Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

کورتە نامە ٢ …. دڵسۆز حەمە

Be First!
by January 24, 2012 ئەدەب

Sms1

 ڕۆژێک( دە )نامە دەنێریت
(دە) ڕۆژی تر دەنگت نیە
دەمبەیتە کۆشکی هەورەکان
پڕم دەکەیت لە هەزار ڕەنگ
وا دەزانم شازادەم و
پەریم و
جوانترین ژنم
ڕۆژێکی تر وەکو هەوا  ڕەنگت نیە ،
من خۆم ڕۆحم لە پینەیە و
میزاجم سەد ڕەنگی هەیە
سەرەتاتکێ و مانۆڕی وام لەگەڵ مەکە
تاقەتی یاری وام نیە ،
عەشق هەزار ڕەنگ و یەک ووشەیە ،
هەزار گەروو یەک ڕستەیە ،
سەفەری سەر شەپۆلێکە
ئەمبەرەوبەری تیانیە .

Sms2
ئارەزوم کۆکردنەوەی عەتر و
خوێندنەوەی کتێبەکانە ،
عەتر… تابەرگەی ئەو بۆگەنە بگرم
کە لە پەیوەندی هەڵدەستێ
کتێبیش …بەڵکو  تێبگەم
بۆچی وا بۆگەنی کردوە ژیان .

Sms3                                                                                                        
هەور ئاسمانی تەنیوە
                                                                                                  دڵی من تەنگ وتاریکە ،
لەو دارستانە گەڵا وەریوە
ڕۆحی  من  سەرگەردانە ،
لای ئەستێرەیەک جێماوە نیگاکانم
دڵم لە جێگای خۆی نیە
عاشقم من

Sms  4

دڵم تەنگە
دڵم تەنگە
دڵم تەنگە و
بەتەنهایی دەمرم ،دڵنیام
پێناچێت تازە ئەو بگا و
گرێکانی بکاتەوە .

Sms 5

لێت خۆش بوم و
لێت خۆش دەبم
سەدجار گەردنت ئازاد بێت
ئەوەندە برین ودرز و
ئازار لە ڕۆحی مندایە
ئەوەی تۆش با بێتە سەریان .

Sms 6
خۆزگە
خێل وقیچ و ناتەرازوو با ،
چاوەکەم
بەس گەش و جوان وسیحراوی بایە ،
بەختەکەم .

Sms 7

هەرچاوێکم هەمو ژنی دونیا دێنێ
بەهار ڕۆحم جێناهێڵێ و
هەمیشە سەوزە سێوەکەم
نێرگز بۆنی خۆی بەخشی پێم
پرچم ڕوبارێکی درێژ
کەچی ،
ووڵاتێکی چۆڵە دڵم
لادێیەکی ڕاگوێزراوە چاوەکانم
تەنهاییم بە تەنها دەژی .

Sms 8
لەبەر گوڵخانەکاندا ..تەماشام
بە ڕەنگەکاندا ڕادەکات ،
چی  دەبو یارێکم هەبا
ئێواران کە دەهاتمەوە
چەپکێ گوڵم بۆ کڕیبا ،

Sms9
باخێکم دەویست
هێندەی پیاسەکردنی تەنهایی
پەنجەرەیەک
سبەینان زوو
کە کوڕەکەم بۆمەکتەب دەچێ
دەستە زۆر بچوکەکانی ببینم ،
کە لە ڕوی ترس و گومان و شپرزەیی مندا
مشتی پەپولە بە ئاسماندا بڵاودەکاتەوە.

Sms 10
درەختی تەمەن هەڵدەکشێ
هەمو شتەکان گۆراون
ڕەنگی ژیان
تامی عەشق و
شێوەی سێبەرەکانیش
تەنانەت ئەو پەنجەرانەش گۆڕاون
کە لێیانەوە دەمڕوانیە ژیان و
ئازارم پێدەخوێندە
جێگاکەی تۆ نەبێت لەناو دڵما
هەروەکو خۆیەتی قوربان .

Sms11
بەردێکی بەر دڵم کەوت و
هاڕەی کردە زەوی ڕۆحم
پارچەکانی کۆکردەوە و
هەلیدایەوە ناو سینەم
دڵم چاک بۆوە ..بەڵام
قەد شێوەکەی جاری جاران ناگرێتەوە .
Sms 12
دەنگی تۆ
بە هەوادا
بە هێڵی تەلەفۆن و
بە پانتایی خاتیرەمدا
هاژەی ڕووبار و شنەباو
دارستانی گوڵاوە
دەمهێنێتەوە ناو ژیان.

 Sms 13
                                                                                                             میهرەبانی هەتاو
ڕوخۆشی ئەستێرە و
ویقاڕی  سەبری بەردەکان
بەسەر سنگی بەرزی چیاوە
هەروەها
شنەی بەیان کە بە بن گوێما دەڕوات و
خاتیرەم پڕدەکات لە ماچ
بۆنی خاک و
 ئاشتبونەوەو خۆڕاگری
جوانیەکان هەرهەمویان
دەمبەنەوە سەریادی تۆ
سەرجێگای تۆ
سەر عەشقی تۆ.

Sms14
کە ژنێتیم
بە چۆڵایی تەنهاییدا
پیاسەی دەکرد
دەگریاو ئازاری دەهات
نە درەختێک ،
نەدەرگایەک،
نە شۆستەیەک ،
گوێی لێنەبو،
کە ژنێتیم عاشق بو
دەستی بە کەمەری پیاوێکەوە بەجێما
 زۆربەی دارستان و
دەرگاو کۆڵان و
شەقامەکانیش لەگەڵیانا
کەوتنە هەڕەشەکردن لێم .

Sms 15
لە شەنگەهای ،یان لەندەن بیت
لە پاریس بیت یان لە تاران
لە هەولێر بیت یان
بەری قەراخ و بادینان
هەناسەت دەگاتە گوێچکەم ،
دەستم دەگاتە کەمەرت
سەردجار خۆم دەکەم بە قوربان .

Sms 16

کە ئیمایلەکەم کردەوە
شەپۆلی ئەستێرە هەستاو
کۆشم پڕ بو لە تریفە
دەزانم نامەت هاتوە

Sms 17
هەر هەناسەیەکی تۆ بەبن گوێما
هاژەی هاتنی شیعرێکە
هەرماچێکی جێماوی تۆ لەناو قژ
و لەناو  دەست و سەرکەمەرم
دارستانی گوڵ ودەریای ئەستێرەیە
بۆیە هەمیشە کە تۆدێی
بۆنی گوڵ وڕەنگی ئەستێرە دەگرێت ژیانم

Sms 18
پەنجەی میهرەبانی هەتاو نیە
کە لە شوشەی پەنجەرەی دا،
زەنگی سەعات و
شاوری شەمەندەفەر و
هەیاهۆی ڕێبواران و
لێدانی دەرگای ژیان نیە ،
کە سبەینان بەئاگام دێنێ و
پڕم دەکات لە  جوڵە و
چاوەڕوانی
بەڵکو
خاتیرەی بۆنخۆشی عەشق و
پەنجەی نەرمی خۆشەویستی تۆیە
ڕۆژەکانم دەکاتەوەو
بەئاگام دێنێ و
دەمباتەوە بەردەم ژیان  .  
       

                                                                دڵسۆز حەمە

 

Previous
Next

Leave a Reply