Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کورتە نامە …. دڵسۆز حەمە

کورتە نامە …. دڵسۆز حەمە

Closed
by December 17, 2011 ئەدەب

 

1-    sms
ڕۆژێک ئیدی
ژیان ،
لەڕۆژەکانی تر نەچو
بەختەوەری لەنادادی و هەڵەکانی پەشیمان بۆوەو
بۆ ئەبەد
نەخشەی ژنێتی من گۆڕا
ئەوڕۆژەی دەستت بەر خەیاڵم کەوت
نیگایەکت ، تەنهایی کوناو دەر کردم
بە خۆت وکۆترەکانتەوە
هاتیتە ژنێتیمەوە.

2-       SMS     

بەیادی تۆ
        بەنیازی تۆ
   پێدەخەمە سەر ڕێگاکەو
ئاوی گوڵەکانم دەدەم
      بەناو ژیاندا ڕێدەکەم
بەیادی تۆ
   بەنیازی تۆ
عەترو کراس و سوراو وگوارەکانم ڕێکدەخەم و
جوانی تاقی دەکەمەوە و
ناز بەئاوێنە دەفرۆشم

3-         SMS       

من لەشام و یار لەشیراز   خودایە
دڵم تەقی، سەبرم سوا
نەڕۆح لەجەستەما ماوە
نەبینایی لەچاومایە

4-          SMS   

زنجیرەکەم بترازێنە
گوارەو موستیلەو بازنگ و
تەوقەی قژم لێکەرەوە
ژنێتیم ئەو کتێبەیە
تا نەیکەیتەوە نازانی
                چی نوسراوە

5-    SMS    

خۆشی دەوێم….. خۆشی ناوێم
دەیبینم …. نایبینم
دێت و ….. نایەت
نامەی دەگات……. نامەی ناگات
سەفەر دەکات……سەفەر ناکات
بەپەڕی گوڵ و
        پەلکی گەڵاو
چوارگۆشە  سیحراوییەکان
بەخت بۆ خۆم دەگرمەوەو
دەچمە دەرگای قاوەگرو کتێبگرو
     فاڵچییەکان
چەند دڵت بردوم گیانی من
وەک و ئەوەی لەتۆ زیاتر
دونیا هیچی تیا نەمابێت !

6-    SMS      

شیعر زیاتر….هیچ ماڵێکی ترم نیە
تەنهایی نەبێت….هاوڕێیەکی ترم نیە
تۆ شیعریشم پێ دەنوسی و
تەنهاییشت گوڵدار کردوم
لەتۆ زیاتر…. کەس وا داگیری نەکردوم.

7-     SMS      

کراسێکم کڕیوە لە ڕەنگی ئێوارە
لەشەرمکردنی ئەستێرە… وەختێ
دەکەوێتە عەشقی ڕوبارێکی غەمگینەوە
کورت و تەنک و ڕوت و قوت
وەکو جریوەی چۆلەکەو هەتاو کەوتنی بەیانیان
گوڵەکانی لەڕەنگی پایزەو
نەرمە وەکو دەستەکانت
کە لەپەڕی نیلۆڤەردا
ژنێتیم دەخوێنێتەوە !

8-    SMS       
لەو کیشوەرە نەخۆشەدا
لەو وڵاتە غەمبارە
لەو شارە…. ئەو شارە حەپەساوە
لەو کۆڵانە …. لەو ماڵە
لەو ژورەدا……. پیاوێک
لەدارستانی چڕی سنەوبەرو سەرو دەچێ
پیاوێک لەسێبەری ئەفسانەیی چیاو
لەباوەشی میهرەبانی
ئەو پیاوەیە کە خۆشم دەوێ

9-     SMS     

چەندە عاشقی تۆم
بیرم بێ ئاوەها
عاشقی هیچ شتێ نەبوم

10-    SMS

دەستم لەکەمەری تۆدا
وەک ئەوە بو  زەمین لەسەر چۆکم بێ و
ئاسمان لەناو پەنجەکانما
سەرم لەسەر سنگی تۆ بو
وەک ئەوە بو زەمین بۆ من بخولێتەوە و
هەمو وەرزەکان هی من بن
کەچوینە ئاوێنەکەوەو
کۆترەکانت لەکەمەرما نیشتنەوە
وەک ئەوەبو
بەژێر پەنجەکانما بڕوات
بەچراخانی کەشتییەوە
دەریای ژوری ئەتلەسی

11-    SMS

کە دێیتە ناو بیناییم و
بە خاتیرەی تەنهاییمدا تێدەپەڕی
کە دەمگریتە باوەشت
دەنگت دەڕژێتە ڕۆحمەوە
جێگای خۆم نامێنێتەوە لە ناو خۆمدا
چەندە پڕم دەکەیتەوە!
تۆ چەندە زۆری تاقە یار!

12-    SMS

لە وڵاتی گوڵ و
دارستان و دەریا وڕەنگەکاندام
وڵاتی  وردە جۆگەلەو کەشتی و بەندەرو بەلەمدا
کەچی
ژیانم ڕەش و سپیە
نەکەس گوڵێکم بۆ دێنێ
نە یارێکیش لە دارستان و کەناری دەریا
ژیانم بگرێتە باوەش

13-    SMS
 
بەیانیت باش بێ ڕۆحەکەم
بێ تۆ بەیانی من نایەت
شەوێکی درێژە ژیان

14-    SMS

بەخۆم و گوڵەکانمەوە
هەمیشە چاوەڕوانت بوم
دڵم دەهاتە سەر ڕێگات
کبریا‌و…… دەیهێنایەوە
ڕۆحم دەهاتە ماڵەکەت
غرورم ….. دەیگێڕایەوە
چەند دوور بوێت و چەند نزیک بویت
نە بەساڵاچونی ساڵ و
نە تاریکی شەڕی ناو خۆو
نەغەریبی و، نە پیربونی کۆڵانەکان
خۆشەویستی تۆی ون نەکرد
هەر وەکو خۆی گەنج و سەوزو گەش مایەوە.

15-    SMS

لە غوربەتدا  نیشتیمانمی و
لەنیشتیمان غوربەتم بویت
دیوارێکی شوشەییە هەمیشە
نێوانی وەستانی من و
فڕینی بێ ئەندازەی تۆ

16-     SMS

پاییزێ وەرە تاقە یار
لەژێر درەختێکی چڕدا
ڕوتم کەرەوە ڕۆحەکەم
تا پێش ئەوەی باوەشت کەم
بە گەڵای زەردی هەڵوەریو
حەمامێکی درێژ بکەم.

17-     SMS

عەشق زیاتر ،
زمانێکی تر نازانم لەگەڵ ژیان
من تەنانەت
لەگەڵ جانتاو کتێب و
دیوارو شەرابی ناو پەرداخەکە
لەگەڵ شەقام و ووڵات و
هەتا حیزبەکەشما دڵداری دەکەم
نەک گەمەکانی پەیوەندی
بۆیە غەمگینە تەنهاییم
         بۆیە هەمێشە دەدۆڕێم .

18-    SMS
 
لەکۆڵانی پەیوەندیدا….دڵم
سەد تیری خوێناوی بەرکەوت
یارەکان پێش ئەغیارەکان
زێدی خۆم پێشی غوربەت و
مێینە پێش دەوەنە نێرینەکان
خوێنی پەنجەی خۆم زیاتر
لە هینی ئەو
دڵیان پڕکردوم لەئازار
هەتا نزیکتر بێ
ئازیزتر بێ دەستی تیرهاوێژ
جێدەستەکانی قوڵترە
بکوژترە تیرەکانی.

19-    SMS

چاوی عەشقم
لەدەرگای ئەفسانەکاندا دەرگیرە
دڵم بەئاسمانا چوە
گیرۆدەی فڕینە ڕۆحم
پیاوی بچوک،
مانای بچوک،
ژیانی بچوک ،  نابینم
تۆ دەگمەنی و لەلێواری ئاسۆدایە
پەنجەکانت
بۆیە توانیت
مەوداکانم  پڕکەیتەوە
فڕینم بگریتە باوەش….. تاقانە یار

20-    SMS

پێچیدەی تەسک و درێژی چارەنوس و
ڕێگای ڕۆژگارە دوورەکان
هەڵیانگرتم
سەفەر وا ڕاپێچی کردم
پەراسوی خەیاڵم شکاو
پەڕە پەڕە بو منداڵیم
ڕۆحم بو بەسەد پارچەوە
چونکە عەشقت
وەکو خوێن و وەکو ڕەنگی پرچ و چاوم
وەک چارەنوس لەبونما بو
هەر گەشتمەوە باوەشی تۆ

21-    SMS

بۆ دەڵێی پایزی تەمەن؟!
لەوەتەی هەم
تەمەنی من
پایز زیاتر
هیچ وەرزێکی تر ناناسێت.

22-    SMS

خەیاڵێکی ڕاو نەکراو
مانایەکی ڕێ ونکردوو
ووشەیەکی پڕ گومانم
لەهەزاران کۆشکی یەقین پێ جوانترە
( چۆلەکەیەکی سەر درەختم
لەدەی ناو دەست پێ باشترە ) *
ژنێکی ئاسایی نیم و
بەچاوی ڕۆحم دەبینم
تۆ دەگمەن و ئەفسانەییت
قەت دوبارە نابیتەوە
بۆیە ڕۆحم ئاوەدان و
تەنهاییت  کوناودەرکردم

23-    SMS

تەنهاییم ….. بەدگومانە
لەو گوڵانەی لەکەمەرما جێتهێشتوە
لەو ئەستێرانەی لەچاوما دەدرەوشێنەوە
لەو پۆلە کۆترانەی لەسەر سنگم نیشتونەوە
بەدگومانە ….. ئاخۆ… ڕۆژێک
ناوەرن …..گوڵەکانم
ناکوژێنەوە…. ئەستێرەکان
ئاخۆ ڕۆژێک
کۆچ ناکەن کۆترەکان و
ئیدی قەد نەگەڕێنەوە ؟!

24-    SMS

ئاوێنەکە دەڵێ :
تەنهاییت نەبێت
چەندە بەئێمە دەچی ژنەکە.

25-    SMS

لەوەرزی ترس وساواق و دڵتەنگیدا
وەرزی نەهاتی ئازادی
ئەو کاتانەی
فڕین لەباڵ
     دیتن لەچاو
گوتن لەزمان یاساغ بو
ئەو یەکەمین گەرویەک بو
فوی کرد بەناو بێدەنگیدا
بەتەنیشت شکانی تاریکی و
        ڕاونانی ترس و
هێنانی ئازادیدا
هێواش هێواش منی لەملاوە
            داگیرکرد.

* ئەو دێڕە شیعرە هی ( غاده‌ السمان ) ه.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.