Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ژیان لەمەنفابێزاریە…! سەروەر کەریم

ژیان لەمەنفابێزاریە…! سەروەر کەریم

Closed
by December 2, 2011 ئەدەب

بەیانیانی ئێرە ڕەنگی تەمی گرتوە
شەقامەکان پڕن لەهەناسەی مەرگ و ،
باخچەکانی بۆنی هیچ گوڵێکیان لێ نایە .
هەموو ڕەنگەکان لێرە خۆڵەمێشین و،
نیگار کێشەکان دەست بەرداری تابلۆی ژیان بوون .
شیعر ماڵئاوایی لەزمانی عەشق کرد و،
خەندەکان لەسەر لێوان تۆران و
دەمووچاوەکان هەموویان پێناسەی بێزارین .
کەس خەون بەهاتنی بەفرەوە نابینێ ،
لەمێژە ڕەنگی سپی نادیدە بووە .
پیاسەی دولبەران تەژیە لە بێ هیوایی و
بەسەر بردنی کاتە بۆ کێشانی جگەرەیەکی (مەریوانە).
کوچەکانی ئەم مەنفایە بێ خەون بووە ،
هیچ موسافیرێک لەخۆناگرێ .
(با) زاکیرەی ناچێتەوە بۆ دەریا
باران ئەم سەرزەمینە ناشواتەوە،
تا کەنار دەریا و نەوڕەس ئاشت بکاتەوە .
لێرە هەموو شتەکان کۆتاییان هاتوە
هەستێک نەماوە بۆنی ژیانی لێ بێت .
ڕوانینەکان هەمووی بارگاوی بوون بەتەنهایی …
زەنگی کڵێساکان ئاماژەن بۆ کۆتایی کاتژمێرێک
هیچ قەشەیەک دەست بۆ کاسی پیرۆز نابات و،
سرووتی پێشکەش کردنی قوربانی نمایش ناکات .
ئای … ئەم مەنفای وێران !
ئەم هەموو بێزاری و نامۆییەت لەکوێوە هێنا؟
تا قەسیدەکانی عەشقی پوشکین لەیادکەی و،
پیاسەیەک لەگەڵ سەمفۆنیاکانی بتهۆڤن نەکەیت و،
دەست بەرداری تابلۆکانی ڤان کوخ بیت .
ئەفسوس … ئەفسوس
ئەم خۆرئاوایە دەمێکە ساناتۆس بەسەریدا زاڵە و،
کەس بەشوێن ئیرەمی ژیاندا ناگەڕێ .

هۆڵەندا
30/11/2011

تێبینی :
مەریوانە جۆرێکی حەشیشە لەهۆڵەندا یاساخ نییە ، گەنجەکان بەزۆری دەیکێشن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.