Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

ڕێکخراوێک بۆحزب و فدراسیۆنێک بۆپه‌نابه‌ران….7

Be First!
by September 30, 2008 گشتی

 ڕێکخراوێک بۆحزب و فدراسیۆنێک بۆپه‌نابه‌ران
 
 _7_
 
 فازڵ عوسمان
 
fadhil.uthman@hispeed.ch
 
 درێژه‌ی سیفه‌ته‌ جیاکه‌ره‌وه‌کانی پلان داڕێژه‌ران….
 
 
                                                    غاردان به‌ دوای سه‌رابدا

 
  هه‌وڵدان بۆ نزیک بوونه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری کوردستان و  هه‌وڵدانی دڵسۆزانه‌ بۆ جێکردنه‌وه‌ی خۆمان له‌ دڵی ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان ، ئینجا هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی هاوپشتی نێو نه‌ته‌وه‌یی  ده‌نگی ئازادی خوازان  ، کامیان ئاسان تره‌ ؟ به‌ڕای من پلان داڕێژه‌رانی فدراسیۆن ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان له‌ ده‌ست داوه‌ و له‌ ده‌ست ده‌رچووه‌ ،  به‌ عه‌مه‌لیش ده‌رکه‌وتووه‌ هه‌ر ئه‌م فدراسیۆنه‌یه‌  غاره‌ غاریه‌تی به‌ دوای هاوپشتی نێو نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌ی ئازادی خۆازان، ئه‌ویش به‌ داخه‌وه‌ له‌‌ باشترین حاڵه‌تدا له‌ یه‌ک یان دوو که‌س ، یان لایه‌ن تێناپه‌ڕن . له‌ گه‌ڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ ده‌نگی ئازادی خوازان ، بێ گوومان مه‌به‌ستم له‌ که‌م کردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری  ڕیزی به‌رینی ئه‌م ئه‌م ده‌نگه‌ نیه‌ ، لێره‌دا مه‌به‌ستم زیاتر له‌ ووڵاتێكی دیاریکراوی وه‌ک سویسرایه‌ ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هێنده‌ خۆمان خۆش خه‌یاڵ نه‌که‌ین به‌و جۆره‌ی ئه‌م فدراسیۆنه‌ تاکوو ئێستا کردوویه‌تی ، ته‌نها به‌ فیتی ئه‌م پلان داڕێژه‌رانه‌ ئه‌م ستراتیجه‌ سه‌پێنراوه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فدراسیۆنه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری کوردستان داببڕن ، له‌ به‌ر ئه‌م هۆیه‌ هێنده‌ لایان گرنگ نیه‌ هه‌موو  هێلکه‌کان له سه‌به‌ته‌ی‌ هاوپشتی  نێونه‌ته‌وه‌یی ئازادیخوازان دابنێن .  ئه‌م ده‌نگه‌ش له‌ رۆژی ته‌نگانه‌ ، له‌کات و ساتی پێویست وه‌ک تفه‌نگێکی ژه‌نگاوی لێهاتوه‌،  یان ده‌ته‌قێت یان نا ته‌قێت . ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی تر هه‌یه‌ نایه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م پلان داڕێژه‌رانه‌ هه‌میشه‌ دوو باره‌ی ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر خۆیان له‌ لایه‌که‌وه‌ له‌  ئه‌ده‌بیاته‌کانیاندا به‌م ده‌نگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی  ئازادیخوازان ده‌ڵێن چه‌پی لاکه‌وته‌ ، یان چه‌پی حاشییه‌یی و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌   هه‌موو حساباتی خۆیان له‌ سه‌ر ئه‌وان کردووه‌ .   به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ گرنگی و کاریگه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری کوردستانیان به‌ سفر  حساب نه‌کردووه‌  . هه‌ر ئه‌م ئیزدواجیه‌ته‌یه‌  ئه‌م فدراسیۆنه‌ی به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاندووه‌ .                        
 فه‌لسه‌فه‌ی کارنه‌کردن
 (ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕا نه‌بێت شێره‌)

 
 ئه‌م ئه‌فراده‌ حزبیانه‌ی ناو فدراسیۆن خۆیان به‌ کارێکه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش نه‌بن کار هه‌ر ده‌ڕوا . له‌ گه‌ڵ ده‌ست خۆشی بۆ کار و ماندوو بوونی هه‌ر تاکێک بۆ هه‌ر هه‌وڵێک که‌ بۆ په‌نابه‌ران ده‌درێت هه‌ر چه‌نده‌ بچووکیش بێت ،به‌ڵام لێره‌وه‌ ڕووی قسه‌م له‌و ئه‌فراده‌یه‌و ده‌مه‌وێ پێیان بڵێم    هه‌رگیز مه‌یدانی خه‌بات له‌  ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ناکاته‌ خه‌بات و ڕووبه‌ ڕوو بوونه‌وه‌  له‌  ئه‌رزی واقع و پێ چه‌قاندن له‌سه‌ر زه‌وی، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر دوو بواره‌که‌ گرنگن، به‌ڵام گرنگتر هه‌یه،‌ خه‌باتی بواری په‌نابه‌ری له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر کراوه‌ته‌وه‌،  ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ یه‌ک مانا  له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری  عێراقی و کوردستانی  ته‌فسیر کراوه‌،  ته‌نها مانای نا جددی بوونی ئه‌ندامانی ئه‌م حزبه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ، ته‌نها زیاد  خۆ مه‌شغوڵ کردن و خۆ هه‌ڵواسینه‌ به‌م فدراسیۆنه‌وه‌  بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ کارێکی گرنگترو قورس تر و  پێویست تر ، ئه‌ویش ئاماده‌ بوونه‌ له‌ کوردستان  . ته‌واجودی مه‌یدانی له‌ کوردستان زۆر پێویست تر  و زۆر گرنگتره‌، چونکه‌ مه‌یدانی ئه‌سڵێ ، مه‌یدانی ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ بۆ گۆڕینی هاوسه‌نگی هێز . پاساوی ده‌ست نه‌بردنیان بۆ ئه‌م کاره‌ ئه‌وه‌یه‌،گوایه‌  هیچ ڕێکخراو ، حزب و که‌سایه‌تیه‌ک له‌ کوردستان به‌دی ناکه‌ن شایانی ئه‌وه‌ بن ئه‌مان کاری هاوبه‌شیان له‌ گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ن . گومانی تێدا نیه‌ ئه‌مه‌ داتاشینی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌کردن و کار نه‌کردنه‌ . به‌و ده‌لیله‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ ، له‌ ناو ڕه‌وه‌ندی په‌نابه‌ران و کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ریش ئێوه‌ هه‌ر وان . مانای خه‌له‌له‌که‌ ئێوه‌ن ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی کورت بده‌ین زۆر به‌ ساده‌یی دیاره‌ هه‌ر  ئه‌و نه‌فه‌ره‌ پلان داڕێژه‌رانه‌ن نه‌خۆشی و ده‌رده‌کوشنده‌که‌ی حزبه‌که‌یان ئاخنیوه‌ته‌ ناو فدراسیۆنیشه‌وه‌ . درمه‌که‌ی فدراسیۆن ، درمی ناو حزبه‌که‌یه‌تی . په‌نابه‌ران نابێ باجی ئه‌مه‌ بده‌ن. هه‌مان درمه‌ له‌ ناو بێکارا ن ، له‌ ناو یه‌کێتی شوراو نه‌قابه‌ کرێکاریه‌کان …..هتد . 
 فدراسیۆن زه‌بۆک
 پلان داڕێژه‌رانی ئه‌م فدراسیۆنه‌ یه‌ک سیفه‌تی  زۆر تایبه‌تی کۆیان ده‌کاته‌وه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ‌ زۆر عاشقی وێنه‌ گرتن و بڵاو کردنه‌وه‌ی وێنه‌ن ، بێ گومان ئـێمه‌ش  ئه‌و حه‌زه‌مان هه‌یه‌ ، به‌ڵام نه‌ک وه‌ک ئه‌وان  ، ئه‌وه‌ مافی هه‌ر  که‌س ، ڕێکخراو ، گروپ و حزبێکه‌ خۆی به‌ زۆرترین ژماره‌ی جه‌ماوه‌ر بناسێنێت ، به‌رهه‌می ڕه‌نج و ماندووبونه‌که‌ی بچنێته‌وه‌ ،به‌ڵام هه‌ر  هه‌موومان به‌چاوی خۆمان دیومانه‌ ئه‌م تاقمه‌ چ موباله‌غه‌یه‌ک ده‌که‌ن له‌ کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ک یان هه‌واڵێک ،زه‌ق کردنه‌وه‌ی له‌ گۆشه‌یه‌که‌وه‌ ،شاردنه‌وه‌ی له‌ گۆشه‌یه‌کی تره‌وه‌ ‌ ، زۆر نزیک کردنه‌وه‌ی زووم تاکوو که‌می ژماره‌ی ئاماده‌بووان ده‌رنه‌که‌وێت ، ئه‌مه‌ش مانای فێڵی هونه‌ری و   چاو ڕاو کردنه‌ له‌ بینه‌ر  ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه‌  سه‌رنجی بینه‌ر به‌ره‌و لایه‌کی تر ببرێت ، به‌ جۆرێک ئه‌گه‌ر بینه‌ر  زووتر ئه‌م تاقمه‌ی نه‌بینیبێت  یان ‌ نه‌ناسیبێت له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک باوه‌ڕیان پێ بکات و بۆماوه‌یه‌ک به‌ته‌ڵه‌ و داوه‌که‌یانه‌وه‌ بێت  . ئه‌مه‌ش ڕێک ره‌فتاره‌کانی برایم  زه‌بۆکه‌  . به‌رگی حزب و فدراسیۆنی کراوه‌ به‌ به‌ردا .
 
 ته‌وافوقی سیاسی ، یاسای جه‌نگه‌ڵ                          
 و                                              
               
 قه‌پانێکی  مه‌غشوش

 
  له‌ وانه‌یه‌ زۆر جار فرمێسک هه‌ڵڕشتن وه‌ک هاوسۆزی له‌ گه‌ڵ قوربانی له‌ ‌ دڵسۆزیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ قوربانی  به‌ دڵ هه‌ست به‌ هه‌نسکه‌که‌ی بکات . به‌ڵام  پێش هه‌ڵڕشتنی فرمێسک به‌ دیار قوربانیه‌وه‌ ، ئه‌رکێکی له‌ پێش تر هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌  ، سه‌ره‌تا وه‌زیفه‌مانه‌  پشتی ناهه‌قی به‌رده‌ین  ، به‌ ئاشکرا به‌دیله‌که‌ی  ڕابگه‌یه‌نین له‌ به‌رانبه‌ر ملهوڕی و سوکایه‌تی به‌ ئینسان، ئینجا که‌ چوینه‌ شیوه‌نه‌وه‌ له‌ گه‌ل قوربانی ، ئه‌و کاته‌ ڕه‌نگه‌ قوربانی باوه‌ڕمان پێ بکات ،چونکه‌ باوه‌ڕهێنان بۆ هه‌موو که‌س پرۆسه و هه‌ڵوێسته‌ ‌  نه‌ک ته‌نها قسه‌. ئه‌ی ئه‌گه‌ر  له‌ گه‌ڵ ئه‌و تاقمه‌ی ناهه‌قی ئه‌نجام  ده‌ده‌ن  و له‌ ناو ناهه‌قی نقووم بوون ، بخۆم و بخۆمه‌وه‌  ، شه‌و و ڕۆژ بکه‌مه‌وه‌ ، پاشان بچم  لای قوربانی فرمێسکی تمساحی هه‌ڵڕێژم .؟  بێگومان  که‌س باوه‌ڕم پێ ناکات  ، ئه‌م فدراسۆنه‌ش هه‌مان ئه‌م گرفته‌ی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ باوه‌ڕی کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری له‌ ده‌ست داوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ سویسرا، هه‌ندێک له‌ وانه‌ی تاکو ئێستا ماون له‌ناو ئه‌م فدراسیۆنه‌ ،ئه‌گه‌ر خۆیان به‌ دڵسۆزی په‌نابه‌ران ده‌زانن ، ئه‌رک و وه‌زیفه‌یانه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م پلان داڕێژه‌رانه‌ عه‌له‌نی بکه‌نه‌وه‌ ، ئینجا باوه‌ڕ به‌ فرمێسکه‌کانیان ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت دوا ڕۆژ  به‌زه‌یی به‌که‌سدا نایه‌ته‌وه‌. ئیجازه‌م بده‌ن با ڕه‌فتاری ئه‌م  پلان داڕێژه‌رانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ که‌مێک ڕوون تر بکه‌مه‌وه‌:‌                                      
  ناوه‌ ناوه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ ، ده‌بیستین ، پلان داڕیژه‌رانی فدراسیۆن له‌ نوسینه‌کانیان گازانده‌ له‌ مه‌لاکان ده‌که‌ن ، یان ته‌شه‌ر له‌ مه‌لاکان ده‌ده‌ن  گوایه‌ له‌ سه‌رده‌می دکتاتۆردا بۆچی  مه‌لاکان و پیاوانی ئایینی باسی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و کاره‌سات و ماڵوێرانی جه‌ماوه‌ریان نه‌کردووه. ؟ و نه‌یانوێراوه‌ فزه‌ بکه‌ن ؟ .   به‌ داخه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م نموونه‌یه‌ که‌مێک شیبکه‌ینه‌وه‌ یه‌که‌م جار  قاچی ئه‌م پلان داڕیژه‌رانه‌  خۆیان ده‌گرێته‌وه‌ .  ئه‌گه‌ر هه‌ر دوولایان بخه‌ینه‌ دوو تای ته‌رازوویه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌، هێشتا تای مه‌لا ده‌چێت به‌ ئاسمانا  .   منیش هه‌ر لێره‌وه‌ به‌ سه‌رهاتی په‌یامنێرێکی  زه‌مانی زوو ده‌هێنمه‌وه‌ بیر  ئه‌م پلان داڕێژه‌رانه‌ ،  له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ ، له‌ ‌ ڕادیۆی مۆنتکارلۆ(حه‌سه‌ن الکاشف) وه‌ک په‌یامنێری ئه‌م ڕادیۆیه‌ له‌ به‌غدا کاری ده‌کرد، ، ئه‌م په‌یامنێره‌ ڕاپۆرته‌کانی له‌ به‌غداوه‌ ده‌نارد  . هه‌موومان ده‌زانین ئه‌م زاته‌ له‌ به‌غدا پاڵی لێ دابۆوه‌، بارودۆخه‌که‌ی عێراقی به‌ شامی شه‌ریف وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی سه‌رمه‌وقولات نیشان ده‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵام بۆ ئێمه‌یه‌ک که‌ به‌ هه‌ست و ئێسک و پروسک و ته‌مه‌ن و ژان ئه‌م ژیانه‌مان گوزه‌راند ، هه‌قی خۆمانه‌ ئه‌گه‌ر (حه‌سه‌ن)  ، ئه‌مڕۆ بێته‌وه‌ ، یه‌ک ده‌ریا فرمێسکیش  هه‌ڵڕێژێ  ، نه‌ک هه‌ر باوه‌ڕی پێ نه‌که‌ین، به‌ڵکوو به‌ گاڵته‌جاڕیی دابنێین  . ئه‌گه‌ر ئه‌م زاتانه‌ی ئه‌م جۆره‌ نوسین و بابه‌تانه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ کۆمه‌ڵگای په‌نابه‌ری وه‌ک حه‌سه‌نه‌کان  حسابیان بۆ نه‌که‌ن ، وا   جوانتره‌ له‌ سه‌ر  بچووکترین نا هه‌قی له‌ ناو تاقمه‌که‌ی خۆیان جارێ   سه‌رشۆڕ نه‌که‌ن   ، نایه‌کی ڕۆشن بده‌ن به‌ ڕووی ئه‌م پلان داڕێژه‌رانه‌ ، ئینجا ته‌شه‌ر و تانه‌ له‌ مه‌لاکان بده‌ن. نه‌ک  به‌خۆ تۆراندن و دوور گرتن و خۆ خه‌ریک کردن به‌هه‌ندێک کاری لاوه‌کی ، هیچ کام له‌م هه‌ڵوێستانه‌ ناکاته‌ نایه‌کی ڕۆشن  ‌، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر به‌ ئاشکرا ناڕه‌زه‌یه‌تی ده‌رنه‌بڕین  ، مانای داپۆشین ده‌به‌خشێت ، ئه‌م داپۆشینه‌ بۆته‌ پیشه‌ له‌ ناو ئه‌م تاقمه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بۆ هاوشێوه‌کانی خۆمان داپۆشین سبه‌ی ناوبانگمان له( حه‌سه‌ن)ی‌ په‌یامنێر چاکتر ده‌نگ ناداته‌وه‌، نه‌ک هه‌ر کاشف نه‌بوو به‌ڵکوو ڕێک پێچه‌وانه‌که‌ی بوو ، ئه‌مه‌یه‌  خه‌ته‌ره‌ گه‌وره‌که‌،ئێمه‌ قسه‌ به‌ ته‌وافوقی سیاسی حوکمه‌تی عێراقی و ته‌وافوقی سیاسی نێوان حزبه‌کانی کوردستان ده‌ڵێین ، با کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ری باش بزانن ئه‌مه‌ش ڕه‌فتاره‌کانی ئه‌م فدراسیۆنه‌یه‌ ،  بۆ ده‌بێ  چاومان له‌ ده‌رده‌ کوشنده‌که‌ی خۆمان بپۆشین ، ئه‌م ده‌رده‌ کوشنده‌یه‌ بوونی هه‌یه‌ ، چه‌نده‌ زووتر ده‌ست بۆ چاره‌سه‌ره‌که‌ی به‌رین ، ئه‌وه‌نده‌ زووتر په‌نابه‌ران به‌ره‌که‌ی ده‌چننه‌وه‌ ، نه‌خۆشی  غه‌شاشی  به‌ربه‌سته‌ له‌ نێوان ئه‌م ده‌ست که‌وتانه‌  . بۆیه‌ باوه‌ڕی کۆمه‌ڵگه‌ی په‌نابه‌ریمان له‌ ده‌ست داوه‌. 
 درێژه‌ی هه‌یه‌ …..
 

Previous
Next

Leave a Reply