Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کوردستان لە فیدراڵیەتەوە بۆ کۆنفیدراڵی

کوردستان لە فیدراڵیەتەوە بۆ کۆنفیدراڵی

Closed
by July 22, 2012 گشتی

 

 

 

ئەو فیدراڵیەتەی کە ئەمڕۆ کورد لە کوردستانی عێراق دا هەیەتی خەڵات و بەخشیشی کەس نییە، کورد، قوربانییەکی هێندە زۆر و گەورەی داوە لە پێناوی سەندنی مافی فیدارڵیەتەکەیاندا، کە لەبەر زۆریی و گەورەیی و درێژخایەنیە مێژووییەکەی کەس لە توانایدا نییە پێوانەی بکات.  کورد و خەباتگێڕانی کورد، هەرچ ناوێکیان لێنرابێت لە لایەن حکومەتە ستەمکارەکانیانەوە، وەک، هەڵگەڕاوەکان، یاخیبووەکان، یاسا شکێنەکان، یان شۆڕشگێران، ئەمانە ناتوانێت ئەو ڕاستینەیە بشارێتەوە کە لای هەمووان ئاشکرا و ڕوونە کە کورد سەرشۆڕی و ژێردەستەیی و ستەمکاریی قبوڵ ناکات و خامۆش نابێت.

فدراڵیەتی کورد، یان هەرێمی کوردستان، لە خەونی نەک هەموو کورد، بەڵکو لە خەونی ئەو مناڵە کوردانەش بچوکترە، کە ئەمڕۆ ناچار نییە بەوەی فێری زمانێک بن جگە لە زمانی خۆیان، فێری گۆرانیەک بن جگە لە گۆرانی خۆیان، ڕانەوەستن بۆ هیچ ئاڵایەک جگە لە ئاڵای خۆیان، بەڵکو کورد و مناڵانی کورد خەون بە شتگەلێکی ترەوە ئەبینین، کە چیرۆکەکانیان و گۆرانیەکانیان و سروشتی کورد و کوردستان لە ناخیاندا ئەو خەونەی بە جۆرێک  ڕواندوە، بووە بە هەستێکی قوڵ و گوزەر ئەکات وەک خوێن کە چۆن گوزەر ئەکات بە دەمارە خوێنینەکانیاندا، سەرچاوەی ئەو هەست و خوێنەش دڵیانە. کورد و مناڵی کورد خەون بە شتێکەوە ئەبینن کە شەهیدەکانیان بۆ ئەو خەونە چاوی یەجگارییان لێکنا، “نیشتیمانێکی کوردی سەربەخۆ”، نە پاشکۆ و نە وابەستەبێ، جوان و ڕازاوە و گەورەبێ وەک جوانی و ڕازاوەیی و گەوەرەیی کوردستان و  کێوە بەرزەکانی کوردستان.

فیدراڵیەتی کوردستانی لە عێراق دا ئامانجەکانی خۆی پێکا و قۆناغی خۆی بڕی و هیچیتر سودی نییە، گواستنەوە لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێک کە گونجاوبێت و هاوئاهەنگبێ لەگەڵ گۆڕانە سیاسیی و کارگێڕییەکان و سروشتی هەستی ویژدانیی و سیاسی و ڕۆشنبیریی گەلی کوردا.

فیدراڵیەتی کوردستان بووە بە کۆتوبەند و ئاستەنگ لەبەردەم گەشە و پەرەسەندنی کوردستاندا، چ لەسەر ئاستی خۆ سازدان و ئاوەدانیی، یان لەسەر ئاستی پێوەندە سیاسیی و حوکومییەکان لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

دوو خوێندنەوە و دوو تێگەیشتنی جیاواز لەسەر فیدراڵیەت هەیە لە لای هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەندی عێراق و حیزبە سیاسییە عەرەبییەکان بەو جۆرە دەڕواننە فیدراڵیەت کە ڕێکخستنێکی ئیدارییە و فڕی بەسەر ڕێکخستنی سەربەخۆیی ئیدارییەوە نییە، بەو جۆرەی کە ئەبێت کوردستان ملکەچ و لارە مل بێ نەک هاوسەنگ و چوونیەک.

حکومەتی عێراقی بڕوای وایە کە ئەبێ فیداڵیەتی کوردستان فیدارڵیەتێکی ئیداریی بێ، واتا حکومەتەکەی کوردستان وەک بەڕیوەبری کوردستان وایە نەکە وەک خاوەن ماڵ لە ماڵی خۆیدا.  حکومەتی کوردستان هەرچ جوڵە و بڕیارێک وەربگرێ، بۆ حکومەتی عێراقی ئەبێت بە شڵەژان و وەرسبوون چوونکە خۆی بە بەرزتر و گەورەتر ئەزانێ بە گوێرەی تێگەیشتن و خوێندنەوە بەرتەسکەکانی بۆ فیدراڵیەت و سنوردارکردنی واڵادەستی حکومەتی کوردستان بە ئەندازەی بەڕێوەبەرێک و هیچیتر. 

ململانێی نێوان گەلی کورد و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لەسەر حوکمڕانی ئیداری نەبووە، بەڵکو ئەوساو ئێستاش لە پێناوی سەربەخۆیی و بەدیهێنانی سەربەستی نەتەوەی کوردا بووە، سیاسییە عێراقی و عەرەبییەکان لە کاتی کێشەو جیاوازییەکاندا ئەم ڕاستینەییەیان بیر ئەچێتەوە، یان لە بیری ئەکەن.  فیدراڵیەت لە زەینی حیزبی کوردی و گەلی کوردیدا هیچیتر نییە جگە لە فیدراڵیەتی نەتەوەیی نەبێ، بۆ ڕێکخستنی پێوەندی نێوان دوو نەتەوەی جیاوازە کە هاوبەشییانکردوە لە عێڕاقدا.

فیدارڵیەتی ئیداری ئەو فیدارڵیەتەیە کە بۆ ڕێکخستنی ئیداری نێوان ناوچەکان و پارێزگاکان دێتە ئاراوە، بەڵام هیچ مانایەکی نییە و سودی نییە کە بۆ ڕێکخستنی پێوەندی نێوان گەلان بێتە ئاراوە، بە تایبەتی بۆ گەلێکی وەک گەلی کورد، کە خاکەکەی بە جەستە و لاشەی پیاوان و ژنان و مناڵانی خۆی چاندوە، شار و شارۆچەک و دێهاتەکانی وێرانکراون و، باخوباخات و کێڵگەکانی سوتێنراوەو، ئاو و سەرچاوەی ئاوی ژەهراویکراوەو، کۆرپەلە لە سکی ژنانیدا کوژراوە.

گەلی کورد ئەگەر گرێدراوی ئازادیخوازانی گەلی عێراق بێت بە هاوبەشی لە خەبات و تێکۆشان و نزیکبوون و دۆستایەتی و کارکردن، وە ئەگەر جیاوازی دابونەریت و کەلەپور و فەرهەنگییان هەبێت، بەڵام جیاوازی گەورە لە خەونە نەتەوەییەکەیدایە، کە کەس ناتوانێ تیشکەکەی بکوژێنێتەوە، یان ئەو گڕە خامۆش بکات، یان بیگۆڕێ بۆ بێ هیوایی، ئەویش خەونی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆیە، ئازادیخوازان و خەباتگێران لە هەموو جیهاندا هاوبەشی ئەو خەوەنەی گەلی کورد ئەکەن، ئومێدەوارین شیرینی و خۆشی بەدیهێنانی ئەو خەوەنە ببینین و بچێژین. 

فیدراڵیەت بەدیهات و ئامانجەکانیشی بەدیهاتن و، کوردستان یەکیگرت لە ڕووی ئیدارییەوە و، بوو بە خاوەنی ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و سوپا و هێزی پۆلیس و ئاسایش و دەستگاگەلێکی ئیدارای و دادوەری و بانک و کۆمپانیا گەلێک، بەڵكو کوردستان بە پێشکەوتن و ئاوەدانی و یاسا شارستانیەتییەکانیەوە سەرکەوتوترە لە حکومەتی ناوەنی.

ئەگەر بارودۆخی دەوڵەتیی و ناوچەیی و هەرێمی ڕێگە نادات بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا، باشتروایە و ڕاسترە کە یەکێتیەکی کۆنفیدراڵی لە نێوان عێراق و کوردستاندا بێتە ئاراوە و بەرژەوەندی هاوبەشیی هەردولا ڕابگرێ.

بەڵام دەربارەی ناوچە ناکۆکەکان و ئەو کێشەیە، باشترین شت ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاریبکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەگەر بە گوێرەی ئاماری ڕێژەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەو ڕاپرسی چارەسەر نەکرا. 

کێشەی ئەو ناوچە ناکۆکانە بۆیە چارەسەر نەکراوە چوونکە کێشەگەلێکە کە فیدراڵیەت و کەمتەرخەمی فیدراڵیەت لە توانایدا نییە بیکات بە کێشەیەکی گرنگ و یەکەمێتی بداتێ بۆ چارەسەرکردن.  

کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان، بەدیهێنانی خەونی نەتەوەیی کوردە لە جیاتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، دڵنیابوونییەتی لە ڕەوینەوەی ترس لە دەوڵەتانی نارەزای ناوچەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

کۆنفیدراڵی ئەبێت بە یەکێتیەک لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا کە کار ئەکەن بۆ پێشکەوتنی وڵاتەکانیان بۆ ئابوورییەکی کامڵ و سود وەرگرتن لە پێکهێنانی بازاری گەورە بۆ هەردوو لایان، لەم حاڵەتی کۆنفیدارڵیەتەدا پێوەندیەکان ئەبێ بە پێوەندیەکی هاوکاری و یارمەتی لە جیاتی پێوەندی کێبڕکی و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەویتردا، وەک ئەوەی کە ئێستا لە تێگەیشتنی هەڵەی فیدراڵییەوە، یان کەمتەرخەمی فیداڵییەوە ئەگوزەرێ لە نێوان حکومەتی ناوەندی و فیدراڵیەتی کوردستاندا. 

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=316024

 

نووسینی:       مالوم ابو رغيف 

لە عەرەبییەوە: جیهاد موحەمەد

سەرچاوە/ حوار متەمەدن

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.