Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

ژووری عیشق … به‌ندی عه‌لی

Be First!
by May 19, 2012 هۆنراوە

 

.. 2012

که‌هاتیته‌ ژوورێ ، گوڵم
گڵۆپه‌کان بکوژینه‌وه‌و
په‌رده‌ به‌ڕوی مانگه‌شه‌وا
داده‌ ، گوڵم
له‌م ژووره ده‌یجوره‌ی عیشقا
دوو ئه‌ستێره‌ی چاوه‌کانت
له‌من سه‌روزیاده‌ ، گوڵم

که‌هاتیته‌ ژوورێ ، گوڵم
ده‌رگای ژیان
به‌کراوه‌یی جێ بهێڵه
که‌س شه‌رم له‌ئێمه‌ ناکا
چیمان هه‌یه‌ له‌خه‌ڵکی بشارینه‌وه‌
غه‌یری خه‌زنه‌یه‌کی پڕی
هه‌وری خه‌ستی عیشق نه‌بێ
ده‌لێگه‌ڕێ ، گوڵم ئه‌مشه‌و
ئه‌ویش به‌ڕه‌‌هێڵه‌ داکا

که‌هاتیته‌ ژوورێ ، گوڵم
خه‌مه‌کانت به‌بزماری
پشت ده‌رگاکه‌وه‌ هه‌ڵواسه‌
ئه‌مشه‌و ته‌نیا شه‌وی عیشقه‌و
ئه‌وی پێویستن بۆ ژیان
هه‌ر دوو ماچ و دوو چرپه‌یه‌و
دوو هه‌ناسه‌

که‌هاتیته‌ ژوورێ ، گوڵم
به‌ر له‌هاتن
پێویست ناکا له‌ده‌رگا به‌ی
نه‌با په‌ریه‌کانی عیشق هه‌ڵدێن
پرسی ده‌نگ و ڕه‌نگیش مه‌که‌
لێره‌ له‌م ژووری عیشقه‌یا
ڕه‌نگی عاشقان هه‌مان ڕه‌نگه‌و
هه‌ر به‌یه‌ک زمانیش ئه‌دوێن

که‌هاتیته‌ ژوورێ ، گوڵم
قه‌فه‌زی سنگ ئاوه‌ڵاکه‌
با ڕه‌نگاڵه‌ی دڵت بفڕێ
ژوور ئامانه‌
تفه‌نگ زاتی ئه‌وه‌ ناکا
بێته‌ ژوورێ و
ئه‌وه‌ی ئێره‌ی لێ یاساغه‌
نه‌سلی به‌دی ڕاوچیانه‌
ده‌سا بێره‌ ژوورێ ، گوڵم

Previous
Next

Leave a Reply