Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کاتژمێرەکان بووەستێنن …  بەرهەم خالید

کاتژمێرەکان بووەستێنن … بەرهەم خالید

Closed
by April 13, 2012 ئەدەب

 
  (١)
بە منداڵی
لە قوتابخانە لاستیکمان وەردەگرت                                     
بۆ هەڵەکانیشمان
بەدار لێیان ئەداین
هەر ئەوکات زانیم
وەرگرتنی لاستیک
بۆ سڕینەوەی هەڵەکان نییە
بۆ کوژاندنەوەی ئایندەمانە

   (٢)
نیوتن لەکەوتنەخوارەوەی سێوێک
یاسایەکی دروست کرد !
ئێمە لە هەموو کەوتنەکانی خۆمان
هیچمان دروست نەکرد !
      
  (٣)   
کێ چاوەڕوانیم لێ ئەکڕێ
بە گرەنتی هەزار ساڵ
نیشتیمان وای وت !

  (٤)
کەی گرنگە  دەرگاکان کراوە بن یان داخراو
کە تەنها جەستە بێتە ژورەوەو
 ڕۆح لە کۆڵان جێبمێنێ ؟!

   (٥)
 مرۆڤی ساختەو
خۆشەویستی ساختەو
زەردەخەنەی ساختە
هیچ سەیر نییە
گوڵی پلاستیکیش
سەر لەزەوی بێنێتە دەر

   (٦)
بەختەوەری
بەخێرایی جێی هێشتین
باش بوو
پێڵاوەکانی لێ جێما
بەڵام
شێتەکان لەپێیان کرد

    (٧)
لەوڵاتەکەی مندا
گەورەکان باسی مافی منداڵ و
پیاوان باسی مافی ئافرەت و
دەسەڵاتداران باسی مافی گەل و
سەرمایەداران باسی مافی کرێکاران دەکەن !
ئای لەو جەهەنەمە !

  (٨)
لە پشت هەر دەسەڵاتدارێکی ئێمەوە
مەخزەنێک فیشەک و
کێوێک خیانەت هەیە
…………………………………………

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.