Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

ڕەخنە و ئەنتۆلۆجیای بوونی کۆمەڵایەتی

Be First!
by July 16, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

پێشەکی( لە ئبستمۆلۆجیاوە بۆ ئەنتۆلۆجیا):

لە پرسیارەکەی (کانت)ەوە دەستپێدەکەین: ئایا زانستی کۆمەڵایەتی(سۆسیۆلۆگی) ڕێییتێدەچێت(دەگونجێت)؟ ئەگەر دەشێت و دەگونجێت چۆن؟

ئێمە، بۆ چارەسەری ئەم پرسیارە و وەڵامدانەوەی رێگایەکی ئەنتۆلۆجیانە دەگرینە بەر، وەک کانت ئەبستمۆلۆجیانە چارەسەری ناکەین.  هەرچەندە پرسیارەکە لە ڕووکەشیدا بە تەواوی ئبستمۆلۆجیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا ئاڵۆزییەکی ئەنتۆلۆجی بناغەیەتی.  ئەم دوورایی و ئاڵۆزییەش بە ئاشکرا دەردەکەوێت ئەگەر پرسیارەکەی كانت بەم جۆرە دابڕێژینەوە: چۆن پێویستە لە ستراکتوری ئەنتۆلۆجی کۆمەڵگایەکی مرۆیی بڕاوانیین بۆ ئەوەی زانستیانە بیناسین؟ ئەم پرسیارە، پرسیارێک بوو کە لەم سی ساڵی دواییەدا فەیلەسوفی بەریتانی، ڕوي باسکار ناوبانگی پێدەرکرد. 

ئەم باسەی ئێمەش هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە. ئەنتۆلۆجیا وەڵام و چارەسەری پێییە، بەڵام بەو شێوەیە نا کە ئەم چارەسەرییە هەموو ئەگەرەکانی تری وەلانانێت. لە تێڕوانینی ئەنتۆلۆجیاییەوە بۆ زانستی کۆمەڵناسی(سۆسیۆلۆجی) ئەم بەشە ڕەخنەیەکی باڵا و لە ڕادەبەدەر لە خۆدەگرێت.

بەڵام بەشی دوەم، پێوندی ڕەخنەی شۆرشگێرانە بە ئەنتۆلۆجی ستراکتوری کۆمەڵەیتیەوە چارەسەردەکات لە لایەک و، لە لایەکیتر پڕۆسەی زانستی کۆمەڵناسی، ئەمیش بە پێیی ڕەخنەی تیۆریای لە پێوەندی نێوان فەلسەفە و زانست و ململانێی چینایەتی بە خوێندنەوەی ئەلتوسیر.

لە ئەنتۆلۆجیاوە بۆ ئبستمۆلۆجیا:

لەم دواییانەدا و لە سەردەمی نوێدا چەندین تێڕوانین و دیدگای جیاواز درووستبوو دەربارەی گونجان و شیاویی زانستی کۆمەڵناسی(سۆسیۆلۆجی) و سروشتەکەی. دەتوانیین بەم جۆرە پۆلێنی بکەین:

(١)هەندێک وا سەیری کۆمەڵگا دەکەن کە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە کەسێک، واتا هەموو دەرکەوتە کۆمەڵایەتیەکان دەرکەوتگەلێکی زرنگی و زانین و ڕەفتارگەلێکی تاکەکانە. ئەم دیدگایە تاک بە گەوهەرێکی ڕۆحی ئازاد ویست دادەنێت لە بنەڕەتدا(مەحکومە بە ئازادی، وەک جان پۆل سارتەر دەڵێت)، لەگەڵ ئەوەشدا ناکەوێتە ژێر کاریگەری یاساکانی سروشتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمەڵگا خۆی لە خۆیدا بوونێکی پێدراوە و مەحکومە بە ویست و ئارەزووی تاک و لە ژێر کاریگەری باری دەروونی تاکەکانییدایە، واتا کۆمەڵگا هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک لە ویست و ئارەزوو و کارلێکراوە دەروونیەکانی تاکەکان. بە پێی ئەم لێکدانەوە و خوێندنەوەیە بۆ کۆمەڵگا و تاکەکان، بوونی زانستی کۆمەڵناسی(سۆسیۆلۆجی) نەگونجاو و نەشیاوە چوونکە ئەم زانستە کەوتوەتە ژێر کاریگەریی و ئارەزوو و ویستی تاکەکانەوە بۆیە جێبەجێکردنی ئەم زانستە مەحاڵە، لە لایەکیتریش زانستی کۆمەڵناسی خۆی لە خۆیدا دەکەوێتە ژێر حوکمی زانستی دەروونیەوە چوونکە زانستی دەرونی زاسنتێکی جێبەجێکراوە بەسەر کۆمەڵگادا. ئەم دیدگایەش لەلای بوونگەراییەکان بە ئاشکرا دیارە وەک(کیرگور، هایدگەر، یاسیبرز، سارتر) و کارل یونگ کە زانایەکی دەرونناسی ناسراوە.  ئەم فەلسەفەو فەیلەسوفانە وا دەڕواننە تاک کە بوونێکی ڕەهایە و هەموو ماناکان و وێنەکان و هەڵسەنگاندنەکان و بەهاکان لە بوونی تاکەکان و ڕەهایی ئازادی تاکەکانەوەیە و، مەحاڵە لە هێچ شتێکی ترەوە بێت.  ئەوە خاڵی دەستپێکی ڕەهاییە.  هەموو شتێک بەوپێیە، واتا بە پێی ئازادیی رەهای بوون لێکدەدرێتەوە و مانای دەدۆزرێتەوە، وە خودی بوون بە هیچ شتێکی تر لێکنادرێتەوە و شیکاریی بۆ ناکرێت، واتا بوون سەرچاوەی هەموو لێکدانەوەکانە چوونکە سەرچاوەی هەموو مانا و بەهاکانە. بوون پێدراوێکی یەکەمیە و سەرچاوەی هەموو پێدراوەکانی ترە.  بوون خۆی خۆی دروستدەکات بە ئازادیە رەهاکەی خۆی و ئازادییەکانی هیچ شتێک نییە کە سنورداریبکات جگە لە ئازادی تاکێکی تر، یان بوونێکی تر. بەڵام تاکی مرۆڤ، خۆی خۆی دروستدەکات، بەو مانایەیی کە هەموو کرۆکێک(گەوهەرێک) لە بوون خۆیەوە هەڵدەقوڵێت.  ئەوە ئازادییەکی ڕەهایە و لە نێو دڵی خۆیدا چێنراوە.  سارتەر مرۆڤی بەوە جیاکردەوە لە بوونەوەرکانی تر کە تەنیا(بوونێک)ە دەکەوێتە پێش گەوهەری خۆیەوە. بەڵام بوونەوەرەکانی تر گەوهەریان دەکەوێتە پێشبوونیانەوە، واتا بوونیان لە گەوهەریانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام مرۆڤ گەوهەری لە بوونیەوە سەرچاوە دەگرێت.  بە گوێرەی ئەم خوێندنەوەیەش کۆمەڵگا هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک ئازادی نەبێت کە هەریەکە هەوڵ ئەدات بۆ سنوردارکردنی ئەوی دی. کارل یونگ لەمەش زیاتر تێدەپەڕێت و وا کۆمەڵگا دەناسێنێت کە کۆمەڵە مرۆڤێکە پێویستییان بە ڕزگاربوون هەیە، ڕزگاربوونی کۆمەڵگاش لە گەوهەریدا ڕزگاربوونی ڕۆحی تاکە.

(٢)پۆزیتیڤیزستەکانیش ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا بڕوا بە کێشەکە ناکەن. ئەمان بڕوا بە ماهیەتی مرۆڤ ناکەن، هەموو ماهیەت و خەسڵەتێکی تاکەکان دەگێڕنەوە بۆ میتافیزکیا و دووری دەخەنەوە لە زانست.  زانست وا سەیرناکەن کە پراکتیزەیەک بێت بە ئامانجی دۆزینەوەی بەهاکان و خەسڵەت و ئاکارەکانی مرۆڤ و هەڵسوکەوتییان، یان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمە بابەتیی و یاساییەکانی دیاردەکان، بەڵکو زانست وا سەیردەکەن کە پراکتیزەکردنێکە بە ئامانجی کۆکردنەوەی گەورەترین ژمارەکانی نەخشەکان و کۆمەڵ رێکخستنێکی گەورە و بەرجەستەکردنییان لە کەمترین داڕشتن و داتا و تۆمار و هاوکێشەیەکدا لە پێناوی بەکارهێنانی ژیانی پراکتیزەکراودا بە شێوەیەکی بەرهەمهێنەر و کارا. جیاوازیش نییە لە نێوان نەخشە سروشتییەکان و نەخشە کۆمەڵایەتییەکان. هەموویان کۆمەڵە نەخشەیەکن بۆ جێبەجێکردنی میتۆدی رێکخستن و دەرخستنی ماناکانییان. لەبەرئەوە پۆزەتیڤیزستەکان داوا لە زاناکانی ئابوورییناس و کۆمەڵناس دەکەن بۆ بونیادنانی رێگاگەلێکی فیزیایی و میتۆدەکان بۆ گەیشتن بە بناغەکانی یاساکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی تا جێبەجێکەران بتوانن جێبەجێییانبکەن بۆ زاڵبوون بە سەر کۆمەڵگادا. بۆیە دەبینین زانستی ئابووریی ڕۆژئاوایی نوێ ئەم جۆرە لە میتۆدی فیزیایی و ئاماریی و ماتماتیکیی گرتوە بە دەستەوە تا ئەو ئاستەی کە مرۆڤ وا هەستدەکات کۆمەڵگا وەک سیستەمێکی مەتریالیی ڕووتی ئاسایی وایە وەک کۆمەڵەی خۆر و گازەکان.  لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای بەشەریش سیستەمێکی کراوەیە و ڕێکخستنگەلێکی ئاشکرا و روونی بۆ ڕووداو و دەرەکەوتەکان تیا نییە، وە لەبەر ئەوەش کە پۆزیتیڤیستەکانیش بڕوایان وایە کە یاساکان هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک ڕێکخستنی چەندبارە بوەوە، زۆرێکیان دەگەنە ئەو باوڕەی کە کۆمەڵگا سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزە، یان ئەوەتا هیج یاسایەک ناتونێت حوکمی بکات، یان ئەوەتا زانست ناتوانێت چارەسەری کێشەکانی بکات تەنانەت ئەگەر یاساگەلێکی کردەش حوکمی بکات، یان ئەوەتا یاساکان بە ڕێژەیەکی کەم دەتوانن کێشەکانی چارەسەربکەن و کەموکوریەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆیە پۆزیتیڤیستەکان داوادەکەن کە چارسەری کێشەی کۆمەڵایەتی دەبێت بە رێکخستنگەلێک بێت وەک ڕێکخستنەکانی سروشت و بە هەمان میتۆد. هیچ جیاوازییەک نابینن لە نێوان دەرکەوت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و دەرکەوت و دیاردە سروشتییەکاندا تەنیا لە ڕێژەیی  ڕێکخستنەکانییاندا نەبێت. دەرکەوت و دیاردە سروشتیەکان زۆر زیاتر رێکخراوترن لە دەرکەوت و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زانستی سروشتی(فیزیا) زۆر وردە و سەرکەوتوو و کاراترە لە زانستی کۆمەڵایەتی.

(٣)ماددییە کۆن و بێسەروپێکانیش، ئەوانەن کە داننانێن بە بوونی کۆمەڵگا و دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکو دەرکەوتە مرۆییەکان لە کارلێکە ماددییە سروشتییەکاندا کورتدەکەنەوە لە نێوان کۆمەڵێک لە بوونەوەرە بایۆلۆجیە گەشەسەندوەکان لەگەڵ خۆیدا و لەگەڵ دەوروپشتە سروشتیەکەیدا. کۆمەڵگەی مرۆیی بە هەڵە و خەیاڵپڵاوییەکی رووت دادەنێنن، وای دادەنێن کە ئەوە خوێندنەوەیەکی هەڵەو خەیاڵپڵاویی مێشکی بوونەوەرە بایۆلۆجییە مرۆییەکانە کە لە ئەنجامی کارلێکی بایۆلۆجیی ماددییانەی خودی خۆیانەوە لەگەڵ دەوروپشتە سروشتییەکەیاندا.  بەمەش زانستی کۆمەڵناسی لە زانسی بایۆلۆجیدا کورتدەکەنەوە و لە قاڵبی دەدەن. ئەم دیدگا کۆن و بەسەرچووە لە نیوەی دوەمی سەدەی نۆزدەدا لە لایەن(بیشنر، مولیشوت، فوغت، هیگڵ)وە برەوی پێدرا، کە فریدریک ئنجلز ڕخنەیەکی تووند و گشتگیریی لێگرتن لە رێگەی میتۆدی ماددیەتی دایەلێکتیکیەوە. لە ماوەی ئەم سێ دەیەیەی دواییشدا بە جۆرەها شێوە برەوی پێدرا. ماددیە لە کارکەوتوو و کۆنەکان بۆ دیاردە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووییەکان لێکدانەوەیەکی بنەچەیی دەکەن و لەسەر ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵە مرۆڤکان لێکدانەوە دەکەن، وای دادەنێن کە هەندێک لە بنەچە  زۆر کۆنەکانی مرۆڤەکان زیاتر توانای دروستکردنی شارستانیەتییان هەیە بە حوکمی کەڵەکەبوونی بایۆلۆجییەکانییان.  بەم خوێندنەوە و لێکدانەوانەش مێژوو و واقیع لە ڕێڕەوەی خۆی دەترازێنن و ساختەکاریی دەکەن لە چارەسەرکردنەکانییاندا لە پێناوی پشتیوانییکردنی وتە ڕەگەزپەرستیی و نا زانستییەکانیان.  

(٤)ڕاڤەگەرییhermeneuticsو ڕاڤەکاران: ئەوانەن، کە کۆمەڵگەی بەشەری وا دەخویننەوە بەو پەسەندییەی کە جۆرێکی دیاریکراوە لەو (زمان)ەی کە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنیی ئەو بە ناسین و زانینی ئەو بنەما و گەمانەی کە کۆمەڵگا دەبات بەڕێەوە، یان کۆمەڵگا بەوپێیە دەڕوات بەڕێوە. بە خوێندنەوەیە ئەمانە کۆمەڵگا بریتیە لە سیستەمی سیمبولیی و ماناداریی. کردە و کردارەکانیش بەرجەستەبوونی ئەو سیمبول و مانایانەیە. بۆیە ئەرکی زانستی کۆمەڵناسی دۆزینەوە و گەیشتن بە بنەمای ئەو سیمبولانەیە کە بوونەتە ڕێڕەوەی کار و کردەکان، هەروەها خوێندنەوەی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانیش بە ڕێنمایی ئەو بنەما سیمبول و ماناو گوتەزایانەیە. لەبەر ئەوە ڕاڤەگەراییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازیی دەکەن لە نێوان زانستی سروشت و زانستی کۆمەڵناسیدا.  یەکەمیان ئەزموونگەریی و مەنهەجییە و تەورگیرە لەسەر خەوش و هۆکار. بەڵام دوەم چەمکگەراییە و تەوەرگیرە لەسەر تێگەیشن لە ماناکان. کەواتە ئەزموون ئامرازی سەرەکییە بۆ یەکەم و ڕاڤەگەرییش ئامرازی سەرەکەییە بۆ دوەم. بەم پێیەش، جیاوازییەکی تەواو لە نێوان زانستی سروشتناسی و زاسنتی کۆمەڵناسی لە ڕووی شروشت و مەنهەج و میتۆدەوە هەیە.  بۆ نمونەش، بیتر ونشPete Winch، کە فەیلەسوفێکی کۆمەڵناسی گەورەبوو، فەلسەفەکەی فنگنشتاین ـ ی جێبەجێدەکرد لە زمان دا، بە شێوازێکی تری کارلێک لە نێوان مرۆڤەکان و، فۆرمێکی”کۆمەڵایەتی” کە هاوبەشیدەکەن لە زمان دا بە روخسارە سیمبولیەکەی، واتا بە جۆرێک هاوبەشی دەکەن لە ڕێگەی زمانەوە بۆ دۆزینەوە و پێدانی مانا و سیمبولەکان، بە واتایەکی تر، ونش کۆمەڵگای بە دەرکەوتەیەکی بیریی کۆنسێپتیی بنەڕەتی دادەنا کە دەربڕیی کارلێکی ڕۆحی نێوان مرۆڤەکانە، بە لەبیرکردنی ئەوەی کە کارلێکی بنەڕەتی مرۆڤەکان ئەو کارلێکەیە کە کەوتوەتە نێوان تاکەکانی مرۆڤ و سروشت بە شێوەیەکی رێکوپێک، ئەویش لە ڕێگەی پێونەدییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوانییانەوە بۆ بەدیهێنانی پیویستییە ماددی و مەعنەویەکانی ژیانیان.

نمونەی ونش، جۆرێکیتربوون لە ماددییە کۆنەکان. لە کاتێکدا ئەم ماددییە کۆنانە بیرییان دەچوو کە مرۆڤ ئەو بونەوەرەیە کە گەشەیەکی گەورە لە مێشکیدا دروستبووە و پێش هەموو بوونەوەرەکانی تر کەوتوە، بەم بازدانەی میشکیی بوو بە زیندەوەرێکی بایۆلۆجی گەشەسەندوو و بیرکەرەوە، بە هۆکاری ئەم بیرچوونەوەیە ئەم زیندەورە گەشەسەندوە بیرکرەوەییان لە سیستەمێکی بایۆلۆجی سادەدا کورتدەکردەوە و وەک ئاژاڵێکی ڕووت دەیانخوێندەوە، ئەم ڕاڤەگەر و ڕاڤەکارانە بیرییاندەچوو کە مرۆڤ بە هۆکاری ئەو بازدە گەشەسەندوەی مێشکیان وەک زیندەوەرێکی گەشەسەندوو دەمێننەوە لە پێشەوەی بوونەوەرەکانیه ترەوەدەبن.

(٥)دواتر نەک کۆتا، واقیعییە دایلێکتیکییەکان، واتا مارکسیەکان، وا مرۆڤیان خوێندەوە کە زیندەوەرێکی بایۆلۆجی پەرسەندوە، تاکەکانی دەتوانن خۆیان رێکبخەن لە ڕێگەی پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، لێرەوە دەتوانن پراکتیزەی کارەکانییان بکەن بە ئامانجگیرییەکی ڕێکوپێک بۆ گۆڕینی ژینگە و سورشتی دەوروپشتییان بۆ بەدیهێنانی پێویستییەکانی ژیانیان بە ڕاستەوخۆی یان ناڕستەوخۆ. ئەم پرۆسەیەش، واتە پرۆسەی بەرهەمهێنانییان و گۆڕانکارییەکانی ژیانیان لەم پرۆسەیەدا دەبێتە هۆکاری گۆرانکاریی بەردەوام لە سیتەمی ژیانییاند بە جۆرێک لە جۆرەکان. 

مرۆڤ، خۆی خۆی دروستدەکات،(واتا خۆیان خۆیان و ستراکتوری کۆمەڵایەتی خۆاین درووستدەکەن) لە کاتێکدا کە ژینگە سروشتییەکەی خۆی دروستدەکات و دەستی تێوەردەات و دەیگۆڕێت بۆ بەدەستهێنانی پێویستییەکانی ژیانی. ژینگەی خۆی بە هێزی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت لە ڕێگەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، ناچارە هەمیشە لە هەوڵدا بێت بۆ سەرکەوتن و زانین و پسپۆڕیی و شارەزایی و تایبەتمەندێتی لە بوارەکانی گۆڕینی ژیانی خۆیدا. بەم جۆرە کۆمەڵگا مرۆڤییەکان گۆردراون بۆ ئەوەی بەردەوام ژیانێکی باشتر و بەختەوەرترییان هەبێت. 

لە دوای ئەم تیشکەی کە دامان لەسەر خوێندنەوەی مارکسیەکان، یان وقعیی و ئەوانەی بە ماددیی و بە میتۆدی دایالێکتیکیانە بیردەکەنەوە، پرسیار ئەوەیە: سروشتی ستراکتوری ئۆرگانیی(ڕێکخراوەیی) چییە؟ یان سروشتی پێوەندییە ئۆرگانییەکە(ڕێکخراوییەکە)ی کە مرۆڤەکان ژیانی خۆیانی لەسەر رێکدەخەن چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە باسەکانی ترماندا وەڵامییان دەدەینەوە!

 ئەنتۆلۆجیای شۆرشی کۆمەڵایەتی:

 ڕەنگە بە سودبێت لێرەدا باسی پێوەندی نێوان (ڕەخنە) و (زانستی کۆمەڵایەتی)بکەین بە هەندێک وردەکارییەوە، لە لایەکەوە سودی هەیە بۆ ئەوەی تیشکێک بخەینە سەر سروشتی زانستی کۆمەڵایەتی و، پێوەندی نێوانیی و هێزی سەرکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا، هەروەها لەسەر عەقڵانیەتی زانستی تازەگەری لە لایەکی ترەوە.  بۆ ئەم باسەش، باشترین دەروازە بۆ باسکردنی دەوری (ڕەخنە) لە زانستی کۆمەڵایەتیدا، وێنا و خوێندنەوە و دیدگای فەیلەسوفی فارنسی کۆچکردوو،(لوی ئەلتوسیر)ە بۆ زانست و پێوەندی بە فەلسەفە و ئایدۆلۆجیاوە.  

ئەم فەیلەسوفە، لە پەرتوکی(لە پێناوی مارکسداو، خوێندنەوەیەک بۆ سەرمایەداری)دا، وا دەڕوانێتە زانست، بەو پەسندیەیی کە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی پۆلینکراوی جیاواز لە بەرهەمی ئایدۆلۆجی و فەلسەفی و هونەری و ئابووری و سیاسییە، کە لە بنەڕەتدا ڕیشەیەکی ئایدۆلۆجی هەیە. ئەلتۆسیر وای لێکدایەوە کە ژیانی کۆمەڵگاکان بە چوار ئاستی بناغەییدا تیدەپەڕێت: ئاستی ئابووری، ئاستی سیاسی، ئاستی ئایدۆلۆجی، ئاستی تیۆریایی(کە زانست و فەلسەفە دەگرێتەوە). زانست ئەو پراکتیزە تیۆریاییەیە کە ئاستە تیۆریایەکە دروستدەکات. بەڵام فەلسەفە، ئەو پراکتیزە تیۆریاییەیە کە لەسەر بناغە و بنچینەی ئەو ئاستەیە کە تەواکەرە بۆ زانست.  بۆیە ئەلتۆسیر زانستی دەخستە پێش فەلسەفەوە چ لە ڕووی مێژووییەوە چ لە رووی لۆژیکەوە و، زانستی وا دادەنا کە خاکێکی بە پیتە بۆ سەوزبوون و ڕوانی فەلسەفە. 

لای ئەم فەیلەسوفە(ئەلتۆسیر)، زانست هەڵقوڵاوی خاک و زوینەی ئایدۆلۆجیە بە بازدانێکی کۆنسێپتیی، ئەم بازدانە کۆنسێپتییەش هۆشمەندیی و هوشیاریی زانستیی لە چوارچێوەیەکی کۆنسێپتیی ئایدۆلۆجییەوە گواستەوە بۆ چوارچێوەیەکی کۆنسێپتیی زانستیی، بەڵام ئەلتوسیر  چۆنیەتی کامڵبوونی ئەو بازدانەی ڕووننەکردەوە(واتا دابڕانە ئەبستمۆلۆجیەکەی ڕووننەکردەوە).  

زانست لەسەر بناغەی چوارچێوە کۆنسێپتە نوێکەی خۆی، جیا لە کۆنسێپتە ئایدۆلۆجیەکە، بەم جۆرە گەشەی کرد: کۆمەڵەی زانستی ڕووبەڕوو نەبوونەوە لەگەڵ بابەتە مەعریفەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ، بەڵکو ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ماددەیەکی خاوی سەرنج و تێبینیی و کۆنسێپتە ئایدۆلۆجیەکاندا، هەستان بە بەکارهێنانی چوارچێوە کۆنسێپتە زانستیەکە وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕینی ماددە خاوە ئایدۆلۆجیەکە بۆ مەعریفەیەکی زانستی. بەم جۆرە مەعریفەی زانستی بەرهەمهێنا. بەڵام جیاوازی گەوهەری لە نێوان زانست و ئایدۆلۆجیادا لە جیاوازی ئامانجی ئایدۆلۆجیی و زانستدا خۆی حەشارداوە، ئامانجی ئایدۆلۆجی(دووبارە بوونەوەی ڕەهەندی خودی هەمان بەرهەمی باو)ە، بەڵام ئامانجی زانست تیۆریاییانە (بەرهەمهێنانی مەعریفەیە). کەواتە ئایدۆلۆجیەت خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە و زانست مەعریفە بەرهەمدەهێنێت.

بەڵام ئەلتوسیر گەڕایەوە و خۆی ڕەخنەکرد لە کۆتاییەکانی شەستەکاندا(ئارتیکلەکانی لە رەخنەی خوددا و، لینین و فەلسەفە). دیدگای خۆی ڕاستکردەوە لەسەر زانست بە ڕەخنە لە خۆ گرتن. ئەلتۆسیر تێبینیکرد کە تێڕوانین و دیدگاکانی لەسەر زانست تایبەتمەندیەتییەکانی مارکسی وەرنەگرتوە و نەیکردوون بە بنەمای خوێندنەوە و باسەکانی. وردتر بڵێین، دیدگاکانی یەکەمجاری لەسەر زانست ڕەهەندێکی سیاسیی چینایەتیی نەبوو بۆ ئەو دابڕانە مەعریفیەیی کە زانستی مارکسی بەرپایکرد. ئەو دابڕانە دابڕانێکی ئبستمۆلۆجی پوخت و ڕەسەن نەبوو، بەڵکو دابڕانێکی سیاسیی و چینایەتییش بوو، ئەویش بە بازدانێک لە پێگەی چینایەتی بۆرجوازیەوە بۆ پێگەی چینایەتی کرێکاری.  بە هۆکاری ڕوانگەی چینی بۆرجوازیەتیش لە توانادا نەبوو زانستێکی ڕاستینە بونیادبنرێت، لەبەر ئەوەی ئەو تێڕوانینەی بورجوازیەت بە حوکمی سروشتە چینایەتییەکەی تێڕوانینێک بوو کەماسی هەبوو لە ڕووی قبوڵکردن و خوێندنەوەی بۆ بوونی ئەو ئامێرە کۆمەڵایەتییە گەوهەرییەوە، وەک بەکاربردن و سەرکوتکردن و هەژموونکردنی چینایەتیی و گەوهەرە مێژووییەکەی ململانێیی چینایەتی، هەروەها کەماسی هەبوو لە خوێندنەوەی سروشتیی کۆمەڵگای چینایەتی کە سروشتێکی ناکۆکی هەیە و ئەو سروشتە ناکۆکەشە کە دەبێت بە بنەما بۆ گۆرانکارییەکانی، بۆیە ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ دەکرد نەیاندەتوانی ئۆرگانێکی کۆنسێپتی بە توانا بونیادبنێن بۆ دەربڕین و خوێندنەوەیەکی ڕاستینە بۆ ئەو کۆمەڵگا چینایەتییە. بۆیە دەبوایە مارکس بە ناچاری وەک فەیلەسوف و زنایەکی ئابووریناس و کۆمەلناس بازدێک بدات بە تێڕوانینی بۆرجوازیەت بۆ تێڕوانینی کرێکاریی تا بۆی بلوێت دەستگایەکی زانستیی کۆنسێپتیی دامەزرێنێت بۆ خوێندنەوەیەکی دروستیی مێژوو، زانستی فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان(المادیة التأریخیة).  دەرکەوتن و سەوزبوونی تێڕوانینی کرێکاری، تێڕوانینی پرۆلیتاری، مەرجێکی گەوهەریی بوو بۆ پێگەیشتنی زانستی مێژووی کۆمەڵایەتی.  هۆشمەندیی کۆمەڵایەتی کرێکاریی بە حوکمی پێکهاتە ناوکییەکەی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی تەنیا خۆی دەتوانێت مێژوویەکی زانستیی کۆمەڵایەتیی دروستبکات. بەڵام، چۆن تێڕوانیینە کرێکارییەکە لە سەر ئاستی تیۆریایی ڕوونبووەوە؟ 

ئەلتوسیر، وای دادەنا کە فەلسەفە وێنە تیۆرییاکەیە بۆ تێڕوانینی چینایەتی. کەواتە فەلسەفە سیاسیی و گەوهەرییە. بە پێی خوێندنەوەی ئەلتوسیر، فەلسەفە سیاسەتە لە کێڵگەی تیۆریاییدا. کەواتە ململانێیەکی چینایەتییە لە سەر ئاستی تیۆریایی. ئەو دابڕانە ئبستمۆلۆجییەی کە مارکس هێنایە ئاراوە بازادانێک نەبوو لە تێڕوانینی بۆرجوازیەتەوە بە فۆرمە پێشوەختەکەی بۆ تێراونینە کرێکارییە پێشوەختەکە، بەڵکو خۆی لە بونیادنانی فەلسەفەی پرۆلیتاریادا دبینیەوە(المادیة الجدلیة)، هەروەها پێکهێنانی تێڕوانینی کرێکاریی لەسەر ئاستی تیۆریایی، بە ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی بۆرجوازی لە تێڕوانینی چینی کرێکارییەوە، دواتر بونیادنانی زانستی مێژوو و زانستی کۆمەڵاناسی و لەو خاکە فەلسەفەییە نوێیەوە. 

کەواتە سیاسەت، ڕاستەوخۆ ناچێتە نێو زانستی مارکسیەوە(المادیة التارخیة)، بە پێی خوێندنەوەی ئەلتوسیر، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فۆرمە فەلسەفییە کرێکارییەکەیەوە دەچێتە نێو مارکسیەوە(المادیة الجدلیة). زانستی مارکسی پێویستیی بە زەوینەیەکی فەلسەفی ئاشکرا هەیە بۆ خۆ نیشاندان و خۆ پیشاندان و خۆ پێگەیاندنی خۆی لە نێو دڵی کۆمەڵگاوە، بەڵام سەربەخۆ و بێلایەنە لە ناوەرۆکیدا. لەبەرئەوەی کە ئەلتۆسیر فەلسەفەی ململانێی چینایەتی لەسەر ئاستی تیۆریایی دانابوو، بەو جۆرە دەیخوێندەوە و لێکیدەدایەوە کە فەلسەفە تیۆریایی ململانێ چینایەتیەکەیە، کەواتە وا زانراوە کە زانستی بەو جۆرە دانەدانە، واتە زانستی وا دانەدانە کە تیۆریایی ململانێ چینایەتیەکەیە. بەمەش زانستی مارکسی گرێدابوو بە سیاسەتەوە. کەواتە فەلسەفەی بە پردێک دانابوو کە تیۆریا زنستیەکە دەبەستێتەوە بە پراکتیزەی سیاسییەوە. بەمەش وای دەزانی کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوەلە پاراستنی زانست لە پیسی ململانێ چینایەتیی و سیاسییەکە، واتا پاراستنی تیۆریا لە پیسی پراکتیزەی زانست. 

بۆچی ئەلتۆسیر هەستی بە پێویستیی داهێنانی ئەم داوە دەکرد بۆ مانەوەی مەعریفە و زانست لەگەڵ ئەوەی هەستی بە پێیویستیی گرێدانی زانستی مارکسی دەکرد بە پراکتیزەی سیاسیی و ململانێیی چینایەتییەوە؟ بۆچی گەیشتە ئەوەی کە فەلسەفە هەڵگری بارە قورسەکەی سیاسەتبێت؟ ئایا ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاشخانێکی فەلسەفی زانستی بۆرجوازی هەبوو لە بیرییدا؟  ئایا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕوای وابوو کە پێویستە زانست بوونێک بێت وەک خۆی، بێلایەن و پەیوەستنەبوو بە هیج پێگەیەکی چینایەتییەوە؟ ئایا لە تێکڵکردنیی بێلایەنیی و بابەتییەوە، لە نێوان لایەنداریی و پەیوەستبوونەوە هاتبوو؟ لەبەر ئەوەی تیۆریایی زانست هەڵقوڵاوی زەوینەی فەلسەفەی کرێکارییە، لە تێڕوانینی چینی کرێکارییەوە، ئایا پراکتیزەی زانستی سیاسیی هەڵقوڵاوی نێو دڵی تیۆریایی زانست نییە؟ ئایا ئەمە لە بوونی پێوەندییەکی دایالێکتیکی پێویست لە نێوان تیۆریا و پراکتیزەی شۆرشگێرێتیدا نەهاتوە، دیسان لە نێوان یەکەیەکی دایلێکتیکییەوە نەهاتوە؟ یان تەنیا پێکهاتەیەکە لە نێوان هەردوو لادا؟ بەڵام، ئەگەر زانستی مارکسی تەنیا ڕێپیشاندەرێکە بۆ هەر کارێکی کۆمەڵایەتی، هەرچ بوونەوەرێک کە سروشتێکی چینایەتیی هەبێت، پێویستی بۆرجوازیەت کەمتر نییە لە پێویستی پرۆلیتاریا بۆی، لە دواجاریشدا پەنای بۆ دەبات و پەرەی پێدەدات، لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی بە پێویست.  ئەگەر زانستی مارکسی بێلایەنە بەوشێوەیە، کەواتە چ پێویستی بە تێڕوانینی کرێکاریی هەیە کە لێوەی دەستپێبکات و سەرهەڵبدات؟ ئەم پرسیارانە پێشەنگی دەکەن بە پێویست بۆ بیری پێوندی دایلیکتیکی لە نێوان تیۆریای زانستی و پراکتیزەی شۆرشگێری و بۆ جیاکردنەوەی نێوان بێلایەنی و بابەتیش، واتا نێوان لایەنداریی و پەیوەستبوون. پەیوەستبوونە مێژووییەکە بە چینی کرێکارەوە ئەوە دەستەبەری بابەتییە، واتا ناسینی بابەت. 

زانستی سروشتی شۆرشگێرە لە گەوهەریدا. هەمیشە لە شۆرشدایە لە کایە مەعریفیەکەییدا. هیچ کات قایل نییە بە خۆیی و پێکهاتەکانی، هەمیشە خۆی نمایش دەکات لەبەردەم تاقیکردنەوە و ئەزمووگەرییدا.  بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و داهێنانی نوێ لە خۆ بگرێت بە میتۆدێکی زیرەکانە و بیرێکی تیژ. بەردەوام گومانی لە خۆی هەیە، خۆی دڵنیا دەکاتەوە بە نەهیکردن لە خۆی.  بێگومان زانستی کۆمەڵایەتی و مێژوو هاوبەشن لەمەدا لەگەڵ زانستی سروشتیدا.  هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە گومان بکات لە تیۆریاکەی و گریمانەکان و بیرەکانی، بۆیە بەردەوام لە بەخۆداچوونەوەدایە و خۆی تاقیدەکاتەوە بە ڕیگەیەکی تایبەتی. بەردەوامیش لە شۆڕشدایە لەسەر بوونوەرە مەعریفیەکان. پێوەندی بە خودی خۆیی و پێکهاتەکانیەوە پێوەندییەکی ڕەخنەگرانەیە. مەبەستمان لە ڕەخنە هەڵسەنگاندن و پیشاندانی نەرێنی و دەرخستنی ناکۆکیەکان و سنورەکان و هەڵوەشانەوە و ئەفرۆزەکردن و هەوڵدان بۆ گۆران. 

بەڵام زانستی کۆمەڵناسی و مێژوو زۆر لەوە زیاتر دەڕوات و سنوری درێژدەبێتەوە. بە تەنیا ڕەخنەگر نییە لە پێوەندی بە خودی خۆیی و پێکهاتەکانییەوە، بەڵکو ڕەخنەگرە لە پێوەندی لەگەڵ بابەتەکەییدا(کۆمەڵگا و مێژوو). زانستی کۆمەڵناسی بە ڕۆحە ڕەخنەگرییەکەی و شۆڕشگێڕێتیەکەی زانستی سروشتی تێدەپەڕێنێت. زیندەوەرێکی واقیعی ئەفرۆزەدەکات، لەبەرئەوە ڕەخەنەی دەکات، واتا دەیخاتە ژێر بنەماکانی هەڵسەنگاندنییەوە، وە نەرێنییەکانی و ڕەگەزە شاراوەکانی و شێواو و ساختەکارییەکانی زەقدەکاتەوە، ناکۆکیەکانی پیشاندەدات، سنوردارێتیەکەیی و کەماسییە پەنهانەکانی ئاشکرادەکات، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەشی ئاراستەی چارەسەرییەکان بەرەو گۆراندەکات. زانستی سۆسیۆلۆجی، بێلایەن نییە بەرامبەر بە بابەتەکەی خۆی(کۆمەڵگا و مێژوو)، بەڵکو پەیوەست بە پیشاندانی نهێنییەکانی، بە گۆرانکارییەکی شۆرشگێڕانە. بەم مانایەش، زانستی مارکسی بونیادی ناوەکیی پەیوەستییە چینایەتیەکان و ململانێ چینایەتیەکان پیشاندەدات و نمایشییان دەکات.  زانستی مارکسی تا سەر مۆخ زانستێکی شۆرشگێرانەیە، نەک لەبەر ئەوەی زانستە، بەڵکو لەبەرئەوەی زانستی شۆرش و زانستی چینێکی شۆڕشگێرە، لە ستراکتورە هەمەکییەکەیدا هیچ چینێکی تر سودی لێنابینێت.  بۆرجوازیەت، بە ڕێگەی تایبەتی خۆی سود لە هەندێک لایەنی زانستی کۆمەڵایەتی دەبینێت، بەڵام بە حوکمی ناوەرۆکیی ناتوانێت سودی تەواوی لێوەربگرێت و پەرەی پێبدات. بەڵام ڕووی دوەمی شۆڕشگێڕێتی چینی کرێکارە. لە سەر هەمان شێوەش پراکتیزە چەقدەبەستێت و ڕەخنەشی لێدەگرێت، چوونکە تەواوکەری ئۆرگانی ئەو پراکتیزەکردنەیە، بەشێکە لەو پراکتیزەیە و لێیجیانابێتەوە، بەبێ ئەو نابێت و ئەویش بە بێ ئەم نابێت. زانستی مارکسی زانستێکە هەوڵئەدات بۆ تێگەیشتن لە بابەت بەو جۆرەی کە پێویستە تێییبگات: لە ئاکامییدا، لە ڕێگەی هاوبەشیکردن لە گۆرانکارییەکاندا بۆ چارەسەری ناکۆکیەکان. یان ئەوەتا بیر(فکر) هەوڵئەدات بۆ ڕەخنەگرتن لە بابەت و دۆزینەوەی خەوشەکانی، بەمەش دەبێت بە زانستێکی بابەتییانە، یان ئەوەتا هەوڵئەدات بۆ پەسەندیی و جێگیرکردنی و چەسپاندنی بابەتەکە بە خەوشەکانیەوە، بەمەش دەبێت بە ئایدۆلۆجیەکی ساختە و کۆنزەرڤاتیڤ بۆ داپۆشینی واقیع لە ئاکامەکەیدا و چەوشەکاری خەڵکی. بەم مانایەش ڕەخنە مەرجێکە لە مەرجەکانی مەعریفەی کۆمەڵایەتی.  زانستی کۆمەڵناسی ڕەخنەیی لە گەوهەریدا ئاراستەی خۆی و بابەتەکەی دەکات. یان ئەوەتا ڕەخنەیی دەبێت یان نا. لەبەر ئەوە پەیوەستبوون بە میتۆدی ڕەخەنییەوە پەیوەستبوونە بە زانست و مەعریفەەوە و پێچەوانەکەشی دەستبەرداربوونە لە زانست و مەعریفە. ئەمە کرۆک و مەبەستی”تێزەکەی فویورباخ” بوو بۆ مارکس کە خاڵێکی سەرەتایی دروستکرد بۆ ڕاستینەیی ماددیەتی دایلێکتیکی. 

 

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=273391

سەرچاوە: حوار موتەمەدن

Previous
Next

Leave a Reply