Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان چی بوو و چی لێهات؟

ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان چی بوو و چی لێهات؟

Closed
by May 15, 2013 ژنان

 

 

لە یادی 20 ساڵەی کردنەوەی یەکەم ئۆفێسی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە بەرواری 14\5\1993 لە شاری سڵێمانی، پێم باشە وەک کەسێکی بەشدار و هاوڕێ لە گەڵ سەردەمی شکۆ داری ئەو ڕێکخراوەیە چەند دێڕێک بنووسم.

 

ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە مارسی 1993 بۆ یەکەم جار درووست بوونی خۆی ڕاگەیاند لە هەرێمی کوردستان، لە سەر دەستی کۆمەڵێک ژنی ئازا و ئازادیخواز لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان، ئەم ڕێکخراوەیە کۆمەڵێک شانازی گەورەی بۆ خۆی تۆمار کرد لە مێژووی خەباتی ژنانی کوردستان، و هەر کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گەڵ ئەو ڕێکخراوەیە کاری کردبێ و خۆی بە نزیک و دڵسۆزی زانیبێت، ئەتوانێت و مافی خۆیەتی وەک خاڵێکی دەروەشاوە لە مێژووی سیاسی خۆی باسی بکات. ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان خاوەنی یەکەم ڕۆژنامەی ژنانەیە بە ناوی( یەکسانی)، خاوەنی یەکەم پڕۆژەی سەنتەری پارێزگاری ژنانە لە هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێکخراوەیە، لە یەک ڕۆژی درووست بوونیەوە بە کۆمەڵێک درۆشمی زۆر ڕادیکاڵانە و پێویست و ئانی هاتە دەنگ، لەوانە “کوشتنی ژن لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت قەدەغەیە و ئەنجام دەرانی دەبێت سزا بدرێن”، یەکەم ڕێکخراوی ژن بوو کە زۆر بە ئاشکراو بێ هیچ سازشێک بۆ دین و کەلتووری دژە ژن و فکری کۆنسەرڤاتیڤی کوردی، بە دەیەها سیمینار و بڵاوکراوەو نووسین، ڕایانگەیاند کە ئەمان دژی کوشتاری ژنانن لە ژێر ناوی نامووس پەرستی، و هەموو جۆرە بێمافیەک لە دژی ئەم بەشەی کۆمەڵگا ئەبێ ڕابوەستێ، و فرە ژنی و بە زۆر بە شودانی کچان تاوانێکی گەورەیەو دەبێ بەری پێبگیردرێت. مافی تەڵاق و هاوسەرگیری یەکسان، بۆ یەکەم جار لە سیاسەتی ئەم ڕێکخراوەو ئەندام و کەسایەتیە ئازاکانی ئەوان هاتە ناو چەمک و لێکدانەوەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە کە قبووڵکردنی ڕیکخراوێکی لەو شێوەیەو لەو کاتەدا کە ئێمەی کورد لە ئاستێکی فکری و لێکدانەوەمان بۆ چەمک و بە بەها ئینسانیەکان ئێجگار لە خوار بوو، ئەوە تەواوی کەسایەتی و دڵسۆزانی ئەو ڕێکخراوەیە ڕۆژانە ئەکەوتنە بەر هێرش و تۆمەتی ئەخلاقی و هەڕەشەی گیانی لە چەندین کادر و چالاکانی ئەو ڕێکخراوە لە لەلایەن حیزبە ئیسلامیەکانەوە…

ئەوەی من ئەمەوێ لێرە بینووسم و بە یادی بهێنمەوە کردنەوەی یەکەم جاری ئۆفێسی ئەو ڕێکخراوەیەو بە زۆر داخستی دوایین ئۆفێسی، لە لایەن یەکێتی نیستیمانی کوردستانەوە(حیزبە سۆشیال دیموکراتەکەی کوردستان).

کردنەوەی یەکەم ئۆفێسی ڕێکخراو و دەست بە کار بوونی خودی ڕێکخراوەکە، بۆ من تەنیا بابەتێکی خوێندنەوەی یەکسانی نەبوو لە تەمەنی 12 ساڵیمدا، بەڵکوو وەک هێزێکی شاراوەی من بوو لە ناخدا کە لەو تەمەنە زۆر منداڵیەوە ئەمزانی شتێک هەیە لە دونیایی دەوروبەری من پێ ئەڵێن بێمافی و تاوان کردن لە دژی ژنان، و زۆر بە باشی درکم بۆی هەبوو، هەر لە قەدەغە کردنی لە ماڵ دەرچوونی کچە عازەبە درواسێکانی ماڵی خۆمان لە کفری تا ئەگەشتە کوشتنی ژنە لەشفرۆشەکەی گەڕەک لە سەر دەستی شوو براکەی خۆی، کە پۆستێکی باڵای هەبوو لە ئاسایشی شارەکەدا. من ئەوکات زۆر منداڵ بووم و مافی ئەوەم نەبوو خۆم بخزێنمە دونیایی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، بەڵام هەر کە گەورە بووم و گەشتمە 17 ساڵی زۆر بە باوەڕەوە ئەمزانی کە توانایی ئەوەم هەیە لە گەڵ ئەو ڕیزە ژنە ئازایانە دەست بدەمە کارێک کە ئەمڕۆ دوای 14 ساڵ لەو مێژووە بە شانازیەوە ئەینووسمەوە.

وەک باسم کرد، تەمەنی بچووکی من شانگسی ئەوەی پێنەدام لە سەرەتایی درووست بوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و کردنەوەو دەست بەکار بوونی ئۆفێس و ڕۆژنامەو بڵاو کراوەکانی جێگە دەست و یادەوەریەکی تایبەت بە خۆمم هەبێ کە بینووسمەوە. بەڵام ئەگەر بڵێم لە بێ شانگسیم، ڕەنگە ووشەیەکی باشبێت، کە تەنیا کەسی ڕێکخراو بووم و هەم کە میژووی داخستن و ‌قەدەغە کردنی ئەو ڕێکخراوەم لە شاری سلێمانی و ئەتوانم وەک خۆی بینووسمەوە. لە 21\7\2000 وەک خەوێکی ناخۆش چەند سەیارەکی پڕ لە چەکدار هەڵیان کوتایە سەر بینایە و ئۆفێسی سەرەکی ڕێکخروای سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان، و بە زۆری چەک ئۆفیسەکەمان پێ داخراو و دواتر وەک هاوڕێی ئازیز و نووسەر سیروان عەبدول ئەلێت، کۆمۆنیستەکان شار بەدەر کران. ڕاست ئەکات ئێمە بە تاوانی کۆمۆنیست بوونمان شار بەدەر کراین و من خۆم دوای سێ ساڵ توانیم بەسەردان بگەڕێمەوە سلێمانی و ناوچەی گەرمیان. واتا سێ ساڵ لە هەولێر گیرم کرد ونەمتوانی سەردانی گۆڕی دایک و برای خۆم بکەم لە شارۆچکەی کفری. ناتوانم تەواوی بەسەرهاتەکانی ئەوکاتەی خۆم باس بکەم و بابەتەکەشم ئەوە نیە، خۆ ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانین ئەو یادەوەریە هەموو بنووسینەوەو، لە کۆمەڵگایەکدا کە لانی کەمی یاساو پاراستنی ڕێز و بەها مرۆڤایەتیەکانی تێدا دەستە بەر بێت، هەموو ئەوانە تاوانەو ئەنجام دەران و کاراکتەرەکانی ئەو سیناریۆ پڕ لە تاوانانە دەبێت داگایی بکرێن.

ئەمەوێ زۆر خێرا بچمە سەر یادەوەریە زۆر تاڵەکە، کە ڕۆژی داخستنی ئۆفێسی ڕیکخراو بوو، کە هاوکاتیش بوو لە گەڵ ‌قەدەغە کردنی هەر جۆرە هەڵسوران و کارێکی ڕێکخراو. سەر لە بەیانی 21\7\2000 کە پێشتریش ئیشارەتم پێدا، چەند سەیارەیەکی پڕ لە چەکداری ئاسایشی سلێمانی کە سەرکەوت حەسەن ناسروا بە سەرکەوتی کوبە، خۆی سەرپەرشتی ئەکرد، هاتنە سەر ئۆفێسی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و لە شانگسی خراپی من شەوی پێشتر لە ئۆفێس مابوومەوە، ئاخر ئەبوایە هەموو شەوێک کەسێک لە لیژنەی باڵای ڕێکخراو یان ئەندامی سەنتەری پارێزگاری ژنان لەوێ ئێشگر بووایە، چونکە بینایی سەنتەر، ژنی هەڕەشە لێکراوی لێبوو بە خۆیان منداڵەکانیانەوە کە نەئەبوو بچنە دەرەوە، یان باشتر بڵێم ئەو ژنانەی لای ئێمە زیندانی بوون، بەڵام زیندانیەکی موحتەرەمانە. ڕێکخراوی سەبەخۆی ئافرەتان خۆی بۆ خۆی پڕ پڕ بوو لە هەڵە و تەکتیکی سیاسی و ڕیکخراوەیی و ئێرە شوێنی ئەوە نیە کە ئەو ڕەخنانە بنووسین، کە مەسەلەی زیندانی کردن و کەیسەکانی سەنتەر یەکێک لەو بابەتانەیە کە ئەبێ ڕەخنەی لێ بگیرێت و باس بکرێت، بەڵام ئەوانە بۆ کاتێکی تر…

داخستنی ئۆفێسی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بۆ و چی مانایەکی هەیە لە ڕووی سیاسیەوە؟

ڕێکخراوەکەی ئێمە قەدەغە کرا و ئۆفێسەکەی داخراو دەست گیرا بەسەر تەواوی کەلووپەلەکان و ئەرشیف و وێنە و زۆرشتی تر، کە هەندێک لەو وێنانە وێنەی تایبەتی ئێمە خۆمان، کچان و ژنانی ناو ڕێکخراو بوو. ئەو تاوانەی لە بەرامبەر ئێمە کرا، هاوکات بوو لە گەڵ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی زۆر ناعادیلانەی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە سەرەنجامەکەی بێئابڕووی و چاو قایمی یەکێتی و کوشتن و ڕەمی کردنی 5 چەکدار و کادری ئەو حیزبە بوو لە گەڕەکی عەلی ناجی لە سڵیمانی بە ڕۆژی نیوەڕۆ، دواتر دەست گیر کردنی نزیک 70 کەس لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزب و کادرو ئەندامانی ئەو حیزبە، منیش لە هەموو ژیانم 3 کاتژمێر زیندانی یەکێتی بووم، هەر لە کاتی ئەو ڕەشبەگیریەی یەکێتی ئەیکرد لە دژی کۆمۆنیستەکان.

مەجبورم لێرەدا زۆر بە کورتی باسی ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە بکەم کە لە نێوان ئەو دوو حیزبە ڕوویدا، کە لە ئاساسدا ڕووبەڕوو بوونەوە نەبوو، بەڵکوو سڕینەوەو قەدەغە کردنی حیزبێکی سیاسی بچووک بوو، کە بە قەبارە بچووک بوو بەڵام ئامانجی سیاسی زۆر گەورە، من ئەوکات کە کادرو کەسی ئەو حیزبە بووم هەر ئەمە تێڕوانینم بووەو ئێستاش کە هیچ پەیوەندیم بەو حیزبە و تەنانەت بەو ئایدۆلۆژیایەشەوە نەماوە کە ئەساسی فکری سیاسی حزبی کۆمۆنیست بوو هەر هەمان شت ئەڵێمەوە… مەبەستی من لێرە ئەوەیە بڵێم، کە بۆ ئەبێ ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو حیزبی سیاسی سەڕەڕایی ئەو هەموو جیاوازیەی لە نێوانیاندا هەبوو لە هەموو ڕوویەکەوە،ئاخر ئیجگار جیاواز بوون و هێزو تاوانا عەسکەری و سیاسیەکانی ئەو دوو حیزبە بەروارد ناکرێت! بۆیەش ووتم ڕووبەڕوو بوونەوەی نا عادیلانە….

بەڵام بۆچی ئەبێ داخراوی عەقڵی سیاسی فەرق نەکات لە نێوان حیزبی سیاسی و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی؟ بۆچی ئەبێ ڕێکخراوێک هێندە بچووک بکرێتەوە، وەک ئۆرگانێکی حیزبی سەیر بکرێت؟!!!بۆجی ئەبێ لێدان لە حیزبێکی سیاسی، قەدە‌غە کردنی سەرجەم ڕێکخراوەکانی نزیک لە ئەوە مەشموول بن بە ئەنفال کردن. وا ئێستا بە خەیاڵمدا هات بڵێم ئەنفال! ئەوەی لە گەڵ کۆمۆنیستەکان کرا ڕێک ئەنفال کردن بوو، بەڵام ئەنفالێک نەک کۆمەڵگایی ڕانەچەڵەکان، بەڵکوو بۆ ئێمە، ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، کارەساتێکی ئەخلاقی و سیاسی بوو، چونکە جیاواز لەوەی کەسەکانی ئەم ڕێکخراوەیە چۆن جۆنی بیریان ئەکردەوە، نەتیجە ئەمانە کۆمەڵێک ژن بوون کە لە بێمافی و کوشتن و لێشاوی خۆسووتاندنی ژنان هاتبوونە دەنگ، ئەی باشە بۆ ڕێکخراوێکی تری ژن بە جواب نەهات لە دژی ئەم ئەنفال کردنە؟ ئایە شەرم ئاور نیە بۆ ڕێکخراوگەلێک کە گوایە ژن بوون کێشەی هەموویانە، زەق زەق تەماشاکەری ئەنفال کردنی ڕێکخراوێکی ژن بن؟ ئایە ترسنۆکی ڕۆشنبیران لەوکاتەدا و تا ئێستاش کە بە سەدەها لاپەڕەیان لە سەر ژن ڕەش کردوەتەوە، نایانخاتە بەردەم داداگای ویژدانیان؟ ئایە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان خۆیان، کە ڕاستە ئەمرۆ وەک ڕێکخراو نەماوەو نیە، ئەگەر چی زۆربەی کەسایەتیەکانی بە درووست کردنی ڕیکخراوی تر و پڕۆژەی تاکە کەسی تا ئێستاش لە کەسە دیارەکانی بزووتنەوەی ژنانن لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان، بەڵام ئەم ژنە ئازایانە کوا بۆ نابینین دوو نووسین، دوو بەسەرهات لەو تاوانە نائەخلاقیەی لێیان کرا بنووسن و باس بکەن؟ بۆ وەک ئەو چینە لە ڕۆشنبیرە ترسنۆکانە، وەک ئەو سیاسیانەی دەستیان هەبوو لەو تاوانەدا خۆیان بێدەنگ کردووەو، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ؟

لە کۆتایدا ئەڵێم من خۆم ئەگەر بە تەنیا خۆشم بم ئەوە هەرگیز لەو تاوانبارانەی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانیان ئەنفال کرد، خۆش نابم و تا مابم لە سەریان ئەڵێم و ئەنووسم، و هیچ شتێک بەرم پێ ناگرێت کە ڕۆژیک لە ڕۆژان بیانهێنمە بەردەم دادگا، بەڵام ئەکید لە ئێستادا نە دادگا هەیە و نە شتێک هەیە بە ناوی یاسا و سەندنەوەی ماف بێت، ئەم مەلەفەش لای من وەک مرۆڤێک کە بەتاوانی ئەبینم و ئەزانم هەر کراوەیە و هەرگیز دەستبەرداری نابم.

هانا عەلی

14\5\2013

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.