کامۆ، ژیان و به‌رهه‌م
ئالبێر كامۆ له هه‌شتی نۆڤه‌مبری 1913، له موندۆڤیی ئه‌لجه‌زاییر له‌دایك بوو. لوسیه‌ن ی باوكی، هه‌تیوێك بوو كه بۆخۆی فێری خوێندن و نووسین ببوو و له عه‌مبارێكی شه‌ڕاب له كارخانه‌یه‌كی شه‌ڕابسازیی له‌و نزیكانه‌دا كرێكاریی ده‌كرد. “كاترین ئالێن سینتێز”ی دایكیشی نه‌خوێنده‌وار بوو و نه‌یده‌توانی باش بدوێ و ببیستێ. باوك و دایكی كامۆ له منداڵانی ئه‌وروپییه هه‌ژاره‌كان بوون كه به هیوای دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی باشتر، روویان له ئه‌لجه‌زاییر كردبوو. بنه‌ماڵه‌ی باوكی خه‌ڵكی فه‌ڕه‌نسه بوون و بنه‌ماڵه‌ی دایكیشی ئیسپانیایی و خه‌ڵكی دوڕگه‌ی مینۆركا. كامۆ هه‌شت مانگ پاش له‌دایكبوونی، باوكیان برد بۆ خزمه‌تی سه‌ربازیی له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییدا. ئه‌و به‌و جله سوور و شینه‌ی یه‌كه‌ی یه‌كه‌می “زواوهكان” كه به ته‌واویی له چاوی ده‌دا ببووه ئامانجێكی ئاسان بۆ تیرباری ئه‌ڵمانییه‌كان. له سیپته‌مبری 1914 و له شه‌ڕی مارندا به پڕیشكه‌ی گوله هاوه‌ن بریندار بوو و چه‌ند هه‌فته‌ی دواتر مرد. هه‌مووی ئه‌و شتانه‌ی كه ئالبێر له باره‌ی باوكییه‌وه ده‌یزانیی ئه‌و چیرۆكانه بوون كه بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌یانگێڕاوه.
منداڵیی كامۆ له ئه‌لجه‌زاییر تێكه‌ڵاوێك بوو له هه‌ژارییه‌كی زۆر و چێژه ساده‌كان. له‌گه‌ڵ دایك و برا و نه‌نك و دوو خاڵی له ئاپارتمانێكی سێ هۆده‌یی ته‌نگه‌به‌ردا ده‌ژیان. ئاپارتمانهكهیان نه كاره‌بای هه‌بوو نه ئاو. له سه‌ر پلیكانه‌كان چه‌ند ئاوده‌ستێكی لێ‌بوو، كونێك له سه‌ر بیرێك كه هه‌میشه بۆگه‌نی ده‌هات. دایكی ئیشی پاككه‌ره‌وه‌ی ده‌كرد. نه‌نكیشی بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد كه ئه‌ویش هه‌ر نه‌خوێنده‌وار بوو و بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كان قه‌مچی به‌كار ده‌هێنا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ئالبێر رێزی له‌دایكی ده‌گرت و له نزیكبوونی له برا و دوو خاڵه‌كه‌ی چێژی وه‌رده‌گرت. ئه‌ڤینداری به‌ستێنی ده‌ریا و هه‌تاو بوو. له یارییكردن له‌گه‌ڵ منداڵان، له كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی باكوور، له نزیك گه‌ڕه‌كێكی عه‌ره‌ب كه‌یفی ده‌كرد. كامۆ له دوایین به‌رهه‌مه‌كه‌یدا، رۆمانی ناته‌واوی ژیاننامه‌ی خۆی واته ” یه‌كه‌م مرۆڤ “، له سه‌ر به سووك سه‌یركردنی ئایین له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌ی پێداگریی ده‌كا. بنه‌ماڵه‌ی كامۆ ئه‌گه‌رچی به‌ناو “كاسۆلیك” بوون به‌ڵام سه‌ردانی قه‌شه‌كانیان نه‌ده‌كرد، نه‌ده‌چوون بۆ كه‌نیسه و باسی خودایان نه‌ده‌كرد. “كاسۆلیك بوونیان هه‌ر ته‌نیا له رێوڕه‌سمی وه‌كو غوسڵی ته‌عمید، عه‌شای ره‌بانی، زه‌ماوه‌ند و مه‌راسیمی به‌خاك سپاردن بوو” (FM, 165)
كه‌سێك ده‌ورێكی سه‌ره‌كیی له ژیانی كامۆدا ده‌گێڕا، یه‌كێك له مامۆستاكانی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌و به نێوی “لوویی ژێرمه‌ن”. ژێرمه‌ن به توانسته‌كانی ئالبێری زانی و نه‌نكی رازیی كرد ئیزنی پێ‌بدا وانه‌ی تایبه‌تیی به نه‌وه‌كه‌ی بڵێت هه‌تا له تاقیكاریی بۆرسی خوێندندا به‌شداریی بكا. نه‌نكی رازیی بوو و ئالبێر له تاقیكاریدا سه‌ركه‌وت و توانی به‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌كو براكه‌ی بچێته سه‌ر كار، چوو بۆ قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندیی. كامۆ له دواناوه‌ندیدا مامۆستایه‌كی دیكه‌ی دۆزییه‌وه: “مامۆستایه‌كی خۆش زه‌وق به‌نێوی ژان گرێنێر”. له نێو ئه‌و هه‌مووه كتێبه‌ی كه كامۆ له قۆناخی قوتابخانه‌یدا خوێندینه‌وه، دوو كتێبی زیاتر له هه‌مووان پێخۆش بوو، “دوڕگهكان”ی ژان گرێنێر و “چاره‌نووسی مرۆڤ”ی ئاندرێ مالرۆ. كامۆ له ساڵی 1952دا نووسیی، دوڕگهكان به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی “رازه‌كان.. شتی پیرۆز.. و سروشتی سنوورداری مرۆڤ” نه‌بوونی په‌روه‌ردی سووننه‌تیی ئایینیی منی قه‌ره‌بوو كرده‌وه (LCE,328). كامۆ هه‌روه‌ها له دووڕگهكانهوه فێربوو كه چۆن به وه‌سفكردنی شته‌كان و رووداوه هه‌ستپێكراوه‌كان ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فیی ئاراسته بكا.
له ساڵی یه‌كه‌می دواناوه‌ندیی بوو كه زانییان نه‌خۆشیی زه‌ردوویی هه‌یه و ئه‌م نه‌خۆشییه تا كۆتایی ژیانی ئازاریدا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتا “ئه‌نتی بیوتیك” نه‌دۆزرابۆوه، به‌ڵام ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه دهستدهكهوتن بۆ نه‌خۆشیی ریخۆڵه‌ی به‌كه‌ڵك بوون و له ئیفلیجیی رزگاریان كرد.
كامۆ ساڵی 1933 چوو بۆ زانینگه‌ی ئهلجهزایێر و بكالۆریوسی فه‌لسه‌فه‌ی وه‌رگرت. تێزه‌كه‌ی له ژێر سه‌ردێڕی “میتافیزیكی مه‌سیحی و فه‌لسه‌فه‌ی نوێ ئه‌فلاتوونی” بوو.
ئه‌گه‌رچی ده‌ره‌جه‌ی بكالۆریوسی زۆر باش نه‌بوو به‌ڵام توانیی له قۆناغی دكتۆرا (ئاگرگاسیۆن)دا درێژه به خوێندن بدا و بڕوانامه‌ی مامۆستایی وه‌ربگرێ. له ساڵی 1938دا به‌ڕێوه‌به‌رێتیی پزیشكیی ئهلجهزایێر داواكاریی كامۆی بۆ مامۆستایه‌تیی ره‌تكرده‌وه: “ره‌نگه ده‌وڵه‌ت نه‌یده‌ویست ناچار بێ خه‌رجی چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشێك بدا”.
ئاوێته‌بوونی متمانه‌به‌خۆبوون و دڵناسكیی، جلی جوان و خوێنشیرنبوونی (له هه‌مفری بوگارت ده‌چوو) سه‌رنجی ژنانی بۆ لای خۆی راده‌كێشا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه له بیست ساڵاندا به‌په‌له له‌گه‌ڵ ژنێكی سه‌رسه‌ری و بێخهیاڵ و به‌ڵام له‌به‌ردڵان به نێوی “سیمون هایه” زه‌ماوه‌ندی كرد. دایكی سیمۆن كه پزیشكێكی سه‌ركه‌وتووی چاو بوو خه‌رجی ئه‌و ژن و مێرده‌ی دابین ده‌كرد به‌و هیوایه‌ی كامۆ بتوانێ سیمون له گیرۆده‌بوون (به ماده هۆشبه‌ره‌كان) رزگار بكا. به‌ڵام كامۆ نه‌یتوانی. كامۆ كاتێ زانیی سیمون له‌بری وه‌رگرتنی ماده‌ی هۆشبه‌ردا له‌گه‌ڵ دكتۆرێك ده‌خه‌وێ لێی جیا بۆوه. كامۆ بۆ جارێكی دی زه‌ماوه‌ندی كرد. ژنی دووه‌می، “فرانسین فه‌ور” مامۆستای بیركاری و خه‌ڵكی ئۆران بوو. فرانسینیش جوان به‌ڵام له‌خۆیدا بوو. ساڵی 1945 دوانه‌یه‌كی بوو: كاترین و ژان. فرانسین ئه‌گه‌رچی ئه‌وكات له كامۆ جیا نه‌بۆوه به‌ڵام له خه‌یانه‌ته هه‌میشه‌یی و ئاشكراكانی كامۆ ئازاری ده‌دیت.
له سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی 1930دا كامۆ لێوڕێژبوو له توانست. بۆ رۆژنامه‌ی “ئالجێر رێپوبلیكن”ی ده‌نووسی. رۆمانێك و چه‌ند وتار و شانۆیی نووسی. گروپێكی شانۆیی پێكهێنا و بوو به ئه‌ندامی حیزبی كومونیست. ئه‌ندامبوونی له حیزبی كومونیستدا زۆری نه‌خایاند. حیزبه‌كه‌ی ساڵی 1937 ئه‌وی له‌به‌ر پشتیوانیكردنی له رادیكاڵه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌كان، ده‌ركرد. به‌ڵام له نووسیندا له سه‌ره‌تای رێدا بوو. یه‌كه‌م رۆمانی، “مردنی خۆش” هێنده رێك‌وپێك نه‌بوو كه بۆ چاپ بشێت، به‌ڵام به‌شێك له وتاره‌كانی ساڵی 1937 له ژێر سه‌ردێڕی “پشت و روو” و كۆمه‌ڵێكی دی له 1939 به نێوی “رابواردن” بڵاوكرده‌وه.
ساڵی 1939 ساڵی ده‌سپێكی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی بوو. كامۆ هه‌وڵیدا له سووپادا ناونووسیی بكا، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی وه‌رنه‌گیرا. له به‌هاری ساڵی 1940 سوپای ئه‌ڵمان به سه‌ر فه‌ره‌نسه‌دا سه‌ركه‌وت. كه‌میك دواتر “ئالجێر ریپۆبلیكن”ی لیبراڵ قه‌ده‌غه كرا و كامۆ بێئیش كه‌وت. هاوڕێكه‌ی “پاسكاڵ پیا” له پاریس ئیشی گردوكۆكردنی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌ی پاری ـ سۆیر ی بۆ دۆزییه‌وه. له 1942دا رۆمانی “نامۆ”ی بڵاوكرده‌وه و پاشان له 1943 به‌شێك له وتاره‌كانی كه په‌یوه‌ندییان به‌و رۆمانه‌وه بوو به‌نێوی “ئوستووره‌ی سیسوفوس” چاپ كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌ر ناسرا توانی له لای بڵاوكه‌ره‌وه نوێیه‌كه‌ی به نێوی گالیمار ئیشی پێداچوونه‌وه‌ش بكا. كامۆ هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ گالیمار به‌رده‌وام بوو. كامۆ له هه‌موو شتێكی نازییه‌كان بێزار بوو. له نژاد پهرستییهكهیان، دژه جوولهكهبوونیان، تۆتالیتاریزمهكهیان، له مرۆڤ كوشتن‌یان كه به بێ سڵکردنه‌وه ده‌یانكرد. له 1943 تێكه‌ڵاوی ته‌ڤگه‌ڕی به‌رگریی فه‌ڕه‌نسه بوو و پاش ماوه‌یه‌ك بوو به سه‌رنووسیاری رۆژنامه‌ی نهێنیی كومبا. له 1944-1945 دوو شانۆیی به‌هێزی نووسی و بردینه سه‌ر شانۆ: “خراپ تێگه‌یشتن” و “كالیگولا”. له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ “ژان پهول سارتر” و “سیمۆن دوبوار” و باقیی ئه‌ندامانی گروپی ئه‌وان بوو به هاوڕێ. ئه‌زموونی به‌شداربوونی له ناوه‌ندی رووناكبیریی پاریس، بۆ كه‌سێكی وه‌كوو كامۆ كه له هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واریدا په‌روه‌رده ببوو سه‌رخۆشی و تاڕاده‌یه‌ك سامناك بوو.
له سه‌رده‌می داگیركارییه‌كانی نازییه‌كاندا، بۆ یه‌كه‌مجار نێوی كامۆ به ئیگزیستهنسیالیزمهوه گرێدرا. ئه‌گه‌رچی وادیاره وشه‌ی فه‌ره‌نسه‌یی ئیگزیستهنسیالیست بۆ یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ت فهیلسوفێكی كاسۆلیك به نێوی “گابریه‌ل مارسێڵ” دایڕشت، به‌ڵام ده‌توانین هه‌تا “سورێن كییه‌ر كگۆر”ی ده‌مارگرژی پرۆتستانی، به دوای ئه‌ندێشه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی داڕێژراو له سه‌ر پرسه‌كانی بوونی مرۆڤ و هه‌ڵبژاردن و رهسهنایهتییدا بچین. كامۆ هۆگری پرسه‌كانی ئیگزیستهنسیال بوو و زۆر له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و دوو بیرمه‌نده‌دا بوو كه شوێنه‌واریان له سه‌ر پێكهاتنی ئیگزیستهنسیالیزمدا به‌جێهێشت. واته “فیۆدۆر دۆستۆیۆفسكی” و “فریدریش نیچه”. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه كامۆ هه‌میشه له‌وه ده‌ترسا كه به خۆی بڵێ ئیگزیستهنسیالیست. له‌سه‌ره‌تادا له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ترسا كه پێیوابوو ئیگزیستهنسیالیزم و بازدانی ئیمانی یه‌ك شتن. پاشان وای ده‌زانی كه ئیگزیستهنسیالیزم هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی ژان پهول سارتره.
به ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی، گه‌لێ به‌رده‌نگ بۆ كامۆ ده‌سته‌به‌ر بوون، هه‌روه‌ها به‌ختی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه له بنیاتنانه‌وه‌ی فه‌ره‌نسه‌دا به‌شداریی بكا. ئه‌و چوار ساڵی ره‌به‌ق هه‌وڵیدا هه‌تا ئه‌و وانه ئه‌خلاقی و سیاسیانه‌ی له خه‌بات به دژی سه‌ره‌ڕۆیی نازییه‌كان فێریان ببوو له وتاره‌كانی سهرنووسیاریی و له چه‌ند نامه‌یه‌كی بۆ هاوڕێیه‌كی ئه‌ڵمانی و له “نۆ قوربانی، نۆ جه‌للاد”، له رۆمانی دووه‌می به نێوی “تاعون” و له شانۆیی “گه‌مارۆی شار”دا بڵێته‌وه.
له 1948 شه‌ڕی سارد كاریگه‌ریی له سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان وڵاتان له شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دانا. كامۆ له شانۆیی “عادیلهكان” (1949) و له نامیلكه‌ی “مرۆڤی سه‌ربزێو” (1951)دا په‌رژایه سه‌ر پرسی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕش و سته‌مكاریی. كامۆ دهیكوت مه‌ترسیی ماركسیزم و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت جیدیترن له مه‌ترسیی سه‌رمایه‌داریی رۆژئاوایی بۆ سه‌ر ئازادی و شان و شكۆ و به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤیی. له‌م سه‌رده‌مه‌دا سارتر راست به پێچه‌وانه‌ی كامۆ بوو. پاش ئاڵوگۆڕكردنی چه‌ند نامه‌ی توندی راشكاوانه، نێوانیان تێكچوو. كامۆ پیش‌تر له پاسكاڵ دوور كه‌وتبۆوه. پاسكاڵ له شارڵ دۆگۆل و حیزبی ناتریستی ئه‌و به‌رگریی ده‌كرد.
كامۆ له 1954 چه‌ند وتارێكی به‌نێوی “هاوین” بڵاوكرده‌وه. ئه‌م وتارانه ئه‌گه‌رچی له‌كاتی جۆراوجۆردا نووسراون به‌ڵام ده‌ربڕی ئه‌شقی كامۆن به ئه‌لجه‌زاییر و رۆحی مه‌دیترانه‌ی ئه‌و. به‌داخه‌وه هه‌ماهه‌نگیی ئه‌م رۆحه له چڕژان نزیك بوو. له ئۆكتۆبری 1954 رێكخراوێكی شۆڕشگێڕ به نێوی به‌ره‌ی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی FLN هێرشی كرده سه‌ر ئهلجهزاییریه ئه‌وروپییه‌كان. 1955 چه‌كداره فه‌ره‌نسییه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به كوشتاری FLN هێرشیان كرد و به پێی سیاسه‌تی “به‌رپرسیارێتی گشتی” خوێنی زۆر بێتاوانیشیان رشت. له ماوه‌ی شه‌ڕی ئهلجهزاییردا فهرهنسهییهكان بۆ زاڵكردنی ترس و تۆقاندن و به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی دیله‌كانیان ئه‌شكه‌نجه ده‌دا. سارتر و بنه‌ماڵه‌كه‌ی لای سه‌رهه‌ڵداوانی FLNیان گرت كه ده‌یانویست ئه‌لجه‌زاییر له چنگی فه‌ره‌نسییه‌كان رزگار بكه‌ن. له‌م نێوه‌نده‌دا كامۆ بوو به دوو كه‌رته‌وه. له نژادپه‌رستی كه هه‌شت ملیۆن ئه‌لجه‌زاییری خۆجێیی كردبوو به شارۆمه‌ندی ده‌ره‌جه دوو، بێزار بوو به‌ڵام توندوتیژیی FLNیشی شه‌رمه‌زار ده‌كرد و به نه‌شیاوی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و پێیوابوو كه رزگاریی ئه‌لجه‌زاییر له‌سه‌ر ده‌ستی FLN ره‌نگه ببێته هۆی ئاواره‌بوونی زیاتر له ملیۆنێك ئه‌لجه‌زاییری ناعه‌ره‌ب ـ له‌وانه بنه‌ماڵه‌ی خۆی. دهیكوت من بڕوام به عه‌داڵه‌ت هه‌یه به‌ڵام به‌ر له عه‌داڵه‌ت به‌رگریی له دایكم ده‌كه‌م (Todd, 378). . ئه‌و بۆ گه‌یشتن به ئاشتییه‌كی مه‌ده‌نیی خه‌باتی ده‌كرد. پێی له سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌لجه‌زاییر له فیدراسیۆنێكی فه‌ره‌نسه‌یی داگرت و چوو بۆ ئه‌لجه‌زاییر هه‌تا پشتیوان بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بكا. كاتێ هه‌ردوو لایه‌ن روانگه‌كانی ئه‌ویان به‌دوور زانی، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ بێده‌نگیی هه‌ڵبژارد. له ساڵی 1962دا ئه‌لجه‌زاییر به سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو گه‌یشت به‌ڵام زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌وروپایی ئه‌و وڵاته له‌ترسانه رایانكرد بۆ باشووری فه‌ره‌نسه.
ساڵی 1956 كامۆ سێیه‌مین رۆمانی به نێوی “رووخان” بڵاوكرده‌وه. شێواز و په‌یامی ئه‌م رۆمانه زۆر جیاوازتر له هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه بوو كه كامۆ پێشتر نووسیبوونی. له نێو ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه له سه‌ر ئه‌م رۆمانه نووسراون هه‌م ره‌خنه‌ی ئه‌رێنی و رێزدانان بۆ به‌رهه‌م هه‌بوو و هه‌میش ره‌خنه‌ی نه‌رێنی و ره‌تكه‌ره‌وه. به‌ڵام كتێبه‌كه زۆر چاك فرۆشرا. له شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا 126500دانه‌ی لێفرۆشرا. ساڵی دواتر كامۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی جێگه‌ی رێزی له كورته چیرۆكه‌كانی به نێوی “نزمی و ئاسمانی” و وتارێكی دژ به سزای ئیعدام له ژێر سه‌ردێڕی “رامانێك سه‌باره‌ت به گیوتین” بڵاوكرده‌وه. له 1957 خه‌ڵاتی نۆبێل له ئه‌ده‌بیات به كامۆ به‌خشرا. ئه‌م خه‌ڵاته ده‌بوو بۆ كامۆ ببێته نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن و شادی بكا به‌ڵام نیگه‌رانییه‌كی زۆر ئه‌م شادمانی و دڵخۆشییه‌ی لێ ره‌ش كرد. ئه‌و له‌وه نیگه‌ران بوو نه‌كا به ناهه‌ق ئه‌م خه‌ڵاته‌ی پێدرابێ و دایم دهیكوتهوه كه ده‌بوو خه‌ڵاته‌كه به “ئاندرێ ماڵرۆ” بده‌ن. ئه‌و نیگه‌ران بوو له خه‌مۆكی و ده‌ستبردنی فرانسین بۆ خۆكوژیی و هه‌روه‌ها خراپبوونی باری ته‌ندروستیی خۆی. ئه‌و نیگه‌ران بوو له شێوانی ئه‌لجه‌زاییر، له تۆران و دابڕانی له رووناكبیرانی فه‌ره‌نسه‌یی و توانستهكهی بۆ داهێنانی به‌رهه‌می چاك. له چلوسێ ساڵاندا ده‌ترسا كه باشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی تێپه‌ڕ كردبێ، بهههواڵنێرێكی كوت وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێل وای لێكردم له‌ناكاو هه‌ست به پیربوون بكه‌م (Todd, 381).
یه‌كێك له دڵخۆشییه‌كانی كامۆ له سه‌رانسه‌ری ژیانیدا داڕشتنه‌وه و بردنه‌سه‌ر شانۆی به‌رهه‌می نووسه‌رانی دیكه بوو. كامۆ له هه‌مان سه‌ره‌تاكانی كار و له ساڵی 1936دا شانۆییه‌كی له رووی رۆمانی ماڵرۆ به نێوی رۆژه‌كانی گرژیی نووسی و بردییه سه‌ر شانۆ. له كۆتاییهكانیشدا له 1956 شانۆییه‌كی له رووی شینگێڕیی بۆ راهیبه ی فاكنێر نووسی و بردییه سه‌ر شانۆ. له 1959شدا شانۆییه‌كی به‌پێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی دۆستۆیۆفسكی نووسی و بردییه سه‌ر شانۆ. ئه‌و له فكری ئه‌وه دابوو كه ده‌ساڵی ره‌به‌ق ته‌رخان بكا بۆ شانۆ، به‌ڵام زیاترین هیوای به رۆمانی ژیانه‌كه‌ی واته “یه‌که‌م مرۆڤ” بوو.
كامۆ به‌و سهرقهڵهمانهیهی كه وه‌ریده‌گرت و به‌و پووڵه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێل ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. به‌دوای ئاپارتمانێكی گه‌وره‌تر له پاریس‌دا ده‌گه‌ڕا. خانوویه‌كی هاوینه‌هه‌واری به‌ردینی جوانی له پرووانس بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كڕی.
“می” ئه‌ڤینداری گه‌نجی دانماركیی كامۆ زۆربه‌ی كات له ماڵێكی هاوینه‌هه‌وار هه‌ر له‌و نزیكانه بوو. كامۆ به‌دوور له غه‌ڵبه‌غه‌ڵبی پاریس ده‌رفه‌تی زیاتری هه‌بوو كه درێژه به رۆمانی ” یه‌كه‌م مرۆڤ” بدا. پێیوابوو ئه‌مه ده‌بێته باشترین رۆمانی و پێشكه‌شی كرد به دایكی. پێشكه‌شییه‌كی به‌م جۆره نووسیبوو: پێشكه‌ش به تۆ كه قه‌ت ناتوانی ئه‌م كتێبه بخوێنییه‌وه (FM,3). ئه‌م ده‌ستنووسه 144 لاپه‌ڕه‌ییه هیچ ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرای فه‌لسه‌فیی تێدا نییه به‌ڵام نیشانه‌ی روانگه‌ی نوێی كامۆیه بۆ په‌روه‌رده‌ی ئه‌خلاقیی. بۆ نموونه: له شوێنێكی كتێبه‌كه‌دا ده‌نووسێ، له منداڵی‌دا زۆرم هه‌وڵدا له جیاوازیی نێوان راست و هه‌ڵه (هه‌ق و ناهه‌ق) تێبگه‌م، به‌ڵام كه‌س نه‌بوو پێوه‌رێكم پێ‌بدا و ئێستا كه گشت شتێ لێم راده‌كا تێده‌گه‌م كه پێویستیم به كه‌سێكه كه رێنیشانده‌رم بێ، سزام بدا، هانم بدا، نه‌ك له‌به‌ر به‌هێزبوونی، به‌ڵكو به‌هۆی قورس و قایمبوونهكهی، من باوكمم ده‌وێ (FM,36).
له سێیه‌می ژانڤیه‌ی 1960 كامۆ له‌گه‌ڵ میشێل و ژانین و گالیمار و ئان ی كچیان و سه‌گه ماڵیهكهیان هاوینهههوارهكهیان به‌ره‌و پاریس به‌جێهێشت. رۆژی دواتر میشێل له كاتی لێخوڕینی ماشێن‌دا له‌جاده ههڵدێردرا و به دوو دره‌ختدا درا و پووكاوه. كامۆ ده‌ستبه‌جێ مرد. میشێلیش چه‌ند رۆژ دواتر مرد. ژانین و ئان هیچیان لێنه‌هات. سه‌گه‌كه‌ش بزر بوو. كامۆ هه‌میشه به هاوڕێكانی كوتبوو هیچ شتێك ناخۆشتر له مردنی منداڵێك و قۆڕتر له مردن به هۆی رووداوی ماشێن نییه. كاتێ هه‌واڵی مردنی كامۆ به دایكی درا، نه‌گریا. هه‌ر ئه‌ونده‌ی كوت: زۆر گه‌نج بوو (Todd, 414).
چه‌ند رۆژ پاش مه‌رگی كامۆ سارتر شینگێڕییهكی پڕهه‌ست و سۆزی نووسی و به كوژانه‌وه‌ی ده‌نگێكی ئاشكرای نێو ژیانی بێناوهرۆكی دڵڕه‌قانه دانا و له ستایشی كامۆدا نووسی: ئه‌و میراتگری ئه‌مڕۆژینی زنجیره‌یه‌كی درێژ له‌و ئهخلاقخوازانه بوو كه ره‌نگبێ هه‌ڵگری ره‌سه‌نترین شته‌كان بێ له ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسه (Sartre, 1965, 110-111). كامۆی به ئهخلاقخواز دانا و دانانی له ریزی كه‌سانێكی وه‌كو مونتهینی و پاسكاڵ و ڤۆلتێر و ئه‌وانی دی جێی خۆیه‌تی. كامۆ له‌وه‌دا بلیمه‌ت و ره‌سه‌ن بوو كه ده‌یتوانی به لێزانی ئه‌ندێشه فه‌لسه‌فییه‌كان بچپێنێته نێو فۆرمه ئه‌ده‌بییه‌كان و به‌م شێوه‌یه شعوری ئه‌خلاقیی خوێنه‌ره‌كانی وه‌خه‌به‌ر دێنێ. ئه‌م لێزانییه زیاتر له سێ رۆمانی و له به‌شێك له وتاره‌كانیدا وه‌كو ئوستووره‌ی سیسوفوس وه‌به‌رچاو ده‌كه‌وێ. به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی ئا به‌مجۆره سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. كامۆ جاروباره نه‌یده‌توانی ئه‌ندێشه فه‌لسه‌فییه‌كانی خۆی به پێی تێگه‌یشتنی له پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار ده‌رده‌بڕێ یان ده‌ره‌قه‌تی ئاراسته‌كردنیان به شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی نه‌ده‌هات.
كامۆ زۆر جاران فهیلسوفبوونی خۆی ره‌ت ده‌كرده‌وه. ره‌خنه‌گرانیش قسه‌ی ئه‌ویان قبووڵ كردووه به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ی كامۆ به پێی جیاوازیی له شێوازدا بوو نه‌ك جیاوازیی له بابه‌تدا. بۆ فرانسین ده‌نووسێ: من بڕوایه‌كم نیه به‌و ئه‌ندێشانه‌ی كه له ماوه‌ی مشت‌ومڕ یان جیاوازیی بڕوا ده‌رده‌بڕدرێ. من فه‌یلسوف نیم و بۆ من بیركردنه‌وه به‌سه‌رهاتێكی ناخیه كه پێده‌گا و یان ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئازار ده‌دا یان بێهۆشی ده‌كا (Todd, 280).
كامۆ پێی خۆش‌بوو كه بیره فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی له ناخی ئهزموونكراویدا بێته ده‌رێ و له محه‌كی بینین و هه‌ستی ئه‌خلاقیی بدرێ هه‌تا پته‌و و تۆكمه بێ. ئه‌و گومانی له ئه‌قڵی ره‌ها و ئازاد و به سیستمكردنی فه‌لسه‌فیی هه‌بوو. به دوای فهلسهفهكاریی به شێوه‌ك بوو كه له‌گه‌ڵ گفتوگۆی مرۆڤی بسازێ و به سه‌رقاڵیی ئایینه‌وه گرێ بدرێ و بتوانێ به بێ كه‌ڵكوه‌رگرتن له زاراوه ته‌كنیكییه‌كان بكوترێتهوه.
له فارسییه‌وه: ئیسماعیل ئیسماعیل زاده
ژێده‌ر
فلسفهی كامو، ریچارد كهمبیر، مجموعه‌ی نام اوران فرهنگ، چاپی دووه‌م 1387.