Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

کۆبوونەوە! …جیهاد موحەمەد

Be First!
by January 22, 2013 گشتی

 

 

کۆبوونەوە، بووە بە خەسڵەتێک لە خەسڵەت و کولتووری باوی هەر بوارێک لە بوارەکانی چالاکییەکانی ئابووریی و سیاسیی و حیزبایەتی و خۆ ڕێکخستن و خۆ ئامادەکردن و بڕیاردان و گفتوگۆکردن و لێتوێژینەوە و لێکۆڵینەوە.  ڕەنگە هیچ بوارێکی ژیان لە سادەترینییەوە تا سەرەکیترینی و ئاڵۆترینی نەتوانێت خۆی دەربازبکات لەم چالاکییە.  کوۆبوونەوە جگە لەوەی کە بوارەکانی سەرتاپای ژیانی کۆمەڵ دەگرێتەوە، بە هەمان شێوەش رۆژانە پێویستە ژیانی ڕۆژانەی تاک بگرێتەوە، ڕەنگە تاکی سەرکەوتوو ئەو تاکە بێت کە ڕۆژانە لەگەڵ خودی خۆی کۆبێتەوە و بە خۆیدا بچێتەوە، بۆ ئەوەی شیکاریی و هەڵسەنگاندن بکات لە کارو کردەوەکانی ڕۆژانەیدا. لە قوتابییەکی سەرەتاییەوە، تا دەگاتە خوێندکارێکی زانکۆ و پزیشک و ئەندازیار و زانا و مامۆستاکان و کارەمەند و ژن و پیاوی ماڵ و کاسپکار و بازرگان ناتوانن بە بێ کۆبوونەوە کارەکانیان مەیسەربکەن. بە مانایەکی تر کۆبوونەوە، پلانڕێژیی و نەخشەسازییە کە بۆ خۆ سازدانەوە بۆ داهاتوو دەکرێت، سا ئەو داهاتووە داهاتوویەکی نزیک بێت،یاخود دوور. 

کەواتە بە گوێرەی ئەم خوێندنەوەیە بێت، کۆبوونەوە کارێکی ئەرێنیی و چاکسازیی و پاکسازییە، کار و کردەیەکە بۆ لە بێژنگدان و لە هێڵەکدانی کار و کردەکانی ڕابردوو، تا هەرچی خڵتەو پێسی هەیە فرێبدرێت و بەردەوام گیانێکی نوێ بکرێتەوە بە بەری  ئۆرگانی کۆبووەوەدا.  

بەڵام ئایا هەموو کۆبوونەوەکان ئەنجامی باش و چاک دەدات بەدەستەوە کە سوودی هەبێت بۆ خودی ئۆرگانەکە و بۆ کۆمەڵ و بۆ ژیانی گشتی کۆمەڵ؟ کۆبوونەوە چەند لە پێناوی باشترکردن و ژیانەوەی سەرلەنوێی ئۆرگانەکاندا دەكرێت، هێندەش بۆ تێکدان و ماڵوێرانی و بڕیاردان لە کوشتن و خوێنڕشتن و ماڵوێرانیی و بەرپاکردنی جەنگ دەکریت. هیچ کارێکی خراپ و ماڵوێرانکار و جەنگێک لە دنیادا نەکراوە بە بێ ئەوەی پێشوەخت لە کۆبوونەوەیەکدا یان لە چەند کۆبوونەوەیکەدا بڕیاری لەسەر نەدرابێت، یان نەخشەسازی بۆ نەکرابێت. کەواتە کۆبوونەوەی چاک و خراپ هەیە، کۆبوونەوە هەیە بۆ چاکسازی و، کۆبوونەوەش هەیە بۆ تێکدان و فێلبازیی و ساختەکاریی.

لە وڵاتی خۆماندا(کوردستان)، کۆبوونەوەکان هێندە ناشیرینن، بوون بە جیگەی گاڵتەجاڕیی و پێکەنین، بوون بە جێگەی نوکتە و تانە لێدان.  چوونکە هەموو ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتەی کە بە ناچاری بۆ ڕاپەراندنی کارەکانیان و بەدەستهێنای بژێویی ڕۆژانەیان بە ناچاری ڕوو دەکەنە دامەزراوە و بەڕێوەبارایەتی و وەزارەتەکان،  لوتیان دەتەقێت بە لوتی (کۆبوونەوە) داخراوەکاندا، دەرگایان لێناکرێتەوە و تەنیا وەڵامیان بەوە دەدرێتەوە: کاتمان نییە!، لە (کۆبوونەوەداین)، سبەینێ وەروە‌!، هەفتەی ئایندە وەرەوە!، دوای دوو هەفتەی تر سەربەرەوە!. بەم جۆرە، کۆبوونەوە بووە بەو مۆتەکە ترسێنەرەی کە یەخەی هاوڵاتیان دەگرێت لە کاتی سەردانییاندا بۆ دامەوزراوەکان، ئەمە جگە لە بێڕێزیکردن پێیان هەر لە لای پۆلیسی بەردەرگاکەوە تا دەگاتە دیکتاتۆرییەت و رۆتیناتی  فەرمانبەر و دواتر دیکتاتۆرییەتی بەڕێوەبەر و جەنابی وەزیر، سەرەڕای ئەمانەش مۆتەکەی (کۆبوونەوە!) یەخەیان پێدەگرێت و نائومێدییان دەکات. 

جگە لەم کۆبوونەوانە، کۆبوونەوەیەکی تریش هەن لە لای حیزبە دەسەلاتدار و حوکمڕانەکان و بەرەی ئۆپۆزسێۆن، کە چارەنووسی خەڵکی گشتی پێوە دەبەسترێتەوە، هەر لە چەند رۆژ و هەفتەی پێش ئەم کۆبوونەوانەدا وا ڕادەگەیەنرێت کە ئەم کۆبوونەوانە یەکلاکەرەوەیە!، خۆیان و ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانیان چارنوسی میللەت و کۆمەڵگای پێوەدەبەستنەوە، بۆیە خەڵک دەست لەسەر دڵ چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەکانن، ئەو چاوەڕوانییانەی کە وەک چاوەڕوانی گۆدۆی لیهتاوە، تا ئێستا تەنیا بێ هیوایی دروستکردوە.  نەدۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کێشەکان وایکردوە کە بەردەوام خەڵکی لە چاوەڕوانی ئەو کۆبوونەوە باوانەدا ڕابگرێت.  

کۆبوونەوەی ئەم ئۆرگانە حیزبییە جیاوازانەی کوردستان، لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و فکرییەوە، کە ساڵانە چەندین جار دووبارە دەبنەوە، بە تایبەتی دوایی ئالۆزیی و گرژییەکانی نێوانیان، بەناوی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکرێت!، کەچی تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لەو کۆبوونەوانە نەبووە و نەکراوە کە لە ڕاگەیاندنی رۆژنامەگەریی سەرانی کۆبوونەوەکاندا نەوترابێت ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون!، لە یەک نزیک بوونەوە دروست بوو!، تێگەیشتن و سازشکردنی بە خۆەوە بینی!، بڕیاردرا کۆبوونەوەی تری بە دوادابێت. جارێک لە جاران نەبوو بوترێت مەخابن، کۆبوونەوەکە بە ئەنجام نەگەیشت، لەبەر ئەو هۆکارانە، لەبەر پێداگریی فڵان حیزب و لایەن لەسەر ئەجندای خۆی. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو ڕوونیی و ئاشکراییەی کە هەموو ئەو ئۆرگانانە باسی لێوە دەکەن، بە تایبەتی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە درووشمێکی هەڵخەڵەتێنەر زیاتر هیچی تر نییە. چوونکە هیچ کۆبوونەوەیەک نەبوو کە ئەنجامەکەی سەرانی ئەو حیزبانە بە درۆ نەخاتەوە. لە دوای هەر کۆبوونەوەیەک لەو کۆبوونەوانەی نەک هەر کێشەی خەڵکی چارەسەرنەکردوە، بەڵکو زۆر جار ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی زیاترییان لای خەڵک دروستکردوە. 

کۆبوونەوەی چوارقۆڵی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەر سێ حیزبی ئۆپۆزسیۆن جگە لە کۆبوونەوەیەکی تەشریفاتیی و موجامەلەی یەکتری نەبێت هیچی تر نەبوو، بۆ ئەوەی کە ئەم حیزبانە هەموویان پیشانیبدەن، کە لەگەڵ خۆ گونجاندن و یەک دەنگییدان و دەخوازن و دەیانەوێت بە ڕاستی قۆناغی ئالۆز و ناهەموواری ڕەوشی سیاسی کوردستان تێپەڕێنن و ئامادەن لەگەڵ یەک سازش بکەن لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستاندا. 

ئەم جۆرە کۆبوونەوانەی ئەم حیزب و دەسەڵاتدارە سیاسیانەی کوردستان، لە کۆبوونەوەی دیخوەخانەکان و مزگەوتی دێهاتەکان دەچیت، کە مەلا و شیخ و دەمسپی و ڕیشسپی گوند، دەستدەکەن بە موجامەلەی یەکتری و وەزعدادان و ئامۆژگارییکردنی خەڵکی گوند و دەڤەرەکە، بۆ هەڵخەلەتاندنیان و زیاتر ڕاکێشانیان بۆ ملکەچبوونییان بۆ کولتووری باو و ئەو بارودۆخەی کە نەگۆڕینی لە بەرژەوەندی ئاغا و فیوداڵەکان و شێخ و مەلاکاندایە، ئەمان بە خەلک دەڵێن ئەوە ئێمە لە جیاتی ئێوە بیردەکەینەوە و هەرچی باشبیت و خوا پێیخۆشبێت ئەوەتان بۆ دەکەین. دەبێت بە ویژدانیشەوە قسەبکەین، بەرەی دەسەڵاتی سیاسی و هەرسێ حیزبی ئۆپۆزسیۆنیش هەرچی (خوا) و خۆیان  پێیانخۆشبێت ئەوە دەکەن بۆ خۆیان، هەرچیشیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی کە خەڵک لەو خولگەیەدا بمێنێتەوە کە ئومێد و هیواکانیان هەڵبواسن بە کۆبوونەوەکانی ئایندەدا کەمتەرخەمی ناکەن. ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە نەکەن، ئەی چییبکەن بۆ ئەوەی ململانێ سیاسییەکانیان درێژەپیبدەن بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو هێز و دەسەڵاتەبن کە خەڵک دوایانبکەوێت و هیواییان پێیانبێت. 

بەڵام ئایا ئەمەیان بۆ دەچێتە سەر، برواناکەم، بڕوا ناکەم ئەم دەسەڵاتەی کوردستان لە دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە بەهێزتر و بە تواناتربن کە لەبەهاری هەرەبییدا هەموو گەل تەقینەوە بە ڕوویاندا. رۆژێکیش دێت بەهاری کوردستان دەستپێدەکات و هەموو گەل بە ڕووی گەندەڵکاران و باندە سیاسییەکانی کوردستاندا دەچنەوە و لەسەر کورسی حوکم دەیانهێنە خوارەوە. هیوادارم پێش ئەوەی ئەوە ڕووبدات، خەڵکی کوردستان لە چەند مانگی داهتوودا کە دیسان سندوقی دەنگدانی ساختە دەخرێتەوە بەردەستیان بایی ئەوەندە تێگەیشتبێتن کە پێویستە سندوقەکان بە بەتاڵی و حەتاڵی بدەنەوە بە ڕووی ئەو حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی کوردستاندا. هەرچەندە ئەم حیزبانە بەشی ئەوە ئەندام و لایەنگری درەوێشانەیان هەیە کە سندوقەکانی دەنگدان تەواو بەتاڵ نەدرێتەوە بە ڕوویاندا، بەڵام گومانی تیا نییە کە ژمارەی خەڵکی نارازیی زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەوانەی سەر بەدەسەڵاتی ستەمکاریین. ئەم بەرپەرچدانەوە سیاسییانەی خەڵکی کوردستان زۆر ئاسناترە لە ڕاپەڕین و بە گژا چوونەوە. چوونکە لە ڕاپەرین و بە گژا چوونەوەکاندا دەسەڵاتی ستەمکاری کوردستان وەک بینیمان بێ بەزەییانە پەلاماری خەڵکیان داو خوێنیان لە خەڵک هێنا و چەندین گەنجیان کوشت.

 

جیهاد موحەمەد/نەرویج

١٧/١/٢٠١٣

 

 

Previous
Next

Leave a Reply