Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

ژن … یه‌که‌م باوه‌شی حه‌سانه‌وه‌

Be First!
by March 7, 2008 ژنان

پێشکه‌شه‌ به‌ دایکم

گه‌وره‌ پیاوان…مرۆڤی به‌ نرخ…ئینسانی دژی مرۆڤایه‌تی…فه‌یلوسوف و رۆشه‌نبیر و دیکتاتۆر و جه‌لاد …تاد. له‌ ژن له‌دایک بوونه‌ و یه‌که‌م باوه‌شی حه‌سانه‌وه‌یان باوه‌شی ژن بووه‌ یا سه‌رسینگی ژن بووه‌ . رۆژی ژن ده‌بێت بکرێته‌ رۆژی تێگه‌یشتن و ریز گرتنی ژن . له‌ کوردستان ده‌بێت ئاو به‌و ئاگرانه‌ دابکرێت که‌ ده‌بێته‌ هۆی سووتاندنی له‌شولاری ژن …ده‌بێت کوشتنی ژن رابگیرێت . ده‌بێت هه‌وڵبدرێت دڕنده‌یی به‌رامبه‌ر ژن که‌مبکرێته‌وه‌ و برا ریزی خواست و هه‌ستونه‌ستی خوشکی بگرێت. پیاو به‌ چاوێکی مرۆڤانه‌ سه‌یری هاوسه‌ره‌که‌ی بکات و ریزی بگرێت . ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ده‌بێت له‌ سه‌ره‌تای هۆشی منداڵه‌وه‌ ده‌ست پێبکرێت و له‌ باخچه‌ی ساوایان منداڵ فێربکرێت که‌ جیاوازی کوڕوکچ نی یه‌.له‌ قوتابخانه‌ ترس و شه‌رمی کوڕوکچ به‌رامبه‌ر یه‌کتر تێک بشکێت و له‌شولاری کوڕوکچ به‌یه‌ک چاو سه‌یربکرێت و ریزی لێبگیرێت . ژنی کورد شان به‌شانی هاوڕێ کانی له‌ مه‌ینه‌ت و چه‌وساندنه‌وه‌ ژیانی به‌سه‌ر بردووه‌ و ئه‌نفاڵ کراوه‌ و گه‌روو و سینگی پڕی گازی کیمیاوی کراوه . ژنی کورد شان به‌شانی هاوڕێ کانی له‌ رێکخستنی حیزبی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شدار بووه‌ و بووه‌ به‌ پاڵه‌وانی زیندان‌ . ژنی کورد چه‌کی کردۆته‌ شانی و پارێزگاری له‌ شه‌ڕه‌فی بوونی هه‌ویه‌ی [ناسنامه‌ی] کوردایه‌تی و نیشتمانی کوردستان کردووه‌ . ژنی کورد بۆته‌ سه‌رچاوه‌ و ئیلهامی ئه‌و شیعره‌ به‌رزانه‌ی شاعیرانی کورد و هه‌نووکه‌ش له‌سه‌ر لێوان ده‌یڵێینه‌وه‌ . ژنی کورد دایکه‌ شه‌هیده‌… خوشکه‌ شه‌هیده‌… هاوسه‌ری شه‌هیده…ژنی کورد شه‌هیدی ئه‌و کوردستانه‌یه‌ که‌ ئێستاکه‌ به‌رهه‌می ئه‌و ئازادی یه‌ که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌ .ژنی کورد شان به‌شانی ڕۆڵه‌کانی له‌ بنیادنان و دروستکردنی وڵات دا به‌شداره‌ و قوتابیان فێرده‌کات که‌ ببنه‌ ڕۆڵه‌ی به‌که‌ڵکی نه‌ته‌وه‌که‌یان . ژنی کورد ده‌بێت هه‌وڵبدات ده‌رباره‌ی هه‌موو ئازاره‌کانی خۆی قسه‌بکات و بێته‌ سه‌ر شه‌قام بۆ ئه‌وه‌ی داوای مافی ره‌وای خۆی بکات . ژنی کورد ده‌بێت ده‌نگ و ره‌نگی خۆی نیشانی کۆمه‌ڵگا بدات و هه‌وڵبدات ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ بگوڕێت که‌ ده‌بێته‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی . بژی رۆژی ژنان و سه‌ری ریزونه‌وازش بۆ ژنی شه‌هید و شه‌هیدی ژن .                                                   

فـه‌هـد گـرده‌وانـی 8/3/2008 ستۆکهۆڵم‌

Previous
Next

Leave a Reply