که‌رکووکه‌خه‌م …٤
– چوار-
له سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا، به هه‌موو خراپییه‌کییه‌وه، له هیچ شوێنێکی عیراق و له کوردستاندا، ته‌قینه‌وه و کاری خۆکوژی، ڕووی نه‌ده‌دا. هه‌ر که ڕێژیم ڕووخا و ئه‌مه‌ریکا وڵاتی داگیرکرد و به تۆپ و بۆمب و تانک و لووله‌ی تفه‌نگ، به‌ناوی دیموکراتییه‌وه، سیستمێکی خێڵۆکراتی و تایفۆکراتی و مه‌زهه‌نۆکراتی بێفه‌ڕ و سه‌قه‌تی به‌سه‌ر وڵات‌دا سه‌پاند و پیاوان و ده‌ستوپێوه‌ندانی خۆی، هێنایه سه‌ر کار، ئیدی له‌وده‌مه‌وه، ته‌قینه‌وه و خۆته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژی، که‌وته نێو وڵاته‌وه و بوو به کرده‌یه‌کی ڕۆژانه و به‌شێک له ژیانی خه‌ڵک. ئه‌و دیارده‌یه ته‌واوی عیراق و کوردستانیشی گرته‌وه و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.
به‌شه کوردستانه‌که‌ی بنده‌ستی حوکوومه‌تی عیراق، به گشت ده‌ڤه‌ره‌کانییه‌وه که‌رکووک، مووسڵ، دیاله و.. پێش ڕووخانی به‌عس، ده‌عه‌ره‌بێنرا و ده‌به‌عسێنرا و هه‌موو شوێنه‌وار و ڕوخسار و سیمایه‌کی کوردی و کوردستانییه‌کی هه‌یبوو، لێی ده‌ستێنرایه‌وه. کوردبژار ده‌کرا و موڵک و ماڵ و خانووی کوردی تێدا داگیر ده‌کرا و گشت نیشانه‌یه‌کی کوردبوونی تێدا ده‌سڕێنرایه‌وه، به‌ڵام ته‌قینه‌وه و ته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژیی، تێدا ڕووی نه‌ده‌دا.
ئێستا و له 2003وه، له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه، هه‌رکه کارێکی خۆکوژی و ته‌قینه‌وه‌یه‌ک، نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به هه‌رێم و به‌شه دابڕاوه‌که‌یشیه‌وه، به‌ڵکه له هه‌ر جێیه‌کی عیراقیشدا، ڕوو ده‌دات، ئیدی ده‌سبه‌جێ، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حیزبه‌کانی کوردستان، به تایبه‌ت هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات، پارتی و یه‌کیه‌تی، به‌یانێک ده‌رده‌که‌ن. وه‌ک بڵێی چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه و ته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژی و کوشتنی خه‌ڵک، به تایبه‌ت خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانی ده‌رێی هه‌رێم(که‌رکووک و…)، وێرانکردنیان بووبن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر، بڵاوکراوه‌یه‌کی دزێوی پڕشه‌رمه‌زاری به ناوی سه‌رکۆنه و ئیدانه و مه‌حکوومکردنه‌وه ده‌رکه‌ن و به وشه بێتام و سواوه‌کانی وه‌ک: به‌داخه‌وه و داواده‌که‌ین و پێویسته و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له که‌سوکاری قوربانیان ده‌که‌ین و له خوای مه‌زن داواکارین شه‌هیدان به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بکات و هیوای چاکبوونه‌وه‌یش بۆ برینداران ده‌خوازین و هاوبه‌شی خه‌می خێزان و بنه‌ماڵه‌ی و شه‌هیدانبن بڕازێننه‌وه و جاروباریش به فشه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک، که خوێنی ئه‌و شه‌هید و قوربانیانه به فیڕۆ ناڕوات، کۆتایی به بڵاوکراوه‌که بهێنن.
ئه‌و سه‌رکۆنه و ئیدانه‌کردنه، که بێهێزترین و لاوازترین و ده‌ستوپێسپیترین مرۆڤیش له ده‌ستی دێت و ده‌توانێت بیڵێت و بینووسێت، لاوازترین کارێکه، بێبایه‌خترین به‌رپه‌رپه‌چدانه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌یه‌که، به‌رانبه‌ر دوژمنێکی داگیرکه‌ر، که زۆرجاران، بێجگه له خه‌ڵکه بێ‌تاوان و ئاساییه‌کان، ئه‌ندامان و هه‌وادارانی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکانی ده‌سه‌ڵات، ده‌کاته ئامانج. ئه‌وه کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ترسنووکه، که به هیچ جۆرێک نه‌یگه‌ره‌که، ڕه‌وشی تیروته‌سه‌لیی ئابووری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی حیزبی و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان، له‌سه‌ر حیسابی چینه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکی کوردستان و له‌سه‌ر حیسابی، خه‌ڵکی داماو و سته‌مدیده و ئازارچه‌شته‌ی که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره کوردستانییه‌کانی ده‌رێی هه‌رێم، تێکچێت و کاریگه‌رییه‌ک بکاته سه‌ر بازرگانی و گیرفانی.
هێشتا مامۆستا سه‌عید ناکام(یادی به‌خێر) له ژیاندا بوو، جارێکیان، پشکۆ ناکامی کوڕی، که له ستۆکهۆڵم ده‌ژیا، تووشی دۆکتۆر جه‌مشید حه‌یده‌ری ده‌بێ. دۆکتۆر حه‌یده‌ری، پاش ده‌ستگوشین و سڵاو و چاک و خۆشی، پرسیاری مامۆستا سه‌عید ناکام، له پشکۆ ناکام ده‌کات و ده‌ڵێ:”ئه‌رێ پشکۆ بابت چۆنه؟”. پشکۆ ناکامیش ده‌ڵێ:”وه‌ڵڵا کاک جه‌مشید باوکم زۆر باشه و چ عه‌یبی نییه، به ته‌مایش مه‌به وا زوو بمرێ و نه‌که‌ی پرسه‌نامه و شیوه‌نی بۆ ئاماده بکه‌یت و بنووسیت!”. ئه‌و ده‌مه وا باو بوو، که دۆکتۆر جه‌مشید حه‌یده‌ری، ماڵی ئاوابێ، زۆرجاران به شیوه‌نه‌گوتار، یادی نووسه‌ر و خه‌ڵکی به‌ناووبانگی مردووی کورد ده‌کاته‌وه.
وه‌ک چۆن پارێزه‌ر، بێجگه له بواره‌کانی دیکه، قازانج له کێشه و ڕووداو و لێقه‌ومان، ده‌کات، له کورده‌واریدا، جاران، له پرسه‌دا، ژنێکی ده‌نگخۆش و خۆشخوان و شاره‌زا و شیعرزان، له گه‌رمیان پێیانده‌گوت”یایه”، به کوڵ و جۆش، ده‌گریا و شیوه‌نی بۆ مردووه‌که ده‌کرد و پێیدا هه‌ڵیده‌دا و پرسه‌که‌ی گه‌رمتر ده‌کرد و هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌هێنایه گریان و فرمێسکڕشتن و به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره‌ی، له خاوه‌ن پرسه‌وه، شتێکی پێ ده‌به‌خشرا. بڵاوکراوه سه‌رکۆنه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش، هه‌ر ده‌ڵێی لاواندنه‌وه‌ی مردوو و چاوه‌ڕوانی پاداشتێکه.
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، که خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو له‌شکر و چه‌کدار و چه‌که‌یه، که هه‌میشه فشه‌یان پێوه ده‌کات، ده‌بێ ئه‌و هێزه‌ی بۆ چی و بۆ که‌ی هه‌ڵگرتبێ! ڕه‌نگه، ناخویایی و نه‌ناسینی ئه‌و نه‌یاره‌ی وه‌ها کارێکی خۆکوژی و ته‌قینه‌وه ده‌کات، پاساوێک بێت بۆ خه‌مساردی ده‌سه‌ڵات و قایل‌بوون به ده‌رکردنی سه‌رکۆنه‌به‌یانێکی خوێڕیله. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، خۆیان له‌و مرۆڤکوژانه نه‌بان ده‌که‌ن و له ڕاستی خۆ ده‌دزنه‌وه و چاو ده‌نووقێنن، هه‌موو که‌سێک سه‌رچاوه و بنه‌مای ئه‌و کاره نامرۆڤییانه ده‌زانێت و ده‌شتوانێ وه‌ڵامی بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، که ڕێگره و پارێزه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌یه. هه‌موو که‌س ده‌زانێت، ئه‌وانه‌ی له که‌رکووک کاری خۆکوژی ده‌که‌ن و ته‌قینه‌وه چێ ده‌که‌ن و خه‌ڵک ده‌کوژن، ئه‌وانه‌ن، که به ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، زیانیان لێ که‌وت، ئه‌وانه‌ش که‌ونه‌به‌عسی و موخابه‌رات و ئه‌من و خه‌ڵکانی سه‌ر به ڕێژیمی به‌عسن و ته‌واوی ئه‌وانه‌ش عه‌ربگه‌لی هه‌نارده/هاورده و ده‌هه‌زارییه‌کانن، که تا ئێستاش نیشته‌جێی که‌رکووکن. تا ئه‌وانه له که‌رکووک بن و بمێننه‌وه، ڕه‌وشی که‌رکووک له‌وه‌ی هه‌یه، خراپتر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش، بێ هیچ سه‌ریشه و قڕه و شڵه‌ژانێک و بێ ئه‌وه‌ی ڕێزه‌یه‌ک بدۆڕێنن و گه‌ردیله‌یه‌ک زیانیان پێ بگات، به‌رده‌وام ده‌توانن، چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه و کوشتنی که‌رکووکییان بکه‌ن، بۆوه‌ی، جوار دێڕی ڕه‌نگزه‌رد و چاوشۆڕ بنووسن و به ده‌نگه‌نووساوه‌که‌یان، سه‌رکۆنه خوێڕیله‌کانی خۆیان، په‌خش بکه‌نه‌وه.
17 – 4 – 2013