ژنێک له نێوان دوو یاخیبووندا..
کاتێ گۆرانی و ژن ئاوێته‌ی یه‌کتری ده‌بن، هه‌رکاتێ باسی یاخیبوونی ژنه‌هونه‌رمه‌ند ده‌کرێ، له ریزی یه‌که‌می ئه‌و ناوانه‌ی که بسکه‌کانی راده‌خا و هه‌ناسه‌کانی وه‌کو شۆڕه‌بی به سه‌ر رۆحی مرۆڤی کورددا شۆڕ ده‌کاته‌وه، یه‌که‌م لێوێکی که له سه‌ر بانیژه‌ی ئه‌ویندا و پڕ به باڵای نیشتیمان ورینگه‌ی دێت، ناو و ده‌نگی “ئایشێ شان”ه.
ئه‌گه‌رچی که‌متر پیاوێک له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا ده‌توانێ له مانای هونه‌ر بگات، به‌ڵام هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند به‌و توانسته به‌ده‌ر له زه‌مانه‌ی که هه‌یانه هه‌موو تابوه‌کان ده‌شکێنن. “ئایشێ شان” ده‌نگی خۆی له ناو تاریکستانی بیر و زه‌ینی پیاوسالاریدا داگیرساند. ئایشێ شان له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گمه‌نانه‌یه که توانی بوێرانه له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵگا و له سه‌روو هه‌موویانه‌وه بنه‌ماڵه‌که‌ی و حکومه‌تێکی شۆڤێنیدا راوه‌ستێ و ده‌نگی بخاته سه‌ر ژێ و ته‌له‌کانی مۆسیقا و هه‌موو بڤه‌کانی نه‌ریت و کولتووری پیاوسالاری ببه‌زێنێ. بووه خورپه‌ی دڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیریان بۆ ژن ده‌کرده‌وه و به‌کۆیله‌بوونیان پێده‌کرده باوه‌ڕ! بووه زڕه‌ی زه‌نگی مه‌رگی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان به خاوه‌ن و خێوی ژن ده‌زانی.
ژنه هونه‌رمه‌ندی کورد ئایشێ شان، ساڵی (١٩٣٨) لە شاری ئامەد له‌دایكبووه.
ساڵی (1958) بۆ یه‌که‌مجار به‌شیوه‌ی فه‌رمی و له‌به‌ر چاوه نه‌ناسراوه‌کانی جه‌ماوه‌ر دا ده‌ستی به سترانبێژیی کردووه.
ساڵی (١٩٦٠) یەكەم ئەلبوومی سترانه‌کانی له شاری ئیستانبول تۆمار كردووە، ساڵی (١٩٧٩)بۆ سه‌ردان هاتۆته باشووری کوردستان و چەند گۆرانیەكی تۆمار كردووە. له کۆتاییه‌کانی ژیانیدا کتێبێکی نووسیوه به‌ناوی “یادگارییه‌کان”. ئایشێ شانی هونه‌رمه‌ند ساڵی 1966 به هۆی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه به جه‌سته ماڵئاوایی له هونه‌ر و نیشتمانه‌که‌ی کرد، له‌ره‌ی ده‌نگی هه‌رمانی بۆ هه‌تاهه‌تایه بۆ به‌جێهێشتین.
ئایشێ شان له سه‌رده‌مێکدا توانایه‌کانی خۆی و به گشتی ژنی له هونه‌ری گۆرانی وتندا سه‌لماند که ده‌بوو به‌ره‌وڕووی دوو ئاسته‌نگی مه‌زن بێته‌وه:
1. داب و نه‌ریتی داخراوی کۆمه‌ڵگا، کولتووری توناکه‌ری پیاوسالاری و هێڵه بڤه‌کانی ئایین.
2. سیستمی شۆڤێنی حکومه‌تی تورکیا که ده‌ربڕین به زمانی کوردیی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک یاساغ کردبوو.
ئه‌گه‌ر ناوی ژنه گۆرانیبێژ له‌ناو کۆمه‌ڵگاکه‌یدا واتایه‌کی بڤه‌ی هه‌بوو، وشه‌ی کوردی و ئاخافتن به زمانی کوردیش له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه به تاوانێکی نه‌به‌خشراو ده‌هاته ئه‌ژمار و گرانترین سزای به‌سه‌ردا ده‌سه‌پا. لێره‌دایه بوێری و مه‌زنیی “ئایشێ شان” له‌و سه‌رده‌مه تاریکه‌دا ده‌رده‌که‌وێ.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێین که له ناو ئه‌و دوو هێزه گرژ و توندوتیژ و وێرانه‌که‌ره‌ی کۆمه‌ڵگا و حکومه‌تێکی شۆڤێنی له چه‌شنی تورکیادا ئایشێ شان خاوه‌نی به‌خت و هاتی بوو و توانی هێزی خۆی “وه‌کو ژنێک له کۆمه‌ڵگادا – وه‌کو کوردێک له تورکیای کوردکوژدا” بسه‌لمێنێ، به‌ڵام له‌ئاکامدا خۆی رچه‌ی شکاند و ده‌رفه‌ته‌کانی بۆ ئه‌و به‌خت و هاتییه خۆڵقاند و به‌دوایدا چوو…
ژێده‌ر:
لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووکی “ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ندانی کورد”