Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

کاتێک، رۆشنبیر، چەمکی راسیستیی بەکار دەهێنێ!

Be First!

 

 

 

 

رۆماننووسی بریتانییWilliam Maugham  لە رۆمانی (Of Human Bondage )، قسە لە دووڕوویی خەڵک دەکات و دەڵێ خەڵک داوای ئەوەت لێدەکەن، رەخنەیان لێبگریت، بەڵام درۆ دەکەن و بەس دەیانەوێ  پێیاندا هەڵبدەیت. ئەم دۆخە رێکوڕەوان لەناو نووسەر و رۆشنبیرو خوێنەری کورددا برەوی هەیە. هەروەها نووسەری گەنج، رۆمان پەین Roman Payne  پێیوایە، تۆ ئەگەر نووسینەکانی منت بەلاوە پەسەند بوو، ئەوە تۆ رەخنەگرێکی باشیت، پێچەوانەکەیشی، رەخنەگرێکی خراپیت. لەناو کورددا، ئەم خراپبوونە، خەریکە ببێ بە ” زبڵنووس” ، بەهۆی هەژموونی بەکارهێنانی هەندێ نووسەری “زۆربێژ”ەوە. فرانک ئەی کلارک، خاوەنی کتێبی (the country parson )، سەبارەت بە رەخنە بڕوای وایە لە باران و درەخت دەچن، دەبێ نمە باران و پڕووشە باران بێت،  بۆ ئەوەی رەگوڕیشاڵی رووەکەکە نەشواتەوە، بەڵکو گەشە بکات. ئەگەر رەخنەش نەبێت، رووەکەکە سیس دەبێ و بەرەو وشکبوون دەچێت. نووسەری کورد ئەوەندە وشکە، هەر رەخنەی لێ بگریت، ئتیر بەلەسە دەبێت وخۆی لێت لالووت دەکات و لەشوێنی ترەوە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. 

بزوتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، وێڕای ئەوەی زۆر بێکەسە، لەڕووی سیاسییەوە سەرکردەیەکی کاریزمای ( وەک موفەکیر)نەبووە و تا ئەم ساتەش بوونی نییە. بەهۆی ناشیرینییەکانی دیرۆکی ئەم ناسیۆنالیزمە( بێ ناسیۆنالیزم) ەوە، هیچ سەکردەیەکی سیاسیی کورد، جورئەتی ئەوە ناکات کە راستەوخۆ بڵێ من ناسیۆنالیستم، لە باشترین حاڵەتدا، دەڵێن، ناسیۆنالیستێکی مەدەنیین( سیڤیل)، یان چەمکی مۆدێرن و نیشتمانییبوونی تێکەڵ دەکەن و دەیکوردێنن و بە چەمکی  ” کوردایەتیی” خەڵکی پێ خڕ دەکەنەوە. هاوکات، هیچ رۆشنبیرێکی کورد کە توانای فیکریی بەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمدا بشکێ( قسە لەسەر عەوامی  رۆژنامەنووس  و  شاعیر و چاودێری سیاسیی  نییە) ، بەهەمان شێوە جورئەت لەخۆی نیشان نادات، راستەوخۆ و بە شەفافیی بڵێ من “ناسیۆنالیستم”. یەک دانە سیاسیی خاوەن کاریزما، یەک دانە رۆشنبیری خاوەن کرێدت و بەرهەمهێنی فیکر، لەناو کورددا جورئەت ناکات بڵێ من ” ناسیۆنالیستم”. ئایا ئەمە لە لایەنە نێگەتیڤەکانی فیکرو ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، یان لە بێتوانایی و داهێزرانی ئیرادەی  رۆشنبیرە ئەکادیمیست و سکۆلارە بێفیکرەکانی کوردەوە سەرچاوە دەگرێ؟ 

لەناو ئەدەب و فیکر و رۆشنبیریی و سیاسەتی کوردییدا، دوو ئایدیۆلۆژیای جیاواز و دوو دیدی سیاسیی، رەخنەی رووکەشانە و ئیستیفزازیانەیان لە ناسیۆنالیزم گرتووە، ئەوانیش کۆمۆنیزم و ئیسلامی سیاسیین. ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە، خۆیان ئەوەندە رووتورەجاڵن لەباری فیکرییەوە، توانای هیچ ئارگیومێنتێکی فیکریی و سیاسییان نییە لەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم بەرهەمی بهێنن.  زۆربەی هەرە زۆری رەخنەکانیان، مۆتیڤی ئایدیۆلۆژییان هەیە، ئەوانەیش لەچوارچێوەی شیعاری سیاسیی و کۆمەڵێ دەربڕینی عاتیفیی و ئەخلاقیی، لەناو کۆنتێکستی بەیاننامە و هەڵوێستوەرگرتن و مینبەری مزگەوتەوە،  بەدەر لەوانە، ئارگیومێنتێکی جدیی لەم کایە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و فیکرییەدا نەکراوە. 

سەرجەم ئەو رەخنانەی ئیسلامی سیاسیی و کۆمۆنیزمیش لە ناسیۆنالیزمیان گرتووە، “ناسیۆنالیزمی کوردیی”ان، لەناو زۆرینەی خەڵکدا شییرینتر و خۆشەویستتر و جەماوەرییتر کردووە.هەرچەندە باڵێک لە ئیسلامیی سیاسیی، هەمان چەمک و دیدی سیاسیی بۆ ناسیۆنالیزم بەکاردەهێنن، کە پارتیی و  یەکێتیی و حیزبە کوردییەکان، بەکاریان دەهێنن و بۆ چەندین ساڵە لەژێر ساباتی “کوردایەتیی”دا، نان بە سیاسەتەوە دەخۆن.  وێڕای ئەوەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم باشترین ماتێریالی ئینسانیی و کولتووریی و فیکریی لەبەردەستدا بووە، بەهەموو مێژووی کورد، چوار سیاسیی ناسیۆنالیست و چوار موفەکیر( مەبەستم لە رۆشنبیرە لێرەدا) بەرهەم نەهێناوە ئارگیومێنتی تیۆریی بکەن. هۆکاری ئەمانە زۆرن، بەڵام لەم نووسینەدا جەخت لە رووکەشیی و حەماس و عاتیفەی ئەم ناسیۆنالیزمە  دەکەمەوە و نموونەیەکیش بە ” مەجهولیی” دەهێنمەوە. دیارە لەبەر ئەو هۆکارانەی پارەگرافی یەکەم، پێویست ناکات ناوی کەس ببرێ.

وەک کورد، ئەگەر جوێن بە عەرەب و فارس و تورک بدەیت، ئەوە تۆ کوردێکی دڵسۆز و پاک و خاوێنیت. سووکایەتیی بەو نەتەوانە بکەیت و تەحقیری کولتوور و مێژوو و باکگراوندیان بکەیت، تۆ کوردێکی شەریف و شۆڕشگێڕ و نەتەوەییەکی تۆخیت. زۆر کۆنەجاش و کۆنە بەعسیی و کۆنە جەیشی شەعبییمان بینی، خەریکی ئەم مامەڵە پۆغڵەیەو جێگەی خۆی  کردووەتەوە و تەنانەت کاربەدەستی دەستڕۆیشتووی پارتیی و یەکێتیشە. هەندێ رۆشنبیری کورد  پەیدابوونە، گەورەترین خزمەت بە سیاسەت و ئەجێندای بازرگانییە سیاسییەکانی دەسەڵات دەکەن، باس لە دەوڵەتی نەتەوەیی و کوردیی و شتی حەماسیی لەوجۆرانە دەکەن، کەچیی دەربڕین و چەمکە سیاسییەکانی بەکاری دەهێنن، هیچ کەڕەعەشایەرێکی کوردیش بەکاری ناهێنێت. تەنانەت مەلا مستەفای بارزانییش، کە بە پیاوێکی زۆر عەشایەریی و ناسیاسیی ناسراوە، جوێندانی  بە نەتەوەیەک  و تەحقیکردنی  نەتەوەی عەرەبی ( وەک گەلی عەرەب) نەکردووە. 

نووسەرمان هەیە، سێمینار لەسەر دەوڵەتی کوردستانیی دەکات ( کوردیی وکوردستانیی وەک چێشتی مجێور تێکەڵ دەکات)، لە رۆژئاواش دەژییەت بەڵام چەمکێکی زۆر راسیستانە بۆ گەلی عەرەب، بەکار دەهێنێت. چەمکی ” پێ -پەتیی ”  بەکاردەهێنێت و بە شانازییشەوە لە یوتیوب دایدەنێت. لەباری مۆڕاڵیی و ئینسانیی و تۆلێرانس و پێکەوەژیانی کولتوورە جیاوازەکاندا، هەرکەسێک سکاڵا  بە یوتیوب بگەیەنێت، کە ئەو کلیپە ڤیدیۆیە، ئەو دەستەواژە راسیستییەی تێدا بۆ ئینسانی عەرەب بەکارهاتووە، دەستوبرد لایدەبەن، چونکە دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافی نەتەوەی جیاواز و سووکایەتییکردن و ئیحتیقارکردن بە  ئێسنیک و باکگراوندە جیاوازەکانی تر. جیاوازی ئەمجۆرە نووسەرە نەتەوەییانە لەگەڵ مەلا مەسعودی سەلەفیی و جاهیل ( تەنانەت بە مێژووی ئیسلامیش جاهیلە)دا چییە، کاتێ بەنەتەوەی عەرەب دەڵێت، نەتەوەیەکی ساقیت( الساقطة)؟ ( ساقیت بە مانایەکی زۆر خراپی  مۆراڵیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی دێت).

 لەڕاستییدا جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەمیان ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم لغاوی کردووە، ئەویان ئایدیۆلۆژیای دینیی رەشمەی کردووە. هەردووکیشیان یەک ئەجێندایان هەیە، بۆ ئەوەی مێگەلی کوردایەتیی لەخۆیان خڕ بکەنەوە. مەلا مەسعود، بۆ لێدانی هونەرمەندێکی کورد، بەشێکی بەرچاوی گەلی کورد بێئەخلاق دەکات، بۆ باڵانسی ئەمەش، عەرەبیش( سەرجەم نەتەوەی عەرەب) بە ساقیت دەچوێنێ، لەبەرامبەردا، مێگەلێکی زۆر لە لایەنگرانی کوردایەتیی دوای دەکەون. ئەکادیمیستی هەژار( لەڕووی فیکرییەوە)ی کوردیش، بۆ ئەوەی بازاڕی کوردایەتییەکەی گەرم بێت، جڵەوی خۆی شل دەکات و بە چەمکی “پێ پەتیی” تەحقیری عەرەب دەکات. 

پرسیارەکە ئەوەیە، کەسێک لە وڵاتانی دێمۆکراتیی رۆژئاوا بژییەت، وڵاتانی فرەکولتوور و فرە باکگراوندی جیاواز بن، گاڵتەکردن بە کولتوورو رەنگ و پێست و شێوە و باکگراوند و…تاد، دەچنە خانەی راسیستبوون و هەڵاواردنەوە و بە قانون رێگریی لێدەکرێ ، لەبەرامبەریشدا چەمکی هاوڵاتییبوونی سیڤیل برەوی پێدراوە. نووسەرێک، منداڵەکانی خۆی لەناو کولتوورێکی پڕ لە تۆلێرانسدا گەورە بکات، بۆچیی گەنجانی کورد لە کوردستان،  فێری تەحقیرکردن بەعەرەب و فارس و تورک دەکات؟ ئاخر ئەمە کەی فڕی بە فیکر و  ئەکادیمیستبوون و رۆشنبیربوونەوە هەیە. ئایا ئەم تێڕوانینە ئایدیۆلۆژییە، ئەوەندەی تر ناسیۆنالیزم لە فیکر و مەعریفە داناماڵێت؟ 

هەرجۆرە گاڵتەکردن و کۆمێنتێک، لەسەر  رەگەز و نەژاد و باکگراوندی نەتەوە و ئێسنیک و جڤاکە جیاوازەکان، دەچێتە خانەی راسیستبوونەوە و لە دیدی ئێسنییەوە ، نۆرمێکی راسیستییە (ethnic stereotype). ئەمجۆرە رۆشنبیرە نەتەوەییانە، شۆڤنیزمی نەتەوەیی بەرچاوی لێڵکردوون و لە رۆژئاواوە، نەتەوەکانی دەوروبەری کورد تەحقیردەکەن.  لەکاتێکدا دەبووایە، بەئارگیومێنتی عەقڵانیی و تیۆریی و کولتووریی، بنکۆڵی بۆچوونەکانی بەرامبەرت بکەیت و بناغەی سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی بۆ دەوڵەتێکی کوردستانیی، وەک مافی چارەی خۆنووسینی کورد، بنیات بنرێ، نەک ئیهانە و ئیستیفیزا ز و رقی نەتەوەیی لە دەرودراوسێکانمان بچێنین.

 

کامیار سابیر

Previous
Next

Leave a Reply