Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کوردانی خۆرئاوا پێویستییان بە کۆمەکی کردەییە نەک دورشم و شیعر

کوردانی خۆرئاوا پێویستییان بە کۆمەکی کردەییە نەک دورشم و شیعر

Closed
by August 8, 2013 گشتی

 

 

 

لە پەراوێزی وەسییەت و شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس بۆ خۆرئاوا

 

وەک چۆن لەم رۆژگارەدا کە هەر تاکەکەسە و خۆی بە نوێنەری بیر و ڕا و حەقیقەتە بچکۆڵەکانی خۆی دەزانێت، بۆیە گەرەکە  ئەم نووسینەی منیش لە هەمان روانگەوە بخوێنرێتەوە.

دیارە رەوشی کوردانی سوریە، بە تایبەتیش راوەدوونانی زاڕۆک،  بە دیلگرتنی ژن و دایکان وەک کەنیزەی جەنگ، تۆقاندن و رەشەکوژیی گەنج و  باوکانی بێدەستەڵات و مەدەنیی لە لایەن چەتەکانی دڕندەکانی بەرەی النصرا، ئەسحابەکانی بەرەی قاعیدە و گروپە مرۆڤخۆرەکانی سەر بە “سوپای ئازاد”ەوە، مرۆڤی خاوەن هەستی هاومرۆڤانە دەهەژێنن.  ئەمڕۆ بە بەر چاوی جیهان و ئێمەوە ئەو هاومرۆڤ و هاونەتەوانەمان،  بێکەس و بێ دەرمان، بێ پشتی و پەنا رووح و جەستەیان تاڵاندەکرێ. ئاخۆ ئەو مرۆڤە گوندنشینە ، عەبدی خودای موسلمانە کوردانە، چەکداری (ی پ گ ی)ی کافرن یان مەدەنین؟  ئەو مرۆڤە بێتاوانانە، ئەو  خوشک، برا، منداڵ و پیرگەلە موسڵمانانەی کە  بە بەرچاوی موسلـمانەکانی باشوور و تورکیای ئیسلامی سیاسیی نەرمڕۆ، ئیدۆلی هێزە ئیسلامییە سیاسیی و غەیرە ئیسلامییەکانی باشوور و موسڵمانانی خۆرهەڵات و هاوپەیمانی ئەوروپا ئەمەریکا رەشەکوژ و ئاوارە دەکرێن کافر و موعتەزیلە نین، بەڵکو هاووڵاتیی مەدەنیی و بێدەستەڵاتی کوردن.

***

 بەڵێ، رەنگە من جێگەی تێگەیشتن بێت کە  زۆرینەی تورکە موسلمانەکانی جیرانی خوشک و برا موسڵمانەکەنیان لە سوریە و بگرە موسڵمانەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکانیش هاوسۆییان لەگەڵ ئەو دۆخە هەژەندهێنەرەی مرۆڤە بێتاوانەکانی کوردستانی سوریە نەبێت. هەروەک رەنگە لەوەش تێبگەم، کە زۆرێک لەو سوپایە لە نووسەر، رۆژنامەنووس، ئەکادیمیی، موسڵمان، دکتۆر/ دختۆر، چاڵاکگەلەی بواری فێمێنسیت، ئاژەڵدۆست، ژینگەپارێز، مەدەنیی، شاعیری دڵ و زمان گوڵ گوڵیی و … تاد فەیسبووکییەی کوردی باشوور و خۆرهەڵات، بە هەر هۆیەک بێت، بەو زریکە و گریانی کوردانی سوریە زۆر کاریگەر نەبن و هەست بە بەرپرسیاریی نەکەن. بەڵام ئەوەی جێگەی دۆشدامانە ئەوەیە، چەند رۆژە ئەو سووپایە لە نووسەر و چاڵکگەلە ناوبراوە، کە سایت و رۆژنامە و فەیسبووکییان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان، حیکایەتی خۆیان و شاعیری ککۆچکردوو، شێرکۆ بێکەس، کە مایەی غەمە، تەنیوەتەوە و هاوکاتیش خەریکی لایک و شێری پەیجی بەتاڵ و وێنەی ئەم و ئەو و گۆرانیبێژی باون، کەچی  بەشێک لەو سووپایە، بە تایبەتیش ئەوانەی زۆر حەز دەکەن وەک چاڵاکی بواری ژن و فێمێنیزم بناسرێن نەمانبینی، لە تەک ئەو لایک و شێرانەیاندا پرسیارێک، قسەیەک و کۆمێنتێک لەسەر بابەتی فرۆشتنی ئەو هەژدە کچە کوردە فرۆشراوانە بە مەلهایەکانی میسر بنووسن!

***

هەر لێرەشەوە گەرەکە ئاماژە بەوە بکەم، فەیسبووک پەنجەرە و سەکۆیەکە بۆ گۆڕینەوەی بیر و ڕا و ئاڵ و گۆڕکردنی پەیوەندەیی و گوتن و نیشاندانی هەڵوێستی خۆمان، بە تایبەتیش بۆ کەسانێک کە بنووسن یان غەمی بیرکردنەوە و بابەتگەلی گرینگن، کەچی سەیر ئەوەیە بۆ زۆرینەی قەڵەمداری کود  فەیسبووک بۆتە پێشانگەی وێنە دانان و گاڵتە و گەپ. خەڵکانێکی زۆر لە لیستی هاوڕێیانی فەسیبووکی مندا هەن کە خۆشیان بە نووسەر و فێمێنیست و شاعیر و سیاسیی و … تاد دەزانن، کەچی هێندە خەریکی دانانی وێنەی گیردراوی سەر زەریا، گۆڕەپان، سەفەر، ژیانی تایبەتی خۆیان و لایک و شێری لینک و وێنەی ئاسایین، هێندە خەریکی نووسین و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی کولتووریی، جڤاکیی، زانستیی، سیاسیی، بواری ژن و … تاد نین کە لە جیهان و کوردستاندا پێشدێن. ئەو خەسڵەتی وێنە نیشاندانە  بەو ماڵانە دەچێ کە میوانیان دێت، خاوەن ماڵیش کە قسەیەکی نەبێ بۆ کردن لەگەڵ میوانەکەی، ئەلبوومی وێنەکانی نیشاندەدات.

***

 بەڵێ، منیش، کە هەرچەندە نە شێرکۆ بێکەس لە نزیکەوە دەناسم و نە لە کتێب چاپکردن و نە رۆژێکیش بۆ داواکردنی کۆمەکییەک سەردانیم کردووە، لێ غەمگینم بە ماڵئاوایی کردنی.  لێرەوە من سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزانەکەیان دەکەم. هیوادارم خودا سێبوورییان بدات. لە خودا بەزیاد بێ وەک دەزانین کە کاکە شێرکۆ بە هۆی ئەوەی هاووڵاتی سوێد بوو و ‌هێزێکی لە پشت بوو کە کۆمەکیی ماددیی و مانەوەیشی بکا، بۆیە لە باشترین خەستەخانەی سوێددا هەوڵی چارەسەریی درا، کەچی مخابن وادیارە هیچ چارەیەک بۆ وەرەمی سینگ، کە ئەمەش بەدکاری جگەرەیە، بە هانای نەهاتووە. 

ئەڵبەتە هەموو خوێنەرێکی ئاساییش دەزانێت کە شێرکۆ بێکەس لە زمانی کوردییدا بوونی خۆی هەیە، بۆیە پێویستی بەو شین و وێنە دانانە رووکەش و کاتییانەوە نییە کە خوێنەرەکانی دەیکەن. دیارە ئەو دیاردەی سۆز هەڵڕشتنە بۆ مەرگی شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و سیاسییەکان، تەنێ ئەوها لای کورد هەیە.  شێرکۆ بێکەس، پێویستی بە خوێندنەوە و وێنەکردنییەتی وەک خۆی، نەک وێنەکردنی وەک دوا شاعیری کورد.  دیارە بە ماڵئاوایی کاک شێرکۆ، شیعر، زمانی کوردیی بێکەس نامێنێتەوە، وەک زۆرێک لەو خەڵکە  شینگێڕانە بە قسە سۆزگرییەکانەوە دەریدەبڕن. ئەگەر زمانی کوردیی بە ماڵئاوایی شاعیر و نووسەرێک، بێداهێنان و بێکەس بمێنێتەوە، کەواتە زمانی کوردیی دەمێکە مردووە. لە مێژووی ئەدەبی کوردییدا سەتان شاعیر و نووسەری داهێنەرمان مردن، کەچی دوای ئەوانە ئەدەبی کوردیی لە داهێنان نەکەوت. ئەو شین و راگەیاندنە لە گۆترانەی کە لە سایت و فەیسبووکدا لە لایەن زۆرینەی ئەوخوێنەرگەلەوە  کە دوای مەرگی شێرکۆ دەگوترێن، سەردەمی پێشمەرگایەتیم دێننەوە بیر؛ ئەوکاتیش کاتێک بەرپرسێکی پیشمەرگەی ئازا و پێشمەرگەیەکی دلێر شەهید دەبوون، لە راگەیاندنەکانی حیزبەکاندا، وەک هەنووکە، دەیانگوت گەلی کورد چیتر پێشمەرگە و سەرکردەی ئەوها ئازای دەست ناکەوێتەوە. سەیر ئەوەیە، ئەوکاتیش، وەک ئەوەی کە ئێستا دوای مردنی شێرکۆ بێکەس دەگوترێت، بەر لە شەهیدبوونی ئەو بەرپرس و پێشمەرگە ئازایانە  ، بەرپرس و راگەیاندنی حیزبەکان ئەوها باسییان نەدەکردن، بەڵکو زۆر جار لە لایەن پێشمەرگە بەرپرسەکانەوە، قسەیان بۆ هەڵدەبەسترا.  ئەو کولتوورە مردووپەرستییە، کولتووری کۆمەڵگەیەکی گۆڕ هەڵکەن و دیوەخانییە. زمانی هەموو نەتەوەیەک زناوە، بێوەستانە، بۆیە بە نەزانییە ئەگەر بگوترێ بە مەرگی نووسەرێک هەتیو و بێکەس دەمێنێتەوە. 

***

لەو دیدگەوە، هەرچەند ئەم نووسینە تایبەت نییە بە ئەزموونی شیعری شێرکۆ، لێ حەز دەکەم بە خێرایی بڵێم، وێنەکردنی شێرکۆ بۆ شیعر و شاعیریی لە سەردەمی شەست و حەفتایەکانی رابردوودا سەرچاوەی هەڵگرتبوو. دیارە لەو رۆژگارەدا شیعر و شاعیربوون لە ئاستی جیهان و کوردستانیشدا، بە شۆڕش و شۆڕگێرییەوە گرێدرا بوون، بۆیە شاعیر بوون لە لایەن بەشێکی فرەی نەتەوەوە، بوونەوەرێکی مەیلە و پیرۆز یان رۆمانتیکیی بوو. شێرکۆ بێکەس پڕ بە گەرووی هەوڵیدا خۆی بکا بە لەرینەوەی کۆستی نەتەوەیی قەدەری کورد.  لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، شێرکۆ وێڕای ئەوەی کە زۆر بە شاعیر بوونی خۆیەوە ئاوێزان بوو، کەچی قەت شیعری نەکرد بە شێوازێک لە ژیان، بە کردە. بە دەربڕینێکی تر، کاک شێرکۆ نەیتوانی لەگەڵ شەپۆڵ نەبێت، بەڵکو لە تەواوی ژیانیدا بە دوای ئاپۆرەی جەماوەر بوو، کە ئەمەش خەسڵەتێکی زۆرینەی شاعیرانی ئەو کۆمەڵگەیانە بوو کە لە دۆخی شۆڕشدا دەژیان. گوتنێکی نوێ نییە کە بڵێم، شێرکۆ بێکەس لە تەواوی ژیانیدا نەیتوانی بێ پابەندن بوون بە حیزبە جەماوەریی و باڵادەستەکانەوە بژیت، بۆیە هەمیشە لە ماڵی حیزبدا، بە گوێرەی سیاسەتی ئەو حیزبە دەستەڵاتدارانەی کوردستانەوە بە گشتیی بە شیعرەکانییەوە هاوسۆزی خۆی بە شیعرەوە بۆ هێزێکی تری بەشەکانی تری کوردستان، شەهید و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە و… تاد، دەردەبڕی.  بۆیە شێرکۆ تا مرد قەت بێدەستەڵات نەبووە، بەڵکو هەمیشە بەشێک بووە لە دەستەڵات،  هەروەک قەت بێکەسیش نەبووە. ئەمەش، ئەوەندەی من بیزانم، بە پێچەوانەی باوکی، بێکەس بوو. بێکەسی شاعیر، تا حەز بکەی بە پێچەوانەی شەپۆڵی باوی جەماوە و نەریتە داڕزاوەکانی وەک “عانە پەرستیی” بوو، کە لە کن ئەو وەرەمی گەورەی کورد بوو. 

لێرەوە، بە رای من، وەسییەت  و دوا شیعرە کورت و دروشمییەکەشی بۆ کوردانی خۆرئاوا، لە هەمان سەرچاوە، هاوڕەوتبوون لەگەڵ شەپۆڵی جەماوەریی هەڵقووڵاون. شێرکۆ لە وەسییەتەکەیدا، بە پێچەوانەی زۆر شاعیر  و نووسەر، یان خەسڵەتی شاعیرانە، زۆر رقی لە تەنیاییە، حەزی لە قەڵەباڵغییە،  بۆیە لە هەموو ژیانیدا حەزی دەکرد کۆڕە شیعرییەکانی قەڵەباڵغ بێت.  پێشکەشکردنی شیعریش بۆ زۆر کەسی ناسراوی سیاسیی و ناسیاسیی، پەیوەندی بەو سروشتەی ئەوەوە هەبوو. شیرکۆ بێکەس، لە “من تێنوویەتیم بە گڕ دەشکێ”، خۆی دەکا بە هاوڕەوتی ئەوخەباتە چەکدارییە جەمارەوەرییەوە کە پارتی سەرکردایەتی دەکرد. دوای ئەوەی ئەو خەباتە هەرەس دەهێنێت و جەماوەری نامێنێت، شێرکۆ بێکەسیش بە دژی ئەو خەباتە دەوەستێتەوە و لە بری ئەوە خۆی دەکا بە دەنگی “شۆڕشی نوێ” وە کە کۆمەڵەی رەنجدەران یان  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رابەری بوو.  ئەمش لە دیوانی “هەڵۆی سوور”دا کە بە نازناوی جوامێر نووسیبووی، بەرجەستەکردەوە.

لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ کە ئاپۆرەی جەماوەر بە دژی دەستەڵاتی کوردستان و یەکیتیی نیشتمانییەوە چەندین مانگ لە “سەرای ئازادی”یدا ئامادە بوون و و پایەی جەماوەری یەکێتییش لاواز دەبێت، کاکە شێرکۆ بێکەسیش  بۆ ئەوەی پەراوێز نەبێت، زوو شیعرێک دەنووسێت و لەوێدا دەیخوێنتەوە. دوای ئەمەش دیوانی “کچێک نیشتمانمە” دەنووسێت، کە نیشاندانی بێئومێدییەکی شیعرییە نەک کردەیی بەرانبەر ئەزموونی رابردووی شۆڕش و حیزبەکەی. بەڵام دوای ئەوەی کە ئەو خۆپیشاندانەی “سەرای ئازادی” لە دەڤەری سلێمانی قەتیسم دەمێنێت و دواجاریش بێ ئاکام کۆتایی پێدێت، کاک شێرکۆ بێکەس، بە پێچەوانەی قۆناغەکانی رابردوو، هەر وەک لایەنگرێکی یەكیتیی نیشتمانیی وەک بەشێک لە دەستەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوە. 

***

بەمجۆرە، ئەوەندەی من بیزانم، لەو چەند ساڵەی رابردوودا هیچ شاعیر و نووسەرێکی دوور لە دەستەڵاتی حیزبەکان، وەسییەتی لەم جۆرەی کاک شێرکۆی نەنووسیوە. چونکە وەک دەزانین لە دوای نەوەدەکانەوە ناوی شەقام و پەیکەرەکان لە شارەکانی کوردستاندا، بەسەر پارتیی و یەکێتییەوە دابەش بوونە.

 لێرەدا دەکرێ بپرسین: ئاخۆ بەرهەمی  شاعیر و نووسەرگەڵێکی وەک عەبدولکەریم مودەریس، عەبدولا پەشێۆ، مەسعود محەمەد و دەیان نووسەر و شاعیری تر، لە هی شێرکۆ کەم بایەختر بوون؟ ئەدی بۆ ئەو نووسەر و شاعیرە ناسراو و داهێنەرانە نە دوایان کردووە پەیکەریان بۆ بکرێن، نە داوایان کردووە خەڵاتییان بە ناویانەوە ببەخشرێت، نە داواشییان کردووە لە باغچەی گشتی بنێژرێن و کەفێتریاشیان لە نزیک گۆڕەکانییانەوە بۆ درەست بکرێت؟!  من کە دەزانم ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس ئەستێرەیەکی گەشە لە ئاسمانی یادەوەریی زمانی کوردییدا، لێ هاوکاتیش بۆ چاکەی زمان و نەوەی داهاتوو ناکرێ ئەو لایەنەش لە ئەزموونی شێرکۆدا شرۆڤە نەکرێت، ئەمەش، وەک باوە لە کولتووری ئێمەدا، نابێ وەک لۆمەکردن و کەمکردنەوە لە ئەزموونی شێرکۆ بێکەس بخوێنرێتەوە، بەڵکو وەک ئاماژەیەک بۆ چاکە بەخشێن بە نەوەی هەنووکە و داهاتووی شاعیر و نووسەری کورد بخوێنرێتەوە، کە لە کوردستاندا خۆ بەستنەوەی نووسەر و شاعیر بە حیزبێک و شەپۆڵی جەماوەر، شاعیر هەر لە ئاستی شیعر و نووسەر هەر لە ئاستی دەقدا نامێنتێەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێکە لە گرفتەکانی ئەو حیزبانە و حەماسی جەماوەریی، وەک ئێستا دەیبینین.  

هەر چۆنێک بێت، ئەو گوتنانەی من، لە کەمکردنەوەی توانای داهێنانیی شێرکۆ نییە، بەڵکو ئاماژەکردن و جیاکردنەوەی شاعیر وەک مرۆڤ و شاعیر وەک شیعرە. شێرکۆ بێکەس  لای وابوو شییعرەکانی زۆر لە خەباتی چەکداریی و قوربانیی خەڵک گرینگترە، بۆیە هەرچی لە توانای دابوو دەیکرد تا شیعرەکانی بۆ زمانەکانی جیهان وەربگێردرێن و لە ئاستی کوردستانیشدا بڵاو بکرێنەوە، هەروەک ئەگەر هەموو جیهان و کوردستان بە شیعرەکانی ئەو و خۆی ئاشنا بوون، ئەوە قەدەری کورد بە جیهانی دەبێت و رزگار دەبێ.  هەر بۆیە،  وەک لە دەمی نووسەرانەوە دەیبیستین و دەیخوێنینەوە، کەم شاعیر لە کوردستان و جیهان هەیە کە وەک شیرکۆ بێکەس بە رەخنەگرتن لە خۆیی و شیعرەکانی تووڕە و بێتاقەت بن. چونکە لە خەونێکی شیعرییدا دەژیا، کە پێی وابوو خۆیی و شیعرەکانی لە هەرچی خەوشە بێبەریین.  شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە خوێندنەوەی شیعر بە دەنگی خۆیەوە، لە خوێندنەوەی بێدەنگیی کاریگەرتر بوو، بۆیە هەمیشە زۆر جار بەر لە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی، حەزی دەکرد لە کۆڕێکی رێکخراو و جەماوەرییدا بیخوێنتەوە، ئەمەش هەمیشە ئەنجامدەدا. بەراستیش لە خوێندنەوەدا، لەگەڵ شیعرەکانیدا دەسووتا. بۆیە ناچاری دەکردی، لەگەڵی بسووتێی.

***

بەڵام لێرەدا  حەقە خەڵک  بە گشتیی ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن: ئاخۆ  لەو دەمەی کە کەیسی  ئەو هەژدە کچە فرۆشراوە بە مەلهایەکانی میسر هاتۆتەوە رۆژەڤێ،  یان کۆستی  ئەو ژن و مندال و پیرە مەدەنیی و بێدەستەڵاتانەی کوردانی سوریە  کە لە ترسی دڕندەیی چەتەکانی بەرەی ئەلنصر و  بریندار و دیل دەکرێن، دەبێ دڵ، رووح و جەستەی بریندار و هەتککراوییان چۆن بێت لە کوێ و چۆن چارەسەر بکرێن؟ ئاخۆ کەسەری ئەو هەژدە کچە ئەنفالکراو و فرۆشراوانە بە میسر و ئەو هاووڵاتییە بێگوناهانەی کورد کە هەنووکە لە سوریەدا بە دەستی ئەو گەلەکۆمەکێیەی بەرەی ئەلنصرا و وڵاتانی ئیقلیمی دەناڵێنن و لە ماڵی خۆیان دەربەدەر بوونە گرینگتر و مرۆڤانەترە یان غەمی شاردنەوەی تەرمی شێرکۆ بێکەس؟

لێرەوەمرۆڤ لەو سووپایە خوێنداوارەی فەیسبووک، بە تایبەتیش ژن و پیاوی چاڵاکگەلی بواری ژن و ئەنفال چاوەڕوان دەکا، پەیجێکی تایبەت بۆ کەیسی ئەو هەژدە کچە کوردە ئەنفالکرا و فرۆشراوە بە مەلهایەکانی میسر بکەنەوە و گفتوگۆیەکی کراوە دروست بکەن. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە بەو کارە ئەو قەدەری ئەو ١٨ کچە ئەنفالکراوە فرۆشراوانە چارەسەر بێت چونکە ئەو کارە ئەرکی حکومەتە و پێویستیشی بە بەرنامەیەکی تۆکمەیە، هەروا ئەو کارە وەک باوە، نەک بۆ شین و دروشم و رقهەڵڕشتن بەم و بەو بێت، بەڵکو بۆ بیرکردنەوە لە دۆخی ژنی کورد و پرسی کورد، یان لە پێناو خوێندنەوەی دۆخی ژنی کورد وەک تایبەتمەندنییەک لە چەوساندنەوەی دووانەیی، نەتەوەیی و رەگەزیی. پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ فێمێنیستی کورد و بە تایبەتیش فەیسبووکیی، تەنێ ئەوکاتە چاڵاکە و قسە لەسەر چەوساندنەوەی ژنی کورد دەکا کە لەسەر شەرەف دەکوژرێ و بە تایبەتیش کە مێدیایەکانی ئەوروپا ئەو باسەیان بۆ زەق دەکەنەوە؟ 

ئاخۆ لەو دەمەدا کە دۆزی ئەو ١٨ کچە کوردە ئەنفالکراوە فرۆشراوانە بە مەلهایەکانی میسر لە درامایەک دەکرێ و ژنی کوردیش لە خۆرئاوا وەک کەنیزە لە لایەن بەرەی ئەلنصرا هەتککدەکرێ، ئەرک و غەمی گرووپێکی ژنی خاوەن گۆڤار و رێکخراو لە بواری ژن و ئەنفالی کورد ئەوەیە کەمپین و واژوو بۆ رێگەدان بە شاردنەوەی تەرمی کاک شێرکۆ بێکەس لە “پارکی ئازادی” لە سلێمانی بەڕێبخەن؟!

تشتێکی نوێ ناڵێم کە دەڵێم، ژنی کورد، هەروەک پیاوی کورد، هێشتا لە توانای نییە بە خۆی بیر لە دۆخ و کێشەکانی چەوساندنەوەی ژن و نیشتمانیی بیر بکاتەوە و پرسیار دروست بکا، بەڵکو چاوەڕوانن لە لایەن دەستەلات و میدیای دەرەوەی خۆیانەوە  پرسیار و بابەتییان بۆ ساز بکرێت.  بندەستی کولتوورێکی بۆ کورد سازاندووە کە هەمیشە چاوەڕوانی ‌هێزێکی دەرەکیی بووە مێژووی بۆ دروست بکا، بیکا بە دەوڵەت و مافی ژنیشی بۆ بەرقەرار بکا.

***

 لە دۆخی هەژەندەهێنەری کچانی ئەنفالکراوی فرۆشراو بە مەلهایەکانی میسر و منداڵ و ژن و پیاوی دیلکراوی بێوەیی و  بریندەرەکانی کوردانی سوریە، کە دەزانم هەزاران هاووڵاتیی بێگوناهی سوریەش لە دەستی ئەو جەنگە دڕندانەی کە لەوێدا لە ئارادایە هەمان دۆخییان هەیە، لێ پرسیار ئەوەیە: ئەگەر شاعیر، نووسەر یان هاووڵاتییەکی ئاسایی لە کوردستاندا تووشی هەمان دەردی گرانی کاک شێرکۆ بوون، دەتوانن بێن لە خەستەکانی سوێد و ئەوروپا چارەسەر بکرێن؟ بەڕاست، وێڕای  بوونی بازرگانییەکی گەورە لە کوردستاندا بە دەرمان، بوونی سەتان خەستەخانەی سەیر و سەمەرەش، بەڵام بۆ کەسێک باس لە نەبوونی چەند خەستەخانە و دختۆر و دەرمانی بڕوا پێکراو و دروست ناکا؟ ئاخر خۆ کوردستان لە پارەی کەم نییە، لە نەبوونی دختۆری کەم نییە، ئەدی بۆ دەبی هەر کەسێکی کەمێک پارەدار و دەستەڵاتدار  بوو یان هاووڵاتی وڵاتێکی ئەوروپا بوو کە نەخۆش بکەوێت، سەر بۆ ئەوروپا و وڵاتانی ئێران و کەنداو هەڵبگرێ؟  من خۆم لە پار و پێرارساڵ کە چوومەوە کوردستان، تووشێ هەڵامەت و سینگ هەوکردن بووم، خەستەخانە و دەرمان نەما تاقینەکەمەوە، کەچی هەر چاک نەبوومەوە. دواجار ئەگەر زوو نەگەڕابامەوە سوید، رەنگە بە ئاسانی لەو هەوکردنەی سینگ رزگارم نەدەبوو. 

ئەدی ئەوەی توانای نەبێ سەفەر بۆ وڵاتانی دەرەوەی کوردستان نەکا، ئاساییە با بمرێت؟  ئەدی ئەگەر سبەی کچێک یان هەر کەسێکی تر، وەک ئەو کچە لاوەی کە لە شارەزوور بە ژەهری دووپشک ، وێڕای ئەو هەموو بازاڕی دەرمانە، لەبەر نەبوونی دەرزییەکی دژە دووپشک گیانی لە دەست دا،  دووپشک پێی وەدا، سەر بۆ کوێ هەڵبگرێت؟ 

***

لێرەوە، وێڕای خەختکردنەوە لە ئەزموونی شیعریی و غەمخۆرییەکەی شێرکۆ بێکەس، هەروا پیشکەشکردنی شیعرەکەی بۆ کوردانی خۆرئاوا و وەسییەتەکەی کە حەزی کردووە بەو میراتە ماددییەی خۆیەوە خەڵاتی شیعری بە ناوی بێکەس و قاوەخانەیەک لە نزیک گۆڕەکەیەوە دروست بکرێت، – هەرچەند لە کوردستاندا خەڵاتی شیعر و ئەدەبیشمان یەکجارە زۆرە،  هەر ساڵێ پار ئەو رێژە خەڵاتەی کە لە کوردستاندا بەسەر شاعیراندا دابەشکرا، رەنگە  وڵات هەبێ بە چەندین ساڵ بە قەد ساڵی پاری کورد، خەڵاتی شیعریی نەبەخشیبێت. بەڵام، وێڕای ئەمەش، دەکرێ دەزگەی سەردەم ئەو خواست و خەونانەی بۆ کاک شێرکۆ بە واقیع بکا، خۆزگە خۆی لە سەرمەرگدا، یان هەنووکە خێزان و منداڵەکانی وەسییەت  دەکەن کە بەو میراتەی کە لە دوای خۆیەوە بەجێهێشتووە، خەستەخانەیەکی چاکی وەک سوێد بەناوی شێرکۆ بێکەسەوە لە سلێمانی دروست بکرێت، تا لە داهاتوودا ئەو هاووڵاتیی و شاعیر و نووسەرانەی کە کەم دەرامەت و بێ پشت و پەنان و بۆ چارەسەری نەخۆشەکانیان ناتوانن سەفەر بۆ دەرەوەی کوردستان بکەن، لەوێ خۆیان چارەسەر بکەن. هەروا لەگەڵ ئەو دوا کورتەی شیعرەی کە بۆ کوردانی لێقەوماوی خۆرئاوا نووسیویەتی، وەسییەتی کردبا کە بەشێک لەو میراتەی بۆ زاڕۆک و ژن و دایکە ئاوارەکانی ئەوان تەرخان بکرێت.  چونکە،  وەک دروشم و بانگەشەی “کۆنگرەی نەتەوەیی” ئەگەر نەبن بە کردە، مانایەکییان نابێت. ئەوەتا هەنووکە کوردانی  کوردانی سوریە بە گەلەکۆمەکێی دومنانی کوردەوە گەمارۆدراون و ژیان و ماڵێیان تاڵاندەکرێت، لەولاشەوە، بە هۆی بەرژەوەندیی ململانێی حیزبییەوە، سنووریی کوردستانییان لەسەردا داخراوە، کە تاکە سنوورە بە هانایانەوە بێت. کەواتە غەمخۆری بۆ کورد و کوردستان هەر شیعر و دروشمی گەرم بێت، خۆ دروشم و بانگەشەی زلە بێکردەی ئەو حیزبانەی کە نوێنەری “کۆنگرەی نەتەوەیی” دەکەن، زۆر رازاوە و زلن!

  بە هەمان شێوەش بە تایبەتیش کە کەسێک توانای ماددیی هەبێت،  ئەوە شیعر بە تەنیا لەو دەمەدا بە هانای کوردانی سوریەوە نایەت، بەڵکو تەنێ کۆمەکیی کردەیی دەتوانێت بە لای کەمییەوە کەمێک لە ئازارەکانی ئەو ژن و زاڕۆکانەی کە مەرگ راوییان دەنێ کەمبکاتەوە. ئەوکات ئەو جۆرە وەسییەتانە لەم دۆخەی کە چ هاووڵاتییانی لێقەوماوی باشوور و چ خۆرئاوا تێیدا دەژین، دەبوو بە شیعرێکی جوانی هەمیشە تەواو نەبووی کاکە شێرکۆ بێکەس. 

2013.8.5

هەندرێن ستۆکهۆلم

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.