Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ژارگۆن … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ژارگۆن … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

(2)

 

 

لە نێو ئەدەبی كوردی كۆمەڵێك مانیفێستی شیعری نووسراوە، بەڵام وەك پێویست نەیانتوانیوە ڕەنگدانەوە و جێكەوتەی ئەدەبیانەی خۆیان بنوێنن؟!

بە بڕوای من بەشێك لە شكستەكانیان ڕاستەوخۆ بە بنەمای فیكری و تیۆریزەكردنەوەی مەعریفییەوە بەندە، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە خولیای ئەدەبییەوە هەیە! ئەگەر خولیای ئەدەبی گوزارشت لە كەشفكردن و خەون و دنیابینی بكات، ئەوە بنەمای فیكری پشت بە كۆی ئەو باكگراوەندە ڕۆشنبیری و ئاگاییە هونەرییە دەبەستێت، كە فۆڕمەكانی مەعریفەی ئەدەبی بونیاد دەنێ. 

هەمیشە خولیای ئەدەبی چێژ و حەز و شەیدایی بەڕێوەی دەبات، فۆڕمەكانی مەعریفەی ئەدەبی شارەزایی و ڕاڤەكردن، یەكەمیان لە بەردەوامی خۆی دەدۆزێتەوە، دووەمیان لە جووڵەی جیاواز، دەشێ بەردەوامی و جووڵەی جیاواز چارەسەرێكی مامناوەندی ئەو نێودژییە بێ كە زمانی ئەدەبی لە پرسەكانی سەردەمەوە وێنای دەكات.

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دوای ئەزموونی سوارەی ئیلخانیزادە و هەندێ لە هەوڵەكانی جەلالی مەلەكشا، ژیلا حوسێنی و كامبیزی كەریمی و ڕەزا عەلیپور و فەرەیدوون ئەرشەدی فەزایەكی دیكەیان لە شیعر هێنا ناوەوە.

جەلالی مەلەكشا وزەی شیعریی لە جوانكردنی كێشی بڕگەیی و گەیاندنی پەیامدا كورت كردەوە، بەڵام شاعیرانی دواتر بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتیان لە كێشی بڕگەیی و پەیامی شیعری كرد و فەزایەكی دیكەیان لە مەنەلۆگ و فرەدەنگی و فرەڕیتمی و ئایرۆنی و بیركردنەوەی شاعیرانە دروست كرد!

بە بڕوای من فەزای شیعریی دەرئەنجامی یارییەكی جیاواز و ئازادانەی زمانە! كەواتە ئەگەر پارێزگاریكردنی جەلالی مەلەكشا لە كێشی بڕگەیی و پەیامی شیعریی، پەیوەندی بە دیدێكی گشتی و بەڵگەنەویستی زمان و ڕیتمی شیعریی و هەڵویست و ئیلتیزامەوە هەبێ و ئەو دیدە بشێ هاوگونجانێكی شۆڕشگێرانە لە نێوان شاعیر و جەماوەر دروست بكات! ئەوە لادان لەو دیدە، دەكەوێتە دووتوێی خزینی زمان و تەجاوزكردنەوە. تەجاوزكردنی پیرۆزییەكانی زمان هەمیشە لەسەر خوازەی زمانی دایك دێتە ئاراوە.

دەشێ بڵێم ئەو تەجاوزكردنە لە كەشوهەواو زمانێكی جیاواز و فرەڕەهەندی بەیەكەوەلكاو سەری هەڵداوە، ئەو زمانە نوێنەرایەتی ڕەهەندێكی جیاوازی شیعریی و هونەری دەكات و جیاوازییەكانی لە دووتوێی جەرەیانی زیهنی و وەستانی لەپڕ و كورتبڕی و ئایرۆنییەت و شڵەژان دەردەكەوێت، هەڵبەتە ئەوەیش وەك جۆرێك لە ململانێ لەگەڵ “كۆن” یا تەجاوزكردنی شێوەكانی، لە هەمان كاتیشدا وەك جۆرێك لە تێكەڵبوون لەگەڵ تازەگەری دەرەوە ـ شیعری فارسی، خۆی دەنوێنێ.

ئەگەر هەر یەك لەو شاعیرانەی لە دوای مەلەكشا ناوم بردن، لە ئاستێكدا وەستابن و توانای قووڵبوونەوە و ڕەكاژۆكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری و ئیستێتیكای زمانیان لە سنوورێكی دیاریكراو گیری خواردبێت! ئەوە هەر یەك لە پەرویز زەبیح غوڵامی و یوونسی ڕەزایی و كەمالی ئەمینی و ئەیاز خوونسیاوەشان و حەمە ساڵح سوزەنی و.. هەوڵیان داوە لە ڕێگای هەڕەمەكیەتی زمان بە جۆرێك لە وڕێنە و ئاماژە و خزینی نێوان دال و مەدلول، ئەو قەیرانە شیعرییە قووڵتر بكەنەوە! 

دوا ڕستەم لەوێوە دێ، كە ئەگەرچی ئەو قەیرانە كێشی بڕگەیی و پەیام و هەڵوێست و مانای ڕاستەوخۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام نەیتوانیوە جووڵە جیاوازەكانی خۆی لە دووتوێی خەون و دنیابینییەكی دیكەدا تیۆریزە بكات! دەمەوێ بڵێم ناشێ لە پرۆسەی نووسیندا بیر لە بیرۆكەی جیاوازی پەیام، مەبەست یا هەر ئاراستەكردنێك بكەینەوە، بۆ ئەوەی بە خوێنەران بڵێین جیاوازین! ناشێ مەعریفەی شیعریی و خەیاڵ لە پێناو ئەویدیكەدا لە ئاستێكی دیاریكراوی گەیاندندا بوەستێنین! شیعر داڕژانە، هەموو ئەو شێوە بیركردنەوانە ڕەهەندەكانی شیعرییەت دووچاری بنەبەستبوون دەكەن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.