Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

کشانه‌وه‌ی به‌سانایی ئه‌رته‌شی تورکیا له‌ کوردستانی باشور شکسته،‌ یان پیلان !؟.

Be First!
by March 10, 2008 گشتی

مه‌حموود حاجی عومه‌ر ……

بریاری هێرش و کشانه‌وه‌ی پێشوه‌ختی سوپای تورک نه‌ک هه‌ر بۆئێمه‌ به‌ڵکو خودی  شه‌قامی تورکیشی سه‌رسام کرد !.
ئه‌گه‌رچی چاوسوورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌کانی توکیا بۆ سه‌رخاکی کوردستان به‌ بیانووی لێدان و له‌ناوبردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پێکه‌که‌ تازه‌نین و له‌مێژه‌ شۆڕشی کورد له ‌کوردستانی تورکیا بووه‌ته‌  دومه‌ڵ ومۆته‌که‌ی سه‌ر دڵی تورک  به‌گشتی و ده‌سه‌ڵاتداره‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌تایبه‌تی . خۆسازدان و کێوماڵکردنی ئه‌م جاره‌ی خاکی کوردستان له‌لایه‌ن جه‌ندرمه‌ی تورکه‌وه‌ بۆداگیرکردنی کوردستان و به‌یه‌کجاری له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ بوو له‌ماوه‌یه‌کی کورت ودیاری کراو دا(به‌خه‌یاڵی خۆیان).
بێگومان ئه‌و ئۆپراسیۆنانه‌‌ چاوساغی و هاوکاری ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکاو ئیسرائیل و به‌شێك له‌ وڵاتانی ئۆروپایشی له‌گه‌ڵدا بوو.ئینجاش سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو!.
خه‌باتی چه‌کدارانه‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی(پارتی کرێکارانی کوردستان )له‌کورستانی باکور نزیکه‌ی 25ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌و به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌موو جۆره‌ توانایه‌کی سه‌ربازی ،سیاسی ،ئابوری وئیعلامی خۆی تاقی کردوه‌ته‌وه‌و بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ قسوری نه‌کردووه‌ . به‌جۆره‌ها پیلان به‌گژ‌یدا چونه‌ته‌وه‌و زۆرجارهه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردنی سه‌رکرده‌کانی کوردستانی باشوریشیان داوه‌ . تورکیا هه‌موو بیروبۆچوونی خۆی بۆئه‌وه‌ ته‌رخان کردووه‌ که‌ لێکترازانێک  دروست بکه‌ن له‌ نێوان کوردی باشورو باکوردا ،که‌به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ جاریش بۆیان لواوه‌ ئێمه‌ی کورد چوینه‌ته‌ ژێر ئه‌و باره‌ .
 له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ پیلانی وڵاتانی دراوسێی وه‌کو (ئێران،عێراق،سوریا ) که‌ ئه‌وانیش هه‌ر سه‌رفرازی کوردیان لابوه‌ته‌ گرێ کوێره‌و ئازادی ودامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی هزرو هۆشی لێ سه‌ندوون .هه‌رچواریان(تورکیا ، ئێران ، عێراق وسوریا) سه‌رباری ململانێکانی نێوخۆی خۆیان ،له‌ به‌گژاچوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا هاوڕاو کۆکن .
گومانی تیادانیه‌ هێزی سوپایی هه‌رده‌وڵه‌تێک بیه‌وێ هه‌رخاکێک داگیر بکات بۆئه‌وه‌یه‌ کلتور و سیسته‌مه‌که‌ی بگۆڕێت و پاشان سیسته‌می داگیرکرانه‌ی خۆی تیادا بچه‌سپێنێ.
گه‌واهی ئه‌و ڕاستییه‌ش وه‌ک ده‌بینین له مێژوی ‌سه‌ده‌ی ڕابردووی سه‌رده‌می قه‌ڵه‌مڕه‌وی (عوسمانلی )دا کوردستانیان پاوه‌نکردبوو . به‌ئاره‌زوی خۆیان گه‌لێ شوێنی کوردستانیان به‌
 ناوی تورکی ناونابوو! تاوه‌کو ئێستاش ده‌یان و سه‌دان ناوچه‌  جێ په‌نجه‌ی نه‌ژاد په‌رستی تورکانی پێوه‌ دیاره‌ و به‌جۆرێک بۆته‌ ئه‌مری واقع هه‌ر ده‌شمێنێ. به‌ پێویستی ده‌زانم بۆوه‌بیر هێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز ناوی هه‌ندێک له‌و گوندو ناوچانه‌ به‌ نموونه‌ بخه‌مه‌ ڕوو :
(قه‌ره‌خان واتا(جلولا)ی ئێستا.قه‌ره‌ته‌په‌ ،قه‌ره‌ئۆغڵان ،قوڕی چایی،قه‌ره‌حه‌سه‌ن ،قمرتلی ،قه‌ڵخانلو ،به‌یانلو ،باشته‌په‌ ،بیرکێ ، قره‌بڵاخ ،قه‌ره‌داخ ،قزله‌ر، قلرخ ،قایته‌وه‌ن ،قاشتی،قوشته‌په‌ ،قه‌ره‌نگوێ ،قه‌ره‌گۆل،قۆمرغان ،قه‌مچوغه‌ ،قچقرخ ،قره‌یاتاخ ، ئێڵانچی ،چه‌تاڵ ،گاپیلۆن ،یاخسه‌مه‌ر ،سویله‌میش ،سکتان ، ئاژداخ ، ئاشتۆکان وئالتونکۆپری وده‌یان جێگاو شوێنی تر)ئه‌وه‌نده‌ی من له‌ بیرم بێت ئێستا ئه‌وه‌ ناوی به‌شێکی که‌م له‌و گوندو ناوچانه‌ی کوردستانی باشور که‌ کاتی خۆی ده‌وڵه‌تی عوسمانی کۆن به‌ ناوی تورکی ناوی لێناون .
ئه‌وه‌یه‌ کاریکه‌ری داگیرکاری له‌سه‌ر سیسته‌می خاک و ووڵات. پێموایه‌ ئه‌وه‌ باسێکی دوور ودرێژه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی ووردتری ده‌وێت .
به‌هه‌رحاڵ ،وه‌ک ده‌زانین سه‌رباری ئه‌و چه‌ندین له‌شکرکێشییه‌ی تورکیا بۆسه‌ر کوردستان که‌له‌ ڕابردوودا کردبوونی ،واماوه‌ی زیاتر له‌ 6شه‌ش مانگ ده‌بێت ئارته‌شی تورکیا خۆی بۆ له‌شکر کێشییه‌کی گه‌وره‌تر‌و بێ وێنه‌ ئاماده‌ ده‌کات به‌مه‌به‌ستی  شکست پێ هێنانی ته‌واوی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ . به‌و په‌ڕی لوتبه‌رزییه‌وه‌ هه‌مووجۆره‌ هه‌وڵێکی دیپلۆماسی و زمانی گفتوگۆی نه‌ک له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ ،بگره ‌له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وعێراق و ئه‌مریکاشی ره‌د ده‌کرده‌وه. پێی وابوو شۆڕشێکی 25ساڵه‌ی به‌ئه‌زموونی خاوه‌ن هێزێکی ڕێکخراووشاره‌زا له‌‌ شه‌ڕی پارتیزانی  وا به‌ئاسانی و له‌ماوه‌یه‌کی دوو هه‌فته‌ییدا تێکو پێک ده‌شکێنێت !.
کورده‌واری په‌ندێکی هه‌یه‌ ئه‌ڵێ:(ق….ڕه‌ش وسپی له‌ بواردا ده‌رده‌که‌وێت).
ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ هاشوهوشی میدیاو ڕاگه‌یاندنه‌کانیان عێراق وکوردستانیان تۆقاندبوو. ئه‌مریکاشیان خسته‌ به‌ر ئه‌مری واقعێکه‌وه که‌نه‌ک فلاشی سه‌وزیان بۆ هه‌ڵبکات بگره‌ هاوکاری ته‌واویشیان بێت ،به‌تایبه‌ت له‌ڕوی زانیاری و ڕۆڵی موخابه‌رات(هه‌واڵگر)ییه‌وه‌ .
ئارته‌شی تورک هه‌روه‌کو تاقیکردنه‌وه‌ی به‌رایی(ته‌مهیدی) ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌م هێرشه‌ به‌رفراوا نه‌ی  کێوماڵێک(ته‌مشیت)ێکی کردو له‌و کێوماڵه‌یدا  ژماره‌یه‌ک سه‌ربازی له‌لایه‌ن هێزی په‌که‌که‌وه‌  لێ به‌دیل گیراو پاش نزیکه‌ی دووهه‌فته‌یه‌ک بێ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و منه‌تی پێبێت ،له‌ ڕێگای  وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بێ به‌رامبه‌ر سه‌ربازه‌کانی ڕاده‌ست کرانه‌وه‌ .
که‌ ئه‌وه‌ش نییه‌ت پاکی و ڕه‌وشتی شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌سه‌لمێنێت . چونکه‌ تیرۆریست به‌ئه‌و حورمه ‌ته‌وه‌ دیل ناداته‌وه‌ !!.کاری تیرۆریستی ئه‌وکارانه‌یه‌ که‌ ڕۆژانه‌ له‌ پێش چاوی ئامریکاو تورکیا ده‌کرێن !.
خولاسه‌ ،پاش خۆسازدان وئاماده‌کارییه‌کی سه‌ربازییانه‌ سه‌ره‌تا هێرشی ئاسمانی و دواتر هێرشی زه‌مینیشی ده‌ست پێکرد .هه‌ر له‌یه‌که‌م و دووه‌م ڕۆژی شه‌ڕه‌که‌دا ئارته‌شی تورک توشی شکست بووه‌و دواتر هیلیکۆپته‌رێکیشی که‌وته‌ خواره‌وه‌ ،که‌ ئه‌وه‌ بۆخۆی کاریگه‌ری خراپیشی له‌سه‌ر وره‌ی سه‌ربازانی ئارته‌شی تورکیا دانا . ‌
ئه‌ڵبه‌ته‌ ده‌رکه‌وته‌ی هێزوبازوی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌و سه‌رکه‌وتنیان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ڕای من وه‌ر چه‌رخانێکی گرنگ له‌ ژیانی ڕێکخراوه‌یی په‌که‌که‌ دروست ده‌کات هه‌م له‌ ڕوی بنه‌مای(قاعیده‌ )ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌ گشت پارچه‌کانی کوردستان به‌گشتی و کوردستانی تورکیا به‌تایبه‌تی . هه‌میش  ووره‌ به‌خشینێکی تر به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حیزبه‌ ده‌دات.
له‌ زانستی سیاسی و سه‌ربازییدا تیۆرێک هه‌یه‌ ده‌ڵێ :(هێز  ئاشتی ده‌سه‌پێنێ ).
بێگومان شه‌ڕی گه‌رمی یه‌ک هه‌فته‌یی ئه‌م جاره‌ی تورکیاو په‌که‌که‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌ریلاو شکستی جه‌ندرمه‌  کپ بووه‌وه‌ . به‌رگری قاره‌مانانه‌ی په‌که‌که‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخست که‌ تورکیا هه‌ر ده‌بێت ملکه‌چی ئاشتی و حیسابکردن بۆ په‌که‌که‌ بێت . ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک ،له‌لایه‌کی تره‌وه‌ دۆخی سیاسی و ڕای شه‌قامی تورکیش ده‌گۆڕێت .ئه‌م شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌ی بۆ تورکیا ده‌رخست دۆزی کورد دۆزێکی خۆڕسکه‌ نه‌ک ده‌سکرد .وه‌ به‌ شه‌ڕیش ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی تورکیا نابێته‌وه‌ باشترین چاره ‌سه‌ر په‌نا بردنه‌ بۆ زمانی دایه‌لۆگ و گفتو گۆ .
 ئه‌گه‌ر ئه‌رته‌شی تورکیا له‌و شه‌ڕه‌یدا سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر په‌که‌که‌دا وه‌ده‌ست بهێنایه‌ قه‌ت ئاماده‌ نه‌ده‌بوو به‌و گه‌رم و گوڕییه‌ی هه‌م پێشوازی له‌ نێردراوی سه‌رۆک بۆش وه‌زیری به‌رگریه‌که‌ی  بکات وهه‌میش له‌م کاته‌دا داوه‌تی تاڵه‌بانی سه‌ره‌ک کۆمارو وه‌فدی باڵای عێراقی بکات،له‌ کاتێکدا که‌سه‌ره‌ک کۆمار کورده‌و له‌ مه‌نزوری تورکیاوه‌ ته‌نها سه‌رکرده‌یه‌کی کوردی عێراقییه‌ . له‌ ڕابردوویشدا میوانداری و دانیشتنی سه‌رکرده‌ی کوردی ڕه‌فز ده‌کرد . ئه‌کرێت بڵێین قورسایی ‌هێزی په‌که‌که زه‌مینه‌ی داوه‌تسازی وه‌فدی عێراق بۆتورکیا به‌ زوویی ڕه‌خساند .که‌ ڕه‌نگه‌ ده‌عوه‌تی وه‌فدی کوردستانیشی به‌دوادا بێت .‌
دیاره‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئامریکا سه‌ردانێکی به‌ په‌له‌ی به‌ده‌ستی شکاویه‌وه‌ !
بۆ تورکیا کردو هه‌مان ئێواره‌ش جۆرج بوش داوای کشانه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ی هێزه‌کانی تورکیای کرد ،هێشتا وه‌زیری به‌رگری ئامریکا نه‌گه‌یشتبوه‌وه‌ وڵاته‌که‌ی خۆی ، لێره‌وه‌ تورکیا ده‌ستی به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ به‌ره‌ی جه‌نگ کرد . بێگومان ئه‌و ڕوداوه‌ جێگای سه‌رسوڕمانی کاربه‌ ده‌سته‌ ئیداری و سیاسییه‌کانی تورکیا خۆشیان بوو !چونکه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌  تورکیا ده‌یکرد هین ئه‌وه‌ نه‌بوو وا به‌و خێرای یه‌ پاشه‌ کشه‌ بکات .
بێگومان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیا جیای بۆ ده‌کرێت .وه‌ پرسیارگه‌لێکیش ئه‌وروژێنێت که‌ مایه‌ی تێڕامانه‌ . چونکه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆی چوو به‌ده‌ستی نه‌هێنا !
1- ئایا ئه‌و هێرشانه‌ی تورکیا پیلانێکی کاربه‌ده‌سته‌ سیاسییه‌کانی حیزبی حوکمڕانی (دادوگه‌شه) نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی پێ لاواز بکه‌ن وخه‌رجێکی وا به‌ باڵی عه‌سکه‌رتاریه‌ت بکه‌ن که‌ ببنه‌ مایه‌ی تانه‌و ته‌شه‌ری شه‌قامی تورکی و خیتابی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ ؟.
2- به‌دیوێکی تردا ،سوور بوونی باڵی عه‌سکه‌رتاریه‌ت له‌ پیاده‌کردنی ‌هێرش و ڕێگاچاره‌ی سه‌ربازی بۆ په‌که‌که ئایا بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوو بن‌‌ شکست به‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدارو حکومه‌ته‌که‌یان بهێنن و مه‌دی سه‌ربازی له‌ وڵات باڵا تر بێت .
3- ئایا له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوون هێزی گه‌ریلای په‌که‌که‌ شه‌ڕی سوپای پڕ چه‌کی تورک بکه‌ن ؟
4- هۆکارێکی تری ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا بۆشه‌له‌ل پێهینان و په‌کخستنی به‌یه‌کجاره‌کی ماده‌ی 140ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی که‌ر‌کووک و  ناوچه‌کانی تری کوردستان نه‌بوو له‌ بیری تورکی نه‌ژادی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دا ؟!. چونکه‌ وه‌ک گوێمان لێ بوو زۆر ڕاشکاوانه‌ نوێنه‌رانی تورکمانه‌کانی که‌رکووک له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌و شاره‌دا بێ شه‌رمانه‌ ڕه‌وایه‌تییان به‌ هێرشه‌کانی سوپای تورکیا داو ئیدانه‌ی هێزه‌کانی په‌که‌که‌یان کردو به‌ تیرۆریستیان له‌قه‌ڵه‌م داو خاکی کوردستانی لێ حه‌رام ده‌کردن . به‌داخه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک نوێنه‌ری کورد فزه‌ی لێوه‌ بێ!
5- ئایا ئه‌و هێرشانه‌ هاندانێکی ئامریکای له‌ پشته‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پراکتیک توانای هێزی په‌که‌که‌ بۆ ئامریکاو یه‌کێتی ئوروپا ده‌ربکه‌وێت ،تا حیساباتی سیاسی خۆیانی له‌ سه‌ربکه‌ن ؟.
6- جۆرج بوش له‌ وتاری ڕادیۆیی هه‌فتانه‌ی خۆیدا په‌که‌که‌ی به‌ هێزێکی تیرۆریست و دوژمنی  هه‌رسێ وڵاتی ئامریکا،تورکیا،عێراق  وه‌سف کرد .ئایا ئامریکا بیری له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ کاتێک دادێت پێویستی به‌ بوونی په‌که‌که‌ هه‌بێت ؟ وه‌ئه‌و کاته‌ش ئێستا بێت ،که‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل نه‌بن دوور نیه‌ ئه‌و جێگایانه‌ به‌ هێزی تیرۆریستی ئیسلامی پڕ ببنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا مه‌ترسییه‌ . یاخود ئه‌مریکا گومانی له‌ پشتیوانی ڕوسیایه‌ بۆ په‌که‌که‌ که‌ ڕێکخراوێکی (مارکسی )یه‌ .! ئه‌مه‌ش خۆشحاڵیه‌ک به‌ ئه‌مریکا نابه‌خشێت . ‌
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێـم دوا پرسیار له‌ سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزی تورکیایه‌ له‌ کوردستانی باشور:
-ئایا سوپای تورکیا شکاو به‌ شکسته‌وه‌ هه‌ڵهات  بۆئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی خۆی له‌ ناو جه‌ماوه‌رێتی تورکیا له‌ده‌ست نه‌دات ؟ له‌ کاتێکدا که‌ له‌ که‌ناڵی(بی،بی،سی تیڤی)ده‌رکه‌وت که‌ دایکی یه‌کێک له‌ سه‌ربازه‌ کوژراوه‌کان له‌گه‌رمه‌ی شینی بۆ مه‌رگی کوڕه‌که‌ی وتی کوڕی من شه‌هید نیه‌و کوڕی من به‌زۆر براوه‌ بۆ مرۆڤ کوشتن !.که‌ئه‌مه‌ش خاڵێکی تری ناڕه‌زایه‌تییه‌ له‌سه‌ر تورکیا .
– ئایا کشانه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر داوای ئامریکا بوو بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ پێدانی شه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ریکا له‌ ناوچه‌که‌ به‌ تایبه‌ت کوردستان له‌ق نه‌کات؟ چونکه‌ ئه‌مریکا وڵاتێکی (دژه‌ به‌شه‌ریی ) وخۆ په‌رسته‌ .نه‌ دۆستی تا هه‌تا سه‌ری که‌سه‌و نه‌ دڵسۆزی هیچ گه‌لێک .هه‌ر که‌سێکیش دڵی به‌ دۆستایه‌تی ئه‌مریکا خۆش بێت خۆی له‌و په‌ڕی گێلایه‌تی ده‌دات !.ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر له‌ سێیه‌م ڕۆژی شه‌ڕگه‌که‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی سوپاسالاری ئه‌مریکا وابوو که‌ سوپای تورکیا له‌ شه‌ڕه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو نیه‌ .. تێڕامانێکی تر ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌بێت تاکو ئێستا ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌گه‌یشتبیته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌
به‌ هێزی سوپایی و کێوماڵ کردن چلۆن گروهی پارتیزانی له‌و شاخه‌ سه‌ختانه‌ بنه‌بڕ ده‌کرێت ؟
پێشمه‌رگه‌ له‌ پیلانێکی وه‌هادا چۆن خۆی له‌ شه‌ڕی به‌ره‌یی درێژ خایه‌ن ده‌دات ؟. بۆیه‌ ده‌یان کێوماڵ و هێرشی له‌وه‌ش زۆرتر هه‌ر به‌ شکستی تورکیا ده‌شکێته‌وه‌ .
له‌ کۆتاییدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ هه‌ڵسوکه‌وتی دوژمنکارانه‌و نه‌ژادپه‌رستانه‌ی ئه‌م جاره‌ ی عه‌سکه‌رتاریه‌تی تورکیا جارێکی تر تورکیای توشی کۆمه‌ڵێ قه‌یرانی سیاسی ،ئابوری ،سه‌ربازیش کردو سه‌رده‌ستیه‌یشی به‌ باڵی سیاسی به‌خشی . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌هه‌وڵه‌کانی بۆ چوونه‌ ناو یه‌کێتی ئه‌وروپاوه‌ .
هه‌روه‌ها ده‌ریشی خست که‌ پێویسته‌ به‌ فه‌رمی هه‌موو لایه‌ک دان به‌وه‌دا بنێن که‌ ڕووی زمانی گفتوگۆ له‌ په‌که‌که‌ بکه‌ن .ڕای خۆیانی له‌سه‌ر بگۆرن له‌ گروپی تیرۆریستییه‌وه‌ بۆ هێزێکی ڕزگاریخواز .چ تورکیا ، چ عێراق ، چ ئه‌مریکاو یه‌کێتی ئوروپاش له‌سه‌ر تاوڵه‌ی ڕه‌چاوکردن حیساباتی بۆ بکرێت.چیتر تانه‌وته‌شه‌ری تیرۆریزم بۆ په‌که‌که‌ ئه‌رزشی نیه.

مه‌حموود حاجی عومه‌ر /  سوێد
kalar99@hotmail.com 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply