Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

ژووری ئینعاش …. حه‌سه‌ن مسته‌فا

Be First!
by October 27, 2011 ئەدەب

             

وه‌ك خوناوێكی وشكی له‌ گه‌ڵا تۆراو
كه‌ هیچ بسكێكی تر وه‌خۆی نه‌گرێ‌
له‌م نێوانه‌دا
بیر له‌ فه‌نابوونی خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
بیر له‌ هه‌تاو ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ ده‌یویست
وه‌ك ده‌نكێك مرواری دابگیرسێم
هه‌موو ره‌نگه‌كان له‌ منه‌وه‌ به‌ربنه‌وه‌ كۆشی نیگا
بیر له‌ ئه‌ستێره‌ كوژاوه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌.
بیر له‌و ده‌نووكانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
كه‌ رقی تینووی خۆیان به‌ من هه‌ڵده‌ڕشت.
بیر له‌و شه‌وانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
كه‌ ده‌یكردمه‌ چڵێك مژدانه‌‌و ده‌یدام له‌ یه‌خه‌ی به‌یانیێكی ته‌ڕ.
بیر له‌ ورته‌ورتی ئه‌و هه‌موو خوناوه‌ رژاوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
كه‌ به‌سه‌ر راوه‌شاندنی چڵه‌ گیایه‌ك فه‌نابوون.
بیر له‌وهه‌موو باوێشكه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌،
كه‌ رووبار به‌سه‌رسه‌ری مندا وه‌ك
ته‌مێك به‌ڕێی ده‌كردن، تا په‌نا بۆ كیژۆڵه‌یه‌كی زه‌مبیله‌ به‌ده‌ست بكات
تا كۆشێك ماچ بچنێته‌وه‌.

ئای له‌و هه‌موو عه‌زابی دیتنه‌
ئای له‌و هه‌موو كۆكه‌كۆكه‌یه‌ی به‌گوێی كه‌س ناگه‌یشت
ئای له‌و هه‌موو ئاوازه‌ برینداره‌،
كه‌ به‌دارشه‌ق ناگه‌یشتنه‌وه‌ سه‌ر نه‌قاله‌
له‌وێ‌ له‌و گرته‌ چركه‌ییه‌ی به‌ر له‌ ڕژان
چیم نه‌دیت؟
 ((سایه‌)) م بینی یه‌كجار پژمی،
وتیان :ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌، بۆ ره‌شنووس نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌تاو.
له‌ولاتریش
 گزنگ ده‌یویست نه‌وازش له‌گه‌ڵ قژم بكات
ویستم پێی بڵێم  هێشتا زووه‌ بۆ سه‌فه‌ر .
ویستم پێی بڵێم:ئه‌گه‌ر له‌سه‌رنجه‌كانم تێبگه‌ی،
هێشتا ترپه‌ی ترم پێماون، چش له‌و ترپانه‌ی خه‌مێك له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یانبات.
 ئای ئه‌م چركه‌یه‌ چه‌ند زه‌مه‌نی له‌خۆگرتن
ئه‌م چركه‌یه‌ چه‌ند ئاخاوتنی ره‌نگاوره‌نگی تیاخه‌مڵی
چه‌ند ژنی تیا ره‌شه‌كوژكرا
چه‌ند كۆرپه‌ بێباوك مان
چه‌ند زمانی به‌یه‌ك ئاشناكردن
چه‌ند دڵڕه‌قی تیانوێنرا
هه‌ر له‌و چركه‌یه‌دابوو
پیری وه‌ك تیرێك له‌ كه‌وانی منداڵی ده‌رچوو
 تۆپێك بۆ به‌ربانگ ته‌قێنرا
ژووری ته‌واری پڕبوون له‌ جۆگه‌له‌ خوێن
پاڵێوراوێكی پیر له‌ولا
به‌ده‌ست، به‌پێ‌، به‌چاو، به‌زار
وتاری ده‌خوێند
له‌و چركه‌یه‌ چی روینه‌دا؟
من هه‌ر به‌دیار رژانی خۆمه‌وه‌ دانیشتووم
 ده‌مویست گه‌ردن ئازایی له‌و په‌ڕه‌ گوڵه‌ بكه‌م به‌ر له‌وه‌ی هه‌تاو بیسمێ‌
ده‌مویست ئه‌و شیعره‌ ته‌واوكه‌م كه‌ له‌ ئینعاش له‌نێو هه‌ستێكی ماندوو ماوه‌ته‌وه‌
له‌و ده‌مه‌دا ئاگام لێبوو
مناڵیم به‌به‌رده‌ممدا تێده‌په‌ڕی، بێباك له‌چاوه‌ پڕ خۆزگه‌كانمی ده‌ڕوانی
لاویم پڕبوو له‌ توڕه‌یی ده‌یویست بڕژێ‌
من هه‌ر به‌یازه‌كانم پڕده‌كرده‌وه‌
ده‌مویست شپرزه‌یی وه‌لانێم تا دوایین رسته‌م ناته‌واو ده‌رنه‌چێ‌.

5\5\2009 ره‌واندز

Previous
Next

Leave a Reply