Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ژنی بچووک … پۆڵا سەعید

ژنی بچووک … پۆڵا سەعید

Closed
by December 30, 2012 گشتی

 

 

 

 

ژنی بچووک ژنێکی ترسنۆکه، ئه‌م ژنه چه‌ند هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ترسه‌که‌ی بدات هێشتا هه‌ر سه‌رنه‌که‌وتووه له شاردنه‌وه‌ی ترسه‌که‌یدا، چونکه ترسه‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێنێته سه‌ر ئه‌گره‌سیۆن “تووڕه‌بوون”. ئه‌م ژنه پێیوایه، که تووڕه‌بوونه‌که‌ی ئازایه‌تیی و نرخێکی گه‌وره‌یه، هه‌ربۆیه بێ پشوودان به‌کاریده‌هێنێت، تا ئه‌و کاته‌ی خاڵیی خاڵیی ده‌بێته‌وه نه‌ک له تووڕه‌بوون به‌ڵکوو له ئه‌نه‌رگیی. ئه‌م ژنه ده‌ترسێت “ته‌نها بێت، سه‌رنه‌که‌وتووبێت به‌سه‌ر کێشه‌کانی ڕۆژانه‌ی ژیاندا، هه‌ست به دۆڕاندن بکات، هه‌ربۆیه هه‌‌موو هه‌وڵێک ده‌دات له‌پێناوی سه‌رکه‌وتندا.”. ژنانی ترسنۆک خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ده‌روونیین، به‌شێکی گه‌وره‌یان خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی هێستریی، نارسیست، شیزۆید، پارانۆیدن. ژنی بچووک ده‌ڵێ: “خۆم به بیست پیاوی وه‌ک تۆ ناگۆڕمه‌وه”، ئه‌م ژنه خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی “فالیش نارسیست”ه. کێشه‌ی ژنی فالیش نارسیست کێشه‌ی کاستراسیۆنه، کێشه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له پیاو. هه‌مانشێوه کێشه‌ی پیاوی فالیش نارسیست، کێشه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له ژن. له‌لای پیاوی فالیش نارسیست، پێنیس”Penis” له خزمه‌تی خۆشه‌ویستییدا نییه، به‌ڵکوو له خزمه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دایه. به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوی کورد له‌کاتی تووڕه‌بوونیدا له ژن له‌گه‌ڵیدا ده‌خه‌وێت، ژنه‌که لێره‌دا بۆ پیاو هیچ نییه بێجگه له ئاسترومێنتێک بۆ ئه‌گره‌سیۆن، تووڕه‌بوون. هیچ ژنێکی ته‌ندروست به پیاو ناڵێت: خۆم به بیست پیاوی وه‌ک تۆ ناگۆڕمه‌وه، به‌ڵکوو شانازیی به ژنێتیی خۆیه‌وه‌ ده‌کات، وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ته‌ندروست.

ئه‌م ژنه له‌ناو قوڵایی خۆیدا مه‌ته‌ڵێکه، ئه‌وی تریشی ته‌نها ئاوێنه‌یه‌که‌. ئه‌م ژنه چه‌ند خاوه‌نی ڕق بێت، چه‌ند پراکتیزه‌ی ڕق بکات، زیان به خۆی نه‌بێت به که‌سی تری ناگه‌یه‌نێت، چونکه قوربانیی ڕاسته‌قینه خۆیه‌تی نه‌ک به‌رانبه‌ر. کانت د‌ه‌ڵێ: ته‌نها ژنێک، که پیاوی نییه، هه‌وڵنادات فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی پیاو بکات. ئه‌م وته‌یه ته‌نها بۆ ژنانی باکگراوند پسیشۆزه ته‌واو ڕێک ڕاسته، هه‌رگیز ژنێکی ته‌ندروست هه‌وڵی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی نه‌ک پیاو هیچ که‌سێک نادات. که‌واته ته‌نها ژنێکی هێستریی، نارسیست، شیزۆید، پارانۆید ….هتد. که پیاوی نییه، هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی پیاو نادات.

ژنانی بچووکی هێستریی به‌وپه‌ڕی ماندووبوونه‌وه ده‌گه‌ڕێن به‌دوای پیاوانی نادڵنیادا. پیاوانی نادڵنیا نێچیری گه‌وره‌ی ژنانی هێستریین، ئامانج تێیدا فه‌رمانڕه‌واییکردنی پیاوه، وه‌ستانه له چه‌قدا. پیاوانی نادڵنیا زۆرینه‌یجار قوربانیی ژنانی بچووکن. پیاوانی نادڵنیای خاوه‌ن کاریره، وه‌ک کووکووختیی گه‌نمی سه‌ر داوی ژنانی بچووک ده‌خۆن. ژنی بچووک ویستی تۆ خه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ پیاوی کاریره‌داردا، لێ ترسنۆک بوویت، له‌م ڕێگایه زیاتر هیچ ڕێگایه‌کی ترت نه‌ده‌ناسیی. تۆ بۆ وه‌رگرتنی چێژێکی سێکسیی ئاماده‌ی خستنه‌وه‌ی هه‌موو زیانێک بوویت، ئینجا چ به خۆت بێت یان به پیاوانی نادڵنیا هیچ له باسه‌که بۆ تۆ نه‌ده‌گۆڕا. ئێستا تۆ قوربانیی ده‌ستدرێژیی سێکسییت و پیاوه نادڵنیاکه‌ش ده‌ستدرێژییکه‌ر و خاوه‌ن زیان. تۆ هه‌م سێکست ده‌ویست، هه‌م ده‌شتویست خه‌ڵکیی به‌زه‌ییان پێتدابێته‌وه. دروسته تۆ شیاوی به‌زه‌ییت، هێنده لاواز، هێنده بچووک، هێنده ترسنۆکیت.

 

ژنی بچووکی هێستریی کۆکێکترییه “coquet”  واته به‌دمه‌سته به ڕاکێشانی سه‌رنجی خه‌ڵکییه‌وه. ئه‌و وه‌ک ژنێکی تۆپمۆدڵ نه‌بێت ئاماده نییه بێته ده‌ره‌وه، سێ به‌شی پاره‌کانی له ئاڕایشت و جلوبه‌رگدا خه‌رج ده‌کات. سێکسوالیزه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ک، که ده‌یه‌وێت هه‌م شای جوانان بێت هه‌میش خواوه‌ندی سێکس بێت. قسه‌کردن، هه‌وڵی ڕاکێشانی سه‌رنج، تێڕوانین، شێوازی پێکه‌نین نیشانه‌کانی ژنێکی هێستریی ده‌رده‌خه‌ن. له به‌رانبه‌ردا پیاوێکی هێستریی نه‌رمه، زیاد له‌پێویست ڕووخۆشه و ڕووخسارێکی فێمینینانه‌ی هه‌یه. ژنی هێستریی هه‌میشه له ڕێگای ده‌میه‌وه هه‌وڵی ناساندنی ڤاگینای ده‌دات، هه‌موو ستایشێک بۆ ده‌می ستایشیشه بۆ ڤاگینای، هه‌موو سه‌رسامییه‌ک به ده‌می سه‌رسامییه به ڤاگینای. به‌شێکی گه‌وره‌ی پیاوان له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نێچیری گه‌وره‌ی ژنانی هێستریین. گه‌وره‌تریین کۆمپلیمێنت بۆ ژنێکی هێستریی ئه‌وه‌یه، که پێیبڵێیت، جوانیی ده‌مت نیشانه‌ی جوانیی ڤاگیناته‌.

چه‌مکی کۆکێکت “coquet” چه‌مکێکی فه‌ڕه‌نسییه، مرۆڤ پێویسته له چه‌مکی ئێستێتیک جیایبکاته‌وه. فه‌لسه‌فییانه کۆکێکت ده‌توانرێت وه‌ک وره‌‌ یان بوێرییه‌کی هه‌ڵه پێناس بکرێت. به گشتیی کۆکێکت ئامڕازی ده‌سته‌ڵاتی ژنانه، دژ به نۆرم و یاسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، دژ به پیاو. نه‌ک به‌ته‌نها له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، به‌ڵکوو به گشتیی له جیهاندا کۆکێکت به‌هێزتریین چه‌کی ژنه دژ به ده‌سته‌ڵاتی پیاو. ژن کۆکێکت له وه‌رگرتنی “شوێنی کار، پۆست، موچه‌ی زیاد، به‌کارهێنانی پیاو دژ به خه‌ڵکانی تر …هتد.” به‌کارده‌هێنێت.

ژنی هێستریی ئاوتۆماتیکانه کۆکێکتییه، ژنی بچووک ژنێکی هێستریی و کۆکێکتییه هه‌میشه له هه‌وڵی ڕاوه‌ستاندایه له چه‌قدا “ئه‌و جوانتره‌میینه، سێکسییتره‌میینه، زیره‌کتریینه، مهیره‌بانتریینه …هتد.”. سه‌رنه‌که‌وتنی له ڕاوه‌ستان له چه‌قدا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌گره‌سیۆنێک، که تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ڕق به‌رهه‌مدێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ژن له کۆمه‌ڵگای کوردییدا بده‌ین، ئه‌وا سانا ده‌بینین، که به‌شێکی زۆر که‌می ژنان ئێستێتیکن و به‌شێکی گه‌وره‌شی کۆکێتکن.

ژنی بچووک هه‌رگیز ناتوانێت چ باوه‌ڕ بکات چ ببینێت، که که‌سێک چ ڕۆژێک له ڕۆژان له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌ی کردووه، هاوڕێی بووه ببێته خاوه‌نی به‌رهه‌مێکی گه‌وره. ژنی بچووک ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مێردێکی لێهاتووشدا بژیی، هه‌رگیز ناتوانێت باوه‌ڕبکات، که مێرده‌که‌ی خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی ڕاسیۆناڵه. پیاوی گه‌وره له شانی ژنێکی بچووکه‌وه ون ده‌بێت. پیاوی گه‌وره له شانی ژنێکی بچووکه‌وه مرۆڤێکی ته‌نهایه، له شانی ژنێکی بچووکه‌وه ناتوانێت بیربکاته‌وه، ئه‌گه‌ر بشتوانێت، ئه‌وا ده‌بێت ته‌نها بیر له‌و و له ده‌وروبه‌ره‌که‌ی بکاته‌وه. ژنی بچووک ژه‌هره، که هه‌موو یه‌کێک له نزیک خۆیه‌وه ژه‌هراویی ده‌کات. وه‌ک دایک منداڵه‌کانی ژه‌هراویی ده‌کات و ده‌ڵێ: ئه‌مه‌تان بۆ نییه، ئه‌وه‌تان بۆ نییه، ئه‌مه ڕاسته ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌مه پیرۆزه و ئه‌وه‌ش نه‌فره‌تلێکراو، ته‌ماشای من بکه‌ن و وه‌ک من بژیین خاوه‌ن شه‌ره‌ف و حه‌یا و حورمه‌ت”. ژنی بچووک ئه‌گه‌ر پرۆفیسۆری زانکۆش بێت ئه‌وا هه‌ر ژه‌هره و له ژه‌هراوییکردنی ژیان زیاتر هیچ به‌رهه‌مێکی تری نییه.

 

به کوردیی په‌تیی تۆ خڕوخه‌‌پانیت ژنی بچووک، ڕایش وته‌نیی کووپه‌ییت، وه‌ک کووپه‌یه‌ک ده‌ڕۆیت به ڕێگادا، وه‌ک کووپه‌یه‌ک بیرده‌که‌یته‌وه و وه‌ک کووپه‌یه‌کیش منداڵ په‌روه‌رده ده‌که‌یت. ئامانجی تۆ خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌یه به کۆپیی خۆت، ئه‌گه‌ر بیربکه‌مه‌وه له‌وه‌ی، که چلۆن منداڵ وێران ده‌که‌یت هه‌تاوه‌کوو بیانکه‌یت به هاووڵاتیی نۆرماڵ، نۆرماڵ به‌و واتایه‌ی، که له خۆت و وێنه‌کانت بچێت. ئاخ ده‌بێت چه‌ند وزه له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا خه‌رجکرابێت و خه‌رج بکرێت هه‌تاوه‌کوو کۆمه‌ڵگایه‌کی نۆرماڵمان هه‌بێت؟ نۆرماڵ به وێنه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگا وێرانه‌ی، که هه‌یه. ژنی بچووک خاوه‌نی تێکچوونێکی نۆیرۆزانه‌یه. هێستریی ئاوێنه‌ی ژنانی بچووکه، هه‌میشه له هه‌وڵی وه‌ستان له چه‌قدا و وه‌ستان له پێشی پێشه‌وه‌دایه. بانگت ده‌که‌‌م باڵنده‌ی به‌هه‌شت چونکه پڕ ڕه‌نگ و که‌شخه‌یت. بانگت ده‌که‌‌م ژنی بچووک چونکه خاوه‌ن کینه، ڕق و هێزی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و وێرانکردنیت.

29.12.2012

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.