Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

کازینۆی منداڵان، کازینۆی دەنگە جیاوازەکان

Be First!

 

 

 

 

هه‌ر کاتێک بمانه‌وێت له‌باره‌ی ڕۆمانه‌وه‌ بدوێین، ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م جیاوازیی ڕۆمان و ژانره‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌و پێیه‌ی ڕۆمان هه‌ڵگری شوناسێکی دیاریکراو نییه‌. به‌ڵام بوونی ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانتس) زیاتر له‌ شوناسی ڕۆمانمان نزیک ده‌کاته‌وه‌. (دۆن کیشۆت) قاره‌مانێکی ناقاره‌مانه‌. ویستی بوون به‌ قاره‌مان، یان ڕۆڵی قاره‌مان له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست به ‌دواوه‌، له‌ وه‌همێک زیاتر شتێکی تر نییه‌. له‌وه‌ ده‌چێت دێوه‌کانی مۆدێرنه‌تییه‌، له‌وه‌ گه‌وره‌تر بن، که‌ دۆن کیشۆت و قاره‌مانه‌کانی دیکە بتوانن ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ پێش مۆدێرنه‌تییه‌ قاره‌مان ڕۆڵێکی ئاشکرای هه‌یه‌ و دوژمنه‌کانیشی دیارن، ئه‌وا له‌ ناو مۆدێرنه‌تییه‌دا دوالیزمی قاره‌مان و دوژمن کۆتاییان پێ دێت. ئه‌ده‌بی مۆدێرن تێکشکێنه‌ری وێنه‌ی قاره‌مانه‌ و ده‌بێته‌ سه‌کۆیه‌ک بۆ گوزارشتکردن له‌ ده‌نگی جیاواز. ده‌توانم بڵێم ڕۆمان پێشه‌نگی ئه‌و ژانرانه‌یه‌، که‌ وێنه‌ی قاره‌مانیان تێکشکاندووە. بۆیه‌ به‌رده‌وام له دوای (دۆن کیشۆت)ه‌وه‌، که‌ قاره‌مان ده‌بێته‌ که‌سێکی گاڵته‌جاڕ و خه‌ڵه‌فاو، ده‌نگی جیاواز و لاواز دێنه‌ ناو ئه‌ده‌ب. 

له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌ده‌ب ته‌واو له‌وه‌ دڵنیا بووبێت، که‌ قاره‌مان ناتوانێت گوزارشت و تێکشکێنه‌ری دنیای مۆدێرن بێت، بۆیه‌ زۆربه‌ی جار له‌ ئه‌ده‌بی مۆدێرندا هه‌وڵ دراوه‌ وێنه‌ گاڵته‌جاڕییه‌که‌ی دنیای ئێستا پیشان بدرێت. یه‌کێک له‌ نموونه‌ دیاره‌کان، ڕۆمانی (پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا- The Catcher in the Rye)ی (سالنجه‌ر)ه‌، که‌ کاره‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی (هۆڵدن کۆڵفیڵد)ه‌. هۆڵدن کۆڵفیڵد کارەکتەرێکی درۆزنە، بەڵام درۆزنێکی ڕاستگۆیە. ئێمە لە ڕێگەی ڕاستگۆییەکەیەوە دەزانین، کە ئەو درزۆنە. ئەگەرنا دەکرا وەکو قارەمانەکانی دیکە، ستایشی کارە باشەکانی خۆی بکات، بەڵام لای ئەو ژیان لەسەر شەقامەکاندا، دەکەوێتە دەرەوەی کاری باش. بە مانایەکی تر، ژیانی لە شەقامە مۆدێرنەکان و شاره‌ که‌پیتاڵیسته‌کان تەنیا ڕووشکێنییەکی ئەبەدییە. شکستهێنان یان پاپەندنەبوون بە سیستەم، جا سیستەمی خێزان، کۆمەڵگا، پەروەردە یان هەر سیستەمێکی دیکە بێت، وەکو هۆڵدن ڕووبەڕووی دۆخێکی پووچگەرامان دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرا (The Catcher in the Rye)، لە زۆربەی کتێبخانە و خوێندنگاکانی ئەمەریکا قەدەغە کرا. ئه‌گه‌ر (دۆن کیشۆت) بە گژ وەهم و هێزە گەورەکانی مۆدێرنەتییەدا دەچێتەوە، ئه‌وا (هۆڵدن) دەزانێت ئەو بەگژداچوونەوەیە ئەنجامی نییە، بۆیە لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە، هەوڵی ڕیسواکردنی سەدەی بیستەم دەدات، وەک پڕ دیاردەترین سەدەی مۆدێرنەتییە. 

به‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه‌، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت یه‌کێک له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌کانی ئه‌ده‌بی مۆدێرن و ئه‌و دابڕانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی پێش خۆی هێناویه‌ته‌ کایه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ گوزارشتکردن له‌ ده‌نگی جیاواز. ئه‌ده‌ب بووەته‌ که‌ناڵی فره‌ده‌نگی و جیاوازی. به ‌تایبه‌ت له‌ ڕۆماندا، ئه‌ده‌ب سه‌کۆی گێڕانه‌وه‌ی حه‌کایه‌تی سه‌رکه‌وتن و ڕووداوه‌ خه‌یاڵئامێزه‌کانی پاڵه‌وان نییه‌، به‌ڵکو سه‌کۆی جیاوازی و دیارنه‌مانه‌ له‌ ناکاوه‌کانه‌. بۆیه‌ هیچ سه‌یر نییه‌، که‌ ئه‌و هاوکێشانه‌ له‌ ڕۆمانێکی کوردیدا، که‌ ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)ه‌، به‌ ڕوخسارێکی جیاواز ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌. ده‌توانم بڵێم دوو خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌ده‌بی مۆدێرن به‌ شێوه‌یه‌کی قووڵ له‌ ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌. یه‌که‌میان، بوونی جیاوازییه‌کی گەورەی نێوان کاره‌کته‌ره‌کانه‌، که‌ ئه‌وه‌یان خه‌سڵه‌تێکی دیاری ئه‌ده‌بی (کاروان کاکه‌سوور)ه‌. دووه‌میان، برتییه‌ له‌ دیارنه‌مانی له‌ناکاوی کاره‌کته‌ره‌کان، که‌ ئه‌وه‌یان گوزارشتێکی ده‌گمه‌نی دنیای مۆدێرنه‌تییه‌یه‌. ئه‌وه‌ی بووەته‌ هۆی ئه‌وه‌ی (کازینۆی منداڵان) دابڕانێکی له‌ناکاو بێت له‌ شێوازی باوی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی کوردی و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی (کاکه‌سوور) خۆیشی، هێنانی کۆمه‌ڵێک ده‌نگی جیاوازه‌، که‌ هه‌م له‌ کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌و ده‌نگانه‌ هه‌ن، بێ ئەوەی پێشتر له‌ زماندا ڕووبەڕووی بووبینەتەوە، هه‌م ئه‌و زمانه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا به‌ری ده‌که‌وین، به‌ ته‌واوه‌تی دابڕانی له‌گه‌ڵ زمانی باودا دروست کردووه‌. به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی کوردی، له‌ دوالیزمی قاره‌مان و بێهێز ده‌رنه‌چووه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ناتوانین شوناسێکی دیاریکراو به‌ کاره‌کته‌ره‌کان بده‌ین. ئه‌وه‌ هه‌مان دیارده‌ی ژیانی مۆدێرنه‌تییه‌یه‌، که‌ مرۆڤه‌کان له‌ یه‌ککاتدا ده‌یان شوناسی جیاوازیان هه‌یه‌ و که‌چی ناشتوانین به‌ ته‌واوه‌تی شوناسیان بزانین. شوناس له‌ ژیانی مۆدێرنه‌تییه‌دا له‌ ده‌یان ده‌مامکی جیاوازدا خۆی نمایش ده‌کات و که‌چی له‌ ناوه‌ڕۆکێشدا به‌تاڵه‌. خودی ئه‌و به‌تاڵییه‌ یان بۆشاییه‌، نیشانەی نادیارییه‌کی وجودییه‌، که‌ باڵی به‌سه‌ر ژیانی تاک له‌ شێوازی ژیانی مۆدێرندا، کێشاوه‌. 

قسەکردن لەبارەی کارەکانی کاروان کاکەسوورەوە، یەکسانە بە قسەکردن لەبارەی دیوی ناڕاستەوخۆی ئەدەب لە گەیاندندا. ئەگەر لە ڕووی ده‌روونشیکار ئەدەبییەوە بڕوانین (مه‌به‌ستمان له‌ سایکۆلۆگایس شیکارکرنی ده‌روونییه‌، که‌ له‌ کوردیدا ده‌روونشیکاری به ‌کار دێت له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌ی (Psychologizing)ی ئینگلیزییدا، که‌ جیاوازه‌ له‌ ده‌روونناسی (Psychology))، ئەدەب خۆی بەرهەمێکە پشتی بە ناڕاستەوخۆیی بەستووە لە گەیاندندا. بەڵام لەو سیستەمە ناڕاستەوخۆیە، کە ئەدەبی لەسەر دامەزراوە، ئەوا دووبارە هەڵگری ئاڕاستەی دیکەی ناڕاستەوخۆییە. دەکرێت بەو هاوکێشەیە بڵێین ناڕاستەوخۆی ناڕاستەوخۆ. بەرهەمەکانی (کاکه‌سوور) ناڕاستەوخۆی ناڕاستەوخۆن لە بەرجەستەکردن و وێناکردندا. (کاکه‌سوور) بەردەوام ئیشی لەسەر وێنەی کەرتبوو و ناتەواودا کردووە، بەڵام بە هۆی هونەر و زمانی گێڕانەوەوە هەوڵ دەدات ئەو وێنانە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە یەکەوە ببەستێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو پرۆسێسە لە دروستکردنی وێنەی تری ناتەواو داببڕێت. 

ڕۆمانی کازینۆی منداڵان، وەکو بەرهەمەکانی تری (کاروان کاکەسوور) کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز لە خۆی دەگرێت، بەڵام ئەوەی ئەو ڕۆمانە جیا دەکاتەوە، بەرجەستەکردنی ململانێی کەلتوورە جیاوازەکانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. (کاکه‌سوور) لە ڕێگەی کارەکتەرەکانیەوە دیوە شاراوەکانی مێژووی یەک سەدەی عێراق و ململانێ جیاوازەکان وێنا دەکات. کازینۆی منداڵان کەناڵی فرەدەنگیی کارەکتەرە جیاوازەکانە. (کاروان) لە ڕێگەی کۆمەڵێک چین و توێژی لاوەکیی کۆمەڵگاوە، بۆ نموونە سۆزانییەکان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجیی کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی دەخاتە ژێر ڕۆشنایی هەڵوەشاندنەوەوە. کێشەی دەوڵەت – نەتەوە ڕەهەندێکی گرنگی ئەو ڕۆمانەیە، کە بە هۆی بەیەکدادانی کەلتوورییەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەو ڕۆمانە لە جۆری (Bildungsroman)ە. ئەو جۆرە ڕۆمانە گوزارشت لەو کارەکتەرانە دەکات، کە لە پرۆسێسی تێپەڕبوونی کاتدا، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئیشەکانی (هێرمان هێسە) و (جی دی سالینجەر)یش دەکەونە ئەو خانەیەوە. وەک دەبینین کارەکتەرەکانی کاروان لە دۆخی ئاسایی خۆیاندا نامێننەوە، بەڵکو هەمیشە لە گۆڕاندان و لە بەردەرم تێپەڕبوونی کاتیشدا بێباکن. 

لە ڕووی سایکۆلۆجییشەوە، کاروان وەکو ئافرێنەر و منداڵێک مامەڵەی لەگەڵ دیاردەکاندا کردووە. دەتوانم بڵێم کاروان لەسەر شێوازی گەمەی منداڵان ڕۆمان دەنووسێت. چۆن؟ ئەگەر سەرنج بدەین منداڵ لە کاتی یاریدا کۆمەڵێک کەرەستەی لەژێر دەستدایە و هەوڵ دەدات لە یەککاتدا هەموویان بە کار بهێنێت. هەمیشە جێگۆڕکێ بە کەرستەکان دەکات و وێنەی دیکەیان لێ دەخوڵقێنێت. لێرەدا منداڵ خوڵقێنەر یان ئافرێنەرە. بە هەمان شێوە کاروان کۆمەڵێک کەرەستەی لەژێر دەستدایە، کە هەوڵ دەدات بە شێوەی جیا بە کاریان بهێنێت و وێنەی تازەتریان لێ دروست بکات. بۆیە دەبینین بەردەوام تێکەڵکردنی مرۆڤ و ئاژەڵەکان ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە کارەکانی کاروان داگیر کردووە. لە چیرۆکی (خوێنی کونەپەپۆ)دا دۆخی سایکۆلۆجیی کارکتەرە سەرەکییەکە بۆ پەڕەسێلکە و کونەپەپۆ دەگۆڕێت. لە ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان)یشدا، بەردەوام کارەکتەرەکان لە دۆخێکەوە دەچنە دۆخێکی تر و گۆڕانی لەناکاو بە خۆیانەوە دەبینین، کە بەدگۆڕانە لەناکاوەکان هۆکاری سەرەکیی ئەو گۆڕانانەن. لە ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا مانگا هەم وەک کارەکتەرێکی ئەکتیڤ دەردەکەوێت و هەم گوزارشتە لە دیوی نائاگاییی چەند کارەکتەرێک. مانگا هەم لەناو ئەفسانەکان و هەم لە مێژووی مرۆڤدا خاوەن چەندین وێنە و هێمای جیاوازە. بۆ ئەوەی بتوانین قسە لەبارەی سایکۆلۆجیای کارەکتەرەکانەوە بکەین، پێویستە پاڵنەری شاراوەی ڕووداوەکان بخەینە بەر باس. بۆ نموونە مردن یان کوشتنە تەمومژاوییەکەی (ئارۆن) نزیکمان دەکاتەوە لە مەرامە شاراوەکانی (وریا). (ئارۆن) وەک باوکێک وایە بۆ (وریا) یان شوێنی باوکی لە ماڵدا بۆ گرتووەتەوە. لە شوێنێکدا (وریا) ئارەزووی کوشتنی (ئارۆن) دەکات. پێ دەچێت (ئارۆن) خۆی کوشتبێت، بەڵام (وریا) هەم خۆی گومان لە خۆی دەکات و هەم کەسانی دەورووبەریشی. ئەوەیان پێوەندیی بە ویستی کوشتنی باوک و چوونە نێوجێگاوە هەیە لەگەڵ دایکیدا، چونکە وەک دەبینین (مارینا) شوێنی دایک بۆ (وریا) دەگرێتەوە. وریا بۆ ئەوەی باوەڕ بە خۆی بهێنێت، کە ویستی کوشتنی ئارۆنی نەبووە، لە دوای مردنیدا خۆی دوور دەگرێت لەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی گرێ ئۆدیپییەکەی، بۆیە پەنا بۆ شوێنی سۆزانییەکان دەبات. (مارینا) و (ئارۆن) دایک و باوکە هێماییەکەی (وریا)ن، بەڵام با بێین قسە لەبارەی کوشتنی باوکی ڕاستەقینەی وریاوە بکەین لە لایەن موفیدەوە. موفید لە دانیشتنێکی مەیخواردنەوەدا گۆرانی بەسەر (پەریهان)ی دایکی وریادا هەڵدەڵێت و بەو هۆیەوە لەگەڵ هاوسەری پەریهان دەبێتە شەڕیان و لە ئەنجامدا هاوسەری پەریهان، کە دەکاتە باوکی وریا لە لایەن موفیدەوە دەکوژرێت. (موفید) پاش ئازادبوونی لە زیندان، دەیەوێت لەگەڵ وریا قسە بکات، بەڵام وریا نایەوێت بۆ ئەو زەمەنە بگەڕێتەوە، گوایە تێیپەڕاندووە. لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە وریا نایەوێت لەگەڵ موفید قسە بکات، چونکە هەر خۆی ویستی کوشتنی باوکی هەبووە. لای زۆربەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی سەخت بوو هۆکارێک بۆ دواکەتنی تۆڵەکردنەوەکەی (هاملێت) بۆ باوکی، کە لە لایەن مامیەوە کوژرا؛ بدۆزرێتەوە. بەڵام سایکۆلۆجیا ئەو هۆکارەی دۆزییەوە. هاملێت هەمان ویستی مامی هەبوو بۆ کوشتنی باوکی، بە هۆی گرێی ئۆدیپییەوە، بۆیە تا ماوەیەکی زۆر هاملێت لە ئازاری ویژدانیدا دەژیا، بەوەی خۆیشی دەیویست ئەو کارە بکات، کە مامی کردوویەتی. دیارە دەروونشیکاری شیکردنەوەیەکی نەستیانە یان نائاگاییانە بۆ ئەو ڕووداوانە دەکات. بە هەمان شێوە وریا نایەوێت بکوژی باوکی خۆی ببینێت، چونکە خۆیشی بە شێوەیەکی ناخودئاگا بکوژی باوکیەتی و ویستی ئەوەی هەبووە بچێتە جێگەی دایکیەوە. کەواتە لای کاروان هەموومان بە شێوەیەکی ناخودئاگا ئەگەر بکوژیش نەبین، ویستی کوشتنمان هەیە. کاروان دەیتوانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو ڕەهەندە بەرجەستە بکات، بەڵام وەکو گوتمان ئەدەبی کاروان ئەدەبی ناڕاستەوخۆی ناڕاستەوخۆیە. هەر خۆی باسکردنی تاک لە ڕۆماندا کارێکی تەحداکەرانەیە (Challengeable) ، چونکە تاک ئەوەیە، کە مێژووی هەڵسووڕاندووە، ئەوەیە، کە ئێستا هەیە، ئەوەیە، کە لە ئاییندە دەبێت. دەشێت دیاردەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت، بەڵام تاک لە ئەنجامدا هەر تاکە. بۆیە هەموو پرۆسێسەکان لای کاروان، دەرکەوتەی جیاوازن بۆ گوزارشتکردن لە تاک. دەتوانم بڵێم هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو ڕۆمانەدا ڕوو دەدەن، وێنەن بۆ پێشاندانی سایکۆلۆجیای تاک و دەرکەوتە جیاوازەکانی. هیچ ڕۆماننووسێک ناتوانێت وێنەیەکی جیاواز بەرهەم بهێنێت، ئەگەر باکگراوندێکی تایبەتی لە ڕەهەندە سایکۆلۆجییەکانی تاک  بەرانبەر بە تاک نەبێت. لای کاروان تاک ناکه‌وێته‌ ناو دوالیزمی شه‌یتان و فریشته‌، لاواز و به‌هێز، ترسنۆک و ئازا و … شتی دیکەوە، به‌ڵکو تاک وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی فره‌ڕه‌هه‌ند مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه‌. کاروان به‌رگێکی ئه‌فسانه‌یی به‌ کاره‌کته‌ره‌کانی نه‌داوه‌، به‌ڵکو کاره‌کته‌ره‌کان زاده‌ی واقیعن. به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی دوای ڕاپه‌ڕین پڕن له‌ زیندووکردنه‌وه‌ی دوالیزمی شه‌یتان و فریشته‌، چاک و خراپ، ئه‌مه‌یش وای کردووه‌ که‌مترین فره‌ده‌نگی و جیاوازی له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کاندا هه‌ست پێ بکرێت. به‌و هۆیه‌وه‌ ناتوانین سه‌رنجی ڕه‌هه‌ندی سایکۆلۆجیی قووڵی ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ بدرێت، چونکه‌ ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ له‌ کاره‌کته‌ری یه‌کلاکه‌رەوەدا‌ به‌رجه‌سته‌ نابێت. مه‌به‌ستمان له‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئێمه‌ بزانین کاره‌کته‌ر شه‌یتانه‌ یان فریشته‌، جه‌للاده‌ یان قوربانی. پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی کارواندا به‌رجه‌سته‌ بووه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ له‌ ڕۆمانی (که‌ناڵی مه‌یموونه‌ چه‌کداره‌کان)یش به‌رجه‌سته‌ بووه‌. ئه‌ویش کاتێک (سۆزان) له‌ گۆڕستان، به‌ردێک ده‌گرێته‌ پیاوێک و ده‌یکوژێت. ناتوانین بڵێین سۆزان جه‌للاده، بگره‌ تۆمه‌تبارکردنیشی جێگه‌ی گومانه‌. ته‌نانه‌ت زۆر جار ڕه‌گه‌زی کاره‌کته‌ره‌کانیش ده‌که‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئایا نێرن یان مێ، کە ئەمە ناوەکانیشیان دەگرێتەوە. ئایا (ئاواز)ی ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) کوڕە، یان کچ؟ خاڵێکی تر پێوەندیی بە کوڕەکانی (پەلکشان)، یان (پەلکۆ)وە هەیە. (پەلکشان) دەیەوێت منداڵەکانی بە شێوەیەکی جیاواز پەروەردە بکات. مەبەستی ئەو لەوەدا دروستکردنی منی باڵایە (Transcendental Ego)، بەڵام کاتێک کوڕەکانی گەورە دەبن، ئەو منی باڵایە ڕووبەڕووی پەرتەوازەبوون دەبێتەوە، کە ئەوەیان یەکێکە لەو هۆکارە سایکۆلۆجیانەی بەربەستن لە دروستبوونی منی باڵادا. تا ڕادەیەک سەرهەڵنەدان یان دروسبوونی ئیگۆی باڵا لە کورددا پێوەندیی بەو هۆکارەوە هەیە.

لە ڕووی فینۆمینۆلۆجییەوە، لە ئەزموونی کارواندا بەردەوام ڕووبەڕووی دەیان ڕەهەندی جیاواز دەبینەوە، کە دیاردەکان لە یەککاتدا هەم کارلێک لەگەڵ شتەکانی دەورووبەریان دەکەن و هەم دابڕان لەگەڵ خۆیاندا دەخوڵقێنن. پڕۆسێسی لەیەکتربوون و کارلێککردن لای کاروان هەمان پرۆسێسی بە گریمانکردنی شتەکانی دەوروبەرمانن. شتەکانیش ڕوویەکی سیمبۆڵییان هەیە بۆ دەرخستن و شاردنەوەی ماهیەتی دیاردە. لەو جیاوازییەی نێوان شاردنەوە و خۆدەرخستندا، ڕووبەڕووی دەیان ئاڕاستەی جیاواز دەبینەوە، کە بە گریمانە و پێشبینیی جیاوازمان دەبەستێتەوە. هاوکات ئەدەبی گێڕانەوە کەناڵێکی گونجاوە بۆ ئەو ململانێیە، چونکە لە گێڕانەوەدا کەمترین جار بەر وەستان دەکەوین، بەڵکو هەموو هەوڵێک بۆ بەردەوامبوونێکی نادیارە. ئەوەی لەو ڕۆمانەیش تێبینی دەکرێت بریتییە لە پرۆسێسی بەردەوامبوون بەبێ بوونی پلانێکی دیاریکراو. دەتوانرێت تێبینیی بکرێت، کە کارەکتەرەکان دەژین و بەردەوامن، بە بێ ئەوەی زەمەنێکی دیاریکراومان هەبێت. زمان لێرەدا نەک تەنیا ماڵی بوونە، بەڵکو خودی بوون خۆیەتی. گێڕانەوە لێرەدا یەکسانە بە دەستپێکردنی ژیانی کارەکتەرەکان. لە گێڕانەوەیەکدا کارەکتەر دەخوڵقێت و لە بەردەوامیی ژیاندا زەمەنی کارەکتەرەکان کۆتایی پێ دێت. کارەکتەرەکان هەر بەو شێوەن، کە هەن. لە کاتی خوێندنەوەی ئەفسانەی (ئۆدیپ)ی گریکی، یەکێک لەو پرسیارە سەرەکییانەی، کە بەردەوام ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئەگەر ئۆدیپ بۆ تبس نەگەڕابایەوە، ئایا باوکی خۆی دەکوشت و لەگەڵ دایکی هاوسەرگیریی دەکرد؟ ئۆدیپ لە لایەن فیکلیکسەوە پێی دەگوترێت، کە نەگەڕێتەوە بۆ تبس، چونکە باوکی خۆی دەکوژێت و هاوسەرگیرییش لەگەڵ دایکی دەکات. لێرەدا ئۆدیپ ئەو ڕاستییەی دەزانی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی گەڕایەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێوەندیی بە پلۆتی ئەفسانەکەوە هەیە. هەر دەبووایە ئۆدیپ لە دایک ببێت بۆ ئەوەی باوکی بکوژێت و لەگەڵ دایکیشی هاوسەرگیری بکات. کارەکتەرەکانی کاروان چ لەم ڕۆمانە و چ لە چیرۆک و ڕۆمانەکانی دیکەیشیدا جگە لەو فۆڕم و شێوە ژیانە، جگە لەو ڕووداو و چارەنووسە، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نییە بۆ ژیان. (وریا) ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و (مارینا) ناتوانێت بچێت بۆ بەغدا تاکو نهێنییەکەی پێ بڵێت، بۆیە ئەوە تاکە هەڵبژاردنیانە و لەوە زیاتر هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە بۆ گوتنی نهێنییەکە. لە ئەنجامدا نە ئێمە دەزانین ئەو نهێنییە چییە و نە وریاش. ئەگەر لاکانییانە ئەو ڕووداوە لێک بدەینەوە، دەڵێن نەزانینی نهێنییەکە نیشانەی ناوشیاریی خۆیەتی. نە خوێنەران و نە وریاش دەزانن ئەو نهێنییە چییە، بەڵام کاریگەرییشی هەیە. پرۆسێسی دروستبوون و ونبوونی کارەکتەرەکان ئاڕاستەی ئیشکردنی کاروانە. دووبارە (لاکان) دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ لێکدانەوەی ئەو پرۆسێسە. ئەویش بریتییە لە دۆزینەوە و ونبوونی سەبجێکت لە یەککاتدا. لای (لاکان) زمان بریتییە لە دۆخی بوونی ئۆبجێکت بە سەبجێکت. ونبوون دۆخێکی ناوشیارانەیە. بەڵام لای کاروان ئەو دۆخە هەر تەنیا پێوەندیی بە نەمانی زمانەوە نییە، بەڵکو پێوەندیی بە ململانێی زەمەنیشەوە هەیە. ئەوە ئەگەر زانیمان هایدیگەر گوتەنی بوون و زەمەن هەر یەک شتن. کارەکتەرەکان ون دەبن، چونکە زەمەنی ئەوان کۆتاییی هاتووە.

کارەکتەرەکان لە شەڕێکی گەورەدان لەگەڵ زەمەندا. ناونیشانی ڕۆمانەكەیش بەشێک لەو نهێنییەی لە خۆوە گرتووە، کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی زەمەن و شوێنه‌. (منداڵان) ئاماژه‌یه‌کی ناوشیارانه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌ن و (کازینۆ)یش هێمایه‌که‌ بۆ شوێن. زەمەن لێرەدا بوونە، بوونی کێشە لەگەڵ زەمەن یەکسانە بە هەبوونی کێشەی وجودی. کێشەی کارەکتەرەکان لەگەڵ زەمەن مانای بەدیەتیی کات ناگەیەنێت، وەک ئەوەی گازاندەی ئەوە بکەن لە زەمەنێکی بەدەوە هاتوونەتە دنیاوە، بەڵکو بوونی ئەوان یەکسانە بەو زەمەنە بەدە. کێشەی سەرەکیی کارەکتەرەکان بەیەکدادانیانە لەگەڵ دەرکەوتەی جیاوازی زەمەندا. هەموو شتەکان دێن و دەڕۆن، کارەکتەرەکان هەمیشە ترسی لەدەستدانی خۆیان و شتەکانیان هەیە. زمانی کارەکتەرەکان ناسەقامگیرە. لەوپەڕی خۆشبەختییانەوە چاوەڕێی بەدبەختین. کاروان لەو ڕۆمانە و کارەکانی دیکەیشدا نووسەری ڕووداوە لەناکاوەکانە. گێڕانەوە دروستکردنی ماڵی سەقامگیری نییە هێندەی وێناکردنی تێکدان و وێرانکردنی کارەکتەرەکانە. زمان یەکسانە بە بوونی کارەکتەرەکان، بوونی کارەکتەرەکانیش بریتییە لە ڕۆڵگێڕانیان لە زەمەن و شوێندا بە هەموو دەرەکەوتە و دیاردە جیاوازەکانەوە. ئەو ڕووداوانەی بەسەر کارەکتەرەکاندا دێن، لە بێدەستەڵاتیی خۆیانەوە نییە، بەڵکو بەشێکیان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن. وەک ئەوەی (تیشکەشان) دوای پەنجاوسێ ساڵ ژیانی هاوسەرگیری لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە و بۆ نادیار سەری خۆی هەڵدەگرێت. ئیرادەی بڕیاردان بۆ کارەکتەرەکان پانتاییەکی گەورەی لەو ڕۆمانەدا پێ بەخشراوە. ویستی لەدەستدان بونیادێکی سایکۆلۆگیی لای کارەکتەرەکان هەیە. ئەوان شت و کەسەکانیان لە دەست دەدەن، تاکو هەست بەوە بکەن، کە هەن. دیاریکردنی شوێن بۆ نموونە هەولێر، دروستکردنی شارە لەناو شاردا. کاروان هەولێرێک وێنا دەکات، کە لە یەک کاتدا هەموو شێوە ڕاستەقینەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە و بونیادیان دەنێتەوە. شار زەمینەیەکە بۆ کارەکتەرەکان تاکو خۆیان لە هەموو ئینتیمایەکی خێڵەکیانە داببڕن. بەڵام کەلتووری شاریش بە تەواوەتی ناتوانێت شێوەژیانێکی ئازاد بۆ تاک فەراهەم بکات. ئازادی و فرەدەنگی زادەی کەلتووری شارن، بەڵام تارماییەکانی خێڵ، لە بەرگی جیاوازدا خۆیان دەردەخەن. بۆیە لەو ڕۆمانەدا شاری کوردی هەمیشە تارماییەکانی خێڵ و ئایدۆلۆجیای ترادیسیۆنییان بەسەرەوەیە. ئەو هاوکێشەیە لەو ڕۆمانەدا خۆی لە شاری کەرکووک و سلێمانیش مانیفێست دەکات. بە پێچەوانەوە بەغدا لەگەڵ فۆرمێکی دیکەی شاردا لە ململانێ دایە، ئەویش لەخۆگرتنی پێکهاتەی جیاوازە لەو زەمەنەدا. دەتوانین بەغدا وەکو شارێکی فرەکەلتوورmulticultural city) ) ببینین، بەڵام بە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک ململانێی مێژوویی (‌historical conflict)ەوە ڕووی ئەو شارە گۆڕانێکی لەناکاو بە خۆیەوە دەبینێت. لەو ڕۆمانەدا بەغدا سێنتراڵی ململانێی نەتەوەیی و کەلتوورییە. لەو کاتەوە بەغدا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی لەدەستدانی شوناس، کە چەوساندنەوەی کەلتووری (cultural persecution) دەبێتە هۆی خستنەوەی کرداری توندوتیژی و جینۆساید، وەکو کوشتن و دەرکردنی بە کۆمەڵی جوولەکەکان. دیارە ئەو باسە بە شێوەیەکی دیکەیش لە ڕۆمانی (مامزێر)دا بەرجەستە بووە. کاروان بەردەوام ئیشی لەو ململانێیە کەلتووری و مێژووییانەدا کردووە، بەڵام لەم ڕۆماندا ئەو وێنانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دروست دەکاتەوە. ئەو خاڵەیان پێوەندیی بە نەستی گشتی (common unconsciousness)یەوە هەیە. واتە لە نەستی گشتیدا، ململانێی درێژخایەن و کەلتووری خۆیان حەشار داوە، بەڵام ئەو ململانێیانە زۆر جار بە بێ ویست ڕوو دەدەن، چونکە بیرمان نەچێت لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە کردارە نەستییەکان، ئەو کردارانەن، کە بە شێوەیەکی خۆنه‌ویست لەنێوماندا بوونیان هەبووە. بۆیە لەم ڕۆمانەدا دەبینین چەوساندنەوەی نەتەوەیی و کەلتووری، ئەگەرچی ڕەگێکی مێژوویی دێرینیان هەیە، بەڵام زادەی نەستی گشتیی که‌لتوور و مێژوون. 

بە درێژایی مێژووی ئەو چەند سەدەیە، بەغدا شاری کۆبوونەوەی کەلتوورە جیاوازەکان بووە. شارێکە دەتوانین بڵێین هەم شوناسی هەیە و هەم بێشوناسە. بۆیە هەر گۆڕانێک لەو ناوچایەدا، تاکو کار لە بەغدا نەکات، کاریگەرییەکانی نابینرێن. ڕووخانی ڕژێمی بەعس یەکێکە لە دیارترین نموونەکان. بە ئێستایشەوە گرەوی سەرەکی لەسەر شاری بەغدایە، چونکە بونیادی کەلتووری و مێژوویی ئەو شارە وای کردووە ببێتە خاڵی هاوسەنگ بۆ قەیرانە کەلتووری و مێژووییەکان. لەو ڕۆمانەدا پێوەندیی کەلتووریی نێوان سێ شار بەرجەستە کراوە، ئەوانیش هەولێر، کەرکووک و بەغدان. دەکرێت بڵێم کەرکووک سێنتراڵی پێوەندییە لەنێوان هەولێر و بەغدادا. دیارە بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کەلتووری بۆ پێکهاتەی ئەو سێ شارە زیاتر دەتوانین ڕەهەندەکانیان بدۆزینەوە و چۆنیەتیی بەرجەستەبوونی ئەو پێوەندییە مێژوویی و کەلتوورییە لەو ڕۆمانەدا باس بکەین، بەڵام ئەوەیان باسێکی دیکە و پێویستی بە قووڵبوونەوەی زیاترە لە بونیاد و پێکهاتەی ئەو سێ شارەدا. بە شێوەیەکی گشتی لەو ڕۆمانەدا کاروان بە چڕی ئیشی لەسەر عێراقدا کردووە. سێ کەلتوور پانتاییەکی بەرفراوانیان لە ئەدەبی کارواندا داگیر کردووە، ئەوانیش کەلتوور و مێژووی سێ نەتەوەن: (کورد، عەرەب و جوولەکە). کەلتوور و ململانێی ئەو سێ نەتەوەیە نەک تەنیا بۆ خۆرهەڵات، بەڵکو بۆ جیهانیش مەتەڵێکی هەڵنەهێنراوە. جیهان دەمێکە بە ململانێی مێژوویی نێوان عەرەب و جوولەکە ئاشنایە، تا ئەو ئاستەی ئەو دوو ململانێیە کێشەی جیهانین. بەڵام باسەکە لەبارەی کوردەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. کێشەی کورد لەناوەوەدا ئاڕاستەی جیاوازی لێ دەبێتەوە. وەکو گوتمان کاروان بە چڕی ئیشی لەسەر تاکی خۆرهەڵاتی کردووە. هەر بەو شێوەیە ئەو ئاڕاستە جیاوازانەی، کە پێوەندییان بە کوردەوە هەیە، بەرجه‌ستە دەکات. تاکی کورد تاکێکی پەرتە. هەمیشە لە هەوڵی ڕەتکردنەوەدایە، بەڵام لە بنچینەدا نازانێت بۆچی هەوڵ دەدات. تاکی کورد خاوەن جێگرەوەیەکی کەلتووریی بەهێز نییە. ئەو کەللەڕەقییەی لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بەرجەستە کراوە، ئاماژەیە بۆ سایکۆلۆجیای تاکی کورد. ئەوەی وای کردووە ئەو کارەکتەرە بە هاوبەشی لەگەڵ عەرەبەکان لە جەنگدا بەشدار بێت، نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی کەلتوورییە، بەڵام لە نائاگاییدا خەسڵە سایکۆلۆجییەکانی تاکی کوردی هەڵگرتووە. مانه‌وه‌ی عەرەب وەک کەلتوور، بەشێکی پێوەندیی بەو پاشخانە مێژووییەوە هەیە، کە بە شێوەی جیاواز پەرەی بە کەلتووری ئەوان داوە. دین، یەکێکە لەو هۆیەی، کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پەرەی بە کەلتووری عەرەب داوە. تاکی کورد بە هۆی بوون بە بەشێک لە ئۆبجێکت بۆ پەرەپێدانی ئەو کەلتوورە، ئەوا نە دەتوانێت بە تەواوەتی شوێنی خۆی لەو کەلتوورەدا بکاتەوە، نە بە تەواوەتی لە گرێیە سایکۆلۆجییەکانی دەربچێت. مادام ململانێی کێشه‌کان عێراقه‌، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر دروستبوونی مێژووی عێراق بکه‌ین. ساڵی 1922 به‌ریتانییه‌کان بۆ کۆتاییهێنان به‌ ململانێیە که‌لتووری و سیاسییه‌کان، ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرن له‌ خۆرهه‌ڵات دروست ده‌که‌ن، که‌ ناوی عێراقه‌. مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ ناوێک له‌ سعودیه‌ ده‌هێنن، که‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی دینییه‌. به‌و هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ریتانییه‌کان ده‌یانه‌وێت هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای عێراق بجووڵێنن و زیاتر خۆیان بسه‌پێنن. ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ستکرده‌که‌ی به‌ریتانیا به‌ کۆمه‌ڵێک ململانێی جیاواز گوزه‌ر ده‌کات، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ململانێیانه‌ کۆتاییان نه‌هاتووه‌، له‌ ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌ی مۆدێرن له‌ خۆرهه‌ڵات دروست ده‌بێت، ئه‌ویش ئیسرائیله‌. دروستبوونی عێراق به‌شێکی پێوه‌ندیی به‌ چاره‌سه‌کردنی کێشه‌ی کورد و عه‌ره‌به‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌مانکاتدا مه‌به‌ستی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له هه‌مان مه‌به‌ستی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقەوە نزیکه‌، ئه‌ویش کۆتاییهێنانه‌ به‌ ململانێی مێژوویی عه‌ره‌ب و جووله‌که‌. لێره‌دا سێگۆشه‌یه‌کی مێژوویی و جیۆپۆله‌تیکی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروست ده‌بێت. ئه‌و سێگۆشه‌یه‌ زاده‌ی ململانێی درێژخایه‌نی ئه‌و سێ نه‌ته‌وه‌یه‌ یان که‌لتووره‌یه‌. هه‌میشه‌ ده‌ستی خۆرئاوا ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له‌ هه‌ڵسوڕادنی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا بینیووه‌. دیاره‌ مه‌به‌ستمان له‌ ده‌ست تێخستن (Intervene)ه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆرئاوا نه‌یتوانیوه‌ بیگۆڕێت یان خاوه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌کی گونجاو نه‌بووه‌ بۆ خۆرهه‌ڵات، هه‌ناوی کۆمه‌ڵ و تاکی خۆرهه‌ڵاتییه‌. (کاکه‌سوور) له‌و ڕۆمانه‌یدا ده‌ستی بۆ ئه‌و خاڵه‌ بردووه‌ و ململانێکانی ئه‌ده‌بییانه‌ به‌رجه‌سته‌ کردووه‌. ئیشکردن له‌ هه‌ناوی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرهه‌ڵات، ئه‌و مه‌ودایه‌یه‌، که‌ بووه‌ته‌ هۆی ئافراندنی ئه‌و ململانێیانه‌، ته‌نانه‌ت چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییش به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌. پارادۆکس ئه‌وه‌یه‌ خۆرئاوا چه‌نده‌ ئاگای له‌ ململانێکانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ و زۆر جاریش بکه‌ری ڕووداوه‌کان بووه‌، به‌ڵام بکه‌ری ڕاسته‌قینه‌ نییه‌ و خاوه‌نی کاریگه‌رییه‌ گه‌وره‌که‌ نه‌بووه‌ له‌ به‌شداریکردن له‌ ململانێ و چه‌وساندنه‌وه‌ ئایینی، که‌لتووری، مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌کان، چونکه‌ هۆکاره‌ بنچینه‌ییه‌کان له‌ قووڵایی هه‌ناوی کۆمه‌ڵ و تاکی خۆرهه‌ڵاتی خۆی دایه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا به‌ سێکوچکه‌ی کورد، جووله‌که‌ و عه‌ره‌ب به‌رجه‌سته‌ بووه‌. بۆیه‌ ئه‌و ڕۆمانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی سیاسی – که‌لتوورییشه‌‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ تاکی خۆرهه‌ڵات و هۆکاری شاراوه‌ی ململانێی جیاوازه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌. 

 خاڵێکی دیکه‌ پێوه‌ندیی به‌ شاره‌وه‌ هه‌یه‌. یه‌کێک له‌ کێشه‌ ئۆڕێنتاڵی یان خۆرهه‌ڵاتییه‌کان، نه‌بوونی شوناسی شاری خۆرهه‌ڵاتییه‌، چونکه‌ شوناسی شاری خۆرهه‌ڵاتی له‌ژێر پرسیاردایه‌، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وا بزانین شار نین، به‌ڵکو له‌ شوناسی شار جیاوازن. لێره‌دا ئێمه‌ ده‌بێت خاوه‌نی پێوه‌رێکی خۆرهه‌ڵاتی بین بۆ شار. خۆرهه‌ڵات، دیاره‌ مه‌به‌ستمان خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، له‌ نه‌بوونی شوناس بۆ شار، له‌ زۆر ڕووداوی مێژووییدا که‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیاری جه‌وهه‌رییەوە. ئایا لێره‌دا ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت دیدگا یان شوناس بۆ شار دابهێنێت؟ له‌ ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا شاری کوردی ناسنامه‌ی دراوه‌تێ. ئه‌وه‌شیان له‌ ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ شوێن و شێوازی ژیانی کاره‌کته‌ره‌کان. ده‌توانین بڵێین ئه‌و هه‌ولێره‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا هه‌یه‌، شاره‌، به‌ڵام ته‌واو جیاوازه‌ له‌و هه‌ولێره‌ی، که‌ له‌ واقیعدا هه‌یه‌. (کاکه‌سوور) له‌ یه‌ککاتدا وێنه‌یه‌کی جیاواز و هاوشێوه‌ به‌ شار ده‌به‌خشێت. 

(کاروان) شار وەک شار وێنا دەکات، نەک وەک پێکهاتەیەکی جیاواز. دەتوانم بڵێم لەو ڕۆمانەدا بەر ناسنامەی شاری کوردی دەکەوین، ئەوانیش هەولێر، کەرکووک و سلێمانین. هەولێر، لەنێوان دۆخی مانەوە و لەدەستداندایە. کەرکووک، وابەستەیە بە پێکهاتەی ئاڵۆز و جیاواز لە خۆیدا. سلێمانی، شارێک هەست دەکەین لە ناوەوەیدا پەی پێ دەبین، بەڵام لەناو خۆیدا بوونی نییە، کەچی لە دەرەوەشدا بێناوەرۆک نییە. کارەکتەرەکان شارنشینن، لە دەرەوەی هەر ئینتیمایەکی دیاریکراودان. بۆیە هەمیشە هەست بە خەمێکی شارستانیانەیان دەکەین، کە سەرچاوەکەی لە دروستبوونی شارەوە هاتووە. کاتێک کارەکتەرکان ڕووبەڕووی کەلتوورێک دەبنەوە، کە تایبەت نییە بە شار، ئەوا ناتوانن خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن. هەر بۆ نموونە (تیشکەشان) تەڵاق دەدرێت، چونکە لە بەرچاوی میوانەکان گۆرانیی گوتووە. ئەمە لای کەسوکاریان جێگەی قبووڵ نییە، چونکە کۆنەپارێزن. (سوهاد)یش زادەی ئەو کەلتوورەیە، کە ڕووبەڕووی زۆرترین بەیەکدادان دەبێتەوە لەگەڵ دیاردە جۆراوجۆرەکانی شاردا. ڕووداوێکی تر ئه‌و کاته‌یه‌، که‌ (خه‌لۆ چاوسوور) ده‌ستدرێژیی سێکسی ده‌کاته‌ سه‌ر کچێک. له‌و ڕووداوه‌دا ئێمه‌ له‌ یه‌ککاتدا هه‌م دیوێکی واقیعی شار ده‌بینین و هه‌م دژه‌که‌ی شاریش هه‌ست پێ ده‌که‌ین، ئه‌و پێیه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ زاده‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی شاره‌ و هه‌م له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی شار ناکۆکه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی کوردی بده‌ین، ده‌بینین شار شوێنی نامۆبوونی کاره‌کته‌ره‌کانه‌، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ کارکته‌ره‌کان ویستی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ گوند زیاتر تا ژیان له‌ شار. به‌ڵام کاره‌کته‌ره‌کانی (کاکه‌سوور) هه‌ست به‌ بچووکی شار ده‌که‌ن بۆ ژیان. له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌یه‌، که‌ هه‌ندێک له‌ کاره‌کته‌ره‌کان سه‌ر هه‌ڵده‌گرن. له‌و ڕۆمانه‌دا سه‌رهه‌ڵگرتینی هه‌ر یه‌ک له‌ (باوکی سوهاد)، (خه‌لۆ چاوسوور)، (وریا)، (تیشکه‌شان) نموونه‌یه‌کن‌ بۆ ئه‌و باسه‌. 

هەر دیاردەیەک لەو ڕۆمانەدا چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە. وەکو چاوە سوورەکانی (خەلۆ چاوسوور). لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت پلۆتی ئەو ڕۆمانە لە ئاستێکی بەرزدایە، چونکە بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دیاردە جۆراوجۆرەکاندا کراوە. بەڵام شاری کوردی زادەی کەلتووری کوردی خۆیەتی.  کاروان ئەو لایەنە بە لاوە نانێت، کە شار لە گشت ڕەهەندە کەلتوورییەکان داببڕێت، بەڵکو بە دیوێکی دیکە وێنای دەکات.

 لەو ڕۆمانەدا کازینۆ ئەو شوێنەیە، کە کارەکتەرەکان بە بێ بوونی پلانێکی پێشوەخت یەکتر دەبینن و گوزارشت لە خۆیان دەکەن. بە بڕوای (باختین) ڕۆمان کەناڵی فرەدەنگییە و دەنگەکانی ناو کۆمەڵگا دەهێنێتە ناو ئەدەب. لێرەدا کارەکتەرەکان گوزارشت لە باکگراوندی کۆمەڵایەتی و دەروونیی خۆیان دەکەن. کازینۆی منداڵان، وەکو ڕۆمانی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) دابڕانێکی دیکەیە لە ئەزموونی کاروان بە تایبەتی و ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی بە گشتی. ئه‌و ڕۆمانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی. بۆیه‌ وه‌رگێڕانی ئه‌و ڕۆمانه‌ بۆ زمانه‌ زیندووه‌کان، به‌ تایبه‌ت ئینگلیزی و عه‌ره‌بی، پڕۆژه‌یه‌کی گرنگه‌، چونکه‌ ئه‌ده‌ب که‌ره‌سته‌یه‌کی هه‌ره‌ گرنگه‌ بۆ میتۆدی زیندووی توێژینه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی (ئێدوار سه‌عید) له‌ کتێبی (ئۆڕێنتاڵیزم)دا به‌ کاری هێناوه‌ و به‌رجه‌سته‌ی کردووه‌. ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان) ناکرێت ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی زمانی کوردی یان ئه‌ده‌بی کوردیدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، به‌ڵکو وه‌ک ڕۆمانێکی خۆرهه‌ڵاتی شوێنی خۆی ده‌گرێت. 

لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی بپرسین بۆچی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک ئه‌ده‌بێکی خۆرهه‌ڵاتی بناسرێت؟ ئایا هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌، که‌ نووسه‌ری قووڵمان نییه‌؟ وه‌ڵامه‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تی پێوه‌ندیی به‌ ڕه‌خنه‌وه‌ هه‌یه‌. ئایا کامانه‌ن ئه‌و که‌رستانه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆمان؟ ئایا بۆچی کاتێک ڕووبه‌ڕووی ڕۆمانێک ده‌بینه‌وه‌، که‌ دابڕانی له‌گه‌ڵ کاره‌کانی پێش خۆی دروست کردووه‌، ڕاسته‌وخۆ خه‌یاڵمان بۆ ڕه‌تدانه‌وه‌ ده‌چێت؟ بۆچی ڕه‌خنه‌گران، نووسه‌ران و به‌شێک له‌ خوێنه‌ره‌کانمان له‌ گۆڕان ده‌ترسن؟ بۆچی ده‌ترسن به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له‌ به‌رهه‌مێکی دیکه‌ نه‌چێت؟ ئه‌م گوتارەم‌ هه‌وڵێکی سه‌ره‌تاییه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی به‌شێک له‌ کۆده‌کانی ئه‌و ڕۆمانه‌. له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)دا، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت به‌ ته‌واوه‌تی له‌ به‌رده‌م کارێکی ئه‌ده‌بیی جیاواز داین. (کاروان کاکه‌سوور) وه‌ک ڕۆماننووسێکی قووڵ به‌ چڕی و به‌ وردی ئیشی له‌و ڕۆمانه‌دا کردووه‌. (کاکه‌سوور) چیتر له‌و نووسه‌رانه‌ نییه‌ بتوانین به‌ ئاسانی و به‌ زارەکی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بکه‌ین. کاره‌کانی ئه‌و پێوستیان به‌ لێوردبوونه‌وه‌ی قووڵ و چڕ هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و له‌ ئاستێکدا ده‌نووسێت، که‌ ته‌واو دابڕانی له‌گه‌ڵ زمانی باو و ئه‌ده‌بی پێش خۆی دروست کردووه‌، بۆیه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی کاره‌کانی ئه‌و، سه‌ره‌تا پێویستیمان به‌وه‌یه‌ به‌راوردێک له‌نێوان زمانی ئه‌و و زمانی باودا بکه‌ین. 

 

 

 سۆران ئازاد

Previous
Next

Leave a Reply