Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

کاروان کاکە سوور لە ڕۆمانێکەوە باسی مێژووی هەولێرمان بۆ دەکات

Be First!

 

 

 

 

رۆمان یەکێکە لە ژانرە گرینگەکانی دونیای پان و بەرینی ئەدەب. سەرهەڵدانی رۆمان ، موژدەیەکی خۆشبەختی گەورەبوو بۆ دونیای ئەدەب. بە بڕوای من هیچ ژانرێکی تری ئەدەبی تر، هێندەی رۆمان ، جیهانی فەنتازیاو داهێنان فراوان نییە، رۆمان سنوورێکی ئێجگار مەزنی هەیە، کە نووسەر دەتوانێت هەرچی بە مێشکیدا دێت، لەناو سنووری رۆماندا بینووسێت.

لەڕێگای رۆمانەوە دەتوانرێت ، باس لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی تاوەکو  لە مێژوو ، سیاسەت، فکر و فەلسەفە، عادات و تەقالید،،،هتد بکرێت. هەرلەبەرئەوەش لە مێژە ووتراوە : ( بۆ ئەوەی شارەزایی لە بارەی نەتەوەیەکی بێگانەت دەستبکەوێت، پێویستە رۆمانێکی ئەو نەتەوەیە بخوێنیتەوە .) ئاخر ئەوە تەنها رۆمانە کە دەتوانێت ، دیمەنێکی تەواو پڕواپڕمان بداتێ.  

” کاروان عومەر کاکە سوور” یەکێکە لە قەڵەمە بە تواناکانی شاری هەولێر ، دیارە پێشتر لە بواری چیرۆک و رۆماندا، ئەسپی خۆی تاوداوە و تاڕادەیەکی باشیش سەرکەوتووبوە. دوایین بەرهەمی نووسەر ( گازینۆی منداڵان)، کە  رۆمانێکی قەبارە مام ناوەندە، لەلایەن دەزگای غەزەلنووسی سلێمانی چاپکراوە. 

بەشبەحاڵی خۆم ، ئەمە یەکێکە لەو رۆمانە جوانانەی کەلەم چەند ساڵەی دواییدا خوێندومەتەوە. دەتوانم بڵێم نووسەر شارەزاییانە دەستی بۆ بابەتەکان بردووەو، لەهەمانکاتدا چەند تەکنیکێکی باشی رۆمانی بەکارهێناوە، کە تارادەیەکی باش تێیدا سەرکەوتووبوە، لێ بە داخەوە لە کۆمەڵێک تەکنیکی تردا سەرکەوتوونەبووە، کە پاشتر دێمە سەریان.

مێژوو وەک بەردی بناغەی کۆشکی رۆمان / 

کاروان کاکە سوور مێژوو دەکاتە بەردێكی بناغەی کۆشکی رۆمانەکەی. مێژوو دەبێتە  کرۆک و بابەتی سەرەکی. زۆرجار مێژوو بەپێی وویستی و حەزی مێژنووسەکە دەنوسرێت، کەم مێژوو نووس هەیە ، پشت بە زانستی مێژوو ببەستێت، بەرژەوەندی و حەزەکانی بەسەر کتێبەکەیدا زاڵ نەبێت. لێ گرینگی رۆمان لەوەدایە، کە زۆرجار لەڕێگای باسکردنی چیرۆکێکەوە، تۆ زۆر خاڵی سەرەکی مێژوویت بۆ دەردەکەوێت، لەوانەبێت لە کتێبێکی مێژوویدا بۆت دەرنەکەوێت. نووسەر لەم رۆمانەدا، لە ڕێگای چیرۆکی پاڵەوانەکانی، پەلی هاویشتووە، بۆ باسکردنی مێژووی دێرینترین شاری کوردستان، کە ئەویش هەولێرە. بەتایبەتی مێژووی سەدەی نیوێک پێش ئێستای هەولێر، بە شێوەیەکی ڕیشەیی، شیرازەی کۆمەڵایەتی، عادات و تەقالید، سیستەمی ئابووری و سیاسیی، ئەو شارەی باسکردووە. 

هەولێر لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا /

ئەو کاتەی خوێندکار بووم لە هەولێر، کاتێک بە دەوری قەڵادا دەسووڕامەوە،کۆتری خەیاڵم بۆ چەندین شوێن دەفڕی . زۆرجار هەستم دەکرد لەپەنا هەر بەردێکی ئەم قەڵایەدا، مێژوویەکی دێرین هەیە. پاڵەوانێک ، سەرکردەیەک،  جەنەڕاڵیک ، خۆی حەشارداوەو ، لەترسی تاوانەکانی ، یان لە ترسی نەبا نەوەی نوێ بیبنن و هەست بە شەرمەزاری بکات ، بەرامبەر بە کارەکانی پێشووی. کاتێک کە بە پەنای قەلای هەولێردا تێدەپەڕم ، هەروەک چۆن خۆم چەندین بیرەوەی خۆش و تاڵم لە شارەدا هەیە، هەستێکی قووڵم لاهەیە، کە ئەم قەڵایە ، گوزارشت لە ئازار و خۆشیەکی مێژووییەکی دێرین  دەکات.

کاروان عومەر کاکە سووریش هەولێر و قەڵاکەی دەکاتە مەیدانی سەرەکی رۆمانەکەیی و، مێژوویەکی دێرینی ئەم شارەمان بۆ دەگێرێتەوە. کاروان گەشتێکی مێژوویی بە خوێنەران دەکات و، زیاتر لە ڕێگای پاڵەوانەکانییەوە ئەم شارەمان پێ دەناسێنێت. کاروان لەڕێگای ” سوهاد و وریای برایەوە” دوێنێ و ئەمڕۆی تێکەڵ کردووە. سوهاد هەمیشە ڕقی لە ڕابردووەو عاشقی ئەمڕۆ و ئایندەیە، بەپێچەوانەی وریای برایەوە.

( جاران یەکێ لە جیاوازییەکانی نێوانمان ئەوەبوو، تۆ بە ڕابردووەوە بەسترابوویتەوە و من ئایندە تەفرەی دەدام .. تۆ بە گۆڕانی دنیا تێك دەچوویت و من دڵم بە نەگۆڕان تەنگ دەبوو ..ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پاڵیان پێوەنام زۆر زوو ئەم وڵاتە جێبهێڵم  و ڕوو لەهەندەران بکەم .ل74)

لێ پاش چەندین ساڵ سوهاد دەگڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە هەمیشە لە دەستی ڕایدەکرد و ، وەکو کابووسێک هەمیشە سڵی لێ دەکردەوە.  

(بە مەبەستی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان دەهاتنە بازاڕ، پەریهان جلی مۆدەی لەبەردەکرد و قژی دانەدەپۆشی ، دایکی بە ” وریا و سوهاد” ی دەگوتن، لە بازاڕ هەر بە تورکمانی قسەبکەن، نەبادا دوکاندارەکان  بزانن کرمانجن و شتومەکیان بە گران بدەنێ ، بەوەی زۆربەی بازاڕ لە دەست تورکمان و جووەکاندا بووە .. نەخێر، لەوێ هەرگیز بە کوردی نەدەدوان. هەندێک لە دوکاندارەکان کورد بوون، بەڵام ئەوانیش هەر بە تورکمانی دەدوان ،چونکو کرمانجەکان وا ڕاهاتبوون کاتێ بیانزانیایە خاوەنی دوکانەکە تورکومانە، هەرگیز مامەڵەیان نەدەکرد و بەو نرخە کەلوپەلەکەیان دەکڕی، کە پێیان دەگوترا، کەس نەیدەزانی ئەم شتە لە چییەوە هاتووە..!! ل41)

ئەم پەرگرافە گوزارشت لە قۆناغێکی مێژوویی گرینگی ئەم شارە دەکات. ئەو مێژووەی کە کاروان باسی لێوەدەکات ، بۆ سەدەو نیوێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. نووسەر بێ ئەوەی هیچ هەستێکی ناسیۆنالیستی کوێرانە بەسەریدا زاڵ بێت، مێژووی شارەکەی وەکو خۆی گێڕاوەتەوە. 

لەلایەکی تریشەوە ئێمە ئاگاداری شیرازەی کۆمەڵایەتی شارەکەش دەبین. لێرە  چینێکی وردەبۆرجوازی و بازرگانی تێدابووە، لەلایەکی تریشەوە بەحوکمی ئەوە هەولێر دەشتێکی پانوبەرین بووە، چینی دەرەبەگ و جووتیاری تێدابووە. ئەو چینە ئەرستۆکراتییەش کە لەم شارەدا ژیاوە، زۆر بەچاوێکی ناشرین و قێزەونەوە سەیری جووتیاران و پیشەی کشتووکاڵیان کردووە. 

( فەوزی بەگ چارەی وەرزێرەکانی نەدەویست .. هەرگیز جارێ یەکێکیانی نەدەدواندا، بگرە وەڵامی سەڵاوەکانیشی نەدەدانەوە.. ڕۆژێکیان گوتبووی : ” هیچ کارێک هێندە کشتوکاڵ بێمانا و ناشرین نییە.. ئاخر چۆن دەبێت مرۆڤ نانی خۆی لە ژێر زەوی پەیدابکات، ئەوێ هەر بۆ ئەوەکراوە مردووی لێ بنێژرێت .ل43) 

 

پاشتر نووسەر هەنگاوێک دێتە پێشەوەو ،باوەش بۆ ئەمڕۆ دەکاتەوەو بەتایبەتی ئەو گۆڕانکاریانەی کەلەم چەند ساڵەی دواییدا بەسەریداهاتووە. 

( ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر هەست دەکەیت ئەم شارە زۆر گۆڕاوە.. کەسەکان هەرگیز لەوانەی جاران ناچن ..نەخێر، هەموو شتێکیان گۆڕاوە.. جووڵەیان، هەناسەیان، بۆنی دەمیان، تۆنی دەنگیان، پێکەنین و گریانیان، بەڵام خێراییەکەیان تۆقێنەرە…..ل73 ) 

 

بەستنەوەی تراژیدیاکانی کورد و جوولەکە لە عێراقدا /

من هەتا کاتێک ئەم رۆمانەم نەخوێندەوە ، نەمدەزانی کەلە هەولێر، جوولەکەی لێ ژیاوە. من پێشتر دەمزانی کە ” تورکومان و، کلدۆ ئاشوری،عەرەب” لەم شارەدا ژیاون، بەڵام کاروان عومەر کاکە سوور ، باس لە کەمینەی جوولەکەی ئەم شارە دەکات و ، لەهەمانکاتیشدا تراژیدیاکانی کەمینەی جوولەکە لە کوردستان و عێراق باس دەکات .

( نەتەوەیەک دوای دوو سێ هەزار ساڵ لە زێدی خۆیان کۆچ دەکەن  وهەندێک ئێسقانت بەسەردا جێ دەهێڵن، کە خراونەتە ناو پێستێکی چرچی بێکەڵکەوە و پێت دەڵێن :  ئاگات لەم مرۆڤە بێت ..!!ل169 )

نووسەر زۆر بەجوانی باسی تراژیدیای جوولەکانی کوردستان و عێراق دەکات . ئەو لەڕێگای ” مارینا و ئارۆن” باس لە ژیانی جوولەکەکانی هەولێر دەکات و، لە ڕیگای ” ئامیرا بابلیشەوە” ، تراژیدیای ژیانی جوولەکەکانی عێراق دەگێرێتەوە. بەڕاستی نووسەر زۆر شارەزاییانە ، دەستی بۆ ئەم باسە گرینگ و حەساسە بردووە. بەش بەحاڵی خۆم ، کوشتنی ” ئارۆن” ، یەکێک بوو لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی ، کە لەم ڕۆمانەدا بینیم ، بەڕاستی نووسەر لەم خاڵەدا زۆر بە سەلیقەوە مامەڵەی لەگەڵ باسەکە کردووە. 

چۆن نەتەوەیەک دەبێتە گوورگ بەسەر نەتەوەیەکی لاوازەوە، چۆن ئەو نەتەوە لاوازە دەبێتە مەڕێک ، بۆ تێرکردنی حەزە شەیتانییەکانی ، نەتەوە گورگئامێزەکەی تر . 

پاشان نووسەر زۆر شارەزایانە ، تراژیدیاکانی کورد و جوولەکە لە عێراقدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە ، ئەویش لە ڕێگای چیرۆکی پەلکشانەوە : 

( چیرۆکەکەی وا دەگێڕنەوە لەو شارەی خوارەوە کارگەی سابونیان دەبێت، بەڵام عەرەب لێیان زەوت دەکەن و دەیکەن بۆ گەوەڕی مەڕ بەکاری دەهێنن ،بەوەندە واز ناهێنن و دەست بەسەر ماڵیشیان دادەگرن، برا هەرزەکار و سەرەرۆکەی دەمانچەیەک پەیدا دەکات و  یەکێ لەو عەرەبانە دەکوژێت ، ئیتر ئەوان بەسەریاندا دەدەن و خوێنی ئەو  کوڕە هەرزەکارە و باوکی دەڕێژن .. پەلکشان و دایکیشی وەکو کەنیزەی شەڕ دەبەن .ل222) 

عەرەبەکان لە عێراق ، سەرەتا پەلاماری جوولەکەیان دا، ماڵیان تاڵانکردن . هەر لێرەشەوە ووشەی ” فەرهوود ، واتە فر یهود” پەیدابووە. پاش ماوەیەکی تر ، هەمان پەلاماردان و کۆمەڵکوژی و تاڵانکردنی ماڵ وسامان و ژن و مندالیش بەسەر کوردا دەهێنن. کە پاشتر لە کابووسە گەورەکەی ئەنفال دا خۆی دەبینییەوە. 

دیارە رۆمانەکە جگە لە پرسی مێژوویی، بابەتگەلێکی زۆری وەکو ( خۆشەویستی، سیاسەت، کێشەی دەروونی، نۆستالۆژیا،فکرو فەلسەفە.) لە خۆ دەگرێت. 

 

چەند سەرنجێک /

دیارە ئەم رۆمانە وەکو هەموو شتێکی تر ، چۆن خاڵی جوان و پۆزەتیڤی تێدایە، چەند خەوشێک و خاڵی نێگەتیڤی تێدایە. من لێرەدا وەکو خوێنەرێکی ئەکتیف، چەند سەرنجێکی کورتی خۆم لەبارەی ئەم رۆمانەوە دەردەبڕم.

 

ڕەگەزی کات ” زەمان”/

ڕاستە نووسەر هەتا توانیبێتی هەوڵیداوە مێژوو بکاتە خاڵی سەرەکی رۆمانە، بەتایبەتی لە ڕێگای بەکارهێنانی رەگەزی ” فلاش باگەوە” ، هەوڵیداوە یاری لەگەڵ زەمەن بکات. لێ بەداخەوە زۆرجار زەمنی رۆمانەکە تێکەڵو پێکەڵ دەبێت، خوێنەر نازانێت باس لە کام سەردەم دەکات . بە بڕوای من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەکی تری ئەم رۆمانە ، ئەویش چۆنێتی داڕشتن و ڕیزکردنی چیرۆکەکانەیەتی .

نەبوونی ڕیزبەندی و تێکەوڵاکردنی چیرۆکەکان/

رۆمانووس دەبێت زۆر شارەزابێت لە چۆنێتی چنینی چیرۆکەکانی رۆمانەکەی. بەداخەوە نووسەر لە زۆر شوێندا کۆمەڵێک چیرۆک تێکەڵ بەیەکتری دەکات ، کە زۆرجار خوێنەر سەری لێ دەشێوێت. بۆ نموونە ئەو لەسەرەتاوە لە ڕێگای فلاش باگەوە، ” سوهاد” دەگەڕێنێتەوە بۆ هەولێر، بە دوای گازینۆی منداڵان دەگەڕێت،ووردە ووردە دەچێتە ناو باسە مێژوویەکەوە. بە بڕوای من ،  نووسەر هەتاوەکو کوشتنی ” ئارۆن” زۆر بە باشی دێتە ژوورەوە، بەڵام لە پاش کوشتنی ” ئارۆن’ ەوە، دەزووی کۆلارەی رۆمانەکەی لە دەستدەردەچێت و ، بە شێوەیەکی عەجیب چیرۆکەکان تێکەڵوپێکەڵ دەکات ، زۆرجار نازانیت باس لە کێ دەکات . 

لە بەشی سێهەمیشدا ، سەرەتا بە چیرۆکی ” پەریهان” دەستپێدەکات ، زۆرباش دێتە ژوورەوە، دوایی چیرۆکەکان  درێژدەبنەوە بۆ ” پەلکشان و نەخشە شان ،،،هتد” کەبەڕاستی نازانیت سەری بابەتەکە لەکوێندەرە.  یان مەسەلەی “گازینۆی منداڵان”، من هەتا کۆتایی رۆمانەکە نەمزانی ئەم گازینۆیەی کە بۆتە ناونیشانی رۆمانەکە کامەیە؟ وە هی کێیە؟، چونکە نووسەر لە چەند شوێنێکدا باسی گازینۆکە دەکات . سەرەتا وامزانی کە ئەم گازینۆیە ، شوێنێکی فەنتازیای نووسەرە، ئەو شوێنەی کاتێک ” سوهاد و وریا” بە منداڵی مانگاکەیان لێ دەلەوەڕاند و. پاشان نووسەر باس لە گازینۆکەی’ ئەلیاس داخانی ”  دەکات، ئەو گازینۆیەش بە کۆمەڵێک چیرۆکی سەیر گرێداوە، کە  زۆر زەحمەتە بۆ خوێنەر هەموو ئەو چیرۆکانە هەڵمژێت. 

لەلایەکی ترەوە ، کۆتایی رۆمانەکە زۆر نادیارە . کەس  نازانێت کۆتایی ئەم رۆمانە چییە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ رۆمان. دیارە کۆمەڵێک نووسەر کێشەی ” کۆتایی” لە رۆمانیان هەیە، بۆ نموونە رۆماننووسی ناوداری رووسی و جیهان دۆستیۆفسکی، لە بەشێکی زۆری رۆمانەکانیدا، هەستم بەو کێشەیە کردووە. 

 

بەکارهێنانی ناوی سەیروسەمەرە /

خاڵێکی تر کە جێگەی سەرنجم بوو، بەکارهێنانی کۆمەڵێک ناوی سەیروسەمەرە، کە دوورن لە ناوی کوردییەوە ، بۆ نموونە ( پەلکشان، بەهاران هامان داخانی،مەردان خوداداد، ئەلیاس داخانی، نەهران بایەدۆستی،نەخشەشان،تیشکەشان، شادیناز،،،هتد)

 بەداخەوە  بەختیار عەلی نووسەر ، بە داهێنەری بەکارهێنانی ئەم جۆرە ناوە نامۆیانەیە لەناو رۆمانی کوردی دادەنرێت. کاروان عومەر کاکە سووریش هەوڵیداوە، هەمان نەریتی بەختیارعەلی لەم رۆمانەیدا بەکاربهێنێت. خۆی لەکاتی نووسینی هەر رۆمانێک، پێویستە نووسەر شارەزای تەواوی مێژوو و عادات وتەقالیدی ئەو شوێنە ، نەتەوەیە بێت کە باسی لێوەدەکات، دەبوایە نووسەر هەر هەمان ئەو ناوانەی کە بەکاربهێنایە، کە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەیە، نەک  بە ئارەزووی خۆی ، هەوڵی داتاشینی ناوبکات بۆ پالەوانەکانی ، بەشێوەیەک کە ئەو ناوانە ، بە کۆمەڵی کوردەواری نامۆن.

 

تێکەڵاوکردنی فەنتازیاو واقیع/

سەرەتا نووسەر هەوڵیداوە بە شێوەیەکی ریالیستی رۆمانەکە دابرێژێت، لێ پاشان لەم ڕێچکەیە لادەدات و خۆی فرێدەداتە باوەشی فەنتازیاوە. بەتایبەتی لە کاتی باسکردنی ” حەمدی ،و مەیسون، پاشان گەرەکی ئاگرباز”. دەبوایە یان پشت بە ریالسیت ببەستێت یان فەنتازیا، چونکە تێکەڵاوکردنی هەردووکیان، سەر لە خوێنەر دەشێوێنێت. 

 

زاڵبوونی زمانی پەخشان/

پەخشان یەکێکە لە تەکنیکە گرینگەکانی رۆمان، لێ نابێت هیچ کاتێک ئەم تەکنیکە هێندە بە زۆری بەکاربهێنرێت، کە هیچ جێگایەک بۆ تەکنیکەکانی تر نەهێڵێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو ، لەم رۆمانەدا پەخشان زۆر زاڵە ، ئەمەش وایکردووە کە مافی ڕەگەزەکانی تر( دیالۆگ، مۆنۆلۆگ،کتوپڕ) بخوات.  

پێش کۆتایی/

لەگەڵ هەموو ئەو خاڵانەی کەلەسەرەوە باسملێکردن، بەڵام دەتوانم بڵێم :

 باشترین رۆمان کەباسی مێژووی شاری هەولێری کردبێت، ئەم رۆمانەیە. لەلایەکی ترەوە نووسەر توانیویەتی  رۆمانێک بنووسێت، کە بکرێتە سەرەتایەک بۆ نووسەرانی تر، کە ڕێچکەی بگرن. هەربۆیە جێگەی دەستخۆشی لێکردنە.

 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

سەرچاوە: 

کاروان عومەر کاکە سوور. گازینۆی منداڵان. ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. چاپی یەکەم. سلێمانی. 2013

Previous
Next

Leave a Reply