Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ڤالانتاین و خوێندنەوەیەکى تیۆریانە بۆ عەشق… نیهاد جامى

ڤالانتاین و خوێندنەوەیەکى تیۆریانە بۆ عەشق… نیهاد جامى

Closed
by February 14, 2008 گشتی

ئەمساڵیش وەکو نەریتى ساڵانە هەر لە ڕۆژنامەى ئەلکترۆنى دەنگەکان و بە بۆنەى جەژنى ڤالانتاین تێڕوانینێکیتر لەسەر عەشق دەردەخەین، جیاوازى ئەو نووسینە لەگەڵ ئەوانیتر لەوەدایە لە ساڵانى ڕابردوودا دەمانویست لە تێڕوانینى عاشقەوە سەیرى ئەو ڕۆژە بکەین، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕوانینێکى جیاواز دەمانەوێ پەیوەندى عەشق لەڕووى تیۆریەوە بخوێنینەوە، هیوادارین ئەوکارە نەبێتە هۆى کوشتنى عەشق، بەدڵنیاییەوە تیۆرەکان لەناو عەشقەوە خۆى سەرهەڵدەدەن، بۆیە ئەوە کتێبەکان نین ئەو ووتارەیان بە ئێمە نووسیووە، بەڵکو لە پشت ئەو نووسینەوە کۆمەڵە حیکایەتێکى عەشق ئامادەبوونیان هەیە کە بەپێى ئەزموونەکانى عەشق هەوڵمانداوە ئەو پەیوەندیانە بە تیۆریزە بکەین، بە تایبەت کاتێ ویستومان ئەزموونى یادەوەرى خودى بگوازینەوە بۆ خوێندنەوەى سیمیۆلۆژى بۆ عەشق، ئەگەر لەو کارەدا نەمانتوانى دیدێکى جیاواز بە عەشق ببەخشین، بەڵام توانیومانە لەو رٍێگەیەوە بەشدارى لەو ڕۆژە بکەین و دڵى یار ڕابگرین بەوەى هێشتا ئەو لەناوما ئامادەیى هەیە، بەڵام لێرەوە دەڵێن ئەگەر شکست و ئازارى تۆ نەبوایە ئەو هەموو تێگەیشتنە ڕەخنەییە بۆ عەشق لە دایک نەدەبوو، ئەى یار تۆ چ ئەفسانەیەکت لەناخما خوڵقاندووە.
ئیشکردنەوە لەسەر پەیوەندى نێوان زانست و ئیرادە خوڵقاندنى گوتارێکى نوێى نێو پەیوەندیەکى هاوبەشە بۆ بنیاتنانى تێکستێکى نوێ، بەڵام ئەگەر هەر تێکستێک کۆمەڵێک چاوگەى ڕۆشنبیرى و فکرى لەپشت وەستا بێت، ئەوا ئەو کاتانەى دەمانەوێ لە ئەزموونى خودى پەیوەندى مرۆیى وەک عەشق بدوێین ئەوەى لەپشت نووسینەوەیە، ئەوە کتێبە فکرى و سەرچاوە تیۆریەکان نین، هێندەى ئەزموونى خودى نووسەر لەپشت نووسینەوە دەگوازرێتەوە، بەوەى ئەزموونى خودى دەبێتە مەعریفەى نووسین، بۆیە کاتێ لە بارەى سیمیۆلۆژیاى عەشق دەدوێین ئەوە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەى ئەزموونى خۆشەویستى، بەڵام لەناو پەیوەندى ئاماژەکارى (سیمیۆلۆژیا)، ئەگەر لەساکارترین پیًَناسدا بمانەوێ وەڵامى سیمیۆلۆژیا چیە؟ بدەینەوە، دەڵێین، سیمیۆلۆژیا میتۆدێکى ڕەخنەییە بۆ تەئویل، دامەزراندنى پەیوەندى نێوان ئاماژە و زمانە، خوێندنەوەى ئەو ئاماژانەیە کە لەناو زماندا کار دەکەن، لەو پێناسەیەوە تێدەگەین کە سیمیۆلۆژیا ئیشکردنەوەیە لەسەر پەیوەندى نێوان ئاماژە و زمان، بەڵام ئەو پەیوەندیە لەکوێى عەشق تەئویل دەکرێتەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە پێویستمان بەوەیە سەرەتا ئەوە بزانین کە ئێمە لەچ چەمک و تێڕوانینێکەوە سەیرى عەشق دەکەین؟ دیارە مەبەستمان نیە لەتێڕوانینى فکرى فەیلەسوفەکانەوە لە عەشق نزیک بینەوە، هێندەى مەبەستمانە لە گریمانەى ئەزموونەوە سەیرى بابەتەکە بکەین، بۆیە بڕوامان وایە ناتەباترین و جوانترین پێناس کە ئەم نووسینە لەخۆى دەگرێت ئەوەیە: عەشق پرۆسەیەکە بۆ نوسینەوەى خود.
ئەو تێگەیشتنە لەبنەڕەتدا بۆخۆى هەڵگرى دەلالەتى سیمیۆلۆژیە بەوەى عەشق هەڵدەستێ بە پرۆسەى نووسین، بەڵام ئەو نووسینە چیە؟ ئەو نووسینە هەوڵێکە بۆ نووسینەوەى خودى نەنووسراو، بەوەى ئەزموونى خود بەر لەعەشق ئەزموونێکى نەنووسراوە، بەهۆى ئەوەى بونیادەکانى نێو ژیان بونیادێک نین خود فرمان بە پەیوەندیەکان بکات، ئەوە سیستمێکە بونیادەکان بەڕێوە دەبات، بەڵام عەشق ئەزمونێکە بونیاد دەکاتە میکانیزمێک بۆچۆنیەتى نووسینەوەى شتەکان، لەو ڕێگەیەوەش خودى نەنووسراو خۆى دەنووسێتەوە، ئەو نووسینەوەیە دابڕانە لەتەک دنیاى بەر لەنووسین، بەوەى خود لە ئەزموونى عەشق دەیەوێ وێناى دنیایەک بکات کە خۆى خوڵقێنەرى بێت، ئەوەش ماڵێکە لەزمان بەوەى دۆست بۆ خود ڕووى تەواوکەرى نووسینە، ئەگەر خودى عاشق نووسەرەوەى تێکستى عەشق بێت، دۆست دەبێت بە خوێنەرى ئەو تێکستە، پەیوەندى نێوان نووسەر و خوێنەر پرۆسەیەکى هاوبەشە بۆ نووسینەوەى تێکست، ئەوە پەیوەندى نێوان خود (منى عاشق) و ئەویتر (تۆى دۆست)ە، بۆیە ئەگەر نووسین پرۆسەیەک بێت بۆ نووسینەوەى مێژووى خود، تیایدا ئەو مێژووە بخرێتە نێو سیستمێکى ئاماژەکارى کە خوێندنەوەى ڕەخنەیى بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە تواناى بەرهەم هێنانى دەلالەتەکانى نووسینەوەى نابێت، چونکە شکاندنى بێدەنگى پێویستى بە بەشداریکردنى ئەویترە، بۆ ئەوەى تواناى نووسینمان هەبێت، دەبێت ئەویتر هەوڵى دواندنى خود بدات بۆ شکادنى بێدەنگى، گۆڕینى بێدەنگى بۆ زمان، بەماناى هەڵماڵینى ئەو دەمامکە ساختەیەى بێدەنگیە، بۆ ئەوەى نەیەتە زمان لەڕیًَگەى زمانەوە نهێنى دەشارێتەوە، ئەو شاردنەوەیە پرۆسەیەکە بۆ ئاشکرا نەبوونى حەقیقەت، کە ڕابردووى خود بنیات دەنێت، ئەگەرچى ئەو حەقیقەتە نەبێتە پێوانە بۆ کەسێتى خود، چونکە حەقیقەتى ڕەها بوونى نیە.
بەزمان هاتن پڕۆسەیەکە ئەویتر دەیەوێت خود بکەوێتە قسەکردن تاوەکو یادەوەرى بکوژێت، ئەو یادەوەرییە لە ئێستادا وەک دەقێکى زمانەوانى سەیرى بکەین، کە شایەنى فرە تەئویلیە، ئەویتر لەڕێگەى هاندانى خود دەیەوێ لەڕێگەى شکاندنى بێدەنگى ئەوى نێو یادەوەرى بکوژێت، بۆیە لەو دەقەدا دەکەوینە بەردەم سێ فیگورى نێو دوو زەمەن، بەستنەوەى ئەو دوو زەمەنەش خودە، فیگورى نێو هەر زەمەنێک (ئەو/ ئەویتر) ە، کاتێ خود دەیەوێ لەڕێگەى قسەکردن لە ڕابردوو کۆتایى بەو خەندە بەردەوامەى بێنیًَت، کە وەک ئاماژەیەک بۆ دەسخەرۆدانى دەوروبەر دەیخستە ڕوو، کۆتایى هێنان بەو خەندەیە سەرەتایە بۆ قسەکردن، بۆیە ئەگەر لەڕێگەى بێدەنگیەوە خود ببو بە فیگورێکى مردوو، ئەوا ئەویتر دەیەوێ زمان بەو مردووە ببەخشێت، بۆیە بەریەککەوتنى (ئەو- مردوو) و (ئەویتر- زمان) خوڵقاندنى دیالۆگە، کە هاتنە دەنگە لە خەندە و پێکەنین، کەشفکردنى دەمامکى ئەودیو ڕووخسارە، دەبێ بە سەرەتایەک بۆ پرسیارکردن لە پەیوەندى خود بە ئەو، بۆیە ئەو لەناو بێدەنگى یادەوەرى هەر بە زیندوویى خۆى دەردەخات، بەوەى وێنەیەکى باڵاى هەیە لەلاى خود، وێنەى فیگورێک کە پەریزادەیە.
لە ئەنجامى قسەکردن و ڕەخنەگرتن لەنێو پرۆسەى خوێندنەوە، ئەو وێنەیە کاڵ دەبێتەوە، ئەوەش وەرگرتنەوەى وێنەى موقەددەسە لە ئەو، سڕینەوەى ئەو وێنەیە ئەگەرى ژیاندۆستى دەخاتەوە بەردەم خود، بۆیە کاڵبوونەوەى ئەو.. بنیاتنانى وێنەى ئەویترە، کە دەبێ بە میکانیزمێکى زمانەوانى، ئەو گۆڕینەوەى وێنەیە لە ئەو بۆ ئەویتر مەبەست هەمان ڕوانین نیە، چونکە لەڕێگەى ڕەخنەگرتن خود کەوتۆتە بەردەم ئەگەرى هەڵەکردنى ڕابردوو، بۆیە لە ئێستادا ئەویتر سۆبژێکتێکە بۆ بەشدارى کردن لە نووسینەوەى خود، قسەکردنى خودە لەڕابردوو، قسەکەر هەڵدەستێ بە پرۆسەى نووسین، چونکە سیستمێکى مۆرفۆلۆژى گێڕانەوە دەباتە ئاستى دەق، هەڵبەت گێڕانەوە بەپێى تێگەیشتنى لەو زەمەنە هەنووکەییە ڕابردوو دەگێڕێتەوە، بەواتاى شکست و دۆڕانەکان ناشارێتەوە و ڕووپۆشیان بکات بە جوانى، بەڵکو گومان لەناو گێڕانەوە ڕۆڵێکى بەرچاو دەبینێ بۆ خوێندنەوە، بوونى ئەویتر بۆ بەشداریکردن بۆخۆى جۆرێکە لە گومان و فڕێدانى ڕووپۆشەکان، ئەو وێنە وەهمیە دەگۆڕدرێت بۆ حەقیقەت، حەقیقەتى ئەوەى ئەو لەواقیعدا چۆن بووە، نەک وەک ئەوەى خود لە دوێنێ سەیرى دەکرد، بەڵکو وەک ئەوەى هەبوو، ئەویتر چەندە لەو بەشداریکردنە قسەکەر نییە و تەنیا گوێگرە، بەڵام ئەو گوێگرتنە بەشێکە لە پرۆسەى قسەکردن، تواناى گوێگرتن وادەکات بەرامبەر هەست بکات کەسێک هەیە دەتوانێ گوێ لەو ڕابردووە بگرێت.
 لەگەڵ کۆتایى حیکایەتەکانى خود، پرۆسەى دەستپێکردنەوەى نووسین سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە، لەڕێگەى قسەکردنى هەردووکیان لەو ڕابردووە، بەواتاى گێڕانەوە لەگەڵ کۆتایى هاتنى ڕووبەرێک دەست نیشان دەکات بۆ قسەکردنى ئەویتر.. ئەوەش هەوڵێکە بۆ خۆڵقاندنەوەى ئیرادە، ئیرادەى کوژراوى ڕابردوو چۆن لە ئێستادا زیندوو ڕادەگرێت؟ بۆ ئەوەى نەکەوێتە نێو زەمەنى ڕابردوو دەبێ بە جیاواز لەو زەمەنە سەیرى زەمەنى گێڕانەوە بکات، دەبێ گێڕانەوە تواناى ئەوەى هەبێت یادەوەرى بکوژێت، ئەو کوشتنە  ئیرادەیەکى ئەنتۆلۆژیە، بۆیە ڕزگاربوون لە یادەوەرى تەنیا دەسبەرداربوونى فیگورێکى دەست نیشان کراو نییە، یادەوەریى لە توانایدایە لە ئێستادا بپەڕێتەوە نێو فیگورێکیتر، بۆیە ساتەوەختى قسەکردن زەمەنێکە ئەویتر بۆ خود تەنیا وێنەى موقەددەسگەرایەک وەرناگرێت، بەڵکو دەبێتە بەشدارێک لەنێو کوشتن ئاماژەکانى یادەوەرى و بنیاتنانى خەون لە ئێستادا، خەونێک لەدەرەوەى پەیوەندى دوو ڕەگەز سەیرى ڕووبەرى یەکترى بکەن، بەڵکو ئامادەگیەکە بۆ پرسیار، پەیوەندیەکە بۆ خوڵقاندنەوەى دیالۆگ، لەنێو ئەو دیالۆگەى خود و ئەویتر دارسێو وەک ئاماژەیەکى زمانەوانى وەردەگرین، کە بۆ فریودانى یەکترى نییە، هێندەى ئاماژەیەکى نەبینراوە، بەواتاى تێکشکاندنى دەلالەتى ئەفسانەیى سێو بۆ ڕابردوو، نووسینەوەى دەلالەتى جیاواز بۆ ئێستا کە لە نەبینراوێکەوە زمان بیکات بە بینراو، ئەوەش جۆرێکیترى تەئویلە بۆ حەقیقەت، بەوەى سێو بەشێکى ئاشکرا نەکراوى حەقیقەتە، لەڕێگەى نووسینەوەى شکست و گەڕان بۆ کوشتنى رٍابردوو هێزێک پاڵمان دەنێت بۆ وەدەست کەوتنى، چونکە ئەگەر ڕابردوو سێوێکى گەنیو بوو، ئێستا سێوێکە دەبێت لە نەبینراوەوە بۆ وێنەیەکى هەست پێکراو بیگۆڕین، بۆیە پووچیە واتێبگەین لەدەرەوەى ئەو پەیوەندیە دەبێت بۆ دارسێوێک بگەڕێین، گەڕانیش پەیوەندى بە هێزى بینینەوە هەیە کە (چاو) ە، ئایا چاوەکانى ئەو هەر لەسەرەتاوە مردنى لەناو خۆى هەڵنەگرتبوو؟ چونکە دەکرێ تەئویلکار لە ئێستادا تەئویل بۆ ئەو ڕابردووە دەکات، کاتێ لەیەکەم قووڵبوونەوە لەنێو چاوەکانى (ئەو) دا مردن بەتابووتێکەوە پاڵکەوتووە، ئەو تابووتە مردنى خودە، هێزى بینین دەیبینێت و نایەوێ بڕواى پێ بێنێت، بۆیە لە نەستدا هەڵیدەگرێت، لەساتەوەختى پچڕانى پەیوەندى لەنێوان (خود/ ئەو) دا، ئەو وێنەیە دەکەوێتە نێو نیگاى، لەکاتێکدا ئەگەر لەچاوى ئەویتر ووردبینەوە، دەلالەتى جیاوازى هەیە.. مردن دەگۆڕێت بە ئومێد، خەونى ئومێد هێندە بەرەو ژیاندۆستى و دوورگەیەکى نادیار بەدى دەکرێ، ترسى دوورکەوتنەوە و مانەوەى خود لەناو تەنیایى درووست دەکات، ئەو تەنیاییەش وێناکردنێکە بۆ خوێندنەوەى ئەویتر تا شوێنگەى لەناو خود دەست نیشان بکات، ئەوەش بە تەنیا پەیوەندى بە ترسى جوداییەوە نیە، بەڵکو پەیوەستە بەیەکەم ساتەوەختى ترس، ساتى بەر لە بەشداریکردن، کاتێ لەبینینى ئەویتر لەناوخۆیدا دەڵێت "ئەو بۆقژى لەباران دەچێت، ئەگەر پەنجەم کەوتە نێو قژى و هەستمکرد پەنجەکانم لەژێر باراندان و نەک لەنێو قژى ئەودا چیبکەم؟" دەبێ لە نووسینى ئەویتر لەو گومانەوە دەست پێبکەین تا پێشبینى کردن بۆ ژیاندۆستى.
ئەوەش پرۆژەیەکە بۆ سڕینەوەى ئەو، بەرهەم هێنانى پرسیارە لەسەر رەهەندى ئەنتۆلۆژى ئەویتر، بۆیە بە مردنى ئەو، ئەویتر لە گوێکرێکەوە دەبێت بە (گوێگرێکى قسەکەر) بەشدارى دەکات لە پەیوەندى دەلالى زمان، چونکە دەیالۆگ دەکات لەسەر گومان و پرسیارەکانى خود، مەرجنییە ئەو پەیوەندیە بگاتە بڕیارى بەیەکەوە ژیان، ئەو بڕیارە لەو ڕۆژگارەماندا زیاتر دەستەواژەیەکى سیاسیە، بەڵام بۆ عەشق بڕیارێکە بەدواى کۆتایى هاتنى گومان و وەڵامدانەوەى پرسیارەکان یەکلایى دەبێتەوە.
ئەو قۆناغە بڕیار لە بەشدارى کردنى هەمیشەیى خود و ئەویتر دەدات، چونکە دەکرێ بەدواى پرسیارەکان سەرسامبوون بە ئەویتر کاڵبێتەوە، ئەوەش بەدواى کوشتنى (ئەو) و قسەکردن لەسەر ئاستى خەمە هاوبەشەکان و چۆنیەتى سەیرکردنێکى ڕەخنەگرانە بۆ خەونێکى خۆشگوزەران دەتوانن (خود و ئەویتر) بگۆڕن بۆ چەمکى (ئێمە) ئێمەیەک ئەو تیایدا ئاسەوارى نەماوە و تەنیا پرۆسەیەکى بەشداریکارییانەى (ئەویتر) بوو لە نووسینەوەى (خود) دا.
 نووسین پەیوەندى نێوان زمان و ئاماژە دەکاتە پرۆسەى تەئویلخوازى نێو ڕووبەرى دنیاى عاشق، لێرەوە پەیوەندى ئەو تێکستە بە دەنگەوە، دۆخێکى دەروونى بۆ خوێندنەوە درووست دەکات، چونکە خود لەئەنجامى شکستەکانى نێو ڕابردوو پەناى بۆ عەشق بردووە، ئەوە هەستکردنە بە تەنیایى، وامان لێدەکات دنیایەکى نوێ بۆخۆمان درووست بکەین، بۆیە ئەو دنیایە خاڵى نیە لە یادەوەریەکى توڕە، یادەوەریەک کە لێوان لێوە لە برین و شکست و ئەندێشە خودیەکان، بەهۆى ئەوەى عەشق لەنێوان سەرسام بوون و خۆشویستن لەیەک جیا نەکراوەتەوە، ئەوە سەرسامیە وامان لێ دەکات بڕوا بەعەشقى یەکەم نیگا بکەین، لە ئەزموونى ژیانى هاوبەشى ماڵ بانگەشە بۆ شکست بکەین، بەوەى دۆست ئەو بەرامبەرە نەبوو کە وێنەى یارى پێدرابوو، لە ڕاستیدا ئەوە ئێمە بووین شکستەکان بەرەو ئەزموونى ماڵ هێنامانى ئەوە یادەوەرى بریندار بوو ماڵى پێ درووست کردین، ئەوە هەرەسى نێو ژیان بوو، ڕق بوو لە دنیایەک کە لەسەر سەرکوتکردن درووست کرابوو، بۆیە نەمانتوانى ئەزموونى نووسینەوەى خود، بکەینە تێکستێک کە نەمرێت، بەڵکو یادەوەرى خود مردنى تێکستى عەشقى لەگەڵ خۆى هەڵگرتبوو، دواجار بیرمان نەچێت ئەوە خود نەبوو بڕیار دەدات کە ئەزموونى ماڵ ئەزموونێکە تەسلیمى دنیاى نێو واقیع دەبێتەوە بەوەى دەبێتەوە هەڵگرى هەمان مۆڕال، بەڵکو ئەوە هەستکردن بە تەنیایى بوو پرۆژەى کوشتنى تێکستى عەشقى هەڵگرتبوو، ئەو کوشتنەش بیرۆکەى خۆکوشتن لاى نووسەر و تەسلیمبوونى خوێنەر بە تێکستى داخراو دێنێتە کایەوە، بەوەى تەسلیمبوونى خوێنەر و خۆکوشتنى نووسەر پرۆسەیەکى هاوبەشن لەسەر کۆتایى هاتن بە تێکستى ئاماژەکارى عەشق، بەهۆى ئەوەى ئەگەر ئەو تێگەیشتنە بپەڕێنینەوە نێو واقیع. ئەو کاتەى ئەزموونى عەشق شکست دێنێ، خوێنەرى ناو تێکستەکەمان تەسلیمى ئەو دیدە واقعیە دەبێت، بڕیارى سەفەرکردن دەدات بۆ خاکێکیتر، بەوەى ئیدى ڕازیە ببێت بە ماتریالێک و بوونى بەیەکجارى وەک کەسێکى ئەکتیڤ بسڕدرێتەوە. لێرەوە ئێمە دەکەوینە بەردەم خۆکوشتنى خود (نووسەر) و سەفەکردنى ئەویتر (خوێنەر).
ڕەنگە ئەو پرسیارە ڕووبەروومان بێتەوە، کە چۆن سەفەر و خۆکوشتن دەبن بە دوالیزمى یەکترى بۆ بەرامبەر؟ ئایا ڕووبەرێکە بۆ کۆتایى هێنان یان گەڕانێکە بۆ دۆزینەوە؟ ئایا گومانى سەیرکردن بۆ مەرگ نابێتە یەقینێک کە ڕووبەڕووى نائومێدیمان بکاتەوە؟چونکە ئەویتر بەدواى ئەوەى دۆخى بێدەنگى خود تێکدەشکێنێت و زمان دەکاتە پەیوەندى نێوانیان و گۆشەگیرى فەردانى هەر یەکێکیان کۆتایى پێ دەهێنێت و ئەلتەرناتیڤى ئەو گۆشەگیریەش (گوتارى ئێمەیە لە بووندا) شوێنگەى ئەو گوتارەپەیوەستە بە ئیرادەى ئێمە، ئیرادەیەک تواناى خوڵقاندنى فەزایەکى یۆتۆپى هەیە، کە دەتوانێت لەناو ئەو فەزایەش جیهانێک لەنێو تێگەیشتنى خۆیان بخوڵقێنن، کە پەیوەندى بە هێزەکانى ترەوە نەبێت و خۆشى داببڕێت لەو ڕابردووە خودیە، بەڵام ئەویتر بەدواى خوڵقاندنى ئەو گوتارە بڕیار لە سەفەر دەدات، سەفەر کردن خەونى ژیاندۆستى فراوان دەکات، بڕواى بە (مانەوەى ئێرە) نیە، ئەو سەفەرە دەبێت بە بڕیارى ستراتیژى ئەویتر کە متمانە بە شوێن لەدەست دەدات، هەڵگرى مانایەکى قووڵ نیە، بەڵکو بەشێکە لەو وەهمەى پانزە ساڵە وێنەى ژیاندۆستى لە (ئەوێ) دا دەبینێتەوە، وەهمێک هەڵگرى پرسیار نیە، هێندەى لەنێو فانتازیاکانى خۆیدا نووقم بووە، فانتازیاکانى سەفەر وێناى دنیایەکە بەدژى زەبر وزەنگ و کولتورى چەپێنراو، سەفەر دەبێ بە دنیایەک  منداڵبوونەوەى ئەویترى تێدا دەست پێدەکات، ئەو سەفەرە کاتێ بە دەرچوون لێرە فانتازیاکانى کۆتایى هات، ڕووبەڕووى تراژیدیا دەبێتەوە، تراژیدیاى لەدەست چوونى ئێستا و هەست کردن بە تاوانى خۆکوشتنى خود، چونکە ئەویتر لەو خۆکوشتنە بەرپرسیارە، دواجار لەگەڵ مردنى فانتازیا دەبێت بە خاوەن شوناسى دڕندە و گوناهبار، ئەوەش دەیکات بە کەسێتیەکى ماسۆشى کە چێژ لە ئازاردانى خۆى دەبینێت، بۆیە مەرگى فانتازیا مردنى خەونى نەوەیەکى ترسنۆکى ژێر دەسەڵاتێکى سەرکوتکاریانەیە، چەمکى دەسەڵات تەنیا واتایەکى سیاسى نیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکانى هەناوى کۆمەڵگا، بۆیە لەو هۆکارە دەپرسین کە: بۆچى خۆکوشتن دەبێ بە دوالیزمى سەفەر؟
پێشتر ئەوەمان خستە ڕوو کە خود لە ڕێگەى بەشداریکردنى ئەویتر بۆ نووسین دێتە زمان، نووسین ڕەخنەگرتنە لە ڕابردوو، کوشتنى زەمەنى یادەوەرییە، سڕینەوەى (ئەو) ى نێو یادەوەرییە لە ئێستادا، ئەو سڕینەوەیە پەیوەندیەکى هەنووکەیى دادەمەزرێنێت، بە سەفەرکردنى ئەویتر ئەو پەیوەندیە هەڵدەوەشێتەوە، هەڵوەشاندنەوە بە تەنیا مانەوەى خودە، مانەوەیەک چۆن ڕابردووى پێ دۆڕاند، ئاوا (ئێستا) شى پێ لەدەست دەدات، بۆیە داهاتوو بۆ خود دەبێت بە بێماناییەکى گەورە، بێماناییەک بڕیارى خۆکوشتنى پێ دەدات، ئەگەر پرسیارێک ئاراستەمان بکرێ، بۆچى بەر لە ئامادەبوونى ئەویتر خۆکوشتن نەدەبووە بڕیارێک.. خۆ ئەو ساتەش ئەوى نێو ئەفسانەکانى عەشق دۆڕابوو؟ هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوکات یادەوەرى خۆى لەناو ژیانى درێژ دەکردەوە، خود خۆى بە درێژکراوەى زەمەنى یادەوەرى دەزانى، ئەگەر هەڵوێستى ئێستاى خۆکوشتن بێت، ئەوساش هەڵوێستى هەبوو بەڵام جیاواز بوو، لەبڕى کۆتایى هێنان بە جەستە کۆتایى بە دەنگ هێنابوو، بێدەنگى هەڵبژاردبوو، بەڵام ئەویتر دەنگى پێ بەخشیەوە، بۆیە دوورکەوتنەوەى لە شوێن.. دوور کەوتنەوەیە لە خود، ئەو دوورکەوتنەوەیە بێماناکردنى ئایندەیە، بێمانایى پرۆژەیەکە پێشنیارى ئەنفالى بۆ خود دەخاتە ڕوو، ئەنفال کردنى جەستە.. کۆتایى هێنانە بە ژیان، بۆیە ئەگەر ئەویتر سەفەرکردن بە گەڕانێک ناوببات بۆ دۆزینەوەى خۆشبەختى و دەرچوون لە هەڕەشەکانى نائومێدى، ئەوا خود لەڕێگەى خۆکوشتن مومارەسەى فەنابوون دەکات، ئەوەش کاردانەوەیەکى کۆمەڵایەتى نیە، چونکە کاردانەوەى کۆمەڵایەتى ئەوکاتە دەردەکەوت، ئەگەر بەدوور کەوتنەوەى لە ئەو بەو کارە هەلًَبستابا، بەڵام کاتێ بەهۆى دابڕان لە ئەویتر ئەو بڕیارە دەدات،  خۆکوشتن دەبێت بە پرسیارێکى فەلسەفى، پرسیارکردن لە چەمکى (گوتارى ئێمە لە بوون) دا، ئەو گوتارە دەکەوێتە نێو گومانەوە، گوتارێکە بە خۆکوشتن ءسەفەر سێنتەر هەڵدەوەشێنێتەوە، هەریەک لە خود و ئەویتر دوو بونیادى نێو ئەو گوتارەن، دوالیزمى نێو ئەو گوتارەیان پێکهێناوە، بە دەرچوونى یەکێکیان لەناو گوتارەکە،ئێمە دەبێتەوە بە (من- خود)، بۆیە هەڵوەشاندنەوە گوتارێکیتر ڕێک دەخاتەوە و ناوى  دەنێت (گوتارى خود لە ئێستا) دا، ئەوەش گوتارێکە داهاتووى دەخاتە نێو نائومێدى، بۆیە ئەویتر چەندە لەترسى نائومێدى لەزەمەنى ئێستا سەفەر دەکات، ئەوا (خود) یش لەبەرامبەر نائومێد بوونى لەزەمەنى داهاتوو بڕیارى خۆکوشتن دەدات، جیاوازیشى لەگەڵ بەرامبەر لەوەدایە کە ئەویتر پێى وایە "لێرە قەدەرى مەرگ لە عەشقى ژیان گەورەترە" هەرچى خودە بڕواى تەواوى بەوە هەیە کە "مەرگ بەرامبەر چەمکى ئێمە ناتوانێت هەڕەشە لە خەون و فەزا یۆتۆپیاکانى عەشق بکات"
بەماناى ئەوەى ئەگەر ئەویتر بوونى خۆى وابەستە بکات بە (ئەوێ) وەک شوێنێکى نادیار، ئەوا خود بوونى خۆى وابەستە  دەکات  بە بوونى ئەویتر، شوێنیش لاى هیچ ماهیەتێکى نابێت، گرنگ بوونى (ئێمە) یە وەک دوو فیگور، لەهەر شوێنێکیش بین گرنگ نییە، بۆیە بەدوور کەوتنەوەى یەکێکیان عەشقى بێسنوور بۆ ئەویتر وا لە خود دەکات بڕیارى خۆکوشتن بدات، بەڵام مەرج نیە ئەو بڕیارە بڕیارێکى کۆتایى هێنان بێ بە جەستە، بەڵکو زیاتر خۆکوشتن بیرۆکەیەکە ئەوەش پرسیارێکى ئەخلاقیە بەرامبەر بە عەشق، ڕێگەنەدانە بۆ بێحورمەت کردنى یادەوەرى عەشق، بۆیە خۆکوشتن دەکرێت لەوێنەیەکى بەرجەستە کراو بگوازرێتەوە بۆ چەندین وێنەى جیاواز، وەک ئەوەى لاى ئێمە خۆکوشتن گۆاراوەتەوە بۆ پرۆسەى نووسین.
ئەگەرچى زۆر رەهەندى تر هەیە شاراوەن لاى ئێمە، بەهۆى ئەوەى عەشق چەمکەکان لەناو خەیاڵى زمان دێلێتەوە، لەڕاستیدا ئەو زیاتر لەجیهانێکى شیعرى دەچێت، ئەوە مەملەکەتى خەیاڵە، بۆیە پەیوەندى نێوان چەمکى فەردانیەت بە ماڵ پەیوەندیەکى یۆتۆپیە، چونکە ئەو پەیوەندیە بۆ عاشق لە ئاستى پەیوەندیەکى دوالیزمى قسەى لەبارەوە نەکراوە، قسە کردن لەو دوالیزمەش دیدێکى ڕەخنەیى دەوێت کە لە تواناى عاشقەوە بەدەرە بەهۆى ئەوەى عاشق ئەو دوالیزمە نابینێت تەنیا ساتەوەختى شکست ئەو کاتانەى نووسین عەشق لە شکست و نائومێدى دەگۆڕێت بە تێکستى ڕەخنەیى عاشق، ئەوەش ئەزموونێکى ڕەخنەیى عاشقە لەناو نووسین، ئەزموونێک پەیوەندیەکى ڕاستەوخۆى نیە بە عەشقەوە، هێندەى ئەگەرێکە بۆ عەشقى کوردى کە بۆ ڕزگاربوون لەماڵ خەونى ماڵ بنیات دەنێت، جارێ بەر لەوەى بچینە سەر پرۆسەى تەئویل کارى بۆ ڕٍابردووى عەشق، پێویستە قسە لە خەون بۆ ئەزموونى ماڵ بکەین، لەبەر ئەوەى فەردانیەت خەونێکى زمانەوانى نێو ئەزموونى ماڵە، ئەوە بەهەشتێکى خەیاڵى مەملەکەتى عەشقە.
فەردانیەت و ماڵ دوالیزمى یەکترین، چونکە ئەگەر ماڵ ئەزموونى پێکەوە ژیانێکى کۆمەڵى بێت؟ ئەوا فەردانیەت ئەزموونى ژیانى تەنیاییە، هاتنە دەرەوەیە لە ئەزموونى یەکەم کە ماڵە، ئەو ماڵەى بەرهەمى پەیوەندى ژیانى هاوسەرى دایک و باوکە، ئەو پەیوەندیە لەڕێگەى پڕۆسەى منداڵبوون، پەیوەندى خۆیان بە منداڵەکانیان دەکەن بە سیستمێک بۆ ئاکارێکى خێزانى.
ئەو سیستمە بیرۆکەى هاتنە دەرەوە لە ماڵ دەکات بە تاکە میکانیزم بۆ ڕزگار بوون، ئەو بیرۆکەیە لەهەناوى خۆیدا هەڵگرى خەونێکى یۆتۆپیانەى نەوەى نوێى نێو خێزانە، کە خوازیارە لەدەرەوەى ئەو پەیوەندیە سیستمێکى تر پیادە بکات، لەگەڵ ویستەکانى بێتەوە، چونکە بڕواى بەو دیسپلین و پەیوەندیە ئاکارەى خێزان نیە، کە پەیوەندیەکە لەسەر چەپاندنى ئارەزووەکانى بەرهەم هاتووە، بۆیە هاتنە دەرەوە بەگژداچوونەوەیە بە کولتورى ماڵ، ئەو کولتورەى وێنەیەکى نەگۆڕى هەیە بۆ پیادە کردن، ماڵ دەبێ بە سێنتەرێک بۆ کۆبوونەوە، بیرکردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەى سێنتەر بەجێ هێشتنیەتى، لە ئەزموونى فەردانى دواى ئەوەى خۆى دەبێت بە خاوەن بڕیار، دەتوانێت لەگەڵ کەسێکیتر سێنتەر ڕێکبخەنەوە، بەڵام نەک بەو مانایەى کە لە ڕابردوو هەیبوو، بەڵکو لە ژیانى هاوسەریدا دەکرێت زیاتر چەمکێکى مەجازى هەبێت، ئەوەش لەڕاستیدا نەبوونى سێنتەرە، چونکە وابەستەى سیستمێکى بەزۆر سەپێنراو نین، بەڵکو ئەزموونێکە لەڕێگەى پەیوەندى کردن دەیەوێ بونیادەکانى سێنتەرى ماڵ بخوێنێتەوە.
لێرەدا پێویستە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە دەرچوون لە ماڵ مەبەستمان لەسەفەرکردن بەرەو خۆرئاوا نیە، بەڵکو ئەو هاتنە دەرەوەیە بۆ متمانەکردنە سەر خودە، لەماڵەوە بەرەو شەقام، گەڕان بەدواى ژوورێک کە تەنیا فەردانیەتى خۆى حوکمى بکات، هەر ئەو فەردانیەتەش مافى بڕیاردانى داهاتووى دەبێت، ئەگەرچى ئەوەش بەدواى پرسیارى بێوەلام هاتۆتە بوون، کاتێ لەبەردەم دەسەڵاتى خێزان تواناى هیچ گۆڕانێکى نابێت، دەپرسێت: تاکەى دەبێ لەم ماڵە بژیم؟ ئایا تا مردن دەبێ ئێواران شەقامەکان بەجێ بێلم و گوێ لەفەرمانە عەسکەریەکانى ماڵەوە بگرم؟
خێزان وەڵام بەو پرسیارە ناداتەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەى ئامادە نەبوونى پرسیار لەماڵى کوردى گەورەترین گرفتە، بەڵکو گرفتەکە لەجۆرى هەست نەکردنە بە خەونى نەوەکان، ئینتیما نەکردن بۆ ئەو خەونە بەهەڕەشە بۆسەر سیستمى ئاکارى سەپێنراو سەیرى دەکات، بۆیە لەبڕى وەڵام، پرسیارەکە بە پرسیارێکیتر وەڵام دەداتەوە "ژیانى تۆ چیەتى؟ لەوە زیاتر چیت دەوێ؟"  لەڕاستیدا ئەوە پرسیار نیە، بەڵکو هەڕەشەیەکە بۆ بێدەنگ کردن، تاوەکو بیر لە گۆڕینى سیستمى پەیوەندى نەکرێتەوە. لەبەردەم ئەو هەڕەشەیە بۆ بێدەنگ کردن، پرسیارى نەوەى نوێى ماڵ.. پرسیار نیە بۆ گۆڕینى تەواوى ئەو دۆخەى خێزان، هێندەى پرسیارێکە دەیەوێت لەو هۆکارە دڵنیا بێت کە بۆ دەبێت ژیان بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت؟ ئەو پرسیارە بە مەبەستى هاو واتا بوونى ئاکارە لەگەڵ ئارەزوو، نەوەک زەوتکردنى  ئارەزوو، ئەوە ئاماژە نیە بۆ سێکس، چونکە ئارەزوو پەیوەندى بە کۆى ئەو ڕەفتار و بیرکردنەوە و چۆنیەتى ژیانەوە هەیە کە خود ئارەزووى دەکات و خۆشى بیخاتە ڕوو، نەوەک لەڕێگەى سیستمى خێزان بەسەریدا بسەپێنرێت، ساتەوەخَتى هاتنە دەرەوە لە ماڵ.. یەکەم ساتى تێڕامانە لە یادەوەرى مرۆڤ بە ماڵەوە، یادەوەریەک پێى دەڵێت تۆ هەڵەدەکەیت کاتێ دەڕۆیتە دەرەوە، چونکە ژیانت هەمووى لێرە بردە سەر.
یادەوەرى ئەگەر هەوڵێک بێ بۆ بیرکردنەوە، ئەوە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە  تەسلیمى سیستمى یادەوەرى دەکات، بۆیە مرۆڤ بۆ سەپاندنى خۆى بیرکردنەوە دەگۆڕێت بە هەڵە کردن "ئەوە ئاماژەیە بۆ گۆڕینى کۆژیتۆکەى دیکارت لەلایان فۆکۆ وە بەلادانى ووشەى بیرکردنەوە بە هەڵەکردن، بۆیە دەبێت بە: من هەڵە دەکەم، کەواتە من هەم" بەوەى ئەگەر هاتنە دەرەوە لەماڵ هەڵەیەک بێت، ئەوا ئەم بەم هەڵەکردنە هەڵدەستێت، چونکە بەو هەڵەیە تواناى سەپاندنى خۆى هەیە، نەک بیرکردنەوەکە سنوردار کرابێت بە سیستمى چاودێرى، بۆیە خودى یاخى پێویست ناکات وەڵام بە پرسیارى هەڵەکردن بداتەوە، هێندەى پێویستە بەدواى وەڵامى ئەو پرسیارە بگەڕێت کە: ئایا ئەو جارێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە؟ بۆچى؟ چونکە هاتنە دەرەوە لە ماڵ دەسبەرداربوونى هەموو ئەو ئاکارەى نێو خێزانە "مەبەست لە حیکایەتى هەزار و یەک شەوەیە، کاتێ شەهرەیار بۆ ڕاووشکار لەماڵ دەچێتە دەرەوە، لەکاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵ دەبینێت، شەهرەزاد لەگەڵ خزمەتکارە قووڵە ڕەشەکەى بەڕووتى خەوتووە، ئەوەش بەوە ڕاڤە دەکرێت، کە بەجێهێشتنى ماڵ لەدەست دانى ئاکارە" ئیدى پەیوەندى خود بەهەر ئەندامێکى ماڵ  پەیوەندیەکە لەسەر سەپاندن و کوشتنى دەنگ نیە، بەڵکو دەنگ جیا دەبێتەوە،خود لە هاتنە دەرەوە ئەو کائینەیە کە دەنگى خۆى لە ماڵ جیا دەکاتەوە، ئەو دۆزینەوەیەش ڕووبەرێک نیە بۆ جەستە، بەڵکو گەڕانە بەدواى پانتاییەک تاوەکو مومارەسەى ئاماژەکانى دەنگى خۆى بکات، بۆیە ئەگەر شوێن (جوگرافیاى یادەوەرى) بێت، بەر لەهاتنە دەرەوەى دەنگ ئەو جوگرافیایە دەسڕێتەوە و بیر لە جوگرافیایەکى هەنووکەیى دەکاتەوە، گۆڕینى ئەو جوگرافیایە.. گەڕانە بەدواى ئارامییەک، چونکە ماڵ بووە بەو شوێنەى کە (پۆل ئیلوار) ناوى دەنێت (جوگرافیاى خەمناکى سنورى مرۆڤایەتى) بیرکردنەوە لە هەڵە کردن، سڕینەوەى بیرکردنەوە بەپێى ڕاڤە کۆمەڵایەتیەکە، ئەو هەڵەیەش هەر ئەو جۆرە ڕاڤەکاریە وا ناوى دەبات، کەچى لەئەنجامدا دەبێ بە جێگرەوەى بیرکردنەوە، ئەوەش مەرج نیە تەنیا بە دەرچوون بێت، بەڵام کاتێ ئەو بیرۆکەیە لەناوەوە سەرى هەڵدا، ئەوساتە دەکرێ دەرچوون چەمکێکى مەجازى هەبێت، ئەوەش دەگۆڕێت بۆ بیرکردنەوە لەگۆڕینى جوگرافیاى خەمناک، ئەو جوگرافیایە ئەگەر توانى لەڕێگەى یادەوەرى ناچارى بکات لەو ماڵە بمێنێتەوە، چونکە ڕۆژگارێکى زۆر شەوانە قسەى لەگەڵ دیوارەکان کردووە، کۆمەڵێک حیکایەتى دایە و نوکتەى تەمسیلى کوردى  و چەندین فلمى جوانى سەرنجى ڕاکێشاوى لەم ماڵە سەیر کردووە، کۆمەڵێک نووسەر و فەیلەسووفى لەڕێگەى کتێبخانەى ماڵەوە ناسیووە و بەدیار پاڵەوانى ڕۆمانەکان دۆش داماوە و گریاوە، هەستى کردووە هەمان ترسى کافکا بۆ پاڵەوانەکەى بۆ ئەوى خوێنەر گواستراوەتەوە و لەترساندا بەتانیەکەى بەسەر سەرى خۆى داداوە و خەوتووە و بەیانیش جورئەتى نەکردووە هەستێتەوە نەوەکو بووبێت بە قالۆنچەیەک وەکو گریگۆرى سامسا، ئەگەر هەموو ئەو هەستانە ناچارى بکەن لەماڵەوە بمێنێتەوە، بەڵام چونکە لە جەوهەردا بڕیارى گۆڕانى تێدایە، ئەو بڕیارە بە خۆکوشتن کۆتایى دێت، ژمارەى حیکایەتى خۆکوشتنى گەنج لەماڵەوە حیکایەتگەلى بێ کۆتایین، کەواش بێت ئایا بەدواى هاتنە دەرەوە خود جارێکیتر دەگەڕێتەوە ماڵەوە؟ لەکاتێکدا ئەزموونى فەردانى ڕووبەرووى ئاکارێکى ترى دەکاتەوە، کە تەواو لە ئەزموونى ماڵ جیاوازە، ئایا ئەو کە فێرى جیابوونەوە بوو تواناى هەیە تێکەڵى ئەوانە بێتەوە کە گوێى لێ نەگرتن و بەجێى هێشتن؟دیارە ئەوساتە ناتوانێ تێکەڵ بێتەوە، چونکە گەڕانەوە بۆ ماڵ.. گەڕانەوەیە بۆژێر ئیرادەى ئەو دەسەڵاتە، بۆیە ئاکارى فەردانى چەمکى گەڕانەوە بە تەواوى دەسکارى دەکات، بەوەى شوناسى ئەندامى خێزانى لێ سەندۆتەوە و کردوویەتى بە میوان، میوانیش چەند ڕۆژێکە و وەزیفەى دیدەنیە و دواتر دەبێ بگەڕێتەوە بۆ شوێنى فەردانى، کاتێ ئەو کە پێشتر ئەندامى ئەو ماڵە بووە، هەستى خاوەن ماڵى خۆى تێدا نەماوە، ئەوەش پەیوەندى بە سڕینەوەى ئەو هەستە هەیە لەناوەوەى خۆیدا، ئەگەرچى یادەوەرى زۆرجار بریندارى بکات، بەڵام ئەو کە لەدەستیدا ناتوانێ جارێکى دى بۆى بگەرٍێتەوە، چونکە هەموو پەیوەندیەکان پچڕاون و سەر لەنوێ پەیوەندى خۆى لەڕێگەى سیستمێکى نوێ ڕێکخستۆتەوە، لەسەر ئیرادە و تواناى خۆى سیستمێکى جیاواز وێنا دەکات، کە دەبێ بە ئەزموونێکى سەربەخۆ و دەتوانێت پارێزگارى لەو سەربەخۆییەى خۆى بکات، لەڕێگەى خوڵقاندنى پەیوەندى نوێ بەپێى ئەو تێگەیشتنەى کە بۆ ئەو ئەزموونەى هەیەتى کە ئەزموونى فەردانیە، ئەزموونێک لە ماڵ جیا دەبێتەوە، ئەوەش هەڵوەشاندنەوەى ماڵ نییە، بەڵکو گەڕانە بەدواى رێکخستنەوەى پەیوەندیەکانى ماڵ لەناو ئەزموونى فەردانیدا، ئەوەش دڵنیا بوونە لەوەى حیکایەتى عەشق حیکایەتى گۆڕینى توڕە بوونەکانى ماڵ بووە، ووروژاندنى هەستە سۆزداریەکان بووە، چونکە ئەو عەشقە نەیتوانیووە چەمکى نەمرى بەخۆى ببەخشێت، هەر بۆیە بەدواى شکستى پەیوەندیەکان تواناى بەردەوامى حیکایەتى ترى دەبێت لەگەڵ کەسیتردا، ئەوەش بەهۆى ئەوەى چیتر عەشق خاوەنى چەمکێکى نەمرى نیە، بەپێى ئەو ئاماژە زمانەوانیانەى تا ئێستا تەئویلمان کردووە تێدەگەین لەوەى چەمکى نەمر بوونى نەماوە، چیتر بەدواى هەڵدێرانى سیامەند لە سیپان مەرج نیە قەدەرى خەج مردن بێت، چونکە ئەو بەدواى مردنى دۆست تواناى زیندەگى و بەردەوامى هەیە، بەواتاى دەکرێ عەشق توانایەکى غەریزەیى لەناویدا هەبێ بۆ بەردەوامى، ئەوەش پێویستى بە خوێندنەوەى ڕەخنەیى دەبێتەوە بۆ ڕابردووى عەشق و دەرکردنى یادەوەرى عەشق لەخود بەمەبەستى نوسینەوەى ئەزموونى نوێ لە عەشقدا، ئەوەش خوێندنەوەیەکى ناتەبایە بەدژى ئەو لۆژیک و تێگەیشتنانەى بۆ عەشق هەمانە، هەر بۆیە خوێندنەوە بۆ پرۆسەى خودیانە، گەڕانەوەى زەمەنى فەرامۆشکراوە بۆ نێو نووسین، نووسین هەوڵ دەدات تەئویل بۆ مێژووى خود بکات، ئەوەش لەبنەڕەتدا تەئویل کردنى زمانە، زمان کە پەیوەندى لە نێوان خود و عەشقدا درووست دەکات، بە تەئویل کردنەوەش ئەو پەیوەندیە لە گوتارێکى داخراوەوە بەرەو کرانەوە دەچێت، تواناى ئەوەى دەبێت خود بخاتە نێو کۆمەڵێک گریمانەى زەمەنیەوە، تاوەکو خوێندنەوە بۆ ئەو ڕابردووە بکات کە زەمەنى خودى پێکهێناوە، زەمەنى پەیوەندیکردنى خود بە ئەویتر، ئەو پەیوەندیەى تیایدا وێناى خەون دەکات، خەونێک دواجار بەر لە تەئویل کردنى، دەسەڵاتێک پەیوەندیەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە دەسەڵاتى کۆمەڵگایە، ئەو دەسەڵاتەى پەیوەندیەکانى هێز درووستیان کردووە، هەڵبەت مەبەستمان لەهێزى چەکدار کراوى گروپ و تاقمى سیاسى نیە، بەڵکو هێز ئەو پەیوەندیەى لەنێو زمان و لەنێو ماڵ و لەنێو دامەزراوەکانى تردا وێنەى پاڵەوانى بە پیاو بەخشیووە، پاڵەوانێک لەسەر کوشتن و ئەتککردن و سڕینەوەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى هێزى دەسەڵاتى خۆى ڕەت دەکاتەوە، بەو ڕەتکردنەوەیەش ئەویتر لە خود دوور دەخرێتەوە.
لێرەوە مێژووى خود لە عەشقەوە دەگۆڕدرێت بۆ مێژووى تراژیدیا، مێژوویەک زەمەنى ئیرۆس دەگۆڕێتە سەر زەمەنى جودایى. ئەو زەمەنە نوێیەش تەئویل دەباتە نێو ئاستێکى ترەوە، چونکە ئەگەر زەمەنى ئیرۆس دۆخێک بخوڵقێنێت کە تەئویلى خەونى تیا بکرێ، ئەوا لەو زەمەنە نوێیەدا، زەمەنى مانەوەى خود و لەدەست دانى ئەویتر، زەمەنێک تەئویل لە خەونەوە بەرەو خود دێنێت، مەبەستمان تەئویل کردنى خودە، ئەوەش پرۆسەیەکى هیرمنیۆتیکیە، تیایدا هەوڵى تەئویل کردنى زەمەنى لەدەستچوو دەدات، دواتر ئامادە بوونى ئەو خودە لە ئێستادا دەست نیشان دەکات، بەوەى ئاخۆ لە ئێستادا تواناى دەسپێکردنەوە و بەردەوامى هەیە بۆ ژیان بە دەسبەردار بوون لەو ڕابردووەى کە ئەو خاوەنیەتى؟ ئەو پرسیارە تواناى دەست نیشان کردنى خودیى هەیە لە زەمەنى ئێستادا، بۆیە خود کاتێ دەکەوێتە گەڕان بەدواى کەسێکیتردا، ئەوە پڕۆسەى گەڕان نیە.. هێندەى هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەى ڕابردوو، بۆیە گەر ئەو ساتەوەختە پرسیارى ئەوەى ئاراستە بکەین "ئێستاى خود چیە؟" ناتوانین تەئویل کردن بۆ رٍابردوو فەرامۆش بکەین، چونکە پرسیار کردنى خود لەبارەى ئێستاوە، پرسیارێک پەیوەندى بە بوونى هەنوکەیى خودەوە نیە، بەڵکو بە کۆى ئەو زەمەنەوە هەیە کە مێژووى خودى پێکهێناوە، بۆیە ناتوانێ دەسبەردارى ئەو مێژووە بێت، هیچ شتێکیش بۆ خود هێندەى ڕابردوو لە ئێستادا ناژیێت، ڕابردوو وەک گریمانەیەکى زەمەنى ناگەڕێتەوە، بەڵام ئامادە بوونى خۆى لەناو زماندا دەسەپێنێ، ئێستا ناتوانێ هەیمەنە بکاتە سەر زمان، بەڵکو ئێستا لەناو زماندا دەبێ بە قوربانى ڕابردوو، قوربانیەک لەڕێگەى تەئویل کردنەوەى زمانى خودەوە، ئەو گەمە زمانەوانیە ئاشکرا دەبێت کە خود دەیەوێ ئەوانیتر دەسخەرۆ بدات، بەوەى ڕابردوو شتێکى ئەوتۆى لاى ئەو جێ  نەهێشتووە، تەئویل کردنەوەى زمان.. تەئویل کردنى خودە بۆ ناسین.
تەئویل پڕۆسەیەکە بەرەنجامى خوێندنەوەى تەئویلکارانەیە بۆ دوێنێ، نەک بۆ ئێستا، ئێستا چەندە بەدواى بنیاتنانى مێژوو دەکەوێت، بەڵام ڕابردوو ئەو گرفتەى نیە، چونکە ڕابردوو زەمەنى مێژووى خودە، ئەو هۆکارەى لەپشت ئەو مێژووە وە ئیش دەکات یادەوەرییە، بۆیە یادەوەریە نایەڵێت خود ئیرادەى بڕیارى هەبێت، کاتێ ناتوانێ جێگیر بێت لەسەر عەشقێک، تاوەکو ئەو عەشقە بکاتە دەروازەى چوونە نێو ئێستاوە، بەڵکو خود بەو ئەرشیفەى نێو یادەوەرییەوە دەچێتە نێو ئێستاوە، رابردووى کەسێکى تر دەباتە نێو ئەو زەمەنەوە، بەڵام ئایا کەسێکیتر ئامادەیى ئەوەى هەیە ڕابردووى خود بکات بە بەشێک لە ژیانى خۆى؟ کاتێ کەسێکیتر ئەو ڕابردووەى قبووڵ نەبوو، ئەو ساتە بەدحاڵى بوون دەبێتە چەمکێکى سەرەکى خود لەنێو گوتراودا، لەبنەڕەتدا چەمکێکى ناتەواوە، چونکە ئەوە تێنەگەیشتن و بەدحاڵى بوون نییە، بەڵکو شکستەکانى خودە لەناو زماندا، کە خود نەیتوانیووە ئەویترى نێو ڕابردوو لە زمان جیا بکاتەوە، سەربارى وونکردنى لە زەمەنى ڕابردوو، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵى دەژیێت، بەواتاى: سێبەرى ئیرۆس لەناو جەستەى جوداییدا ئامادەیى هەیە.
بۆیە ئەگەر خود ئەویترى لەدەستدا، بەڵام زمان ئامادەیى لەدەست دانى نیە، کۆمەڵگا دەتوانێ دۆست بخاتە نێو قەدەرى خۆیەوە، قەدەرى بە مێرددانى بە کەسێکى خێزان، بەڵام تواناى ئەوەى نیە خود خاڵى بکاتەوە لەو ڕابردووە، جیاکردنەوەى ناوى دۆست لەسەر زمان داوایەکى مەحاڵە، سڕینەوەى وێنەى شەرمن و خێرایى یەکەم ماچ لە ژوورێکدا، کاتێ ئەویتر دواى ئەو ماچەى خود دەست بە گریان دەکات، خودى عاشق تێناگات لەوەى گریانى لەزەتە یا غەزەبە بەرامبەر بە خود، سڕینەوەى ئەو وێنەیە.. سڕینەوەى ژیانیەتى، چونکە بووە بە زمانى خود، زمانێک کە بەرهەم هێنەرى گوتارى ئیرۆسیەتە، گوتارێک لە پیاسەى تەنیایى زماندا پێى دەڵێ: من و تۆش ڕۆژێک عاشق بووین.
تا زمانیش دەسبەردارى ڕابردوو نەبێت، ئەوا ناکرێت عەشق لەو زەمەنە نوێیە وێناى مێژوویەکى نوێ بکات، مێژوویەک جیاواز بێت لە ڕابردوو، کاتێک تواناى ئەو کارەى نەبوو گۆڕینى کەسەکان و گەڕان بەدواى عەشقى ئەفسوناوى، عەشقێک کە لەگەڵ فانتازیاکانى یەک بگرێتەوە بەردەوام دەبێت، عەشقێک بتوانێ ڕابردووى بۆ بخوڵقێنێتەوە، ئەگەر لەگەڵ هەمان ئەو کەسەش نەبێت، بەڵام هەر هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەى ئەویتر، ئەو کەسەى لە ڕابردوودا لەدەستدرا، کە کەسێکە لەناو یادەوەرى بەدواى هەمان وێنەى ئەو ڕابردووەدا دەگەڕێت کە لە یادەوەریدا وێناى کردووە، بۆیە بەبێ کوشتنى یادەوەرى ئاسان نیە سەرلەنوێ دەست پێبکەینەوە، بەڵام ئاخۆ کوشتنى یادەوەرى کارێکى هێندە ئاسانە، تا جورئەت و ئیرادەى ئەوەمان هەبێت دەسبەردارى ببین و لەگەڵ کەسێکیتر دەست بە ژیان بکەینەوە؟

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.