Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

کاک نه‌وشیروان چی کرد ؟……فه‌لاحی شێخ ڕه‌ئووف

Be First!
by July 9, 2009 گشتی

 

به‌ نووری باده‌ که‌شفی زوڵمه‌تی ته‌قوا نه‌که‌م چبکه‌م
به‌ شه‌معێکی وه‌ها چاری شه‌وێکی وا نه‌که‌م چبکه‌م

که‌م که‌س هه‌یه‌ به‌ هێنده‌ی من باوه‌ڕ و ئومێدی به‌ پرنسیپی گۆڕان هه‌بێت. مه‌به‌ستم له‌ گۆڕان له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا و تێکڕای دامه‌زراوه‌کانیدا. چونکی بڕوا هێنان به‌م پرنسیپه‌ حه‌تمیه‌ و ته‌نها رێگاشه‌ بۆ به‌ره‌و پێشچوون و گه‌شه‌کردن. هه‌ر ئاڵوگۆرێک که‌ رووئه‌دات، بۆ نمونه له‌ کۆمه‌ڵگادا‌، زاده‌ی بیر و تێگه‌یشتنی تاکه‌کانیه‌تی له‌و کات و شوێنه‌دا، ئیتر بۆیه‌‌ هیچ گۆڕانێک که‌م وبێ به‌ها نیه‌. به‌ تێگه‌یشتنی من ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی کوردستان بانگه‌شه‌ی گۆران ده‌که‌ن به‌لای که‌می رێچکه‌ی جۆرێک له‌ گۆرانیان شکاند و سه‌روه‌ریه‌کیان بۆ خۆیان تۆمار کرد، که‌ هه‌رئه‌وه‌ش به‌هایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی کوردستان. من وه‌ک لایه‌نگری چاکسازی و گۆران بڕوام وایه‌ هه‌موو هه‌وڵێک له‌و بواره‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی کارێکی پیرۆز و جێی شانازیه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک له‌و هه‌وڵانه‌ زوو تێک ده‌چن و ته‌مه‌نیان کورته‌.

لیستی گۆڕان، سه‌ره‌تا وه‌ک جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سۆشیال مۆڤمه‌نت، سه‌ری هه‌ڵدا و په‌یامێکی پێبوو. به‌ڵام هێدی هێدی له‌ جوڵانه‌وه‌یه‌کی نیه‌ت پاکی ئه‌مه‌کداره‌وه‌ وا ده‌گۆڕێت‌ به‌ره‌و سه‌نگه‌رێکی نا جوامێرانه‌ و سه‌ره ‌رۆ. به‌ هۆی خۆ تێکوتانی هه‌ندێک هه‌لپه‌رست و ئاژاوه‌ چی خه‌رێکه‌ ئه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی خودی  خاوه‌نی مه‌سه‌له‌که‌ش خۆی تیا نه‌ناسێته‌وه‌. من بێگومانم کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی به‌توانا و دڵسۆز له‌ یه‌کێتی  ترازاون و که‌وتونه‌ته به‌ره‌ی کاک نه‌وشیروان و لیستی‌  گۆڕانه‌وه‌. ڕاسته‌ کاک نه‌وشیروان لای خه‌ڵکێکی زۆر به‌ پیاوێکی ڕێزدار و پڕ شه‌هامه‌ت ئه‌ناسرێت. به‌لای منیشه‌وه‌ کاک نه‌وشیروان له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ که‌ هه‌ندێک که‌سی پیلانگێر و دۆڕاو بۆیان هه‌بێت له‌پشتی ئه‌و زاته‌وه‌ رووی ته‌قه‌ی قین و بوغزیان بکه‌نه‌ قه‌ڵای ینک که‌ نه‌ ماڵی مام جه‌لا‌له‌ نه‌‌ مه‌لا به‌ختیارو نه‌ د. به‌رهه‌م و ئه‌وانی تره‌ به‌ڵکو ماڵی شه‌هیدان و ماندونه‌ناس و هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی و سه‌ربازی نه‌ ناسراوه‌.

ئه‌وه‌نده‌ی من دوور و نزیک کاک نه‌وشیروانم ناسیبێت هه‌ندێک خه‌سڵه‌تی که‌سایه‌تی ئه‌و زاته‌ جێگای سه‌رنج و تێڕامانن به‌ هه‌ندێکیان موعجیب بووم و به‌خیلیم پێی ده‌برد به‌ڵام بێگومان وه‌ک هه‌ر مروڤێکی تر لایه‌نی تریشی هه‌یه‌ که‌ پێویست ناکات به‌خیلی پێ به‌رین. ئه‌توانم بڵێم کاک نه‌وشیروان له‌ کۆی هه‌موو سیفه‌ته‌کانی، که‌سایه‌تیه‌کی ڕێزدار و خۆشه‌ویسته‌ لای زۆر که‌س. پیاوێکی زانا و هه‌ستیاره‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ جێگای متمانه‌ و پرس پێکردن بووه‌ و وه‌کو مه‌رجه‌عێکی  سیاسی ینک ڕۆلی بینیوه‌ و هه‌میشه‌ قوتبێکی دیار بووه‌، ئه‌ستێره‌یه‌که‌ له‌ ئاسمانی کوردایه‌تی بۆ هه‌تا هه‌تایه ئه‌دره‌وشێته‌وه‌.

جا پیاوێک ئه‌وه‌نده‌ گرنگ بێت له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی کوردستان بێگومان هه‌میشه‌ سه‌نگی خۆی ده‌بێت و له‌ هه‌موو رووداوێکدا ئه‌توانێت رۆلی هه‌بێت. بۆیه‌ کاتێک زه‌نگی ناڕه‌زایی و داواکاری خه‌ڵک لێدرا کاک نه‌وشیروانیش وه‌کو زۆرێک له‌ رووناکبیران وسیاسه‌تمه‌داران جۆرێک له‌ سیمپاتی نیشان دا. دیاره‌ ئه‌و کاته‌ ئه‌ویش له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک بوو. به‌ڵام مه‌خابن کاک نه‌وشیروان ئه‌و‌کاته‌ خۆ ووته‌نی هه‌ستی به‌ رێسپۆنسی پێویست نه‌کرد له‌ له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی ینک. چونکه‌ له‌ دیدارێکدا له‌ ‌پایزی ساڵی 2005 پاش مه‌زبه‌ته‌که‌یان دژی به‌ رێز جه‌نابی مام جه‌لال من وه‌کو هاورێیه‌ک چوومه‌ لای کاک نه‌وشیروان و زۆر باش گوێم لێ گرتبوو کاتێک وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌ فوزولیه‌کانی منی ئه‌دایه‌وه‌.‌ ئه‌و کاته‌ له‌ هه‌ندێک مه‌عاناتی کاک نه‌وشیروان تێگه‌یشتم. که‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر لێکچونی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی شه‌قامی کوردی.  هه‌رچه‌ند زۆر به‌ ئاشکرا گازه‌نده‌ی نه‌ده‌کرد و هه‌موو شتێکی نه‌ده‌وت. ئه‌گه‌ر چی ناڕازی بوو له‌ زۆر شت به‌لام هه‌رده‌م له‌ قسه‌کانیدا گرنگی ئه‌دا به‌ پاراستنی یه‌کریزی ناو ینک. به‌ڕاشکاوی داوای هه‌ندێک گۆڕانی ده‌کرد له‌ سیستێمی کاری حزبی و ڕێکخراوه‌یی و به‌رێوه‌بردنی ده‌زگا حکومیه‌کان،  بۆ نمونه‌ دادپه‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت زۆر جار دووباره‌ ده‌بوونه‌وه‌.

له‌ هه‌ل و مه‌رجی موماره‌سه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدا پێویسته‌ ئیراده‌ی سیاسی  هه‌بێت بۆ ئیشکردن به‌ پرنسیپی گۆڕان. به‌ڵام له‌ چی جێگایه‌کی ئه‌م دونیایه‌ پرۆسه‌ی ریفۆرم به‌بێ گرفت و ئاسته‌نگی به‌رقه‌رار بووه‌. که‌سێکی وه‌ک به‌رێز کاک نه‌وشیروان بۆ ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسه‌خت و بێ کۆمپرۆمیس کۆمه‌ڵێک ئیعتیبارات بسڕێته‌وه‌ و پاش مێژوویه‌کی ئه‌وه‌نده‌ دوور و درێژ قه‌ڵای ینک چۆڵ بکات و خۆی یاخی بکات له‌ دۆسته‌ دڵسۆزه‌کانی. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستێت و به‌ فیتی ده‌سته‌یه‌کی به‌ناو ریفۆرمیست خۆی به‌ته‌واوی له‌ سه‌نگه‌ری ینک دابڕێت و ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ خۆی دابخات و ژماره‌یه‌کی زۆر زۆر له‌ ئه‌ندامان و کادرانی ینک ده‌ستخه‌ڕۆ بکات. چونکه‌ به‌ ڕاستی مه‌رج نیه‌ هه‌رکه‌س بروای به‌ گۆڕان و جاکسازی هه‌بێت ده‌بێت ینک به‌ جێبهێڵێت و بچێت له‌‌ گرده‌که‌ شناسنامه‌ی نوێخوازی و پشتیوانی گۆڕان و چاکسازی په‌یدا بکات.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا، پاش ئه‌وه‌ی زه‌نگی گۆڕان لێدراوه‌، له‌ ناو ینک که‌ش وهه‌وایه‌کی باشتر و له‌بارتر هه‌یه‌ بۆ پیاده‌کردنی پرۆسه‌ی چاکسازی و گۆڕان. ئه‌گه‌ر گیانی خۆ نوێکردنه‌وه‌ و چاکسازی زینده‌به‌چاڵ نه‌کرێت و ئیدامه‌ی هه‌بێت. ئه‌وکاته‌ ده‌رده‌که‌وێت مه‌رج نیه‌ گۆڕان ته‌نها به‌ یاخی بوون و ماڵ جیاکردنه‌وه‌ مه‌یسه‌ر بێت. به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی وگرنگه‌ و ‌پێویستی به‌ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری له‌ بابه‌تی ده‌سه‌ڵات و توانای هزری و ئیراده‌ و نه‌فه‌س درێژی هه‌یه بۆ جێ به‌ جێ کردن‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ماناو ناوه‌ڕۆکی فکری گؤڕان تێده‌گه‌ن باش ئه‌زانن گۆڕان و گه‌شه‌کردن پرۆسه‌یه‌کی شمولی و درێژخایه‌نه‌. گۆڕان ئامانجه‌ بۆیه‌ هه‌ر لایه‌نێک بیه‌وێت و بتوانێت په‌یره‌وی پرۆسه‌ی گۆڕان بکات سه‌روه‌ری تۆمار ده‌کات.

ئایا کاک نه‌وشیروان هێشتا بڕوای وایه‌ پڕۆسه‌ی گۆڕان به‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی ینک سه‌رئه‌که‌وێت ؟ ئایا کاک نه‌وشیروان له‌ ئێستاوه‌ هه‌ست به‌ شێواوی ناکات له‌ ناو جه‌ماوه‌ری لیستی گۆڕان ؟ ئایا کاک نه‌وشیروان هیچ به‌راوردێکی ئێستا و جارانی خۆی کردوه‌ یان هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنه‌ ؟ ئایا کاک نه‌وشیروان په‌شیمان نیه‌ ؟…..هتد لێره‌دا پێم باشه‌ تیشک بخه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێکی ناو مانیفێستی (په‌یام و به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕان)،  ئاشکرایه‌ هه‌وڵه‌کانی کاک نه‌وشیروان بۆ گۆڕان له‌ ئێستادا چه‌ند ته‌وه‌رێک ده‌گرێته‌وه‌ له‌ وانه‌ بۆ نمونه

پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزیسۆن
لیستی گۆڕان تا ئه‌م کاته‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ئه‌توانێت به‌ چه‌ند کورسیه‌ک بگاته‌ ناو په‌رله‌مانی کوردستان، جێگای ده‌ستخۆشیه‌. به‌ڵام زۆرئه‌سته‌مه‌ بتوانن ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن. به‌ڵکو ته‌نها وه‌کو به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزیسێون ده‌بنه‌ ئه‌مری واقیع، که‌ ئه‌وه‌ش له‌ خۆیدا وه‌رچه‌رخانێکی پۆزه‌تیڤه‌ بۆ کاری په‌رله‌مانی. له‌ڕاستیدا به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزیسۆنی هه‌ڵوه‌شاو ڕاڕا ده‌بن که‌ هیچ بنه‌مایه‌کی ئایدۆلۆژی و فه‌لسه‌فی یه‌کگرتوویان نیه‌. کۆمه‌ڵه‌ تاکێکی لێک جیاوازن هه‌م له‌ تێگه‌یشتن و شاره‌زایی هه‌م له‌ باکگراوند و دید و مه‌رامی کاری سیاسیان. ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا کارێکی سه‌خت و پڕ سه‌رئێشه‌ ده‌بێت بۆ سه‌رۆکی لیسته‌که‌یان که‌ بتوانێت جڵه‌ویان بگرێت و وه‌ک ئێلێمێنتێکی به‌‌هێز به‌کاریان بهێنێت بۆ چه‌سپاندنی به‌رنامه‌ی سیاسیان. له‌ باشترین حاله‌تدا له‌توانایاندا هه‌یه‌ له‌ ناو دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان دانووستانی زۆر بکه‌ن له‌سه‌ر ڕاپۆرت و بڕیاره‌کان که‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت. ئه‌گه‌رچی زۆر جاریش درێژ ‌دادڕی ڕه‌نگه‌ مه‌له‌ل دروست بکات.

جێ به‌ جێکردنی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی
شانسی/ مه‌ترسی وه‌رگرتنی دسه‌ڵات بۆ لیستی گۆڕان به‌بڕوای من زۆر که‌مه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش جێ به‌ جێ کردنی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر‌ده‌ستی ئه‌واندا نابێت و ئه‌وانه‌شی به‌ته‌مایان کردوون با هه‌ر چاوه‌ڕوانیان بن. به‌ڵام ئه‌توانن پشتیوانێکی باشی پرۆژه‌ و پێشنیاره‌کانی کابینه‌ی نوێ بن و پشکیان هه‌بێت له‌ سه‌روه‌ریه‌کان. یان ئه‌گه‌ر ویستیان با پێچه‌وانه‌ کار بکه‌ن و هه‌ر په‌یمانێکیان دابوو به‌ خه‌ڵک با لێی پاشگه‌ز ببنه‌وه‌. چونکه‌ ئه‌و زه‌نگه‌ی لێدرا بۆ گۆڕان براده‌رانی ینک و پدک به‌ ئاگا هێناو دیاره‌ ئه‌وانیش ده‌که‌ونه خۆ‌. به‌ کورتی بڵێین پاش هه‌ڵبژاردن تۆپی گه‌مه‌ سیاسیه‌کان ده‌که‌وێته‌ لای کابینه‌ی نوێ. هه‌ر بۆیه‌ لیستی گۆڕان ده‌بێته‌ پاشکۆ و بۆیان ناکرێت مه‌شخه‌ڵی پێشره‌وایه‌تی له‌ کابینه‌ی نوێ وه‌ربگرن. ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یویست بیکات کابینه‌ی نوێ به‌زیاده‌وه‌ ئه‌توانێت جێ به‌ جێی بکات و ببێته‌ نمونه‌یه‌کی باش له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ش که‌ داوای چاکسازی و گۆڕانیان ده‌کرد سه‌رفراز ده‌بن و رێفورمیسته‌کانیش بێکارده‌بن.

په‌یڕه‌وکردنی شه‌فافیه‌ت
پرنسیپێکی زۆر به‌ جێیه‌.  کێ هه‌یه‌ پشتیوانی له‌م داوا دیمۆکراتیه‌ نه‌کات و لای په‌سه‌ند نه‌بێت ؟ هیوادارم  لیستی گۆڕان کاریگه‌ریان زۆرهه‌بێت له‌ به‌کارهێنان و په‌یڕه‌وکردنیدا. با ئه‌وان ببنه‌ زامنی ئه‌و ڕێبازه‌ نوێیه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شه‌فافیه‌ت ببێته‌ کلتوری سیاسی نوێمان. به‌ڵام گرفته‌که‌ هه‌ر ئه‌ونده‌ نیه‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌کانی شه‌فاف بکرێن و به‌ پرنسیپی ئاشکرا و دیمۆکراتیانه‌ کاروباره‌کان به‌ڕێوه‌ بچن. به‌ڵکو ئیتر ئه‌و کاته‌ داواکه‌ هه‌مووان ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک کارته‌کانی با به‌روودا و ده‌ست بکاته‌وه‌. خۆ زۆرێک له‌وانه‌ی له‌ به‌ره‌ی گۆڕانن یان له‌وێ خۆیان مه‌ڵاس داوه‌ زۆر بێوه‌ی تر نین له‌ هینه‌کانی تری به‌رانبه‌ریان.

بواری ڕۆشنبیری و میدیا
ته‌وه‌ری ڕۆشنبیری له‌ ناو په‌یام و به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕان زۆر بابه‌ت به‌ گرنگیه‌وه‌ باس ده‌کات. به‌ڵام بۆ داوا ناکات بۆ  نمونه‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فیزۆنی نیشتمانی دابمه‌زرێت. تاکو ببێته‌ فۆرومی ڕای جیاواز و بنکه‌ی داهێنانی هونه‌ری و کلتوری.  ده‌زگایه‌کی  له‌و جۆره‌، که‌ له‌سه‌ر که‌س ماڵ نیه‌ و که‌س ناتوانێت خۆی بکات به‌ خاوه‌نی یان ده‌ست بگرێت به‌ سه‌ریدا، هه‌روه‌ها باشترین ئالته‌رناتیڤه بۆ داهێنان و گه‌شه‌ی به‌هره‌مه‌ندان‌‌.

بابه‌ته‌که‌ به‌گشتی هه‌ڵده‌گرێت زۆر زیاتری له‌سه‌ر بڕۆین. به‌ڵام من لێره‌دا به‌ کورتی ده‌یبڕێنمه‌وه‌ و ته‌نها ده‌مه‌وێت باری سه‌رنجه‌کانی خۆم بکه‌مه‌ بنه‌مای لێکدانه‌وه‌ و شیکار بۆ رووداوه‌کانی ئه‌م سالانه‌ی دوایی. من وا تێده‌گه‌م که‌ کاک نه‌وشیروان نه‌یتوانی سه‌رکه‌تووبێت له‌ گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌یدا به‌ره‌و گۆڕان و ته‌نها سیناریۆیه‌کی تراژیدی تۆمار کرد. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م به‌رئه‌نجامه‌ش چاوه‌ڕوانکراو و سروشتیه‌ بۆ شڵه‌قاندنی گۆمێکی به‌و جۆره‌ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا. به‌ بروای من کاک نه‌وشیروان نابێت وا بناسرێت که‌ ئه‌ندازیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌. به‌ڵکو ئه‌ویش وه‌ک هه‌ر تاکێکی تری هه‌رێمی کوردستان هه‌ستیکردوه‌ به‌ ناڕێکی له‌ دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و بێ سه‌روبه‌ری سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن. ئه‌گه‌ر سه‌روه‌رییه‌ک بۆ کاک نه‌شیروان تۆمار بکرێت له‌م رووداوانه‌دا ئه‌وا زیاتر په‌وه‌ندی به‌ پێشینه‌ و مه‌کانه‌‌که‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناو ینک. ئه‌گینا پێش کاک نه‌وشیروانیش ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵک ده‌بیسترا له‌ هه‌رێمی کوردستان. زۆرێک له‌ رووناکبیران باسیان لێوه‌کرد بێ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌کدا ڕێکبخه‌ن و به‌رنامه‌ی بۆ دابنێن. من خۆم ئاگاداری چه‌ند هه‌وڵێکی بێهوده‌ی دڵسۆزانه‌م له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانێکی که‌م توانا و نه‌ناسراوه‌وه‌.

به‌ڵام کاک نه‌وشیروان هه‌ل و مه‌رجی پێویستی هه‌بوو، یان ڕاستتر بڵێن کارێکی زۆر سه‌خت نه‌بوو بتوانێت بزوتنه‌وه‌یه‌کی عه‌فه‌وی به‌و جۆره‌ رێکبخات و به‌رنامه‌ی بۆ دابنێت. تا ئێره‌ وایه و ڕاسته‌‌. هه‌روه‌ها کاک نه‌وشیروان ڕه‌نگه‌ بیتوانیایه‌ هه‌مان رۆڵ و باشتریش له‌ناوه‌وه‌ی  ینک ببینێ. له‌ ڕاستیدا  كێشه‌کانی کاک نه‌وشیروان کاتێک ده‌ستی پێکرد که‌ باڵی به‌ ناو ڕیفۆرم  له‌ ینک هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆیان خزانه‌ ناو مه‌سه‌له‌که ‌و بوونه‌ به‌شێک له‌ گۆڕان و بگره‌ تا ڕاده‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتوو بوون له‌وه‌ی مۆرکی خۆیانی لێبده‌ن. ئه‌نجامه‌که‌شی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ،، کێ کردی و کێ خواردی،، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌بوو کاک نه‌وشیروان له‌ هه‌ڵبژاردنی خه‌ڵکه‌کاندا زۆر ووریا تر بوایه‌ و ئه‌و زۆر و بۆریه‌ی نه‌ویستایه‌. چونکه‌ بۆ سه‌رده‌می ئێستای خه‌بات  به‌رنامه‌ زۆر گرنگتره‌ له‌ ژماره‌، واته‌ چۆنایه‌تی گرنگتره‌ له‌ چه‌ندایه‌تی. ئه‌و ده‌بوو زیاتر له‌سه‌ر به‌رنامه‌ کاری بکردایه‌ و تواناکانی له‌ویا خه‌رج بکردایه‌، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

من شکم هه‌یه‌ له‌وه‌ی کاک نه‌وشیروان زۆر ئاگاداری که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ری بێت و بزانێت له‌شکری گۆڕان ئه‌مرۆ کێن و له‌ کێ دروست بوون. به‌ بڕوای من کاک نه‌وشیروان پێویستی به‌ که‌سێکی وه‌کو کاک شازاد سائب هه‌بوو وه‌کو پشتیوان نه‌ک به‌کر مه‌رگه‌وه‌ڕیه‌کانی ده‌وروبه‌ری. ئه‌وکاته‌ ڕه‌نگ بوو رووداوه‌کان به‌ ئاکارێکی تردا  بچوونایه‌ و هیچ له‌م رووداوه‌ دراماتیکیانه‌ روویان نه‌دایه‌. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م گریمانه‌، هیپۆتیسی، تاقینه‌کراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام روونکردنه‌وه‌ ئه‌به‌خشێت. هۆکاره‌که‌ی هه‌رچی بیت گرنگ نیه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێت گرنگی پێ بدرێت ئه‌وه‌یه‌ گه‌یشتینه‌ ئێستا و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا ڕه‌فتار بکه‌ین. زۆر له‌ دڵسۆزانی ئه‌و به‌رێزه، وه‌کو‌ خودی به‌رێز جه‌نابی مام جه‌لال‌ و خه‌ڵکانی تریش که‌ هێچ مه‌رامیان نه‌بوو جگه‌ له‌ دڵسۆزی نواندن، تکایان لێکرد له‌ ناو  ینک دا به‌رده‌وام بێت له‌ خه‌باتیدا، به‌لام نه‌یویست. دیاره‌ ئه‌و خۆی سوور بوو له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ڕێگایه‌کی تر، ئه‌وه‌ بڕیاری خۆی بوو. بۆ زانینی ڕاستی و دروستی ده‌بێت چاوه‌ڕوانی مێژوو بین بۆمان بسه‌لمێنێت. من دڵنیام کاک نه‌وشیروان ئه‌مه‌ی ‌نه‌ده‌ویست. به‌ڕاستی له‌ کاتی خۆیدا کاک نه‌وشیروان میراتگرێکی بێ چه‌ند و چۆن بوو له‌ ماڵی ینک . به‌داخه‌وه‌ ئه‌مانه‌ی له‌ ده‌ست چوو یان ڕه‌نگه‌ هێشتا نه‌چوه‌ بچێت!! سه‌د حه‌یف به‌رێزیان بوونه‌ ساقه‌ سه‌ری خه‌ڵکانی هه‌لپه‌رست و ئاژاوه‌ چی و پیلان گێڕ. لێره‌دا به‌ پێویستی نازانم له‌ بنی هه‌مانه‌که‌ بده‌م و که‌سایه‌تیه‌کانی ده‌وری کاک نه‌وشیروان پۆلێن بکه‌م. ئه‌وه‌یان با بمێنێت بۆ كاتی خۆی.

فه‌لاحی شێخ ڕه‌ئووف

Previous
Next

Leave a Reply