Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

کونفرانسی جنێڤی دوو، تورکیایەکی دۆڕاو و کونە زەردەواڵایەکی لێکوروژاو

Be First!
by December 27, 2013 گشتی

 

 

 

لە مانگی ژانوویەی ساڵی داهاتوودا، واتا نزیک یەک مانگی دیکە “کونفرانسی رێنڤی دوو”، بە مەبەستی دتینەوەی چارەسەری، یا باشترە بڵیم خۆدەربازکردن و دزینەوە  لە قەیرانی خوێناویی شەڕی ناوخۆی سووریە پێک دێت. ئەم بابەتە چاوێک لە هەلومەرجی ئێستای تورکیە و لایەنەکانی دەرگیر، لەوانە رۆژئاوای کوردستان  لە قەیرانی سووریە دەکات پێش بەسترانی ئەو کونفرانسە.

دوو ساڵ و نیو زیاتر لەمەوبەر کاتێک کە خەڵکانی تووڕەی سووریا دەستیان بە نیشاندانی نارەزایی دژ بە دەسەڵاتی بەشارئەلەسەد کرد، وا پێ نەدەچوو کە کۆمەڵێک ئیسلامی تیرۆریستی چەتە و کۆنەپەرست جڵەوی ئەو بزووتنەوەیە بە دەستەوە بگرن و بەرەو ئەو شوێنەی ببەن کە ئێستا تیایدایە.

پێموایە هیچ کوردستانییەکی هۆشیار چاوەڕێی ئەوە نەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریایی مافی نەتەوەیی و دیموکراتیکی کورد بسەلمێنێت و جۆرێک لە ڕچە لە بواری سەلماندنی کورد و خەباتە رەواکەیدا بشکێنێت و خۆی بکات بە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە خەباتی ئازادیخوازیی. نیشانە زۆر بوون کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی سووریا هەروەکوو ئەوی ئێراق و تورکیا و ئێران تا سەر ئێسک دژ بە کورد و کوردستان و خەباتە ئازادیخوازییەکەی  دەبن. ئەمە لە مێژوودا و بە چەندین شێوە تاقی کراوەتەوە و دیتراوە.

دژایەتیکردنی کورد دەگەڕێتەوە بۆ هۆی سرووشتیی. ئۆپۆزیسیۆنی سووریایی هەر لە یەکەم ساتەکانی ژیانیدا لە ئەستەنبوڵ، لە باوەشی تورکی عوسمانی و بە “مامان”نی ئەو تورکانە چاوی بە دونیا هەڵهێنا کە لە مێژوودا بە سەرکوتی کورد و ئاسوور و ئەرمەن و لاز و چەرکەس و ئەوانی دیکە تورکیایان دروست کرد. لەبەرئەوە ئەرکی پێسپێردراوی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ناڕەسەنە نادروستە هەر لە سەرەتاوە بە پلەی یەکەم دژایەتی خەڵکی کوردستان و خەباتەکەی بوو. پەیامی تورکەکان هێشتنەوەی یەکایەتی خاک و زمان و ناسنامەی عەرەبیی سووریا بوو، وەلێ بە یەک دانە گۆڕانکارییەوە، کە ئیتر لەمەولا، ناسنامەی مەزهەبی سووریایی (کە ئەویش دروستکراو و داسەپێندراوە) لە عەلەوەییەوە بگۆڕدرێت بە سوننی.

بە واتەیەکی دیکە تورکەکان زۆر باش بیریان لە بەرژەوەندیی خۆیان کردبووە، کە بە خوێنی ئیسلامیستی دواکەوتووی گێل و گەڕی کۆنەپەرستی عەرەب، هەم لە خەباتی ئازادیخوازی کوردستان بدەن و هەمیش ناسنامەی سوننە بە سەر حەوشەگەورەی خۆیان ڕوو بە خوارەوە بەرەو سنوورە کۆنەکانی ئیمپراتۆری عوسمانیی، بسەپێنن.

چاوبرسیەتی تورکەکان کەمێک لەوەش زیاتر بوو. واتا بە تەمابوون لەو سەرکەوتنە ئاییندەییەدا، ئەجێندای خۆیان بە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکا و خۆرئاوادا بسەپێنن و کارتێکی گەورەتر و کاریگەرتریان بۆ فشار بۆ سەر یەکیەتی ئوروپا پێبێت. پێیان وابوو فەوتاندنی کورد باڵندەیەکە و لە مشتیاندایە.

ڕژیمی سووریا بە ڕاوێژکاری زرینگی وەکوو ئاخوندەکانی قوم و بە پشتگیریی ملوێنەها شیعەمەزهەبی بە گومان لە حوکمی ئەلقاعیدە و سەلەفی و شێوەکانی دیکەی تاقیکراوەی ئیسلامی سوننە، کەمێک بە پشووەوە دەستی بە پەرچدانەوە کرد. بەشارولئەسەد پێش هەر شتێک ئۆپۆزیسیۆنی سووریایی بە نۆکەری ئەمەریکا و خۆرئاوا و ئیسرائیل تۆمەتبار کرد و ناوزراند. ئۆپۆزیسیۆن کە تازە بە تازە بەڵێنی لە واشینگتۆن و لەندەن و پاریسەوە پێ دەدرا و پارەی سعودیە و قەتەری بۆ ئامادە کرابوو و لە ئەستەنبوڵیش میوانداری شاهانەی دەکرا، لە دەرکەوتنی خۆیدا لە سەر دەیان بڵندگۆی جیاوازی عەرەبیی و جیهانیی، لە وەڵامدانەوەی ڕژیمدا دژایەتی خۆی دژ بە ئیسرائیل و  ئەمەریکا دووپات دەکردەوە و ئەوی بەدەمیدا دەهات دژ بە ئەمەریکا و ئیسرائیل و خۆرئاوا، نەیدەگەڕاندەوە. ئۆپۆزیسیۆن زوو کەوتە ئەو هەڵەیەوە کە لە “خێو”ی خۆی هەڵبگەڕێتەوە.

تورکیا کە زوو بۆی دەرکەوت کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە دەتوانێت لە بواری دژایەتی کورددا خزمەتی کۆرت خایەنی بکات، بەڵام لە درێژخایاندا هیچ پێ ناکرێت، دەستی کرد بە هێنان و پڕچەککردنی ئەلقاعیدە و ئەنساروئیسلام و شێوەکانی دیکەی گرووپی ئیسلامیی توندڕەو . تورکیا لە هەوڵی خنکاندنی دەنگی ڕۆژئاوای کوردستاندا بە پەلە بوو.

کات ڕۆیشت و ئۆپۆزیسیۆنی بە ناو سایکۆلاریستی سووریایی خەسڵەتی کۆنەپەرستانە و دژی ئازادیخوازنەی خۆی نیشاندا و باشترین زەمینی شۆڕشگێڕیی و شانازیی و ئامادەی لە سووریا، کە دیارە کوردستانە، لە کیس خۆی دا. هەموو ئەو هێزە ئیسلامیستە سوپەر ماسیستە توندڕەو و زەبرگیرانەی کە بە پارە و خۆراک و ئاو و مەشقی تورکەکان کۆک کرابوون و دەکران و ئێستایش دەکرێن، نیشانیان دا کە کاتێک لە سەر حوکم بن دەتوانن چ دۆزەخێکی سەرزەمین بۆ مرۆڤی کریستیان و کورد و عەرەبی سایکۆلار دابخەن. لەگەڵ ئەوەیشدا کە دروشمی سەرەکیی ئەم ئیسلامیانە دەبێت ”جیهاد“ بێت، بەڵام دەرکەوت کە لە دۆخی کوردستاندا ئەویش دووڕوویەکی سیاسیی دیکەیە و  ”جیهاد“ شەڕکردنە دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد.

هاواری فەڕەنساییەکان هەر پاش ساڵێک شەڕ، کە تەنانەت حکومەتی تاراوگەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە ڕەسمیی بناسرێت و باڵیوزگای ڕەسمیی لە دونیای خۆرئاوا و لە وڵاتانی ”هاوڕێیانی سووریا“ بکەنەوە و هتاد. بە هۆشیاری دانی ئەمەریکا، کە لەندەن و پاریسی وەخەبەرهێنا تا دەست لەو کارە هەڵبگرن، کۆتایی پێهات. ئیسرائیل و ئەمەریکا زۆر لەوەزیاتر بەڵگەنامەیان لە سەر دەستتێوەردانی تورکەکان لە سووریا، لە سەر پەرتەوازەیی و پارچەپارچەیی و هەرکەس بۆخۆیی و نادیموکراسیبوونی ئۆپۆزیسیۆن، و لە سەر مەترسیی هێزگەلی ئیسلامیی تیرۆریستیی و ناپابەندبوونیان بە هەر جۆرێک لە حوکمی مەنتیق و لە ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاواز، کۆ کردبووەوە. هۆشیارکردنەوەی تورکیا لەلایەن ئەمەریکا و هاواری بەردەوامیی ئیسرائیل کە تورکیا زۆر خراپتر لەوەی چاوەڕووان دەکرێت دەستی لە سووریا وەرداوە، بەشێکی گرینگ لە مێژووی ساڵ و نیوی ڕابردووی سووریایە.

ڕوونکردنەوەی ئێران و سووریا بۆ خۆرئاوا کە چوونی دەیان هەزار لە حیزبوڵای لوبنانی و ئێرانیی بۆ سووریا، یارمەتیدانی ڕژیم نییە، بەڵکو بۆ نموونە، پاراستنی پیرۆزایەتی سیدە ”ئەلزەینەب“ ـە لە ڕک و کینە و تووڕەیی ئیسلامییە سوننە مەزهەبیە تیرۆریستەکان، زەنگێک بوو کە ئێران ناراستەوخۆ کارتی شەڕی مەزهەب، یان ڕاستتر مافی مەزهەب بۆ خۆپاراستن، نیشانی ئەمەریکا و خۆرئاوا دا.

هەوڵی ئەوانەی خۆیان بە ”هاوڕێیانی سووریا“ ناوزەند کردووە کە بە جۆرێک چارەسەری میانڕۆ لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدا بدۆزنەوە، ئاماژەیە بە گرتنی کۆبوونەوەیەک بە ناوی جنێڤی دوو. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتتدا رووەو گرتنی کۆبوونەوەی جنێڤی ٢، کەبڕیار وایە لە ٢٢/١/ ٢٠١٤ بگیرێت، دۆخی سیاسیی سووریا، بە چەندین هۆ، لە هەر کاتێکی دیکە ناڕۆشنترە.

– پارسەنگی هێز بە لای هیچ لایەنێکدا/ هاوپەیمانیەکدا نەشکاوەتەوە و لایەنەکان تا ڕادەیەکی باڵا هاوسەنگن، هەرچەند لەم دواییانەدا لەوە دەچێت ڕژیم کەمێک دەستی باڵاتر بێت.

– ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە هەر کاتێکی دیکە پەرش و بڵاوتر و تووڕەتر و بێ تۆلەرانستر و ناهاوئاهەنگتر و بێ ستراتیژییە.

– ئەمەریکا و خۆرئاوا بە گشتیی هیچ باوەڕێکی سیاسیی و سەربازییان بە ”ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا“ نەماوە و لەوەش ناچێت نەخشەرێگای تایبەتیان بۆ ئامادە کردبێت و هەرچەندە ڕوو بە دەرەوە نایدرکێنن، بەڵام دەزانن کە لە توانایدا نییە ڕەشمەی سیاسیی و سەربازیی دژ بە ڕژیم لە دەست خۆیدا بهێڵێتەوە.

– خۆرئاوا و ڕووسیا و چین و وڵاتانی ناوچەکە بە رۆڵ و مەبەستی تورکەکان ناڕەحەتن و ناتوانن بەرەژەوەندیی خۆیان بخەنە خەتەری متمانەکردن بە تورکەکان. ئەوانە دەزانن تورک بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە.

– تورکیا، پاش هەموو ئەو هۆشیاری پێدان و ئاگادارکردنەوانەی کە ئەمەریکا پێی گەیاندووە، توانای سیاسیی نییە کە بە ئاشکرا هەمان یارمەتی لۆجێستیکی و سپایی و مەشق بە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بدات و بە درۆ و بە سەرزارەکییش بێت رای دەگەیەنێت کە ئیتر نایکات.

– ئەمەریکا و خۆرئاوا، سەرەڕای ئەوەی دەیانەوێت وەکوو نیشاندانی نیەتپاکی بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕێگا بە ئێران بدەن کە لە جنێڤی ٢ دا بەشدار بێت، کە دیارە ڕووسیا و چین زۆریان پێخۆشە ئێران هەبێت، بەڵام هەر لە کردەوەدا هاسان نییە، بەتایبەتی کە سەرتاپای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بە چاک و خراپ و نەرم و توندییەوە، دژی بەشداربوونی ئێرانن لە جنێڤی دوو.

– خۆرئاوا بەلایانەوە گرینگە کاتێک دابنرێت بۆ جێگۆڕکێی دەسەڵات و ڕۆیشتنی بەشارلئەسەد و شایەد بیشیانتوانیایە بیسەپێنن، بەڵام لەبەر نادیاریی ئەڵتەرناتیڤی سیاسیی، بەتایبەتی لە ناڕۆشنی ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیی خۆرئاوادا، لە ڕاستییدا بەشداربوونی خۆیان لە جنێڤی دوو لەم کاتەدا زیاتر سیمبولیکە وەکوو لەوەی پرینسیپیی بێت. ئەمەریکا و خۆرئاوا ناتوانن بەشدار نەبن، چون دەتوانرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەوان هێزی دەستپێشخەریان لە کیس چووە.

– ئێستا کە تەنها ٥ هەفتەیەکی بۆ بەستنی کۆبوونەوەیکی وا گرینگ ماوە، هێشتا لایەنەکان بە رەسمیی بڕیاریان لە سەر بەشداربوونی ئێران، و باقی بەشداربووان نەداوە، کە دەبێت لانی کەم پێش کۆتایی مانگی دوازدە، واتە لە ماوەی هەفتەی ئاییندەدا بڕیار بدەن.

– ئەگەرچی ئەگەری وەدواخستن لە ئارادایە و شایەد وەدواخستنی لە قازانجی هەموواندا بێت، بەڵام هەمووانیش پێیان خۆشە ئەو کۆبوونەوەیە بگیرێت و کونجکاون کە ئەو دەنگ و ڕەنگانە ببیستن و ببینن کە تا ئێستا لە ڕاستییدا کەسیان قسەیەکی کۆنکرێتیان نەکردووە.

– ئۆپۆزیسیۆن بە هەموو باڵەکانیەوە لە خۆرئاوا و بەتایبەتی لە ئەمەریکا و لە وڵاتانی ”هاورێیانی سووریا“ زۆر تووڕەن و تووڕەییەکەیان میچی دەربڕین و دواندنی دیپلۆماسی بڕیوە و پێیان وایە نەک هەر دەستخەڕۆ کراون بەڵکو تەنانەت دەستیان براوە و هەرزانفرۆش کراون. سەرەڕای هەموو نەزانیی و نەدانیی و بێئەزموونیی و لێوەشاوەییەک، زەنرال ئیدریس سالم، پێی وایە دۆستەکانی غەدریان لێ کردووە و پشتیان تێ کردووە.

– هەموو خێوەکان، کە تورکیا و سعودیە و ئەمەریکان، هەریەکە بەرژەوەندییەکی تایبەتیی خۆی هەیە کە لەگەڵ ئەوی دیکەدا یەک ناگرێتەوە. رووسیا ئامادە نییە بە هاسانیی دەست لەو قەڵایەی خۆی هەڵبگرێت و ئێران ڕوو بە دەرەوە سەلماندوویەتی کە ئەمە شەڕی بەرژەوەندیی تاران نییە، بەڵکو خۆپاراستنی دونیای شیعەمەزهەبە لە گەلەکۆمەکێی فاشیزمی سوننە.

سەرباری هەموو ئەم دۆخە ئاڵۆزە، خەڵکی سووریا کە دیارە بە زۆریی دوو لایەنی شیعەمەزهەب و سوننەمەزهەبن، کەوتوونەتە مەیدانی زۆرانبازیی لەگەڵ یەک و وا پێدەچێت تا ساڵانێکی بەئەژماری ئاییندە بێمتمانە و لەیەک بەگومان بن. هاوکات شەڕی هەر هەموو لایەنەکان لە ناوەڕاستی ملوێنەهای سڤیل و خانووبەرە و نەخۆشخانە و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکاندایە. زۆرێک لە پسپۆڕان وا ڕایدەگەیەنن کە ڕەنگە یەک دانە نەوەی سووریا لە کیس بچێت، ئەمە بێ لە مردنی سەدان هەزاران و کەنەفتکەوتنی هێندە زیاتر.

خۆرئاوای کوردستان لە دووڕیانی ئەگەرەکاندا

پارتی یەکیەتی دیموکراتیی و یەکینەکانی پاراستنی گەل نەک هەر کورد، بەڵکو سەرتاپی جیهانیان لەو رووەوە خافڵگیر کرد کە ڕێکخراو و ئامادە و گیان لەسەردەست و بە ورە و شاناز بێنە مەیدانی خەباتەوە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل تا ئێستا توانیوویانە خۆرئاوای کوردستان لە ژێردەستی کورددا بهێڵنەوە و نموونەی گەورە لە فیداکاریی و لە خۆبووردوویی نیشان دەدەن. بێدەنگیی خۆرئاوا و ئەمەریکا هەر بە تەنها پاسیڤ نەبوو لەو رووەوە کە باسی کوردی خۆرئاوا ناکەن، بەڵکو دەشێت وەکوو چاوەڕووانییەکیش ببینرێت کە بزانرێت داخۆ کورد تا چ ڕادەیەک دەتوانێت و دەیەوێت خۆی بپارێزێت. هێشتا جیهان وەبیری ماوە کە چۆن هەمان ڕژیم ساڵی ٢٠٠٤ کەوتە جەستەی کورد. ئەگەر تاقیکردنەوەیەک لە ئارادا بێت، تا ئێستا، کورد سەرکەوتوو بووە.

کێشەی ڕۆژئاوا: دەستتێوەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و فرەدووریی لایەنەکان لە یەکتر

سەرەڕای هەموو دەستکەوتی شایانباس بەداخەوە جۆرێک لە نائارامیی سیاسیی هەیە کە زەرەرمەندە. لە لایەکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەڵبەت بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەستی وەرداوەتە خۆرئاوا. لەلایەکی دیکەوە ئەوانەیش هەن وا بیر دەکەنەوە کە هەموو حیزبێک دەبێت خاوەنی میلیسای خۆی بێت و دەیانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بە مۆدێلێکی ئەو بەشە.

بە پێی ئەزموونی دیتراوی لانی کەم ٢٠ ساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەم دەلیلانەی خوارەوە ناتوانێت ببێت بە مۆددێل بۆ خۆرئاوا:

١. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پراکتیکدا پارتی دیموکراتی کوردستانە. تا ئێستا هیچ کێشەیەکی سەروەریی/ شەرعیەت چارەسەر نەکراوە.

٢. تا ئێستا بە رەسمیی دوو ئیدارەیی/ دوو وەزارەتیی و دوو دەسەڵاتیی لە باشوور حاکمە.

٣. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا یەک بست لە خاکی ناوچە دابڕاوەکان لە کوردستان ئازاد نەکراوە.

٤. کەرکووک بە ئاشكرا بووە بە هێمای شەڕی دەسەڵات و ناتەبایی و نائاهەنگیی و رێکنەکەوتن. تەنانەت لە هێرشی دوو هەفتە لەمەوبەری تیرۆریستانی ئیسلامیست، بێ لەو هەموو زەرەر و زیانە ماڵیی و گیاننیە، جیهان بینی کە شەڕی هەرکەس بۆخۆیی و بە دەم یەکدا قیژاندنی یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە.

٥. ناهاودەنگیی و ناهاوپشتیی و ناهاوبەرەیی لەگەڵ یەک بەرامبەر بە ناوەند، واتە بە حکومەتی مەرکەزی ئێراق، لەو پەڕی خۆیدایە،

٦. دزی و گەندەڵیی و ماشینیەوە و نادادیی و شێوەکانی دیکەی ماف پێشێلکردن، هەر بۆ نموونە تیرۆرکردنی بەرێزی تێکۆشەری کوردستانیی، کاک کاوە گەرمیانی، کە لە ڕووی پەیگیریی دادوەرییەوە لەوە دەچێت لە وڵاتێکی دیکە تیرۆر کرابێت و هیچ پێوەندیەکی بە کوردستانەوە نەبێت. یاخود گرتن و زیندانیکردن و شێوەی بەرخوردی یاسایی و دادوەریانە لەگەڵ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردستانییەی کە گوایا بەردیان لە کۆنسۆلخانەی (بخوێنە: تیرۆریستخانەی) کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتووە. (دیارە ڕۆژهەڵاتیانی ڕێزدار نازانن، بەڵام لە ئەدەبیاتی باشووردا ”بەردفڕێدان“ بە مانای نزمکردنەوەی ئاستی سیاسیی ئەوی دیکە دێت).

٧. هەموو حیزبێک لە باشوور خاوەنی میلیسای خۆیەتی. بە پێی ئەلفبێی سیاسیی دیموکراسیی لە هیچ شوێنێکدا، تا ئەو کاتەی میلیسیای حیزب بڕیار بدات، یاسا و دادوەریی هەرگیزاوهەرگیز بە یەک میلیمەتر و یەک تۆزقاڵ، ناتوانن حاکم بن.

بەو دەلیلانەی سەرێ کە دیارە هەم کەمن و هەم کورتن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بانگەشەی مۆدێلبوون بۆ بەشێکی دیکە لە کوردستان بکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان بێلایەن نییە

١. کاتێک کە فشاری کوردستانیان و جیهانیی گەیشتە ترۆپکی تەحەمول نەکردن، پارتی دیموکراتی کوردستان سنووری لە سەر ڕۆژئاوا کردەوە، بەڵام بە دیوی باشووردا. لە ڕاستییدا هەمووان چاوەڕووان بوون سنوور بە دیوی خۆرئاوادا بکرێتەوە، بەو مانایەی کورد لە وڵاتی خۆیدا بمێنێتەوە، بەڵام بژێوی و سووتەمەنی و شتومەکیان بۆ بنێردرێت. ئێستا هەموو ئەوانەی هێنرانە ئەم دیوی باشوور لە چادردا دەژین و ژیانیان ئەوەیە کە دەبینرێت. ئەوانە کراون بە کاڵای سیاسیی.

٢. داخستنی دەرووازە لە سەر کاک موسلم ساڵح تەنانەت کاتێک کە کورە جەوانە ٢٠ ساڵەیەکەی لە شەڕدا گیانی بەخت کردبوو. لە ئەرکی سیاسییدا خودی گیانفیداکردنەکە شایەد زۆر سەیر نەبێت، بەڵام لە هەموو ڕوویەکی ویژدانیی و ڕەووشتیی و ئەرکی کوردستانیی، شێوەکاری ئاوا مەگەر لە شەرە ناوخۆییەکانی نێوان یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا رووی دابێت کە تا ئێستایش، سەرەڕای بانگەشەی ”حکومەتی هاوپەیمانیی و نیواونیوی دەسەڵات“ شوێنەواری قوربانیانی دیل و گیراو و دەستبەسەری یەکتر لە یەکدوو دەشارنەوە.

٣. ئەو هاوپەیمانییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ تورکەکان هەیەتیی تەنانەت دەچێتە بازنەی دژایەتیکردنی هەندێک خەتی ستراتیژیی ئەمەریکایشەوە، نەک هەر ئەجێندای کوردستانیی. تورکیا بۆ کوردستانیان بریتیە لە مێژووی ئەو دەستە بەدفەڕەی کە کوردی بە خاک سپارد. هەر جۆرە پێوەندیی و هاوکارییەکی بازرگانیی و ئاڵوگۆڕ بە جێی خۆی، بەڵام هاوپەیمانیی لە شێوەی دژایەتی خۆرئاوای کوردستان، نابێت بۆ چرکەساتێکیش قابیلی قبوڵ بێت.

٤. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت”پ ی د“ و هەموو ئەوانی دیکە کە هەن، پێکەوە بچنە ناو ”ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا“ و ببن بە بەشێک لە ”سپای سووریای ئازاد“. ئەمە داوایەکی لایەنگرانەیە و لە ڕاستییدا داوا و مەرجی تورکەکانە.

٥. یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەندێک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە، بووە بە هۆی ئەوەی بەشێکیان زیاتر هەولێرنشین بن و تا دێت زیاتر لە وڵات و زێدی خۆیان دوور بکەونەوە و نەتوانن بە ڕاستیی دەنگیان بگاتە خەڵکی خۆیان. لە درێژخایاندا ئەم لایەنانە هەر خۆیان زەرەر لە سیاسەتێکی وا دەبینن. کورد بە شۆخی نەیگوتووە ”بەرد لە جێی خۆی سەنگینە!“.

٦. پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕەسمیی چووەتە ناو ئەو هاوپەیمانیەی تورکەکانەوە کە دەڵێن تا کورد نەبێت بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن نابێت نوێنەری لە جنێڤی دوودا هەبێت و ئەو نوێنەرەیش دەبێت نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی بێت، نەک کورد وەکوو نوێنەری خۆرئاوا.

ئەمەریکا چی لە پ ی د دەوێت؟:

دوو هۆ هەبوون لە پشت ڕێگەگرتنی ئەمەریکا لە کاک موسلم ساڵح کە نەتوانێت لە کۆڕی ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و ڕۆڵی کورد New Middle East and the Kurdish Role “ لە سەرەتای مانگی یازدە لە ئەمەریکا بەشدار بێت. یەکەمیان فشاری تورکەکان بوو بەو مانایەی کە ئەوە دەبێت بە هۆی دابەشبوونی سووریا، دووهەمیان کە پ ی د بەگوێی ئەمەریکا بکات و بچێتە ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا و ببێت بە بەشێک لەو.

ئەمەریکا بە ڕەسمیی دوو داوای لە سەر پ ی د هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی بەشارئەلسەد بپچڕێت و دووهەمیان ئەوەیە کە تێکەڵ بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، واتە باڵە سیاسیەکەی ”ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا“ و باڵە سەربازییەکەی ”سپایسووریای ئازاد“ بێت. ئەمەریکا مەرجی یەک تەنها وەک فشارێک بەکار دەبات، چون هەتا ئێستا هیچ لایەنێک، بە ئەمەریکا و ئیسرائیلیشەوە، نەیانتوانیووە بە بەڵگەوە بیسەلمێنن کە پ ی د پێوەندی بە حکومەتی ناوەندییەوە هەیە. ئەمەریکا دەزانێت کە ئەوە هەر دەنگۆیەکە و نەسەلمێندراوە و لە راستیشدا تورکەکان هەڵیان بەستووە، بەڵام ئەمەریکا هەر وەکوو فاکتەری فشار بەکاری دەهێنێت.

ئازادیخواز و پارەپەیداکار جیاوازن!

لەگەڵ هێرشی ئیسلامیە تیرۆریستەکان بۆ سەر دەرووازەی بابولهەوا کە گەورەترین دەرووازەی ئاڵوگۆڕ و هاتوچوونە لە نێوان سووریا و تورکیادا و تا هەفتەی پێشووش ناوچەکە گەورەترین بنکەی سپای سووریای ئازاد بوو، ئیتر کەوتە دەست ”بەرەی ئیسلام“ کە سەلەفیەکانی سەر بە سعودیەی عەرەبین و کێشەی ستراتیژییان لەگەڵ ئەجێندای تورکەکان هەیە. سەرۆکی سپای سووریای ئازاد، ئیدریس سالم، کە لە ڕاستییدا نە ژەنرالە و نە پیاوێکی سەربازیی بە ئەزموونە، بەڵکو ئەفسەرێکی پشت مێزە کە زوو تورکەکان بە درۆ گەورەیان کرد چون هەر یەکەم ڕۆژ خۆی تەسلیم بە ئەجێندای ئەستەنبول کرد، هەڵهات بۆ ئەستەنبول و لە ترسی لێپێچینەوە و لێپرسینەوەی تورکەکان، لەوێسەوە ڕای کرد بۆ وڵاتانی کەنداو.

لە ڕاستیشدا سپای سووریای ئازاد لە دەیان و زیاتر لک و شاخەی جودایە و کەس ئەوی دیکە ناخوێنێتەوە. هەر لەبەرئەوەیش لە سووریا جۆرەکانی ئیسلامیست پێیان دەلێن گرووپی ”هوتێلی پێنج ئەستێرەیی“. بەڵگەش زۆرە کە هەر هەموویان، بە ئیسلامیی میانڕەو و توندڕەویانەوە، لە سەر فریودان یان فشاربۆهێنانی کچان و ژنانی بە ڕاستیی بێدەرەتانی سووریا، بە بەڵێنی بەهەشتی ئەو دونیاوە، خەریکی جنسنۆشیی بوون. لە دونیای ئەوڕۆدا هەمووان دەزانن کە قوربانیانی یەکەمی جەنگ، پاش کوشتنی ڕاستیی، منداڵان و ژنانن.

ئەمەریکیەکان گرەوی بێخودیان لە سەر ئیدریس سالم کرد کە دەیانویست بە زۆری زۆرداریی بە هەزاران لە کچ و کوڕی بەجەرگی کورد بخەنە ژێر ڕکێفیەوە و هاوکات ڕێگایان بە سعودیە و قەتەر و ئەمارات دا کە پارە و خۆراک و شتومەکی سەربازیی و جەک و تەقەمەنی بۆ بنێرن. نیگەرانیی ئەمەریکا ئێستا لەوە دەچێت ئەوە بێت کە زۆرێک لەو چەک و تەقەمەنیانە کە ستراتیژیین و چەکی تێکدانی پارسەنگی هێزن، وەدەست ئەو چەتە ئیسلامیستیانە کەوتبن.

هەموو ئەمانە کاتێک ڕوو دەدەن کە تەنها مانگونیوێکی بۆ بەستنی کۆنگرەی جنێڤ ٢ ماوە. لەوە دەجێت سعودی عەرەبیی و قەتەر زۆر لە تورکیا و هاورێانی دیکەی سووریا، بە ئەمەریکاشەوە، تووڕە بن، چون شاڵاوی ئەم دواییەی سەلەفیەکانی سەر بە سعودیە، خەریکە پارسەنگی ‌هێز لە دەستی شاخەکانی ئەلقاعیدەشدا تێک دەدات.

ئەڵبەت، بە داخەوە، لەو ڕۆژانەدا رەنگە بیبینین کە هەمان ئەو چەکانە دژ بە بەرەی ئازادیخوازیی کوردستان بەکار بهێنرێن.

جنێڤی ٢، کورد تیایدا بێت یان نا، زۆر گرینگ نییە

تێگەیشتنی قووڵی پ ی د کە نەکەوێتە داوی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە، شایانی باسە. خافڵگیرکردنی هەموو دونیا کە کورد دەتوانێت دیفاع لە خاک و خۆڵ و ئاو و خەڵکی خۆی بکات، شایانی ڕێز و پێزانین و پشتگیریکردنە.

کاری دروست ئەوەیە کە پ ی د لەگەڵ سەرجەم هێز و رێکخراوەکانی دیکە لە بەرەیەکی خۆرئاوادا، دوور لە پرینسیپی پەنجا بە پەنجا، رێک بکەون. شێوەچارەسەری پەنجا بە پەنجا سەرئەنجامی ریسوایی و ماڵوێرانیی لێ دەکەوێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزێکی بەرچاوە لە باشووری کوردستان و بەرپرسایەتی مێژوویی لە سەر شانە و ئەرکی بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، جێی خۆیەتی خۆی لە هەموو جۆرە هاوپەیمانییەک لەگەڵ تورکەکان ڕزگار بکات و بێلایەنانە ناوبژیوانی لە نێوان لایەنانی خۆرئاوادا بکات. ئەوە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان قایمتر و سەقامگیرتر دەکات.

تورکەکان هەر لە سەرەتاوە دۆڕاو بوون، هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت ئەو شەڕەیان بۆ بباتەوە. ئەمە راستیەکی مەزنە، دروست نییە ئەوانەی کەم یان زۆر لە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستاندا بەشدارن، لێی حاڵی نەبن.

هەبوونی کورد لە جنێڤی ٢ دا کاتێک شایانی باسە کە کوردی خۆرئاوا یەک نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت و بەشێکیش نەبن لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بەڵکو دەنگ و ڕووخساری ئەو بەشەی کوردستان بن و، هەروەکوو ئێستای پ ی د، ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردنی کوردستان و خەڵکەکەیدا، خولاسە بکەنەوە. ئەگەر تا ئەو کاتە لایەنەکانی خۆرئاوا نەتوانن ڕێک بکەون، رێنمایی بۆ ئەوەکانی دیکە ئەوەیە کە نەچن و نەبن بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا کە نە بنی هەیە نە سەر. ئۆپۆزیسیۆن تا ئێستا نەبووە بە پێکهاتەیەکی بەرجەستە تا لایەنکی کورد، بچووک بێت یان گەورە، بچێتە ناوی. ئەوی هەیە گێژاوێکی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکانە، کە تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت.

ئەگەر تورکەکان، لەوەدا سەرکەوتوو بن کە هەر نەهێڵن کورد لە جنێڤی ٢ دا بەشدار بێت و ئەمەریکا و ئینگلستان پاڵپشتیی بەشدارنەبوونی کورد بکەن، ئەوا بەشدارنەبوونی کورد ئەسڵەن زەرەرێکی بۆ کورد لێ ناکەوێتەوە. سووتەمەنی چەندین ساڵ بۆ شەڕی سووریا لەوەبەر ئامادە کراوە، کورد دەبێت خەریکی پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی ماڵی خۆی بێت.

 

 

تێبینی: شایانی باسە کە هەڵوێستی یەکیەتی نیشتیمانیی کوردستان بەرامبەر بەشەکانی دیکەی کوردستان وەکوو ئەوی ”حکومەتی هەرێمی کوردستان´/ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە و جیاوازییەکان بە دەیانن و بە توندیی پێجەوانەن و لە زۆر رووەوە هاوشێوەی هەڵوێستی ”بزووتنەوەی گۆڕان“ ـن کە تا ئێستا نیشتیمانیانە و بەرپرسیارانە سەنگەر دەگرن.

١٥/١٢/٢٠١٣

 رێبوار رەشید

 

Previous
Next

Leave a Reply