Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ژنێ خۆی ده‌نووسێته‌وه‌… به‌شی دووه‌م

Be First!
by May 16, 2008 ئەدەب

    فرمێسک مسته‌فا……

 سه‌رله‌به‌یانیه‌ک…….

  بمبه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌رخوانی به‌رچاییه‌کی گه‌رم ،ده‌سته‌سڕه‌ سپیه‌ ئوتوودراوه‌که‌م
 بهاوێژنه‌وه‌ نێو جانتایه‌کی مه‌کته‌ب و ڕه‌وانه‌ی یه‌که‌م وانه‌ی فێرگه‌م که‌نه‌وه‌ با به‌هه‌موو ده‌نگم سرودێکی نیشتمانی بڵێمه‌وه‌ ،تا سه‌رله‌نوێ فێری ئه‌لف و بێی
 ناوی خۆم ببمه‌وه‌ …
 نیوه‌ڕۆیه‌ک
  به‌ شپرزه‌ی هه‌تاوم بسپێرن با فرمێسکی پڕنهێنی شه‌وانه‌ی شه‌قامه‌کان
   وه‌ک مرواری ناو ده‌ریا بدۆزمه‌وه‌ بیده‌م له‌ یه‌خه‌ی سێبه‌ری شاتوویه‌ک
 ئه‌و هه‌رزه‌کاره‌ بدۆزنه‌وه‌ که‌ نه‌م زانی نامه‌که‌ی دایه‌ ده‌ستم چی تیا نووسرابوو خۆی ناوی چی بوو؟له‌ نیوه‌ڕۆ یه‌کی بریقه‌دارا بوو دڕاندم  له‌ گه‌رمی خۆر ده‌ترسام بم سووتێنێ کێ ناڵێ دوای لێ بوردنێک ووشه‌کانی ده‌م به‌خشن و له‌ گه‌ڵ شنه‌ی شه‌ماڵدا ئاشت ده‌بینه‌وه‌ … 
 ده‌مه‌و ئێوارانێ
  فێنکایی باخچه‌ی گشتیم پێشکه‌ش که‌ن وگۆرانی پاساریه‌کانی ئه‌وێم بۆ بڵێن
 زه‌رده‌په‌ڕم له‌به‌ر که‌ن به‌ناو هه‌ڵه‌داوانی ودڵه‌ڕاوکێی عه‌ره‌بانه‌کانا ڕا که‌م و ده‌ڕابه‌ی دوکانی بووکه‌شوشه‌کان به‌ کراوه‌ی جێ بێڵم و بلووری چراکان بشکێنم …
 سه‌ربانه‌که‌مانم پی ئاوڕشێن که‌ن با دووجێگا له‌ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ ڕابخه‌م به‌ مه‌لمه‌له‌ سپیه‌که‌ دایان پۆشم ، ڕادیۆکه‌م داگیرسێنم و دیقه‌تی دیمه‌نی دڵدارانی کوڕو کچانی شاره‌که‌م بده‌م   تێکه‌ڵ به‌گۆرانێه‌کی پڕسۆزی که مه‌وه‌..
  شه‌رمی چاوی لاوه‌کان و ڕوومه‌ته‌ سوره‌کانی کیژۆڵه‌کانم پیشان ده‌نه‌وه‌ .
 شه‌وێک
 سه‌ردانی خه‌ونێکی دایکم پێبکه‌ن تا له‌نهێنی ره‌نگی هه‌ڵبزڕکاوی به‌یانیانی بگه‌م  ئه‌مه‌وێت گوێ له‌ هه‌ناسه‌کانی باوکم بگرم ساتێ به‌ته‌نها له‌ باخچه‌که‌دا مه‌یی ده‌نۆشی ئایا بیری له‌ ئێمه‌ ده‌کرده‌وه‌ یا خه‌می قووتابیه‌کانی بوو ؟
 ئاوێنه‌ شکاوه‌که‌ی کچێنیم بۆ هه‌ڵواسنه‌وه‌ تا بیره‌وه‌ریه‌کانی تێدا تۆمار بکه‌مه‌وه‌ تێر گازنده‌ی که‌م چه‌ندێ نازداری خۆم پێشکه‌ش کرد سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سیمام ته‌ڵخ نیشان دا؟
 نه‌یهێشت خۆم وه‌ک خۆم ببینم نه‌ک به‌ خواستی ئه‌و دیقه‌ت له‌ خۆم بده‌م.
 گڵۆپی شانۆکانم بۆ داگیرسێنن تا به‌لاقی ڕووت سه‌ما بۆ شارو نمایشێ بۆئازادی ساز بکه‌م، له‌سه‌ر دیواری هۆڵه‌کان بنووسم من لێره‌ نمایشێکم هه‌بوو ئێوه‌ له‌ته‌کما فرمێسکتان ده‌ڕشت باڵنده‌کانیش له‌ده‌ره‌وه‌ کپ ده‌بوون شارم خامۆش
  ده‌بوو،،،نا هه‌مووتان لێره‌ بوون که‌س له‌ودیوو هۆڵه‌وه‌نه‌ده‌ما ته‌نانه‌ت
 به‌ردو خۆڵ و ‌هه‌ورو ئه‌ستێره‌و بارانیش ده‌هاتن که‌ چی دایکم نه‌ ده‌هات
 ده‌ی ووت فرمێسکه‌کانت ئازارم ئه‌ده‌ن …
 له‌ پشتی کالوسه‌وه‌ هاوڕێکانم به‌ مه‌یلی خۆیان منیان داده‌ڕشت بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆم باسیان ده‌کردم له‌به‌ر چرپه‌ چرپه‌کانیان گوێم له‌ ژه‌نینی دڵم نه‌ده‌بوو!
 دڵێ ته‌نها سه‌ودای شه‌وێکی هاوین و سه‌رله‌به‌یانیه‌کی به‌هار و ئێواره‌یه‌کی پایزه‌ و نیوه‌ڕۆیه‌کی زستان بوو..
 
                                                   
                                                                12/5/2008
                           
frmesk@arcor.de
 

Previous
Next

Leave a Reply