Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

کاتێک نووسین بە تێرۆریزم دەچێت

Be First!
by September 21, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

دوا کتێبی مارگەرێت دۆراس “گشتی ئەمەیە”(*)  دەروازەی بەرهەمێکی فرە وێنەییە بۆ ئەدەبی هاوچەرخ.  هەنووکە دیدی پەڕگیریی دۆراس بۆ رۆڵی نووسەر بووە بە ئاسایی.

 

بەختەوەریی، واتە نەختێک مردن.” ئەو نووسەرگەلە شیاوانە کەمن کە ئەو هزر و ئەزموونگەلە چڕکراوە کاریگەرانەی سەتەی بیستیان سەبارەت بە غەریزەی مەرگ و مەیلی ناوەکیی مرۆڤەوە، وەک دۆراس نووسیبێتەوە:  بڕوا ناکەم ئەو دەربڕینە کە پەیوەندی بە دۆخی خودی مارگەرێت دۆراسەوە هەیە، وەک شاگەشکە (سوپرایز)ێک روویدا بێت. 

دۆراس ئەو پێناسە دژوارەی لە خانووەکەی Rue Saint-Benoir لە پاریسدا، کە ئەو ساڵی ١٩٤٢ لە گەرمەی داگیرکارییدا ماڵەکەی بۆ ئەوێ گواستەوە، لە کورتترین گوتندا دەربڕی. ئێستا نۆڤێمبەری ١٩٩٤ە و دۆراسیش بە تاکە شێوەیەک کە ئەو لە دەستی بێت،  واتە بە رێگەی دەستکردن بە نووسینی کتێبێکی نوێوە، روو بە روو خۆی بۆ مەرگ ئامادە دەکا، هەرچەندە کە ئەو چیتر لە توانایدا نییە بنووسێت، لێ تەنێ دەتوانێ بە زارەکیی  ئەو نووسینە لە ساتی کورتیلەدا بە دەنگ بە گۆ بهێنێ. بەرهەمهێنانی “گشتی ئەمەیە” ش تەواو گرێدراو بوو بە هاوڕێیە هاوژینەکەی ییان ئەندرێیە-Yann Andrèaەوە کە یارمەتیدەر، سەرنووسەر و هاوگفتوگۆکاری بوو، کە ئەمەش تشتێکی زۆر دەگمەن نییە: راستییەکەی، وەک وەشانگەر ژیل فیلیپ لە پێشەکیی چاپی Palèiade کۆبەرهەمەکانی دۆراسدا ئاماژەی بۆ دەکا، ئەو کۆپلە و بەشانەی کە  کتێبی هەڤپەیڤینەکان پێکدەهێنن، کاری خودی نووسەرن. دۆراسیش وەک چۆن بە شێوە سەرسەختانەکەی خۆیەوە  لە بەرانبەر وەشانگەردا داکۆکی لەو وابەستەنەبوونەی خۆیەوە کرد، لە هەمان کاتیشدا لە پەیوەندی بە بواری تردا خوازیار و ئامادە بوو کە شێوازی کاری هاوبەشی نوێی نووسین وەک: فیلم، شانۆ، کتێبگەلی گفتوگۆیی، تاقیبکاتەوە.

مارگەرێت دۆراس کە ساڵی داهاتوو سەت ساڵی لە تەمەنی پڕدەکردەوە، لێ ئەرکی نووسەرێتی ئەو  زۆر پێویستی بە ئاهەنگی جەژنی لە دایکبوون نەبوو، تا ناوی خۆی بە رۆژەڤ بکا، بە هەنووکەیی بکا، چونکە ئەو خۆی کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر نەوەی نووسەرە گەنجەکانەوە هەبوو و زۆر زەحمەتیش بوو پشتگوێ بخرێت. ئێستاش کاتێک دوایین کتێبەکەی “گشتی ئەمەیە”، کە لە دۆخێکی سەیردا نووسرا، وەرگێڕانە سوێدییەکەشی بە دەستکارییەوە چاپکرا (کێنێت کلێمێتس کردوویەتی بە سوێدیی، وەشانگەی Ellerström چاپیکردووە)، بەو بۆنەیەوە مرۆڤ دەتوانێ جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە چۆن کردەی نووسەریی لە ماوەی ئەو حەڤدە ساڵەی رابردوودا دوای ئەوەی کە  دۆراس لە ٤ی مارسی ١٩٩٦ لە پاریسدا ماڵئاوایی کرد، پایەی خۆی مکوم دەکا. مرۆڤ دەتوانێ راستەوخۆ ئەوە جەختبکاتەوە کە ئەو دەم سەیرکردنێکی رۆمانتیکیی زیاد لە پێویست لە پەیوەندنی نووسین بە ژیانەوە هەبوو – “ئەوە کتێبە کە خۆزگە بە مەرگی من دەخوازێ”- ئەمڕۆ ئەو تێگەیشتنە لە رۆژانێکی تر و بە ئاگایانەتر، وەک دوگمە و بینینێکی روونی دەربڕینێک لە مەرجی دروستی نووسین، دەبینرێت.

“گشتی ئەمەیە” دوای ئەوەی چاپی یەکەمی سوێدییەکەی لە ٢٠٠٠دا چاپ بوو، لە ئاستێکی بەرزدا وەک دەروازە یان بەرهەمێکی فرە وێنەیی لەو جۆرە ئەدەبیاتە دەبینرا. دوا بە دوای چاپی ئەو کتێبەوە پرۆژەی وەک “تێکۆشانی من”ی کارل ئوڤێ کناوسگۆرد(Karl Over Knausgård ) (نووسەرێکی نەرویجییە، و. کوردیی) کە ئەو لەو کتێبەدا دۆراس بە مۆراڵیی دەکا، ئێمە گەلێک فرسەتمان بۆ رەخسا کە لە تەک ئەو رۆڵە پەڕگیرەی نووسەردا بەوە رابێین کە دۆراس ئەو رۆڵەی بە خۆی دابوو، لەوێدا نووسین بە تەواوی رۆڵی بەسەر ژیانی نووسەردا زاڵ بێت، بۆیە، بە دەربڕینی دۆراس خۆشییەوە دەبێت” رێژەی خەڵکی لێ کەمبکرێتەوە- ”Avfolkning”  “(١)، واتە دەبێ خەڵک لەو شێوازەی دۆراس کە نووسین و نووسەر هاوتا دەکا،  کەمبکرێتەوە . نووسین خۆی، کە وەک “کردەیەکی تراژیدیی” پێناسە کرا،  وەک پێکدادانێک لە نێوان نووسین نووسەرییدا وێنەکرا. کەواتە “گشتی ئەمەیە” سندووقی رەشی کارەساتەکانە.  هەروا مرۆ دەتوانێ ئەو کتێبە وەک شێوازێک لە تێرۆریزم ناودێر بکا، کە نووسەر خۆی قوربانی یەکەمی ئەو تێرۆریزمەیە. دۆراس لە رۆژی شەممەی ٦ی ژێنیوەری ١٩٩٥دا دەبێژێ: “هاوڕێتیی بەهایەکی ئەوتۆی نییە.  ئەوەی گرینگە، هزرە تووندڕۆییەکانە کە نە بە هیچ شوێنێک دەگەن و، نە بە تشتێکیش دەگەن.”

 

مرۆڤ لە دەرئەنجامی پێداگریی نەگۆڕی نووسەرێتی تێدەگا: لەو حاڵەتەدا دۆراس لە ماوەی نیو سەتەدا بە رێوە بەرەو هیچ تێشتێکەوە، بەو هزرە پەڕگیرەوە پابەند بوو. دۆراس لە “گشتی ئەمەیە”دا نووسیویەتی، کە ئەو تا رادەیەکی زۆر بێجگە لە کتێبی “وەعزدەر”، دوو جار بۆ “بەنداوێک بە رووی ئۆقیانووسی ئارامدا” گەڕاوەتەوە کە لە ١٩٥٠دا نووسیویەتی. 

ئەو بۆ یەکەم جارە لە رۆمانی”بەنداوێک  بەرووی ئۆقیانووسی ئارامدا” سوود لە ئەزموونی هەراشبوونی خۆی لە باشووری خۆرئاوای ئاسیادا وەربگرێت، بەمجۆرە مرۆ دەبێ ئەو رۆمانە بە دەستپێکێکی راستەقینەی نووسەریی ئەو سەیر بکا، ئەو رۆمانە مارشێکی درێژ و  بە سەبرە بەرەو عەدەم (دیارە سەبر یەکێک لەو ئاکارە چاکە کلاسیکییە دەگمەنانەیە کە دۆراس بە ئاماژەیەکی ئەرێن، یپۆزەتیڤ ئاماژەی پێدەکا). مارگەرێت دۆراس لە ٤ی ئەپریلی ١٩١٤دا لە Gia Dainh ی ڤێتنامی ئەمڕۆدا، کە ئەوکات  بەشێک بوو لە Indokina-هیند و چین ی فەڕەنسە بوو، لە دایکبووە. دۆراس لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا باشووری خۆرئاوای ئاسیای بەجێهێشت و هەرگیزیش نەگەڕایەوە ئەوێ. 

دۆراس رێک وەک Kipling, Mervyn Peake, J.G. Ballard (کە هەموویان  هەریەک لە هیندستان و چیندا لە دایک بوونە و کەم تا  زۆریش بە شێوەیەکی دڵڕەقانە بە منداڵییەتییەوە شاگەشکەن)، بە مانایەک نووسەرێکی ئاسیاییە لە تاراوگەدا، کە تا هەتا هەتایێ لە هەستی گەرمی، شێداریی و نابزێویی ئەزموونەکانی منداڵییەتییدا دابڕا. کەسێک بخوازێت دەتوانێ  لە نووسینەکانی ئەودا بە دوای شێوەی شوێنپێی  تووند و تیژیی، جۆرێک لێبووردەیی یان تژی لە ناسکیی لە دەربڕینی توند و تیژیی لە نووسینەکانی ئەودا بکەوێت، کە لەوەشدا هەر چوار نووسەری ناوبراو پێکەوە هاوبەشییان هەیە. هیچ گومانیشی تێدا نییە  کە ئەگەر  بابەتی سەرەکیی دۆراس لە  گەورەبوونی لە باشووری خۆرئاوای ئاسیاوە سەرچاوە هەڵبگرێت. ریگەم بدە لەسەر ئەوە سوور بم کە ئەو بابەتە سەرەکییە چییە کە نییە: ئەوە بەختەوەرییە کە نییە. لە رۆمانی”ئەسپە بچکۆڵەکان لە تاراکوینیەدا” کەسایەتییەکی رۆمانەکە حەز دەکا بزانێت کە مرۆڤ چۆن دەتوانیت لەگەڵ درێژی خۆشەویستییدا هەڵبکات- ئەڵبەت ئەوە خۆشەویستیی نییە وەک خۆی کە زەحمەت بێت، بەڵکو ئەو جۆرە خۆشەویستییەیە کە هاوئاهەنگئامێز و ئاسانە، واتە بەختەوەرییە کە تەحەمول ناکرێت.

بەردەوامی ئەو حەز نەکردنە لای دۆراس وایکرد کە بۆ ئەو مەحاڵ بێت بتوانیت لە حیزبی کۆمۆنیستدا بمێنێتەوە، کە ئەو دوای ناکۆکیی و ململانێیەکی دوور و درێژەوە لە ساڵی ١٩٤٩دا بە رەسمیی وازی لێ هێنا: “مرۆڤ دەکارێ نووسەر بێت و کۆمۆنیستیش بیت، بەڵام مەحاڵە مرۆڤ بکارێ هەم نووسەر و هەمیش کۆمۆنیست بێت”، ئەوها تێگەیشتنەکەی خۆی دەربڕی. وێڕای ئەمەش دۆراس دوای شەش ساڵ دەخوازێ رۆمانە چکۆڵەکەی “Le square” لە واتەیەکی تەواوی مارکسییدا وەک “رۆمانێک لەسەر پێداویستیی”دا ناودێر بکا.  بەڵام لە روانگەی مەرجی کۆیلەی مووچەی کارەوە دیالۆگەکان لەو رۆمانەدا هەمیشە دەخزێنە ناو خاکی بوونایەتییەکی تاریکترەوە، بە رای منیش ئەو کۆپلانەی خوارەوە تەواو لەگەڵ کۆی سیاسەتکردندا ناجۆر و ناسازن، وەک دەزانین مرۆڤ، بە مانای تاکەکەسیی یان بە کۆمەڵیی توانای هەیە لە پێناو بەختەوەرییدا تێبکۆشیت، لەسەر بنەمای ئەوەی چونکە: “راستییەکەی بۆ خەڵک سەختە تەحەمولی بەختەوەریی بکەن. بە دڵنیاییەوە خەڵک دەیانەوێ بەختەوەرییان پێ ببەخشرێت، لێ کاتێک بە باشی ئەو بەختەوەرییەیان دەست دەکەوێت، ئەودەم بە دوای سۆراغی تشتێکی تر دەکەون.” 

 

کەواتە ئەو تشتێکی ترە چییە؟ ئەو تشتەی کە خەڵک لە جێگەی بەختەوەرییدا دەیخوازن ( ئێستا هەرچەندە کە ئەو بەختەوەرییە لەگەڵ “نەختێک مردن”دا روون نییە) چییە؟ دۆراس لە پەنجایەکاندا، هەر لە “بەنداوێک بە رووی ئۆقیانووسی ئارام”ەوە نووسەرێتیی خۆی بۆ ئەو بابەتگەلە  چڕ دەکاتەوە و تەرخاندەکا. دۆراس لەسەرە مەرگدا بە دەربڕینێکی وشکەوە ئەوها دەڵێ: “مرۆڤ هەموو کات هەمیشە بنووسێ ئەوا فێر دەبێ کە بنووسێت”، بە مەیلەو بێخەیاڵییەکی دژوارەوە بەردەوام دەبێ و دەڵێ: “نووسین کەس لە هیچ تشتێک رزگار ناکا.” راستییەکەی ئەوەی کە دۆراس خۆی فێر دەکا، تەواو خۆ تەرخانکردن، کورتکردنەوەیە. دۆراس لە “ئەسپە بچۆکەڵەکان لە تاراکوینیەدا” بە کۆدگەلی نائاڵۆزەوە باس لە پاشخانی ژیاننامەی خۆی دەکا – باس لە پشووی هاوینەی گرووپێک لە رووناکبیری چەپڕۆی زمان فەڕەنسی دەکا کە لە ئیتالیادا بەسەر دەبەن.

دۆراس بابەت (تێمە)کان یەک بە دوای یەک- ناچاڵاکی،  خەو بردنەوە، ئەلکەهول، ناکۆمەڵایەتیی، بێباکیی، خانەوادە، خیانەتی سێکسیی وەک نزیکترین ئەرکی ئەخلاقیی (وەک دەگوترێ، ئەگەر مرۆڤ هەندێ جار هەم  لە ئازارکێشان و هەمیش لە بەختەوەرییشدا رەفتاری نەگۆرێت پیر دەبێ و فریوخواردوو دەبێ) –  گێڕانەوەی نوکتەی خودی رۆمانەکەش لەسەر ئاڵ و گۆڕکردنی هاوسەرییە لە کاتی بەسەربردنی پشووی کاردا کە لە باکگروندی رۆمانەکەدا، خۆیان دەنووێنن.  بەمجۆرە بەرە بەرە گشت ئەوانە بێبایەخانە بزر دەبن. ناوی شوین و ناوی تایبەتمەندیی یان هەمیشە زۆر دووبارە دەبنەوە کە شێوەگەلێک لە جادووگەریی – هێرۆشیما، Never وەردەگرن و یانیش بە گشتی بزر دەبن.

لە “Moderato cantabile” (١٩٥٨)دا ئێمە نازانین ناوی ئەو شارە چییە کە لەوێدا ئەننا دێسبەرێدس لەناو تەمدا دەلەنگێ، بە ناهاوسەنگی دەڕوا، ئێمە تەنێ ئەوەندە دەزانین کە ئەوە شارێکە سێ کارگە و بەندەرێکی هەیە؛ شارێک کە دەڵێن زۆر بچووکە بۆ پەنهانکردنی کەتن و ئابڕووچوونەکان. ئەوەی کە ئێمە بەر لە هەموو تشت دەتوانین بیزانین، تشتێکی زۆر گرینگترە: ئەو تشتانەن کە هەبوونییان نییە. ئەوە تەواوی ئەو پرینسیپەیە کە دۆراس بەوە لە ماوەی کاتەوە دەخوازێت کتێبەکانی ناودێر بکا. “ئەسپە بچکۆلەکان لە تاراکوینیەدا”- کە قسە لەسەر ئەو ئەسپانە دەکا، پلانی گەشتێک بۆ ئەوێ رێکدەخرێت، کە ئەو گەشتەش بە هۆی زۆر هۆکارەوە هەرگیز سەر ناگرێت: ئەو مرۆڤانە هەرگیز رێگە ناگرنەبەر تا بیبینن. “زەریاوانەکەی Gibraltar” (١٩٥٢) – کە ئەو زەرایاوانە بە شێوەیەکی راستەقینە بوونی نییە، ئەو زەریاوانەی کە دوای پاساوێکی بۆ ئەو سەفەرە بێکۆتایە هەڵبەست؛ چەشنی Moby Dick (ناوی رۆمانێکی ئینگیلیزییە، و. کوردیی) گاڵتەجاڕانەیە، لێ گەلێک کەمتر واقیعییە.  هەروا “بەنداوێک بە رووی ئۆقیانووسی ئارامدا” – بەنداوێک کە هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێ دروستیشی بکا، ئەو بەڵێنشکێنەی، کە مۆڵەتی تایبەتیی  بۆ دروستکردنی ئەو کەنداوە (لە کەمبۆدیای ئەمڕۆدا) کڕی، دایکەکە  تێکدەشکێنێ ، لێ دوایی تێگەیشت کە ئەو بەنداوە بەرهەمدار نییە، چونکە خوێی ئاوی زەریایەکە هەموو ساڵێک بەروبوومەکان لەناو دەبات.

 

ناونیشانی کتێبەکانی ئاشکرای دەکەن کە دۆراس مرۆڤ چۆن پێناسە دەکا. ئەمەش نەک بە رێگەی ئەوەی کە ئەو هەیەتی یان خۆی چۆنە، بەڵکو بە رێگەی  ئەوەی کە ئەو ئارەزووی دەکا. نەک ئەوەی کە پێشتر هەمانە، بەڵکو ئەوەی کە ئێمە تامەزرۆی دەکەین، ئەوەی کە ئێمە خەونی پێوە دەبینین. ئێمە ئەو تشتەین کە تامەزرۆی دەکەین. کاتێکیش ئێمە تامەزرۆمان تەواو دەبێ، ئەوا ئێمە نەختێک دەمرین، هەروا سەرباری ئەو مانایە لە گوتەی پێشەکییەکیشیدا: “بەختەوەریی، واتە نەختێک مردن.”  بەمجۆرە، بە دیدی دۆراس، بە دیهێنانی هەر خەونێک، وامانلێدەکا کەمتر زیندوو بین.

 

بە کام شێوە ناونیشانێکی وەک”Moderato cantabile” لەناو ئەو نەخشەی بەرنامەیەدا دەگونجێت؟ تا دەروازەکە دەستپێبکا، ئەو کوڕە نەگوجاوە، واتە کوڕە هەرگیز ناولێ نەنراوەکەی Desbaresde Ann کەرازی نابێ دان بە مامۆستای پیانۆیەکەیەوە بنێت، کەواتە ئەو (کوڕەکە) دەزانێ مانای ئاستی خێرایی رەوتی مرۆڤ (tempo) چییە: رێژەیی و هاوئاهەنگە. بەشێکی ئەو رۆمانە باس لەو لاملییە دەکا، کە ئەو لاملییەش لە کوڕەکەوە بۆ دایکی دەگوازرێتەوە. لە ترۆپکی رۆمانەکەدا ئەننا (Ann)ش رازی نابێ کە بە دەم نانی ئێوارەوە لە کاتی دەرهێنەر (رێژی) مێردەکەیدا بە گوێرەی مانای ئەو رەوتە کۆمەڵایەتییەی کە بۆی دیاریکراوە رەفتار بکا: Anna تێڕوانیێکی رێژەیی  وباو رەتدەکاتەوە و  تا  هۆش لە دەستدانیش دەخواتەوە.

ئەو کۆپلەیەی کە ئەو کوڕە لای مامۆستایەکەی Giraudدا پیانۆ دەژەنێ، کۆپلەیەکە بۆ گەنجایەتی: ژنە مامۆستایەکە روونیدەکاتەوە، کە پیانۆ ژەنین تشتێک نییە کە مرۆڤ بیەوێ یان نەیەوێت: ئەوە پێی دەگوترێ پەروەردە (فێرکاریی). بە زمانێکی ئابوورییەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی”Moderato cantabile” ەوە بە شێوەیەکی تایبەتمەندییانە مانایەکی ئاوەڵا بۆ تێگەیشتن بەجێدەهێڵرێت.  یان ئەوەتا کە  بە خودی پیانۆ ژەنین دەگوترێ پەروەردە ، یانیش ئەوەتا کە مرۆڤ بخوازێت یان نەخوازیت، دەبێ تشتێک بکا: پەوەردە (فێربوون) ملکەچییە. 

ئەوەی دوایی باشتر لەگەڵ ئەو رۆڵە قووڕسەی کە لە “Moderato cantabile” دا بە منداڵ دەدرێت، دەگونجێت. ئەو کوڕە تەنێ پاساوەکە بۆ دایکی هەڵنابەستێت، تا دایکی خۆی بدزێتەوە و دوور لە چاوی خەڵکەوە و بۆ لای منداڵەکەیەوە بڕوات، بەڵکو پاساو بۆ زۆر شەراب خواردنەوە و خەیاڵ لە هەوەس ئاوەڵاکردن، مەرگ و خیانەتی سێکسی دایکیشی هەڵدەبەستێ. وێڕای ئەمەش کوڕەکە پاساوی هونەری گێڕانەوەی نووسەریش هەڵدەبەستێ، تا بتوانێ  یاخیبوون بە دژی  ئەو بۆرژوازییەوە دەستپێبکا. (دۆراس ئۆرگینالی ئەو دەقەی بۆ فشاری ژینگەی ماڵە بورژوازییەکەی Desbaresde Annaەوە  بەکار هێنا کە دۆراس خۆشی تەواو وەک سامانێک ماڵەکەی خۆی لە Neauphle-le-Château  کڕیبوو، تا مردیش خاوەنی بوو: ئەوەش  روون نییە کە ئاخۆ دۆراس خۆی لەوەدا وەک تەوسێکی تەواو ئەوەی بەدژی خۆیەوە بەکار هێناوە. کەسێکی بزێو و لاسارێکی تر لە ژیانی کولتووری فەڕەنسییدا، واتە Gèrard Depardieu،  بە هەر شێوەیەک بێت باسی ئەوەی کردووە کە چۆن هەوڵیداوە بە دزییەوە ریکلامی ئاگادارکردنەوەی خانووەکەی دۆراس بشارێتەوە، کە بەوە مارگەریت دۆراسی تووشی شاگەشکە کردووە. وەک Gèrard Depardieu دەڵێ، بازاڕی خانووبەرە ئاورەزووی نهێنی دۆراس بووە. 

لێ ” Moderato cantabile”ش بە شێوەیەکی تر تامەزرۆی خۆی هەیە. ئەو هاوارە زەندەقبەرەی کە لە دەستپێکی رۆمانەکەدا دەبیسرێت، ئەوکاتەی کە ژنێک لە شەقامەکەدا بە دەستی پیاوە خۆشەویستەکەیەوە دەکوژرێ، ئەمەش یادی ژیان لە لە کن Desbaresde Anna دا بێدار دەکاتەوە، بەمجۆرە ئەننا بەرە بەرە باسی ئەوە دەکا کە ئەو خۆی جارێکیان بە هەمان شێوە  هاواری کردوو، هاوارێک کە نە مەیلەو تیژ بوو یان ئاوازئامێزیش بوو، واتە ئەو ئەوکاتە ئەو جۆرە هاوارەی کردووە   کە منداڵەکەی بووە. لە کن ئەننا هاوارکردن خۆشەویستی (بۆ منداڵ) و مەرگ پێکەوە دەبەستێتەوە: ژیان گشت ئەو تشتانەیە کە رێژەیی و هاوئاهەنگیی، هاڕمۆنیی نییە؛  ژیان چێژکردنی گشت هەوەسەکان، دڵ گەرمیی، مەترسییە.  ئەوها دۆراس هەر زوو لە پەنجایەکاندا بابەتی نووسینەکانی دەردەبڕێت، کە هێشتاش لە دوایین پەیڤەکانیشدا پیادەیان دەکا و دەیانڕەنگێنێت. ئەو بابەتانەش بێکاریی، عەشق، مەستیی، مەرگ؛ واتە  دامرکانەوە، لێ لە چوار رەوتی جیاوازدا کاریان لەسەر دەکا. گشت کاراکتارە سەرەکییەکانیشی دەخوازن بمرن.

 

بەمجۆرە لە پاشنیوەڕۆی٣ی یولی ١٩٩٥دا چوار وشەی بۆ دێت کە بەو چوار وشەیەوە دۆخی دژواری مرۆڤایەتی لە تاکە دەربڕینێکدا چڕ دەکاتەوە، کە وەک ئازارێکی تاڵ راستە: “هەبوون لە بووندا من مەحفدەکاتەوە.” ئەو بێئومێدییە فرەیە لەو دەربڕینەش باشتر دەرناببڕدێت.  لێ ئەوها لە بەردەوامی قسەکانیدا دێتە گۆ، کە لەوێدا دۆراس چەشنیHoudini  ، دینامیکی قوفڵەکە دەکاتەوە و ئازادی بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە. “ئەوە ئارەزووم پێ دەبەخشێ کە بنووسم.”  لەمێژ نییە بار و دۆخی کۆیلە، تەنانەت لەسەر جیگەی مەرگیشدا: ئەوە ئەو جۆرە مانێفێستانەی ئازادییە کە مرۆڤ هاندەدا بەردەوام پەنا بۆ ئەدەب ببات.


٢٠١٣. ١٥ی ئاوگوستی ٢٠١٣/ستۆکهۆلم

نووسینی: Kristoffer Leandoer (*)

و. لە سوێدییەوە: هەندرێن

 

(*)Kristoffer Leandoe، نووسەر و رەخنەگرێکی سویدییە.

(*) “گشتی ئەمەیە”، لە ٢٠٠٦ دا، لە لایەن وەرگێری ئەم نووسینەوە بە کوردیی کراوە و چاپکراوە. 

(١)”Avfolkning”و بە ئینگلیزیی “Population decline – رێژەی خەڵکی لێ کەمبکرێتەوە”، چەمکێکە بە ئینگلیزیی  بەمانای” دێت. بە مانای ئەو دۆخە دێت کە  دەڤەرێک بە هۆکاری راگواستن یان کەمی منداڵبوونەوە دانیشتوانی کەم دەبێتەوە. لە ئاکامی ئەوەشدا رەنگە ئەو دەڤەرە ئاوەدانی خەڵکی تێدا نەمێنێت. “Population decline ” دەکرێ بە هۆکاری جەنگ، کارەساتی سروشتیی، گۆڕانی ژینگە… لێرەدا نووسەر مەبەستی ئەوەیە کە دەبێ خەڵک لەو دیاردەیەی دۆراس، کە نووسین بەسەر ژیانی نووسەر زاڵدەکا، کەمبکرێتەوە. (و. کوردیی)

 

ژێدەر:

بەشی: یەکشەممەی کولتووریی، رۆژنامەی SVD ، ١١ی ئاوگۆستێ ٢٠١٣   

Previous
Next

Leave a Reply