Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

ژیان لەودیو چاویلكەكەى (یوسف عیزەدین) ەوە

Comments
by November 20, 2008 ئەدەب

 ژیان لەودیو چاویلكەكەى (یوسف عیزەدین) ەوە
  عومەر جەلال
 
 لەتەك هانیبال بەرەو چیاى ئەلپ دەڕوا
 كۆنسێرتێكى نەمریى بۆ فیلەكان پێشكەش دەكات
 وەك ئەفسانە لافیتە رەشەكانى ئازیزان
 لە بارەگاى حیزب و مزگەوتەكان دەكاتەوە
 كۆژانى كوردە عەلەوییەكان دەكاتە كتێبێك و
 بە (باران) چاپى دەكات
 بە (با) دا دابەشى دەكات
 لەسەرووى كوشتنى مرۆڤ و سرووشتەوە
 كەمپینێك بۆ كوشتنى ئاژەڵان درووست دەكات
 بەتەنیا هەر خۆى و چاویلكەكەى ئیمزاى دەكات
 ژیان لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 یوسفێكە لە نێو  تاریكى بیرێكدا دەستێك نییە دەرى بكات
 ماڵ لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 پێخەفێكە لە خوێن
 نیشتمان لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 حیكایەتێكى نەنووسراوە
 مەنفا لەو دیو چاویلكەكەى یوسفەوە
  سێبەرى سەگێكە ئاسوودە
 
  (یوسف عیزەدین) ى چیرۆك نووس
 نووسین لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 ونبوونە لە نێو وێڵگەى یادەوەرییەكان
 ئەفسانە لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 رێگایەكە بۆ قوتاربوون لەم دۆزەخە
 دەركەیەكى كراوەیە بۆ خۆكوشتن
 منالێكى خوێناوییە و هەردەم دەگرى
 باوك لەودیو چاویلكەكەى یوسفەوە
 مرۆڤێكى تەنیایە و هەمیشە دەخوێنێتەوە
 رامانێكى بێ سنوورە لە بێدەنگى ژیان
 omerjelal@yahoo.com
 
 *ئەم نوسینە ناوى شیعرى لێ نانێم دەشێ لەودیو چاویلكەكەى یوسف عیزەدینەوە شیعر بێت.
 

Previous
Next

Leave a Reply