Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کورد لە جەنگی جیهانی سێیەمدا

کورد لە جەنگی جیهانی سێیەمدا

Closed
by January 8, 2013 گشتی

 

 

“دەهۆڵی جەنگی جیهانی سێیەم لێدەدا ئەوەی نایبیستێ کەڕە” ئەوە قسەی هینری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئەمریکایە کە لە دیدارێکدا لە گەڵ رۆژنامەی “دەیلی سکیب”ی ئەمریکیدا سازی دابوو. کیسنجەر لەو دیدارەدا وتبوی “یەکەم تەقەی شەڕی جیهانی سێیەم لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات”.

ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ئێران گوێ بە گەمارۆی ئابوری نادات و سەرێکەو هاوردویەتی و تا چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێ کۆڵ نادات، ئەمریکاو ئیسرائیلیش دەیانەوێ بە هەر شێوەیەک بێت ئەو ئاواتەی ئێران لە گۆڕ نێن، بەڵام دەیانەوێ پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە، وڵاتان و گەلانی ناوچەکە لە دژی ئێران بوروژێنن.

ئاشکرایە ئێرانیەکان تا ئێستاش هەموو شەڕەکانیان لە دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەیاندا بەڕێوە بردوە، پێ دەچێ لە چەند مانگی ئایندەدا بەرەی جەنگ لە سوریا هەرەس بهێنێت و عێراق ببێتە نزیکترین گۆڕەپانی ئەودیو سنورەکانی ئێران، هەر بۆیە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی ئەوەدان هێزە سیاسیەکانی عێراق بۆ لای خۆیان پەڵکێش بکەن و شوێن پێی خۆیان بە شێوەیەک قایم بکەن بەلای کەمەوە تا دەگەنە مەرامەکانیان شەڕەکە نەچێتە خاکەکەیانەوە.

عەرەبی شیعەو سونەی عێراق دەمێکە بەرەی خۆیانیان دیاری کردوە. بە واتایەکی دیکە ئەوە تەنها ئێمەی کوردین کە یەک دەنگ نین و بەرە و بەرژەوەندیەکانی خۆمانمان لێ تێکچوە. بەلای ئێرانیەکانیشەوە کێشەکە تەنها لە هێزە سیاسیەکانی کوردایە کە نەیانتوانیوە خۆیان ساغ کەنەوە، بۆ ئەوان ئەوە مەسەلەیەکی حەیاتیە، چونکە سنورێکی دوروو درێژیان لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە نەک کار بۆ بێلایەن کردنیان دەکەن، بەڵکو ئەوپەڕی توانایان دەخەنە گەڕ تاوەکو کورد بهێننە بەرەکەی خۆیانەوە. ئەو گوشارانەی مالکی بەشێکن لەو هەوڵانەی ئێران بۆ ناچار کردنی کورد بۆ هاتنە ژێر بار.

لە ناو هێزە سیاسیەکانی کورددا ئەوە تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بە چاوی داخراوەوە و لە بەر بەرژەوەندی خۆیان دەچنە بەرەیەکەوە کە تورکەکان (دوژمنە دێرینەکەی کوردان) و ئیخوان موسلمین سەری رمەکەین. پاساوی پارتی ئەوەیە “چار ناچارەو هەر دەبێ لەو بەرەیەدا بین”،  و گوشاریش دەخەنە سەر هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئەوەی نەک هەر تەسلیمی ئەو بەرەیە ببن، بەڵکو  واز لە خەباتی چەکداریش بهێنن.

غیابی مام جەلال لەم کاتەدا بە زیان بۆ ئێرانیەکان تەواو بوو، چونکە لە چەند ساڵی رابردودا تاڵەبانی توانیبووی هاوسەنگیەکان بپارێزێت و خۆی و ‌حزبەکەی بەسەر هیچ بەرەیەکدا ساغ نەکاتەوە. بۆیە ئێران لەوە دەترسێ پارتی لاوازی یەکێتی بقۆزیتەوەو پەلکێشی بەرەکەی خۆی بکات. لەو کاتەدا ئێرانیەکان ناچار دەبن بەو چاوە تەماشای هەرێمی کوردستان بکەن کە تەماشای ئەنبار و تکریت و نەینەوای پێدەکەن.

بە کورتی و بە کوردی دەمەوێ بڵێم لەو جەنگە چاوەڕان کراوەدا کورد هیچ بەرژەوەندیەکی لەوەدا نییە خۆی بەسەر هیچ بەرەیەکدا ساغ کاتەوە، بە تایبەتی گەر بیانوی جەنگەکەش ململانێی نیوان شیعەو سونەدا بێت، چونکە دەبێتە هۆی بە تاڵ کردنەوەو لە دەستدانی رەوایەتی کێشە نەتەوەییەکەمان و داپۆشینی بە بەرگی مەزهەب.

لە راستیدا یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی چاوەڕوان دەکرێت لەو جەنگە بکەوێتەوە ئەوەیە داگیر و دابەشکردنی کوردستان بۆ هەتا هەتایە بکاتە ئەمری واقع.

 

مەجید ساڵح

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.