Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

کام په‌رله‌مانیان؟…….سه‌لام عارف

Be First!
by May 28, 2009 گشتی

 

که‌ڵه‌ئه‌دیب و نووسه‌ر؛ ئێمیل زۆلا (émile zola) وتویه‌تی: "له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا دوو جۆر په‌رله‌مان هه‌یه‌، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که‌ ئه‌ندامه‌ سه‌رزل و تێره‌کانی، به‌ ئاره‌زووی خۆیان، یاساکان داده‌نێن و پاشان ڕه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بیرۆکراتیی جێبه‌جێکردنیان ده‌که‌ن، تا ئه‌ویش به‌ ئاره‌زووی خۆی جێبه‌جێیان بکات. په‌رله‌مانه‌که‌ی تریان قاوه‌خانه‌ و باڕه‌کانن،‌ که‌ به‌شمه‌ینه‌تان، به‌یانیان پێش ئه‌وه‌ی بچن بۆ جێگه‌ی کاره‌کانیان و ئێواران دوای ته‌واوبوون له‌ کارکردن، یه‌کتری تێدا ده‌بینن. ئه‌وان له‌و قاوه‌خانه ‌و باڕانه‌دا باسی ژیان و نه‌بوونیی خۆیان ده‌که‌ن و زۆرجار هه‌ر له‌و شوێنانه‌شدا به‌ جه‌م بڕیاری مانگرتنه‌کانیان ده‌ده‌ن، زۆرجاریش گاڵته‌ به‌و یاسانه‌ ده‌که‌ن که‌ په‌رله‌مانه‌که‌ی تر ده‌ریانده‌کات." له‌ جێگه‌یه‌کی تریشدا ده‌ڵێت: "من ده‌ست ده‌خه‌مه‌ سه‌ر برینه‌کان، چاره‌کانیان جێ ده‌هێڵم بۆ یاسادانه‌ره‌کان!"
تا ئه‌مڕۆ ڕووی نه‌داوه‌ "له‌ ته‌ئریخی میلله‌تان!"دا یاسادانه‌ران ئه‌و یاسایانه‌ دابنێن و ده‌ربکه‌ن که‌ ئازاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌بڕنه‌وه،‌ ئیتر یاسادانه‌ران نوێنه‌ره‌ بۆرژوازییه‌کان بن یا به‌ ناو سۆسیالیست و چه‌په‌کان. ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ بریقه‌دارانه‌یش، که‌ له‌ پێش و کاتی هه‌ڵبژاردندا، بانگه‌شه‌یان بۆ کردوون تا ڕه‌شوڕووته‌کان ده‌نگیان بۆ بده‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی شه‌رعی، به‌ درۆ ده‌رچوون و هیچیان لێ شین نه‌بووه‌. له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک له‌و به‌ڵێنانه، لێره ‌و له‌وێ،‌ سه‌رتوێژی و ڕووکه‌ش کرابن به ‌یاسا و له‌ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌ بیرۆکراتییه‌کاندا ده‌وریان بینیبێت، به‌ڵام هیچیان، له‌ هیچ کات و شوێنێکدا، هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌گۆڕیوه‌.
تا ئێستا نه‌بینراوه‌ و نه‌بیستراوه‌ هه‌ڵبژێردراوانی مشه‌خۆری ئه‌و لیسته‌ی هه‌ڵبژاردنانه‌،‌ چ چه‌پ چ ڕاست، ته‌نیا بۆ جارێكش بێت، له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، که‌ گوایه‌ بۆ دابینکردن و سه‌قامگیرکردنی سیسته‌می به ‌ناو دیموکراتییه‌، ڕاستگۆ بووبن و ببن و درۆ له‌گه‌ڵ خۆیان و خه‌ڵکیش نه‌که‌ن و ڕاست و ڕه‌وان بڵێن: "ئێمه‌ ساخته‌چی و درۆزنین، له‌سه‌ر درۆ و ساخته‌چێتی ده‌ژین و ده‌گه‌ینه‌ په‌رله‌مان،‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ که‌ماڵی ئیسراحه‌ت پاڵی لێبده‌ینه‌وه‌ و مشه‌خۆرانه‌ بخۆین و بخۆینه‌وه‌ و به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئێوه‌ گیرفانمان پڕتر بکه‌ین."
لیسته‌کانی له‌مه‌ر خۆشمان، کوردستانی یا عیراقی، سیاسی و بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کی و مزگه‌وتی، به‌بێ جیاوازیی کۆن و تازه،‌ له‌و بازنه‌ نێتپیسه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌، ئیتر چ بۆ  هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مانی بێت، یا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؛ به‌تایبه‌تی پارێزگاری که‌رکوک. ئه‌وان؛ نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان! ده‌ڵێن: "که‌رکوک پارێزگایه‌که‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه!"‌ هه‌ربۆیه‌ چاره‌نووسیان کردووه‌ به‌ تاکه‌ژماره‌یه‌ک؛‌ ‌ژماره‌ 140، و ده‌ڵاڵی و بازرگانیی سیاسی پێوه‌ ده‌که‌ن و مه‌سه‌له‌که‌یان به‌ تۆپزی به‌هه‌ڵواسراوی هێشتووه‌ته‌وه‌، ‌تا له‌ کاتی پێویستدا ختووکه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی پێ بده‌ن. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ تا دێت دانیشتوانه‌که‌ی هه‌ژارتر ده‌کرێت. ئه‌مجا ئه‌گه‌ر که‌سێکیش باسی ئه‌مه ‌یا پرۆسه‌ بێبنه‌ماکه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان و لیسته‌ی خاوه‌ن ئیمتازه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی له ‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌که‌یان، یا داوای جیاکردنه‌وه‌ی پرۆگرامی حزبه‌کان له‌ ده‌سه‌ڵات بکات، ئه‌وه‌ ئیتر ئه‌و که‌سه‌ نۆستالجیای بۆ ده‌سه‌ڵاتی پێشوو هه‌یه‌ و چاوی به ‌پرۆسه‌ به ‌ناو دیموکراتییه‌که‌ هه‌ڵنایه‌ت و نایه‌وێت ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌ تازه ‌و ساوایه‌ سه‌ر بگرێت و ئه‌و تۆزه‌ ئازادییه‌ش که‌ هه‌یه‌ و نییه‌ لێی زه‌وت ده‌کرێت، دووریش نییه‌ به‌ ده‌ستی یه‌ک دوو چه‌کلوپه‌کل تیرۆری بکه‌ن.
به‌ واتایه‌کی تر، که‌س، به‌ هیچ كلۆجێك، نابێت تیروتوانج له‌و سێ چوار بلۆکه‌ کۆنانه‌ بگرێت که‌ به ‌ناوی چاکسازی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌وه‌ ده‌یاننێنه‌ سه‌ر یه‌ک و له‌ میدیاکانیشیاندا، ڕۆژی په‌نجا جار، ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌ چاوی ئه‌و جه‌ماوه‌ به‌شمه‌نه‌ته‌دا و قه‌رزباریشیان ده‌که‌ن به ‌فه‌زڵ و که‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مان؛ په‌رله‌مانی دژه‌ ئافره‌ت و دژه‌ کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد.
جا من، به‌ش به‌ حاڵی خۆم، په‌روه‌رده‌بووی په‌رله‌مانی دووه‌مم و کورد واته‌نی به‌ شیره‌وه ‌خواردوومه‌ و هه‌رواش ده‌مێنمه‌وه‌. له‌گه‌ڵ مامۆستا گۆرانیشدا یه‌ک ده‌گرمه‌وه‌ و ده‌یڵێمه‌وه‌:
"ئه‌ی حوکوومه‌ت! تا نه‌که‌ی ته‌سبیت
حوقووقی کورده‌واری، نایه‌وێ کورد ئینتیخاباتت؛
ئه‌وانه‌ی بانگ کران و تۆ به‌ قووه‌ت ده‌وریان ئه‌گریت؛
ده‌نی و قازانجپه‌رستن، هیچ نه‌بێ پێیان موبالاتت!

ئه‌وانه‌ که‌ی له‌ میلله‌ت بوون هه‌تا ته‌مسیلی ڕه‌ئیی که‌ن؟"
حوکوومه‌ت! ئێمه‌ کوردین، وا ئه‌ڵێین: "نامانه‌وێ نوواب
که‌ داوێنی غه‌ره‌ز بگرن به‌ هه‌ردوو ده‌ست، وه‌ته‌ن به‌رده‌ن!
نه‌که‌ی، مه‌شرووع نییه‌، ده‌رکه‌ له‌  سه‌ر سه‌ودایی ئینتیخاب…"

 

Previous
Next

Leave a Reply