Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

ژنێکى عەبا بەسەر ….نوسینى : نەوزاد بەندى

Be First!
by January 12, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

چەند جارێک ئاوڕى دایەوە ، کەسى نەبینى .. تەنها سێبەرەکەى خۆى بینى کە بە پچڕ-پچڕى بە سەر شەقامە خۆڵاوى و تاسە پلاستیکیە خوار و خێچەکەدا ، داچۆڕا بوو ..هەستى بە هەناسە سوارى کرد ، دەستێکى خێراى بە نزیک تەوێڵیدا هێنا بۆ ئەوەى ئەو مێشە خاو و خلیچکەى سەرلوتى دەربکات ، پێدەچو ئەویش تەنیا کەوتبێ ، بۆیە دەستى لە خۆى شوشتوە و باکى بەوە نیە بە چەپۆکێک یان بە مێشکوژێک ، بیکەنە پەڵەیەکى ناشیرین ..پێیان وت : باشتر وایە فەحسى پاسکیلەکە بکەى ، بزانى ئەو تەنگەنەفەسیەت چیە ..کچە خرپنە سکرتێرەکە پێى وتبو : ئەبێَ موى سنگت بە تەواوەتى لا ببەى بۆ ئەوەى ئامادەبیت بۆ فەحسەکە .. 

ئاوڕێکى تریشى دایەوە .. نا .. کەس بە دوایەوە نییە ..لەبەر خۆیەوە وتبوى : ( بمرم ، بەس موى سنگم لا نەبەم .. ناتوانم ..)

لە منداڵیەوە ژنێکى عەبابەسەر بەدوایەوە بوو .. بکەوتایە هەڵیئەستاندەوە ..ئەگەر دەرئەژنۆکانى بدڕانایە ، بۆى ئەدوریەوە ..چڵمەکەى بهاتایەتە خوارەوە ، یەکسەر بۆى ئەسڕى ، تەنانەت گەر بە فەقیانەکەیشى بووایە .. مناڵە چەقاوەسوەکان گۆڵمەزیان پێبکردایە ، ژنە عەبابەسەرەکە بە گژیاندا ئەچوو ، ڕاى ئەفڕاندن ..هەموو ڕۆژێ ئەیبرد بۆ مەکتەب و .. دواى سێ سەعات ، دیسان وەرى ئەگرتەوە ..

بەڕێوبەرەکە پێى وتبو : ( دادە ! ئەوەندە بە دواى ئەو کوڕەتا مەڕۆ ..چوار چاوت کردووە ! )

ئێ زانیمان بە حەوت مانگى لە دایک بووە .. زانیمان بە منداڵى توشى زەردویى بووە و .. بیست و سێ ڕۆژ لە بەشى مناڵى نابەکام خەوتوە ..زانیمان چوار جار مردووە و زیندوو بۆتەوە ..زانیمان دوو جار خەریکبووە بیبەن بۆ گۆڕستان .. زانیمان سێ جار خوێنتان بۆ گۆڕیوە و پێنج جار بردوتانە بۆ تاران ..ئەوانە هەموو ئەزانین ..

بەڕێوەبەر پێى وت : ئەزانین ..بەڵام خوشکەکەم ! ئێستا ئەو کوڕە هیچ عەیبى نییە ، بۆچى هەنگاوەکانى ئەژمێرى ؟؟ 

ژنە عەبا بەسەرەکە هەر پێدەکەنى ، وەک ئەوەى بیەوێ بڵێ ئەو بابەتە هى موناقەشە نییە ..وەک ئەوەى بڵێ ئەوەى من ئەیزانم ئێوە نایزانن .،. وەک ئەوەى بڵێ ئاش لە خەیاڵێ و ئاشەوان لە خەیاڵێ ..براگەورەکەى بیستبوى کە دایکیان نەخۆشە ..نەخۆشیەکەیشى چار ناکرێ ..دکتۆرەکە پێى وتبو : هەر شتێک بکات ، ڕێگرى لێمەکەن ..چونکە ڕەنگە لێى بکات بە شیزۆفرینیا ..

بە دکتۆرى وتبو : شیزۆفرینیا چیە ؟؟

بەڵام ئەو وەڵامى نەدابۆوە .. ئەمیش ناچار لە گۆگڵدا بۆ شیزۆفرینیا گەڕابوو ..

-( گەورە بووم دایە ! .. زەحمەت مەکێشە ! خۆم ئەتوانم پاروو دروست بکەم ) 

ئەو تەنها بە ڕوخسارێکى زەرد هەڵگەڕاو و دوو چاوى شپرزەوە ، بزەیەکى نیشان ئەدا و بەردەوام بوو لە پاروو ترنجاندنە ناو دەمى ئەمەوە وەکو چۆن مەخزەنى دەمانچە پڕ ئەکرێ لە فیشەک ، بەو جۆرە ..( مەترسە .. سەمونى تریشمان هەیە ..خەمى منت نەبێ ! )

برا گەورەکەى تەماشاى کرد ، بە چرپە پێى وت : دکتۆرەکە واى وت ، تەحەمولى بکە !

– خۆى ماندوو ئەبێ ، ئەگینا کێ حەز ناکات هەتا هەتایە دایکى پارووى بۆ بکات و سەرى بدۆزێ و بیبات بۆ مەکتەب و نینۆکى بۆ بقرتێنێ ؟؟

ئەمە چەند ساڵ پێش ئێستا بو ؟؟

دە .. پانزە .. بیست ساڵ .. ؟ نازانێ ..ساڵەکان وەکو کۆمەڵێ گەواڵە هەورى تاریک دێن و دەچن ، نە ئەم حەقى هەبوو بەسەر ئەوانەوە و نە ئەوانیش زۆر خۆیان لەم تێدەگەیاند ..ئەم وەکو تابلۆیەکى پشت گوێخراوى سەرەڕێگایەک ، ساڵەکانیش وەکو کۆمەڵێ وێنەکێشى نەشارەزا و بێ هونەر ، هەر یەکەیان فڵچەیەکیان لێدەدا و بەشێک لە ڕوخسار و هەڵس و کەوتیان سەقەت ئەکرد …

تەنها برا گەورەکەى شک ئەبرد ، ئەویش لە بەرەبەیانێکدا ، پارچە کاغەزێکى بەجێهێشت و ون بوو ..حەزى نەکرد بیخوێنێتەوە ، فڕێى دایە نێوان کتیبێکەوە لەسەر کانتۆرە فۆڕمیکاکە .. بەڵام چى وەڵامى دایکى بداتەوە ..بەڵکو لێى نەپرسێ .. خۆ تەنها ئەم بووە بە کولەکەى ڕۆحى ..بەڵام وانیە ، دایک ئەگەر شێتیش بێ ، ڕۆژانە یان هەفتانە بە لایەنى کەمەوە سەرژمێریەکى مناڵەکانى ئەکات ..چۆلەکەیش هەروایە ..دڕەندەى دارستانیش ..

شەوى سێیەم ، پەلامارى یەخەى ئەمى دا و بزە هەمیشەییەکەى ڕوخسارى ، بوو بە گریان ، هاوارى کرد : ( عومەر چى بەسەرهاتووە ؟؟ )

هەستى بە تەپە تەپى دڵى ئەکرد ، وەکو چۆلەکە هەڵبەز و دابەزى بوو ..

دەستى برد لەسەر کانتۆرە فۆڕمیکاکە ، کتێبە گەورەکەى هێنایە خوار ، قورئانێکى زۆر کۆن بوو ، هى باوکى خوالیخۆشبوى بو ، ئەویش لە باپیریەوە بۆى مابۆوە ..لاپەڕەکانى زەرد بوبون و ..ئەگەر زۆر بە هێمنى لاپەڕەکانت هەڵنەدایەتەوە ، بە دەستتەوە هەڵئەوەرین ..

پارچە کاغەزەکەى دەرهێنا .. 

-(گوێ بگرە دایە گیان ! .. ..بۆ دایک و براى خۆم ..داواى لێبوردنتان لێدەکەم کە خۆپەرستیم هەڵبژارد ..لەوە زیاتر ناتوانم هاوڕێیەتیتان بکەم و .. خەم و فرمێسکەکانتان لەگەڵدا دابەش بکەم ..حەز ئەکەم بزانم لە دنیادا چى ئەگەڕێ .. حەز ئەکەم بە دونیادا تۆزێ بگەڕێم …گەردنیشم ئازا مەکەن ، چونکە شایەنى نیم ! .. کوڕتان : عومەرى خوێڕى)

ئاوڕێکى تریشى دایەوە .. نا ..ژنە عەبابەسەرەکەى لێ نییە .. بیست و شەش ساڵى ڕەبەق ، بەردەوام تارماییەکى ڕەش بە دوایەوە بوو .. ئیستا هەفتەیەکە دیار نەماوە .. کون و کەلەبەرى شار .. نەخۆشخانەکان .. زیندانەکان ..مزگەوتەکان ..کەلاوەکان .. بارەگاى حیزبەکان .. باندەکانى مافیا ..ئەو باخچانەى مانگاى تێدا ئەلەوەڕێ ..ئەو پارکانەى غەریبیان لێ ئەتکێ ..ئەوەى خەیاڵت بۆ ئەڕوا و خەیاڵت بۆ ناڕوا ، گەڕاوە ، بە بێ ئەوەى بیدۆزێتەوە ..دڵنیایشە ، لە یەکێک لە ئاوڕەکاندا ئەیدۆزێتەوە ، بە هەناسواریەوە .. لە ژێر عەبایەکى ڕەشدا ، دەبەیەک ئاوى بە دەستەوەیە ، لەگەڵ سەمونێک کە شفتەیەک یان کۆکتێلێکى باینجان و پەتاتەى تێدایە ..( عەباس بۆستە ..عومەرم دۆزیەوە .. ئەو سەرسەریە لە فڕۆکەخانە بوو .. بە تەما بوو بچێ بۆ وڵاتى گاوران ..حەزى لە فسق و فجورە .. پەلیم گرت و وەکو مەلۆتکە پێچامەوە.. ئیستا لە ماڵەوەیە .. با بۆ خۆى عەریف بێ ..عەفوم کە عەباسەکەم .. عەفووم کە .. هەفتەیەکە زیاتر یان کەمتر ئاگام لێت بڕاوە .. ئەزانم برسیتە ..تینووتە .. ڕیشت هاتوە ..ئەزانم .. پارویەک بخۆ ! .. مەترسە ! دەستەسڕیشم بۆ هێناوى ..مەکینەى ڕیش تاشینى سەفەرى ..وشک بویتەتەوە ..عەباسەکەم .. دەبا شتێکت بخواردایە ..ئەم هەفتەیە چۆن دانەکانت شوشت ؟؟ کێ مەعجونەکەى بۆ خستیتە سەر فڵچەکەت ؟ .. ئیللا بە دەستى من ..ئێ بەڵکو دەستى دایکت توشى دەردێک بوو .. ئەوە چەند ڕۆژە نانت نەخواردووە ! .. جەدوەلەکەت جیا کردۆتەوە .. پێڵاوەکانیشت سوبغ نەکردووە ..گۆرەویەکانت بۆنیان دێ .. گەڕ بووى عەباسەکەم ..گول بووى عەباسەکەم .. ئەڵێى جەردە لێى داوى عەباسەکەم ..ئەى نینۆکەکانت قرتاندوون ..قۆز بووى عەباس ..سمێڵت بۆر کردووە ..کچێکى عەیار لە منت نەفڕێنێ .. عەباسەکەم ..قەزا و بەڵا دوور ..هەفتەیەک .. بە هەفتەیەک ئەو هەموو باڵایەت کرد ؟؟ بە چى سمێڵت تیف تیفە کردووە ، عەباس ؟ ئەمە تۆ چیت ؟ ڕەببى بێ چاوێنى بى .. دوگمەو دۆڵابەکەى دنیام……………………………….)

 

 

Previous
Next

Leave a Reply