Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کون فه‌یه‌کون…. سه‌لام محه‌مه‌د

کون فه‌یه‌کون…. سه‌لام محه‌مه‌د

Closed
by October 20, 2008 ئەدەب

 
 کون فه‌یه‌کون…. سه‌لام محه‌مه‌د
 
 ساڵه‌هایه‌که‌ ،
 به‌ کۆمه‌ڵێ ئه‌دره‌سی جیاجیادا
 نامه‌یه‌کم ناردووه‌ بۆ خوا
 هه‌موو شه‌وێك به‌ر له‌ خه‌وتن
 سنووقی پۆسته‌که‌ی عه‌قڵم ئه‌که‌مه‌وه‌
 وه‌ڵام نییه‌
 هه‌موو به‌یانیه‌ك ،
 به‌ر له‌وه‌ی که‌ ده‌موچاوم بشۆم
 سه‌رنجێکی پۆستی ده‌رگای شوقه‌که‌م ئه‌ده‌م
 وه‌ڵام نییه‌
 رۆژانه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ کۆپی ده‌که‌م
 ره‌وانه‌یده‌که‌م  بۆ هه‌موو ناونیشانه‌کانی
 زه‌وی و ئاسمان
 وه‌ڵام نییه‌
 چه‌ندجارێك نامه‌که‌م خستۆته‌  شووشه‌یه‌کی بچووکه‌وه‌و
 فڕێمداوه‌ته‌ ناو ده‌ریای قووڵه‌وه‌
 وه‌ڵام نییه‌
 که‌ منداڵیش بووم
 نامه‌که‌م به‌ کۆلاره‌ی کاغه‌زه‌وه‌ ئه‌به‌سته‌وه‌و
  هه‌موو که‌تیره‌که‌م ده‌کرده‌وه‌و
 پاشان ده‌زووله‌که‌م ده‌پچڕان
 وه‌ڵام نییه‌
 له‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌ گه‌وره‌کانی  جیهاندا
 به‌ زمانی جیاواز ئه‌و نامه‌یه‌م بڵاوکردۆته‌وه‌
 وه‌ڵام نییه‌
 
 
 
 ‌من هه‌رگیز وه‌ك ماغووت ناڵێم خوا نه‌خوێنده‌واره‌
 بۆیه‌ وه‌ڵامی نامه‌که‌م ناداته‌وه‌
 به‌ڵام ده‌پرسم
 له‌و ئۆقیانووسه‌ بێکۆتاییه‌ پڕ له‌ هیدایه‌ته‌ی
 ئایا ناکرێت
 به‌ کون فه‌یه‌کوونێك
 دڵۆپه‌یه‌ك له‌ ئارام و
 دڵۆپه‌یه‌کیش له‌ ئاسووده‌یی
 بخاته‌ دڵه‌ ئاگره‌که‌ی که‌رکووکه‌وه‌….
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.