Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ژنانە ژیان لەسەر بەستێنی فەرهەنگێکی وەحشی دا

ژنانە ژیان لەسەر بەستێنی فەرهەنگێکی وەحشی دا

Closed
by September 2, 2012 گشتی

 

 

 

  لەمێژ ساڵە کە دەمهەوێ وەکو ژنێك لەسەر چارەنووسی ژن بوون، ژنانە ژیان و ژنانە مردن لە بەستێنی فەرهەنگێکی وەحشی کە خۆشم لەوێوە هاتوم، بنوسم و ئەو حەسرەتە خەوتووەی کە لە دڵم دا هەرچەند جارێک بە بینینی وێنەیەک یان کلیپێک هەروەک ئاهێکی تاڵ و هەروەک روباری فرمێسک وەرێ دەکەوێ لەگەڵ کەس گەلێکی وەک خۆم کە قورسای ئەم حەسرەتە هەست پێدەکەن، بەش بکەم. ساڵانێکی زۆرە کە دەمهەوێ لەسەر مافی ژنان بنوسم بەڵام بەداخەوە ئێمە مەحکومی ژیان لە وڵاتێکین کە پیاوەکانیشی لە مافەکانی خۆیان بێ ئاگان.

  هەرچەندە کە ژنانە ژیان لە پانتای مێژووی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ رەنج و چۆرەوەری تێکەڵ بووە، بەڵام لەم سەردەمەی کە ئێستا ئێمە تیایدا دەژین، هەزاران تراکت و هەزاران داکۆکیکار بۆ ژینێکی مرۆڤانەتر گوێی ئێمەیان کەڕ کردووە و لەوەها سەردەمێک دا، تیرباران کردن، لێو و نینۆک برین، ئاگر تێبەردان و کوشتنی ژن بەوتۆمەتەی کە بۆ پیاوان گوناه نیە، شەپۆلێک لە حەسرەت لە دڵی مرۆڤ دا دروست دەکا و هەستی مرۆڤ گولە باران دەکا. 

  شتێک کە تورەی منی تا سنوری تەقینەوە گەیاند، بینینی کلیپێک بوو کە لە کۆتاهەمین هەناسەکانی نەجیبە بینیم، ئەو زۆر بێدەسەڵاتانە لە بەرامبەر روانینی بێرەحمانەی مرۆڤە دڵ رەقەکان، گولەباران کرا و لەناو شەپۆلی خوێنی خۆی دا سەمای کرد. مرۆڤ گەلێک کە لە نزیکەوە خەریکی سەیرکردنی ئەم شانۆ دڵتەزێنە بوون، بە بینینی ئاخرین جوڵەکانی دەستی نەجیبە، سەماو هەڵپەرکێیان دەکرد و لە بینینی مەرگی خوێناوی ئەو چێژیان وەردەگرت. بەڵام تاکە کەسێک نەبوو کە لەو کاتەدا سەری دانەوێنێتە ناو کۆشیەوە و بۆ مەرگی نەجیبە دلۆپە فرمێسکێک برژێنێتە سەر گۆنای. 

  هەرچەندە کە نەجیبە ئاخرین هەناسەکانی خۆی لەناو شەپۆلی گۆماوی خوێنی خۆی دا وەسەماکردن دابوو، بەڵام ئەوە نەجیبە نەبوو کە بووە ئامانجی پێکانی وەحشیگەری و دواکەوتووی”بەربەریەت”، بەڵکو ئەوە مرۆڤایەتی مرۆڤ، ویژدانی مرۆڤ وە هەروەها هەموو ژنانی ئەڤغانستانی بوون کە لە شێوەی نەجیبەدا گولەباران کران و بوونە قوربانی. ویستم کە چەند دێرێک بۆ نەجیبە بنوسم هەرچەندە کە ئەو لێرە نیە، بەڵام هەموو ژنانی ئەڤغانستان نەجیبەن و لەهەر ئەو چارەنووسەدا هەناسە دەدەن، لەسەر بەستێنی فەرهەنگێک کە نەجیبەی گولەباران کرد، ئەوان هەموو رۆژێ خەمەکانیان دەست پێدەکاتەوە. 

  نەجیبەی ئازیز!

  تۆ ئیتر نیت بەڵام ناوت لەسەر رۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆنەکان بڵاو بۆوە، ژنان خۆپیشاندانیان کرد، پیاوانیش هەستیان بە خەتاباری کرد و بەهاواریان ئەو کەسانەی کە تۆیان کەشت مەحکوم کرد. ئەم هاوار و هەست بە تاوانباری کردنە لەوانەیە تا چەند رۆژێکی تر بەردەوام بێ بەڵام ئەوەی ڕاستیە ئەوەیە کە تۆ بە کاروانێکەوە پەیوەست بووی کە هێشتاش هەر هاتنە ریزی بەردەوامە و هەر رۆژە لە ئەم یان ئەولای ئەڤغانستان نەجیبەیەک ئەدرێتە بەر گولە، بەردەباران دەکرێ و گوێ و لووتی دەبردرێ و دوای ماوەیەک ناوی ئەبێتە سەردێری شوعار و هەواڵی ئەو کەسانەی کە لەم رێگایەوە خەریکی نان خواردنن. 

  نەجیبە! تۆ نەیەکەمین ژنی کە لەبەر چاو خەڵکانێکی زۆر ئەدرێتە بەر دەسترێژی گولە و نە کۆتاهەمینیشیانی کە چارەنوسی بە گولە نوسراوەتەوە. لە بەستێنی ئەم فەرهەنگە مرۆڤ کوژەدا، هەزاران نەجیبە گولەباران کراون، بەردباران کراون، زمان و لووتیان براوە، بەڵام تۆ لە سەردەمێک دا کە شوعاری بەها مرۆڤایەتیەکان خەریکە گوێ کەڕ دەکا، بەم چارەنووسە مەحکوم بووی. لەم وڵاتە و لەم فەرهەنگەدا کە لە جیاتی مرۆڤ بوون، ترس، تیرۆر و کوشتن بەدی دێنن، تەواوی ژنان و کچان بە چارەنووسی تۆ مەحکومن و تەواوی ژنان و کچانی ئێمە نەجیبە گەلێکیترن کە پێش ئەوەی “لە چاوی ئەوانەوە” خەتایەکیان کردبێ بەم چارەنووسە مەحکوم کراون. 

  نەجیبە! غیرەت و توانای پیاوانی ئەم مەملەکەتە لە کوشتنی دایکان، خۆشکان و ژنان و کچانە کە مانا دەدا و ئەوانەی کە تۆیان کوشت، براکانت بوون کە دوای کوشتنت ئارەقەی شانازی و غیرەت بە ناوچاوانیانەوە دەرکەوت. تا ئەو کاتەی کە مانای غیرەت و مەردایەتی ئەوە بێ، تف لەو غیرەت و مەردایەتیەی کە بە کوشتنی کچان و ژنان مانا دەگرێ. ئێرە مەملەکەتی ترس و دواکەوتیە، ئێرە قەتڵگای بەها مرۆڤایەتیەکانە، ئێرە قەسابخانەی عەشق و خۆشەویستیە و هەر منالێکی کچ کە لەم مەملەکەتە لەدایک بێ ئەوا چارەنووسی تۆی لەناو چاوان نوسراوە. نەجیبە! روو رەشی بۆ ئەو کەسانەی کە بە بینینی مرگی تۆ هاواری خۆشیان دەکرد، مەرگ و نەمان بۆ ئەو فەرهەنگەی کە ئەم جۆرە کەسانەی پەروەردە کرد.

  بەڵام نەجیبە! بەختت بوو کە بە تەقەی گولە گیانت بەخت کرد و بە هەناسەیەک چاوت لە ژیان داخست. چ کچگەلێک و چ ژنگەلێک کە رۆژانە لە ئەشکەنجەگا تاریک و ترسناکەکان دا رۆژ و شەو لەبەرامبەر بە زۆرترین و قورسترین ئەشکەنجەکاندا خەریکن هەناسە دەدەن، لێوەکانیان ئەبرن، گوێیەکانیان ئەبرن، گیان ئەسوتێنن و یان لە ناو کڵپەی ئاگر دا گیان دەدەن. 

  نەجیبە! بکوژەکەی تۆ تەنها یەک کەس نیە هەرچەندە کە تەنها کەسێک تەقەی لێکردی. بکوژی تۆ فەرهەنگێکە کە بکوژ پەروەردە دەکا و باردێنێ، کوشتن بە شانازی دادەنێ و نیشانی شانازی دەبەخشێ بە بکوژ. تا ئەو کاتەی کە ئەم فەرهەنگ و سونەتە بکوژ بارهێنەرە بوونی هەبێ، هەموو ژنان و کچانی ئەم مەملەکەتە نەجیبەن و مەحکومی چارەنووسی نەجیبەن.     

 

 

      ن: فریشتە حەزرەتی

 و: هیوا ئەمانی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.