کاتژمێری بێدەنگی… ناڵە حەسەن
دەتوانیت هیچ قسەیەکم بۆ نەکەیت
تەنها وشەیەکیش
من لە زمانی بێدەنگیت تێدەگەم
من وەک ئەو درەختانەم
کە لە بێدەنگیدا
عەشق لەگەڵ باراندا دەکەن
من وەک ئەو ماسیانەم
کە بەبێدەنگی دەچنە ژوان و
خۆیان لە ژانەکانی بێهودەیی
بەتاڵدەکەنەوە
من وەک ئەو نیگارکێشانەم
کە تابڵۆکانیان
پڕاوپڕە لە کۆدەکانی بێدەنگی`
من لە جنسی ئەو گەڵایانەم
کە بە بێدەنگی هەڵدەوەرن
من لە پاشماوەی ئەو کلۆبەفرانەم
کە بەبێدەنگی
خۆیان رووت دەکەنەوە بۆ با
تا ئەو زمانی بێدەنگیەت فێربووم
چەندین جار لە خاچیان دام
بەسەر هەموو هەورازەکاندا هەڵگەڕام
غروری خۆمم لە نێو مەمکەکانی
ژنێکی مەکرباز جێهێشت
بووم بە میلی کاتژمێری هەموو زەمەنەکان
زەردەخەنەی سەر ڕووخساری
فریشتە فاسقەکانم شیکردەوە
حیکایەتە خەمناکەکانی
نێو فرمێسکی باڵندەکانم نووسیەوە
هەموو کتێبە ئاسمانیەکانم خوێندەوە
بە نێو خەونی هەموو مەخلوقاتێکدا ڕەتبووم
من هەموو بەیانیانێک
پەیکەری بێدەنگی تۆ
لە سەر باڵی پەپوولەیەک دەنەخشێنم
دەینێرم
بۆ باخچە ڕەنگینەکەی نێو دڵی مانگ
دەینێرم بۆ
یەکەبە یەکەی
ژووری نووستنی ئەستێران
بۆ پەرستگەی ژنە ڕاهیبەکانی بەهەشت
بۆ باغی پەریەکانی دۆزەخ
بۆ تیاترۆخانەی
ئیبلیسە مێیینەکانی عەشق
بۆ گۆڕستانەکەی نزیک ماڵی خودا
بۆ هەموو بنیادەمێک
لە هەموو شوێنێک
پەیکەری بێدەنگی تۆ دادەنێم / ئەی گوڵەباغ !
هیچ قسەیەکم بۆ مەکە
منیش ئێستا
بوومەتە دیوێکی تری بێدەنگی
ئێستا لەلای من
بەرد جوانترین توحفەیە
وا خەریکە منیش
باوەڕ بەوە بهێنم و بڵێم
ژیان بە بێدەنگیەوە جوانە
شەقام بە بێدەنگیەوە ڕەنگینە
عەشق بە بێدەنگیەوە شیرینە
تکایە هیچ قسەیەکم بۆ مەکە
من بێزار بووم
لە موجامەلە و لاوژە درۆینەکانی عاشقان
لە هات و هاوارەکانی ڕەشەبا و
نرکە و ناڵەکانی ئاگر و
لە لوورە لوورەکانی گەردەلوول ..!
من لە نێو بیابانی بێدەنگی تۆ
گۆڕێکی بە کۆمەڵی عاشقانم دۆزیەوە
ئێسک و پروسکی پیاوەتی خۆشم لەنێویاندا بینی
لەسەر یەکێک لە پەراسووەکانم نووسرابوو
( بم بەخشە ئەی گوڵەباغ
کە نەمتوانی بۆ تەنها جارێکیش
تەوقی بێدەنگیت بشکێنم و
ئارەزووە ئیرۆسیەکانت بهێنمە قسە ..! )
دەتوانی هیچ قسەیەکم بۆ نەکەیت
کە عەشق بوو بە هاوکێشەیەکی بێبەها
ئیدی
مۆرفیمی وشەکانت
چ ڕەنگێک بە بەهاری مردنم دەبەخشن ؟
وشە شەرمناویەکانی نێو نامەکانت
چ چارۆگەیەک
بۆ بەلەمی نغرۆبوونم هەڵدەکەن؟
تازە هیچ شتێک نەماوە بۆ گووتن
لێگەڕێ ،
با کاتژمێری بێدەنگیت
تا ئەبەد
خەونە پەرتبووەکانی
نێو نائومێدیم بخوێنێتەوە ..!
سەرەتای مارسی ٢٠١٢