Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کاتیا ….نوسینی: سادقی هیدایه ت

کاتیا ….نوسینی: سادقی هیدایه ت

Closed
by March 29, 2008 ئەدەب

وه رگێڕانی له فارسیه وه: نه به ز ئه حمه د…….

چه ند شه وێک بوو دوا به دوای یه ک ئه ندازیاره ((نه مسایی)) یه که که تازه پێک ئاشنا بووبوین له چایخانه ده هاته سه ر مێزه که مان هه میشه من له ته ک یه ک دوانێک له هاوڕیکانمدا داده نیشتم، ئه و ده هات داوای ڕوخسه تی ده کردوو له ته نیشت مێزه که ی ئێمه وه داده نیشت، هه ندێک جاریش مانای وشه ی فارسی له ئێمه ده پرسی. چونکه ده یویست زمانی فارسی فێربێت، له به ر ئه وه ی که چه ندین زمانی بیانی ده زانی، به تایبه ت زمانی تورکی ، ده یگوت گوایا له زمانی (دایک) باشتری ده زانێت، له م ڕووهوه فێربونی فارسی ئه وه نده به لایه وه قورس نه بوو.

به سیما پیاوێکی چوارشانه و جدی بو، سه ری زل و چاوه کانی شینی تۆخ ـوه کو ئه وه ی که ره نگی ڕووباری ((دانوب)) له چاوه کانیدا ڕه نگی دابێته وه ڕوخساری پڕ خوێن و سوور بو، قژی ماش و برنجی له ده وری ته وێڵی پان و ده رپه ڕیوی دا ده رهاتبوو، له شێوازو هه ڵسووکه وتی وه رزشکارانه ی دا هێزو ته ندروستی ده ر ده که وت.

به ڵام بینایی له به رامبه ر دڵ ته نگی و خه مباریه ک له چاوه کانی دا ده بینرا ڕوخاو ده هاته پێش چاو، نزیکه ی چل ساڵ یان زیاتر  له ته مه نی تێده په ڕی  به ڵام تا ده ڕۆشت زیاتر گه شه ی ده کرد. هه میشه له سه ر خۆو ئارام بوو له وه ده چوو که ژیانێکی بێ ده ردی سه ری تێپه ڕ کردبێت جێگه ی برینێک له گۆشه یه کی چاوی ڕاستی دا ده بینرا که من وای بۆ ده چووم به هۆی کاری ئه ندازیاری و جاده لێدانه وه ، له ئه نجامی ته قینه وه ی به رد یان شاخ گۆشه ی چاوی بریندار بوبێ په یوه ندیه کی تایبه تی به رامبه ر به ئه ده بیات پێشان ده دا به قسه ی خۆی حاڵه تێک یان که سایه تیه کی دوو لایه نه له ودا به دی ده کرا، که به ڕۆژ ده گۆڕا بۆ ئه ندازیاروو سه روکاری له ته ک فۆرمۆڵه کانی بیرکاری دا هه بوو، شه وانه ش ده بوویه شاعیر یان به شه تره نجه وه کاتی خۆی به سه ر ده برد. شه وێک به ته نیا له سه ر مێزێک دانیشتبووم، دیتم ئه ندازیاره ((نه مسایی)) یه که هات داوای ڕوخسه تی کردو له سه ر مێزه که م دانیشت، له و شه وه دا به ڕێکه وت به ته نیا ماینه وه و که سێک له هاوڕێکانم نه هات. ماوه یه ک گوێمان له مۆسیقا گرت بێ ئه وه ی وشه یه ک پێکه وه بدرکێنین. کتوپڕ ئۆرکسترای (ئستنکارازین) ده ستی کرد به ئاوازێکی ناسراوی ڕوسی، له م ساته دا حاڵه تێکی ئازاراوی تێکه ڵ به خۆشیم له چاوو روخساری دا به دی کرد، وا دیار بوو کاری تێ کردبوو، بۆیه ده یویست که باسی غه می دڵی خۆی بۆ که سێک بکات. به … په رێشانییه وه وتی:
((ده زانی، من بیره وه رییه کی زیندوم له ته ک ئه م مۆسیقایه دا هه یه بیره وه ری…ژنێک و حاڵه تێکی تایبه تی خۆزگه کانی لاویه تیم))
(( به ڵام ئه م سازه ڕوسی یه.))
((به ڵی ده زانم، من ده ورانێک ژیانی دیلیه تیم له ڕوسیادا به سه ر بردووه.))
((وابزنم له کاتی جه نگی نێونه ته وه ی 1914 دا به دیل گیراوی.))
((به ڵێ هه ر له سه ره تای جه نگه وه، من له (فرونتی سربی) بووم، پاشان له شه ڕدا له گه ل ڕوسیه کاندا به دیل گیرام. ده زانیت دیلیه تی تاقه ت پڕوکێنه.))
ئاشکرایه، ئه ویش له سیبریا!  ئایا تۆ کتێبی ((یادگاری ماڵه مردووه کانی ـ دیستۆفسکیت خوێندۆته وه؟))
((به ڵێ خوێندوومه ته وه، به ڵام یه کجار واش نه بوو، چونکه به ناو دیلی جه نگی بووین تا ڕاده یه کیش ئازادیمان هه بوو له حاڵێکدا ئه و له ته ک (موجیکه کان) دا بوو له زینداندا، به ڵام له ناو ئێمه دا پڕۆفیسۆره کان، خه ت خۆشه کان، کیمیا زانه کان، به رد هه ڵکه نه کان، جوان کاره کان، شاعیران و نوسه رانیش هه بون. به رچاوم که له جه نگدا گولله لێی دابوو هه ر له وێ نه شته ر گه ریان کرد.))
((که وابێ زۆر سه ختت لێ به سه ر نه چووه))
((مه به ستت له سه ختی چی یه؟ ئاشکرایه، له سه ره تاوه چاودێرییان ده کردین، ڕاستیت ده وێت، له سه ره تاوه ئێمه تا ڕاده یه ک له وه زعی خۆمان ڕازی بووین. گه رچی ته واوی ڕۆژ زیندانی بووین، به ڵام له ئۆردوگا ئازادیمان هه بوو، هۆڵی شانۆم دروست کردبوو، چه ند کوخێکمان بۆ خۆمان دروست کردبوو، به کۆمه ڵ له و سه رده مه دا  له سیبریا هه موو مانگێک (25) ڕۆبڵ موچه یان به هه موو ئه فسه رێک ده دا…
به ربڵاوی و هه رزانی بوو. به ڕاده ی پێویست خۆراکمان هه بوو، گه رچی هه موو کاتێک ئه و موچه یه یان نه ده دا، سه رباری ئه وه ش ڕێگه مان پێ نه ده درا بچینه ده ره وه. هه ست بکه ئێمه ده بوو ساڵه های ساڵ زیندانی بین. ماندو بێ تاقه ت بوو بووم، ته واوی ڕۆژم به خوێندنه وه ی کتێبه وه به سه ر ده برد ماوه یه کی زۆر، یانی شه ش مانگ دواتر کاتێک که دیله تورکه کانیان هێنایه لای ئێمه تێکه ڵی ئێمه یان کردن،  بۆ فێربونی زمانی تورکی له ته ک ئه واندا پلانی هاوڕییه تیم داڕێژا، ئه و کات له گه ڵ لاوێکی عه ره بدا بوومه ئاشنا که ناوی (عارف بن عارف) و خه ڵکی (ئۆرشه لیم) بوو ده ستم کرد به خوێندنه وه و له ماوه یه کی که مدا زمانی تورکی فێر بووم. به شیوه یه ک که به زمانی تورکی کۆبونه وه م ئه نجام ئه دا. له به ر ئه وه ی کۆمه ڵێک خوێنده وارمان له ته ک دا بوو که خوێندنیان ته واو نه کردبوو، ڕێگه یان دا به ئێمه که ده رس بڵێینه وه. به م شێوه یه کۆبونه وه و ده رسه کان ده ستی پێ کرد. شانۆگه ریمان پێشکه ش ده کرد، ژنانی رووسی له ده ره وه باشترین شتی جوان و جل و که لۆ په لی تریان بۆ ده ناردین که زۆربه یان شتی باش بوون، به شێوه یه ک که له ده ره وه ده هاتن بۆ ته ماشای شانۆگه ریه کانمان،
((ئیدی بۆ خۆت جۆرێک ژیانی تایبه تیت هه بووه؟))
((تۆ وا ده زانیت من به س باسی خۆمم کردووه. تۆ بیرت چوویه وه ئێمه له ئۆردوگایه کدا زیندانی بوین که که وتنووه سه ر گردێک، ماوه ی دوو کیلۆ مه تر له شاری (کراسنڤیارسک) ه وه دوور بوو، سیمی دڕکاوییان به ده وری ئۆردوگاکه دا کێشابوو شیشه کانی به درێژای شه ش مه تر به زه ویدا داکوترابوون به ین بۆ به ین نوخته یه کی ئێشک گرتنی تێدا بوو که پاسه وانه تفه نگ به ده سته کان ئێشکیان ده گرت به ڵام من له کوخه که ی خۆم نه ده هاتمه ده ره وه هه موو کاتم به خوێندنه وه ی کتێبه وه به سه ر ده برد یاخود کۆبونه وه کانم ئاماده ده کرد. ته نها شتێک که خۆشی به دڵم ده به خشی ئه وه بوو که ده م بینی ئه و هه موو خه ڵکه خوێنه وارو پیشه سازه هه موویان لاوو خۆش به خت یان به دبه خت هاوچاره نووسم بوون.))
(( به ڵام تۆ له بیرت چۆته وه که له ترسی شه ڕ، ده نگی ڕیزی فیشه ک،  گازی خنکێنه روو مه رگی هه میشه یی که له به رچاوتاندا بوو پارێزراوی؟))
((وتم تۆ ئاگات له وه زعی ئێمه نه بووه ته نها ڕۆژی دوو سه عات خۆشی و گه ڕانمان هه بوو جله کان له به رمدا چرچو ڕزی بوون، جلی ژێره وه م نه بوو زستان چل یا په نجا پله له ژێر سفره وه بوو هاوینیش له سی پله ی گه رمیدا بوو، ئێمه وه ک ئاژه ڵی چوارپێ له ئاخوڕدا زیندانی بووین. به کۆمه ڵ سوتان، نه خۆشیه درمه کان ڕوداوی تۆقینه رانه که ڕوی ده دا هه موو ئه مانه له جه نگ خراپ تربوون، هه ندێک جار له ناوماندا خه ڵکی شێت ده بوو، شه وێک له ته ک هاوڕێکانمدا یاری وه ره قمان ده کرد، یه کێک له هاوڕێکان به ته ورێکه وه هاته ژووره وه، ته ورێکی وای دا به مێزه که دا که هه موومان له جێگای خۆماندا ڕامان کرد، گه ر ته وره که یان له ده ستی نه سه ندایه هه موومانی له ت له ت کردبوو، زه لامێک له خه ڵکی (مه جه ر) شێت بوو لاسای سه گی ده کرده وه، هه میشه ده وه ڕی بوو بووه هۆی سه رگه رمی ئێمه، گه وره ترین شت که ئارامی به من ده به خشی هاوڕییه تی خۆم و عارف بوو، ئه و هه میشه دڵ زیندوو بێ باک بوو خۆشی ده خسته ناومانه وه، بیره وه ریه کانی ڕۆژگاری دیلیه تیم له ته ک عارفدا له ڕۆژنامه یه کی (ڤیێننا) دا به ناونیشانی: (کاتیا) وه چاپ کردووه، زۆر دوورو درێژه ناتوانم باسی بکه م.
((بۆچی کاتیا؟))
(( ڕاسته، ده مویست ده رباره ی ئه و قسه بکه م، له بابه ته که دورکه وتمه وه. ئه و بۆمن یه که مین ژن و ئاخرین ژن بوو کاریگه ریه کی زیندووی له مندا به جێ هێشت. ده زانیت ده بێت هه میشه ژن بێت بۆ لای من من هه رگیز ناچم بۆلای ژن. له به رئه وه ئه گه ر من بڕۆمه لای ژنێک وا هه ست ده که م که ئه وژنه له به ر خاتری من خۆی نه داوه به ده سته وه، به ڵام بۆ پاره یان زمان بازی وه یان هۆکاری تری به ده ر له من بووه. هه ست به شتێکی فێڵبازانه و دروست کراو ده که م،  به ڵام له کاتێکدا یه که مین جار ژن بێت بۆ لای من، ده یپه رستم. به سه رهاتێک که به رده وام باسی ده که م یه کێک له م پێشهاتانه یه ئه مه ته نها بیره وه ری یه کی عاشقانه یه که هه رگیز له بیرم ناچێته وه گه رچی هه ژده وه یان بیست ساڵ به سه ریدا تێ په ڕێت به ڵام هه میشه له به رچاومدایه هه ر ئه وکاته که ئێمه نزیکی (کرانسڤیارسک) دیل بوون، پاش ئاشنابوونم له ته ک لاوه عه ره به که دا جۆرێک خۆشه ویستی به ڕاستی برایانه و بێ جیاوازی ئێمه ی به یه که وه ده به سته وه هه ردووکمان ماڵمان له کوخێکدا بوو ته واوی کاتمان سه رفی خوێندنی زمان یان یاری وه ره ق ده بوو.
من ئه وم فێری ئه ڵمانی ده کرد ئه ویش، له بری ئه وه منی فێری عه ره بی ده کرد له بیرمه ڕۆژێک چرامان نه بوو، ڕۆنمان کرده شووشه ێکو به قه راغی کراسه کانمان پڵیته مان دروست کردو له به ر ڕۆشنای ئه و چرایه دا کارمان ده کرد. هه ر له وکاته دا من زمانی تورکی به ته واوی فێر ده بووم له ڕێگای چین له سویدو نه رویج و دانیمارکه وه کتێبمان ده هێنا، عارف لاوێکی قۆز بوو قژێکی ڕه شی به هێزی پێوه بوو هه میشه شادو خه نده به لێوو بێ باک بوو به هه ر حاڵ له ساڵ (1917) دا دیله عه ره به کانیان ئاماده کرد، بۆ ئه وه ی که له تورکه کان جیابنه وه، هاوڕێ عه ره به که میان له من جیا کرده وه، پاره یان پێ داو ناردیان بۆ شاری (کراسنڤیارسک) بۆ ئه وه ی بۆ ئه وه ی که لوپه لی وه ڕێ خستنی ئاماده بکه ن. تورکه کان منیان سه رزه نشت ده کرد ده یان گوت ((سه یرکه هاوڕێ، هاوڕێکه ت له ئێمه جیابویه وه بۆ ئه وه ی دژی ئێمه جه نگ بکات!))
به ڵام عارف له به رئه وه ی جوانکیلانه بوو روخسارێکی ڕۆژهه ڵاتی هه بوو که وته به رچاوی کچان و سه رگه رمی خۆشی و خواردنه وه بوو. هه ندێک جاریش بۆلای ئێمه ده هات. ڕۆژێکیان من به و وه زعه یشه وه سه رگه رمی خوێندنه وه بووم، یه ک ڕاست ده رگاکه کرایه وه، دیتم کچێکی مناڵ کاری جوان هاته ژووره که مه وه، من له جێ ی خۆم دا وشک بووم *واقم وڕمابوو ته ماشای سه رتاپایم ده کرد وام ده زانی په رییه ک یان بوونه وه رێکی خه یاڵی یه سێ چوار ساڵ ده بو که ژیانم به و بارودۆخه پیسه وه بوو، ژیانی مه رگه سات، ڕیشێک که وه ک ڕیشی ڕاسپۆتین تا سه ر سنگم کشابوو جلێک که به گیانم دا لکابوو له ناو کتێب و کاغه زه دڕاوه کان دا ده ژیام، بینینی کچێکی جوان له زبڵدانه که ی مندا باوه ڕ نه کراو بوو، ئه وکچه زمانی ئه ڵمانیشی ده زانی، ده ستی کرد به قسه له ته ک مندا به ڵام من به شێوه یه ک خۆشحاڵ بووم که نه مده توانی وه ڵامی بده مه وه له پشتیه وه ده رگاکه کرایه وه هاوڕێکه م عارف هاته ژووره وه، پێ که نی، من تێگه شتم بۆ خستنه سه ر سوڕمانی من ئه م کاره ی کردبوو به تایبه تی ئه وی هێنابوو تا خۆشه ویسته که ی خۆیم پێشان بدات. ئه م کاره ی له ڕووی  خراپه کارییه وه نه کردبوو که دڵی من بسووتێنێت، ته نها بۆ خۆشی و سوعبه ت بوو،  له به ر ئه وه ی من که به ته واوی له هه ست و نه ستی ئه و ئاگادار بووم عارف پێ ی وتم: (( وه ره بچین بۆ شار من به ڵگه ی چونه ده ره وه ت بۆ ده که م))
دوای چه ند ساڵ یه که م جار بوو ده چووم بۆ شار. ئیدی له ته ک عارف و کاتیا دا که به ڵگه ی بۆ وه رگرتم به ره وشار چوین له سه رجاده به فر که م که م ده بوویه ئاو، به هاریش ده ستی پێ کردبوو، ناتوانیت هه ست بکه یت که من چ حاڵێکم هه بوو!
له که ناری ڕووباری (ئی،سی،ئی) یه وه تێپه ڕ ده بوین من له خۆشی دا له پێستی خۆمدا جێم نه ده گرت به ته واوی غه رقی جوانی ئه و کچه بوو بووم، که له ته واوی ڕێگادا کچه له هه موو باره یه که وه قسه ی له گه ڵ مندا ده کرد، من وه ک مردوویه ک که دوای ساڵانێکی دوورو درێژ دوای چه ندین ساڵ سه رم له قه بردا ده رهێناوهو هاتوومه ته دنیایه کی ڕۆشنه وه نه م ده وێرا گفتوگۆی له ته کدا که موو وه ڵامی بده مه وه تاکو دواتر له ئاکامدا چوینه ناو شارو بردینیه ژوورێکه وه که چرای کاره بای، مێزێک له گه ڵ ڕوپۆشێکی سپی، کورسی و قه ره وێله شی تێدا بوو، من وه ک لادییه کان ته ماشای دارو دیوارم ده کرد له خۆم ده پرسی: ((ئایا ئه وه ی که ده یبینم ڕاسته و خه و نی یه؟))
من و عارف له سه ر مێزه که دانیشتین، کچه که چای بۆ هێناین، پاشان ده ستی کرد به قسه له گه ڵ مندا، له و کچه کۆڕ گه رم که رو گورج و گۆڵ و زۆر وێژانه بوو دواتر تێ گه یشتم که کچ نی یه مێرده که ی له شه ڕدا کوژرابوو، منداڵیکی بچووکیشی هه بوو، ئه ندازیارێک و ژنه که ی له ماڵیاندا بوو ئه م ژنه له گه ڵ ژنی ئه ندازیاره که دا ئاشنایی هه بوو، به یه که وه ده ژیان. وابزانم ژوره که ی له و به کرێ گرتبوو، شه ومان له وێ به سه ربرد، شه وێک که هه رگیز بڕوام نه ده کرد به بیرم دا بێنم. من عاشقی ئه و ژنه جوانه بووم، له ڕاستی دا نه م ده وێرا ڕێگای ئه و بیرکردنه وه یه به خۆم بده م، ئه وم ده په رست. ئه و بۆ من له گۆشت و ئێسقان نه بوو یه ک په ری بوو، په ری ئازاد بوون که ژیانی تاریک و بێ مانا یه ک شێوه ی منی له ساتێکدا ڕووناک کردبویه وه، من نه م ده توانی له گه ڵ ئه ودا قسه بکه م یاخود ده ستی ماچ بکه م. ((به یانی گه ڕامه وه، به ڵام به چ حاڵێکه وه! هه ر ئه وه نده ده زانم که ژیان له زیندان دا تاقه ت پڕوکێن بوو بوو بۆم،  نه م ده تونی بخه وم و بنووسم وه یان کار بکه م،  له دوو کۆبونه وه ی حه فتانه دا به به هانه ی نه خۆشی یه وه به ژداریم نه کرد،  دوای ئه م پێش هاته هه موو شتێک به نواڕینم مانایه کی داپۆشراوو ون بووی به خۆوه گرتبوو، وام ده زانی هه موو ئه و ڕووداوه ڕاستیانه م له خه ودا بینی بوو. دوو سێ حه وتوو تێ په ڕی نامه یه کم له ((کاتیا)) وه بۆ هات.
((چۆن چۆنی ئاڵوگۆڕی نامه ت ده کرد؟))
((له ژێر یه كێک له شیشه کانه وه که دوور بوو له تێ ڕوانینی پاسه وانه کان، زیندانی یه کان هه ڵیان که ندبوو، ژێری شیشه که یان..بڕیبوو به شێوه یه ک که هه ڵ ده درایه وه و داده درایه وه، هه موو ڕۆژێک به نۆره یه کێکمان به قاچاخ ده ڕۆیشت و ئه وشتانه ی که ئه وانی تر پێویستیان پێ ی بوو ده ی کڕی و ده ی هێنایه وه، نامه کانیش هه ر ئه و ده ی گه یاند جارێک له کاغه زێکی دا نوسرابوو دوو شه ممه که ڕۆژی مه له کردنمان بوو من بڕۆم بۆ که ناری ڕوباره که ئه ویش دێت بۆ سه ردانم، گوایا عارف بۆی باس کردبوو ئێمه حه وتوی دووجار مافی مه له کردنمان هه نوو. بێگومان چونکه ئه م ژنه جوان و خۆش قسه بوو ده یتوانی به ڵگه ی چوونه ده ره وه بۆ ناوچه قه ده غه کراوه کان به ده ست بێنێت. به ڵام په یوه ندی بوونی له گه ڵ زینیدانیه کاندا ئاسان نه بوو، بۆ یه ئه م ڕێگه یه ی به بیردا هاتبوو جارێک ڕۆژی دوو شه ممه  که ده یان بردین بۆ که ناری ڕووباره که من به ترس و له رزه وه ڕۆیشتم بۆ ئه و گه ڕه که ی که به ڵێنی دابوو هه ر ئه وه نده ی که تۆزێک له ناو دارستانه که وه تێ په ڕیم کاتیام بینی پێکه و ڕۆیشتین بۆ که ناری ڕوباره که و دانیشتین، جه نگه ڵێکی سه وزو زۆر چوارده وری گرتبووین. ئه و دیسان ده ستی کرد به قسه، من ته نها ده ستی ئه وم له ده ستم دا گرت و ماچم کرد، کاتیا خۆی پێ نه گیراو خۆی خسته باوه شمه وه، ئه و خۆی دا به ده سته وه، له کاتێکدا من هیچ کات ڕێگای به بیردا هاتنی ئه و کاره م به خۆم نه دا بوو!
((له و ڕۆژه به دواوه ژیانی زیندانیم زۆر له ڕاده به ده ر سه خت و ناسازگار بوو، سێ چوار جار هه ر ئه م کاره م دووباره ده کرده وه له ڕۆژانی مه له دا به دزییه وه سه ردانم ده کرد، تاکو حه وتویه ک لێ ی بێ خه به ر بووم پاشان نامه یه کی تریم پێ گه شت نوسیبووی جارێکی تر ده چین بۆ مه له ئه و دێت و جلی ترم بۆ دێنێ من خه به رم به هاوڕێکانم دا که له وانه یه چه ند شه وێک نه یه مه وه داوام لێیان کرد که له جیاتی من ئیمزا بکه ن له کاتی سه رژمێری دا که چوار چوار له مه یدانی حه وشه که دا ڕاده وه ستاین یه کێک ده ی ژماردین نه ده ترساین، چونکه ئه مه ته نها کاتی سه رگه رمیمان بوو هه میشه هه ندێک جێگه به جێگه ده بوون، به شێوه یه ک که سه رژمێری ڕاست سه ری نه ده گرت، به هه رحاڵ ڕۆژی به ڵێن له که ناری ڕووباره که پێ ی گه یشتم و بینیم ده ستێک جڵی درێژ و کڵاوێکی چه رمی هێنابوو بۆم، جله کانم له به ر کرد و کڵاوه که م کرده سه رم که وتینه ڕێ ((له ناوچه ی زیندانیه کانه وه تا شار دوو سه عات ڕێگه بوو له ڕێگادا گه ر که سێک ده گه یشت پێمان، کاتیا له گه ڵ مندا به ڕوسی قسه ی ده کرد، به ڵام من هیچ وه ڵامم نه ده دایه وه ته نها جارجارێک ده مگوت: ((ئیسپاسیبو))  تا له ئاکامدا ڕۆشتین بۆ ماڵی خۆیان تا به یانی له ژووره که ی دا پێکه وه بووین به یانیه که شی له گه ڵ خێزانی ئه ندازیاره ڕووسی یه که و ژن و منداڵه که ی دا به مه به ستی گه ڕان له شاخه کانه وه چوینه ده ره وه، گه ڕانه که مان ماوه ی سێ ڕۆژی خایاند له شاخی (سێ پایه) که قه لعه کانی به شێوه ی سێ لوتکه ده رهاتبوون ڕۆیشتین و له جه نگه ڵێکی نزیکی ئه و شوینه دا خه ڵوه تمان هه ڵداو ئاگرمان کرده وه، له م ناوچه یه دا وه کو دنیایه کی دوورو ون دوور له خه ڵکی و ده نگه ده نگیانه وه بووین، خۆراکی باشمان ده خواردوو شه رابی باشمان ده خوارده وه له به ینی چڵی دره خته کانه وه ته ماشای ئه ستێره کانمان ده کرد هه وایه کی خۆشوو گیان به خش هه ڵی ده کرد ـ کاتیا ده ستی کرد به گۆرانی ئاوازی ((که شتیوانانی ڤڵگا، و ئیستینکارازین)) به ده نگێکی غه مگینه و ده چڕاند ئه ندازیاره ڕووسی یه که ش به ده نگێکی پیاوانه وه بۆی ده سه نده وه ، ده نگی کاتیا وه کو زه نگی (کڵێسا) له گوێم دا ده نگی ده دایه وه من له جێگه ی خۆم دا وشک بوو بووم، یه که مین جار بوو که ئه م ئاوازه ئاسمانیه م ده بیست. له تاو خۆشی و له زه ت دا موچڕکه به گیانمدا ده هات هه ستم ده کرد به ‌بێ ـ کاتیا ـ نه م ده توانی بژیم.
ئه م شه وه کاری گه ری له ژیانم دا دانا، تاڵیه کی سازگارم هه ست پێ کرد که ئاماده بووم هه مان سه عات ژیانم ته واو بێت گه ر بمردمایه هه تا هه تایه ڕۆحم شاد ده بویه وه له ئاکامدا گه ڕینه وه، هه رگیز له بیرم ناچێته وه، به یانی خه به رم بوویه وه ، کاتیا سه ماوه ری داگیرسانبوو چای بۆ تێ ده کردم، که ده رگاکه کرایه وه عارف هاته ژوره وه من له جێگه ی خۆم دا وشک بووم ئه و هیچی نه ووت، ته نها ته ماشایه کی کاتیای کردو چاوێکیشی بڕیه من، پاشان ده رگاکه ی داخست و ڕۆیشت، من له کاتیام پرسی: ((بۆچی چی بووه؟))…
ئه و گوتی:
((منداڵه، وازی لێ بهێنه، ئه و له گه ڵ هه موو کچێکدا سه روکاری هه یه، من له و جۆره لاوانه م خۆش ناوێ، به قه ره س! ئه و که سێکه له سه ر ڕێگه ی گوڵه کان ده چنێت، بۆنیان ده کات و فڕێیان ده داته به ر پێی!))
((هاوڕێکه م ڕۆیشت و چی تر له وه به دواوه هه رچی گه ڕام و پرسیارم کرد شوێنه واریم په یدا نه کرد.))  کۆتایی

——————————————————
ئه م چیرۆکه م له 4.7.1995  له کتێبی (( سگ ولگرد)) ی (سادقی هیدایه ت) وه
 وه رگێڕاوه و باش چاوپیاخشاندن له لایه ن شاعیری به رێز محه مه د عومه ر عوسمان،  ڕه وف بێگه رد،  په روێز ئه حمه د دلاوه ر قه ره داغی یه  و ه له گۆڤاری (ئێستا – گه لاوێژی نوێ – مرۆڤایه تی) له ساڵ 1997 بڵاو کرایه وه به ڵام له به ر نه مانی ئه و گۆڤارنه له به رده ست خوێنه ری به ڕێزی  کورد دا ئه مڕۆ 28.3.2008  سه ر له نوێ نوسیمه وه له دا هاتودا به که مێک ده ستاکریه و ده ینوسمه وه ئه گه ر کات مه ودام بدات  تکا یه بۆ زانیاری زیاتر  به م ئیمه له په یوه ندیم پێوه بکه ن:
nabaz06@yahoo.co.uk 
وه رگێڕ: نه به ز ئه حمه د

نوسخه ی فارسیه که ی: 
http://www.sokhan.com/hedayat/katia.pdf

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.