ژن هیچ مافێكی نییە لەمافەكانی خواییدا، بۆ شاهێدی
له پرسێكی مافی ژن له ئایینی ئیسلامدا، زۆرجار وا خراوه‌ته‌ڕوو كه، ژن نیوه‌ی مافی شایه‌تیدانی پیاوی هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌مه ته‌نها به‌شێكی بچووكی پرسی شایه‌تیدانی ژنه له‌م ئایینه‌دا، ژن نه‌ك دوویان به‌رامیه‌ر پیاوێك، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی جۆره‌كانی شایه‌تیدا هیچ مافێكی شایه‌تیدانی نییه.
دەبێت بزانین ئەو مافانەی شایەتیان پێدەدرێت به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام دوو جۆرن(مافی ئادەمیزاد و مافی خوایی).
یەكەم: مافی ئادەمیزاد، دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر سێجۆردا:
(1) هیچ جۆرە شاهێدیەكی بۆ وەرناگیرێت، تەنها شایەتی دوو پیاو نەبێت، واتە: لەوجۆرە مافەدا شاهێدی ئافرەت و سوێند خواردن وەرناگیرێت، ئەمەش ئەوە جۆرە مافەیە كە، هیچ ماڵی دونیای تێدا مەبەست نەبێت، وەك: شایەتیدان لەسەر، كوشتنی بەقەست و بوختانكردن و ..هتد، هەروەها ئەو مافانەیشی كە، پیاو پێی ئاگادارن وەك: ئیسلام بوون و مارەبڕین و تەڵاقدان و مردن و وەكیلایەتی و سەروەسێت و كەفالەت و …هتد، ته‌نانه‌ت پرسی ته‌ڵاق كه له‌نێوان ژن و پیاوێكدایه، هه‌ر ژن نابێته شاهێد به‌پێی شه‌رعی ئیسلام! وەك پەیامبەریش ووتویەتی: شاهێدی ئافرەت بۆ سزای تاوانەكان و مارەبڕین و تەڵاقدان وەرناگیرێت. (لا تجوز شهادة النساء في الحدود، ولا في الطلاق ، ولا في النكاح) (رواه امام مالك)
كەواتە لەم جۆرەدا بەهیچ شێوەیەك ئافرەت مافی شایەتیدانی نییە.
(2) شاهێدی دوو پیاوی تێدا وەردەگیرێت یان شاهێدی پیاوێك و دوو ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت، یان شاهێدی پیاوێك و سوێندی داواكراوی تێدا وەردەگیرێت، ئەمەش ئەو جۆرە مافەیە كە، مەبەست تێدا ماڵ بێت، وەك: كوشتنی بەهەڵە و قەرز و كڕین و فرۆشتن و…هتد، بۆ ئەم مەبەستە لەقورئاندا دەڵێت: دوو شاهید بگرن لەپیاوانی خۆتان(موسوڵمان) ئینجا ئەگەر دوو پیاو نەبوون، ئەوە با پیاوێك و دووژن بن لەوانەی كە، پەسەندیان دەكەن لەشاهیدەكان، بۆئەوەی ئەگەر یەكێكیان لەبیری چوو با ئەوەی تریان بیری بخاتەوە(1).
كه‌واته جگه‌له‌وه‌ی دووئافره‌ت به‌رامبه‌ر پیاوێكه، هه‌روه‌ها سوێندی داواكراویشی تێدا وه‌رده‌گیرێت، دواجار ده‌بێت موسوڵمانانیش خۆیان ئه‌م دوو ئافره‌ته په‌سه‌ند بكه‌ن و ڕازیبن پێیان، ئه‌گه‌رنا هه‌موو دووئافرهتێكیش نابێته شاهێد.
(3) شاهێدی پیاوێك و دوو ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت یان شاهێدی چوار ئافرەتی تێدا وەردەگیرێت، واتە: سوێند خواردن لەو مافەدا كاری پێناكرێت، ئەم جۆرە مافەش ئەوەیە كە، بەزۆری پیاوان لێی ئاگادار نیین، وەك: حەیز و كچێنی و منداڵبوون و …هتد، وەك پەیامبەریش دەڵێت: شاهێدی ئافرەتان لەو جۆرە شتانەدا دروستە كە، بەزۆری هەر ئەوان پێی ئاگادارن، وەكو: منداڵبوون و كەموكوڕییەكانی ژێر بەرگ.
كه‌واته له‌مافی ئادهمییدا، ژن لهمافێكدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت شایه‌تی بدات، لهدووجۆرهكهی تردا مافی هه‌یه به‌ڵام لهجۆرێكیاندا به‌مه‌رج و لهدواههمیشدا جگه‌له‌وه‌ی پرسی تایبه‌تی ژن خۆیه‌تی، چواریان ده‌توانن ببنه شایه‌ت، واته به‌رامبه‌ر پیاوێك دوو ژن ده‌بێته‌وه به‌شایه‌ت.
تا ئێره مافه ئاده‌مییه‌كان بوو، بزانین له‌مافه خوداییهكهدا مافی ژن و شاهێدی چۆنه؟
دووەم: مافی خوایی، سێجۆرە:
(1)لەچوار پیاو كەمتر بە شاهێد وەرناگیرێت، ئەو جۆرە مافەش زیناكردنە و دەبێت بەچاوی خۆیان ڕووداوەكەیان بینیبێت، ئه‌مه‌ش له قورئاندا (النساء 15، النور13)دا هاتووه. واتە: ئافرەت بەشاهێد وەرناگیرێت، كه‌واته به‌پێی شه‌رع له‌م جۆره شایهتییهدا، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می ئافره‌تانی دونیا زینا ببینن، نابێته به‌ڵگه و شاهێدی.
(2)شاهێدی دوو پیاوی تێدا وەردەگیرێت و به‌س، بۆ ئه‌و تاوانانه‌ی له زینا كه‌متره، ئەو جۆرە مافەش وەك: مەی خواردنەوە و كافربوون و ڕێگری و دزی و …هتد، لهقورئانداباسی هاتووه(2) لەم جۆرەشدا دیسانەوە ئافرەت بە شاهێد وەناگیرێت.
(3)دواهه‌مین مافی شاهێدی كه، یەك پیاو بەتەنها بەشاهێد وەردەگیرێت، ئەوجۆرە مافەش دیتنی مانگی یەك شەوەی ڕەمەزانە، واتە: بەهیچ شێوەیەك نابێت ئافرەت شاهێدی بدات.(3)
كەواتە لەكۆی هەرشەش جۆرە مافەكەدا، ئافرەت بە ڕەهایی لەدەرەوەی چوار جۆریانە، لەدوو مافهكەی تریشدا مافی سەرەكی نییە و بگرە زۆریش لاوەكییە، چونكه به‌بێ ئافره‌ت، پیاو له ته‌واوی مافه‌كاندا ده‌توانێت شاهێدی بدات، دوای بینینی ئه‌م بڕیاره‌ی شه‌رع، ده‌بینین نیوهشایهتی ئافره‌ت به‌و شێوه نییه كه، چ موسوڵمانان و چ هه‌ركه‌سێك وای ناساندووه.
بۆیه ناكرێت ئەو سورەتەی قورئان بكەینە بەڵگە بۆئەوەی وا تێبگەین لەهەموو بارێكدا ئافرەت لەشایەتیداندا دوانیان بەرامبەر پیاوێكە، بەڵك و لەزۆركاتدا هیچ مافێكی شاهێدی نییە.
لێرەدا پێویستە یەكەم جار بپرسین، هۆكاری چییە له‌یه‌كێك لهمافهكاندا(نه‌ك له‌ته‌واوی شایهتیدانادا) ئافرەت دوویان بەرامبەر بەپیاوێكە و ئه‌م شایهتیدانهش بۆ بووه به خاڵی ده‌ستنیشانكردنی شایه‌تیدانی دوو ئافره‌ت به‌رامبه‌ر پیاوێك؟
وەك لە قورئاندا ئاماژەی بۆكردووە، مەبەست لەوەیە كە، ئەگەر یەكێك لەم دوو ئافرەتە لەبیری چوو ئەوی تر بەبیری بهێنێتەوە، لەكاتێكدا ئەم ئایەتە باسی قەرز و مامەڵەی كڕین و فرۆشتنە، وەك لە تەفسیری ڕامانیشدا وەك پاساوێك و بۆ لاواز نەبوونی ئیمانی خوێنەر دەڵێت: دوو ژن لەباتی یەك پیاو لە حساباتی قەرز و قۆڵەدا پێكەوە شایەت ئەبن، چونكە ئافرەتان زۆر كەم بەم جۆرە حساباتانەوە خەریك دەبن، بەڵام بێگومان لەبابەت ئیش و كاری ناوماڵ و منداڵەوە لەپیاو بیری بەهێزترە!
ئه‌م به‌ڕێزه بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه كه، ئه‌گه‌ر ئافره‌تان له‌كاری تایبه‌تی خۆیان بیریان به‌هێزتره، ئه‌ی بۆچی له كۆتا مافی ئادهمییدا كه تایبه‌ته به كاروباری ئافرتان، دووپیاو به‌رامبه‌ر ژنێك ناوه‌ستن و بگره به‌پێچه‌وانه‌وه، دیسان پیاوێك به‌رامبه‌ر دوو ژنه؟!
خۆ ئەگەر بڕوامان كرد كه، ئافرەت لە ڕووی قەرز و قۆڵەوە بێتواناو زووشت لەبیرەوە چووه، ئەی بۆچی لە بینینی زیناكاردا نابێتە شاهێد؟
ئەی بۆچی نەتوانێت شاهێدی لەسەر كەسی مەیخۆر و دزو ڕێگر بدات؟
ئەی بۆچی نەتوانێت شاهێدی بینینی مانگ بێت؟
چونكە ئەمە هیچ پەیوەندی بە لەبیر چوونەوەوە نییە و كارێكی ڕاستەوخۆیە و پەیوەندی بە بینین(چاو)ەوە هەیە، ئایا دەكرێت وەك چۆن قورئان لەپێشتر بۆ شایه‌تی كڕین و فرشتن ووتی با دوو ژن بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بیریان نه‌چێته‌وه، ئێمەش بڵێن لەبەر ئەوەی ژن وەك پیاو چاوی باش نابینێت بۆیە ناتوانێت و ڕێگەی پێنەدراوە كە، شاهێدی بینینی مانگ بێت؟
هیچ گومانێك هەڵناگرێت كە، ئەم دابەشكردنە زۆر نادروستە و كەمنرخ بینینی ئیسلام لە خودی پەیامبەر و قورئانەوە نیشان دەدات، بەرامبەر به ئافرەت.
ئەم كەمنرخ بینینه‌ی ئیسلام بۆ ئافرەتان له شاهێدیدا بەوەندەوە ناوەستێت، ئەوەتا پەیامبەر وەك چۆن بۆ حەیزی ئافرەتان ووتی: ناقص دینن، ئاواش دەڵێت: بۆ ئەوەی شایەتی دانی ئافرەت نیوەی شایەتی دانی پیاوە، ئەوە ناقص عەقڵیشن!(4)
شێخ محمد عەبدەش بارەیەوە دەڵێت: خوا كە ژنی دروستكردووە باری گرانی منداڵ بوون و پەروەردەكردنی منداڵی تاتەمەنێكی دیاریكراو لەئەستۆ ناوە، هەر ئەوەندەی منداڵێكی بوو ئامادەدەبێت بۆ سككردن و منداڵ بوونێكی تر، ئیتر بەم شێوەیە لەمنداڵ بوون و پەروەردەكردنی منداڵ نابنەوە، هەردەڵێیت بەتایبەتی بۆ ماڵ بەڕێوبردن و لەماڵ دەرنەچون دروستكراون، ئەمەش بازنەیەكی دیاری كراوە كە، مێردیان سەرپەرشتیان دەكات، لەبەر ئەوە خوا، لەم ڕوەوە ئەوەندە هۆشی پێداون كە پێویستیان پێیەتی، ئیتر شەرعیش ڕاست پڕاوپڕی فیترەت هاتووە، بۆیە ژنان لەحوكمەكانیدا وادانراون بەپیاو ناگانەوە، نەلە پەرستش و نەلە شاهێدی و نەلە میراتگرتندا.
ئیمامی عەلییش له (نهج البلاغه)دا دەڵێت: ئەی خەڵكینە ژنان ئیمانیان كەمە، بەختیان كەمە، هۆشیان كەمە، كەمی ئیمانیان لەوەوەیە كە، لەڕۆژانی بێنوێژیدا(حەیز) نوێژ و ڕۆژوویان لەسەر نییە، كەمی هۆشیان لەوەوەیە كە، لە شاهێدیدا دوانیان بەرامبەر شاهێدی یەك پیاوە، كەمی بەختیشیان لەوەوەیە كە، لەمیراتدا نیو ئەوەندەی بەشە میراتی پیاویان بەردەكەوێت، كەواتە خۆتان لە خراپەكانیان بپارێزن و لەچاكەكانیشیاندا وریابن، لەچاكەكاریدا بەقسەیان مەكەن، بۆئەوەی چاویان لەخراپەوە نەبێت. (5)
وەك لەم وتانەدا دەردەكەوێت كە، خه‌یاڵی موسوڵمانان بۆ كه‌م هۆشی و كەم دینی ئافرەت چۆن دەبێتە هۆی سوكایەتی پێكردنیان، تا ئەو ئەندازەیەی وەك ئیمامی عەلی ئاماژەی بۆكردووە، بەگومانەوە بڕوانیینە چاكەكردنیشی.
هه‌رچه‌ند ئه‌وه قبوڵنه‌كراوه كه له‌و دوو دانه مافه‌ی ژن ده‌توانێت شایه‌تی بدات، دوو ژن به‌رامبه‌ر به پیاوێكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، لەمافەكانی خواییدا، ئافرەت هیچ مافێكی نییە!
shorshenwar@gmail.com
شۆڕش شه‌ریف زاده
په‌راوێزه‌كان:
1- (البقرة 282، ته‌فسیری ڕامان، دانراوی: ئه‌حمه‌د کاکه مه‌حموو)
2- (الطلاق 2، ته‌فسیری ڕامان)
3- بۆ پرسی شه‌رعی ئه‌م بابه‌ته سود وهرگریراوه له:
• كفاية الأخيار في حل غاية الإختصار: فی الفقه الشافعي، المؤلف: تقي الدين أبو بكر بن محمد الحسينى الحصني، ص677.
• پوخته‌ی فیقهی شه‌ریعه‌ت، ن، طارق حسن هه‌مه‌وه‌ندی، لا525.
• ڕۆژی پرشنگدار، دانانی: عبدالله عبدالعزیز هه‌رته‌لی، لا322.
4- ( صحيح البخاري، كتاب الحيض، باب: ترك الحائض الصوم، ص 116، حديث298)
5- (مرۆڤایه‌تی و ژن و تەڵاق، له‌به‌ر ڕۆشنایی بیروباوه‌ڕه ئاسمانی و زهمیینیهكان، ن،نه‌جم عبدالله محه‌مه‌د، لا513-514).