتە نە درامایەک بوو کە سەرتاسەرى کوردستان تەماشاى ئەکەن ، نە ڕیکلامیش بوو بۆ جگەرە ، بەڵکو لە ژێر چینکۆیەکى نیوە شەفافدا و بە نهێنى یەک – دوو مژى لە جگەرەکەى دا …

هەر بۆیە باشتر وایە ، براى دەرهێنەر چاوێک بەو هەڵە ترسناکانەدا بخشێنێتەوە ، خۆ ئەگەر بیشڵێت : واقیعەکە بەو جۆرە بووە .. ئەوا دەڵێم واقیعى تورکیا سیخناخە لە توتن ، بەڵام دراماکانیان خاڵیە لەو دەردە ، چونکە ئەرکى دراما گەیاندنى بەها جوانەکانە .. دروستکردنى نەوەیەکە ، تەندروست لە لاشە و فیکریشدا ..

هەروەها نیشاندانى ئەو هەموو مەشهەدى خوێن و خوڕە ، ڕەنگە لە فیلمى ( شەڕ و ئاشتى ) لیو تۆڵستۆى و .. ( دێرى پارما ) ى ستانداڵیش ، ئەوەندە خوێن و مەشهەدى ترسناک نیشان نەدرابێ ، ئەگەر بزانین زۆربەى تەماشاکەرانى ئەو درامایەى گەردەلول ، ژن و مێر مناڵ و منداڵن ، ئەوە ئەکرا  حیسابێک بۆ بارى دەروونى ئەو چین و توێژە ناسکەى کۆمەڵگا بکرایە .. بەندە هەر بەوەدا ئەگەم بە کوڕە شەش ساڵانەکەم بڵێم : نا .. نا .. ئاسان گیان ! ئەوە خوێن نیە ، دۆشاوى خورمایە .. ئەوە تەمسیلە ڕاست نییە .. حەز ئەکەى سبەینێ ئەتبەم بۆ ماڵى ئەو کاکەیەى کە بە دۆشاوى تەماتە سەر و پۆتەڵاکى سوور کراوە !!

ئاخر ئەگەر بازاڕێکى داشۆراو لە بەها مرۆڤایەتیەکان ، تیایدا  خواردنەوەى کحولى و جگەرە هەرزانترین کاڵا بێ ، بۆ ئەوەى هەمووان بتوانن بیکێشن ، لە کاتێکدا لە وڵاتانى مۆدێرندا ئەوەندە باج خراوەتە سەر کۆمپانیاى جگەرە و خواردنەوە کهولیەکان ، زۆر چین و توێژ هەن ناتوانن بیانکڕن .. وەکو چۆن ناوبازاڕەکانمان سیخناخن لە یارى ترسناک بە هەموو جۆرەکانیەوە ، بۆ مناڵان و مێرمناڵان ، بۆ بڵاوکردنەوەى فەلسەفەى توند و تیژیى …بەڵام نەدەکرا براى دەرهێنەر ، وەکو بازرگانێکى بێ ئاگا ، نمایشى دوکەڵ و خوێن بکات …چونکە هونەر تەنها نیشاندانى واقیع نیە ، بەڵکو دۆزینەوەى تولە ڕێیەکە بۆ تام و .. چێژ و .. پەروەردە و .. خۆشەویستى و بەها بەرزە مرۆڤایەتیەکان .. هەر ئەوەیشە وایکردووە ، ڕۆژ بە ڕۆژ بینەرانى دراما بیانیەکان ڕوو لە زیاد بوون بن .. بێگومان هەر کەسێک  بە شێوەیەکى سروشتى بۆ ئاسودەیى و چێژ ئەگەڕێ لە هەموو کایەکاندا ..ئەوەیش بەشێکە لە پێناسەى مرۆڤایەتى مرۆڤ …سەردەمى بڵاوکردنەوەى فەلسەفەى ڕقلێبونەوەیش نەماوە ، چونکە ئەگەر تەماشاى کەسێکى وەکو غاندى بکەین ، دواى سەرکەوتن لە نەیارەکانى خۆش بوو ، وتى : بیویستە لاپەڕەى برایەتى و داهێنان واڵا بکەین .. ئەوە هەمان قسەى موحەمەد پێغەمبەر بوو کە لە ساتەوەختى شکاندنى نەیارەکانیدا ، داواى کرد واز لە عەقڵیەتى تۆڵە سەندنەوە بێنن و تەنانەت وتیشى : هەر کەسێک بچێتە ماڵى ئەبو سوفیان ، ئازادە !! .. بە مەرجێک ئەبو سوفیان سەرسەختترین دوژمنى ئەو و پەیامەکەى ئەو بوو …کەواتەئەکرێت لە جیاتى نیشاندانى مەشهەدى ترسناک کە ئەمڕۆ لە کەناڵەکانى جیهاندا ، بەربەست کراوە و نابێ مرۆڤى خوار 18 ساڵ تەماشاى بکات ، لە درامایەکى کۆمەڵایەتیدا موراعاتى مناڵان و مێرمنڵان و ژنان بکرایە .. چۆن بکرایە ؟؟ ئەوە من نازانم .. خۆ من دەرهێنەر نیم !

 

   نەوزاد بەندى

Previous
Next

Leave a Reply