Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کۆدتای سەربازی و دیمۆکراسی لە مسردا

کۆدتای سەربازی و دیمۆکراسی لە مسردا

Closed

 

 

 

 

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەموو شایەتحاڵی دەستبەسەرکردنی مۆرسی و لەکارخستنی حکومەتەکەی بووین. بێگومان ئاوابوونی ئەستێرەی ئەو هێزو دەستەڵاتانەی کە کار بۆ گەڕانەوەی کۆمەلگا دەکەن بۆ چەرخە بەردیینەکان دەکریت مایەی پێشوازیلێکردن و خۆشحاڵی بێت. یەڵام  بە گوزەر لەوەی کە تێڕوانین و هەڵوێستمان سەبارەت بە حکومی ئیخوانەکان چییە و چۆنە،  ئەوەی لە میسر ڕوویدا هاوکات زەنگێک ترسناکە بۆ دووبارەکردنەوەی مێژووی عسکەرتارییەت و سەرکووتکردن. ئەوەی لە میسر ڕوویدا ڕنگە سەرەتایەک بێت بۆ  کۆمەڵێ ئاڵوگۆڕی ترسناک و دژ بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک لە ناوچەکەدا، کە لەم نووسینەدا تەنها ئاماژە بە دوو گریمانی ترسناک دەکەین: ( ١) ئەم کۆدتایە دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ لەباربردنی خەونەکانی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دەستگیربوون لە سیستەمێک لەچەنشنی سیستەمە دیمۆکراسسیەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا کە تێیدا تاکو ڕادەیەکی بەرچاو ئازادییەکانی تاکی فەراهەم کردووە (٢) ئەم کۆدتایە و ئەو شێوە شەرعیەتپێدانە بە ڕۆڵی سووپا لە دەستتێوەردان لە دەستەڵانی سیاسی لە ووڵاتدا دەکرێت ببێتە مایەی لە ناوبردنی پرۆسەی دیمۆکراسی لە گشت ناوچەکەدا.

ئەگەر کەسێک کەمێک بەووردی سۆراخی  ئەو ڕەخنەو تێبینیانەی کردبێت کە لەسەر دیمۆکراسی ووتراون، بێگومان لە سووچێکدا چاوی بە ووتەیەکی وینستۆن چەرچڵ  لە مەڕ دیمۆکراسسیەوە کەوتبێت کە دەڵێت: ئێمە بۆیە دیمۆکراسیمان قبووڵەو بەرگری لێدەکەین، چونکو لە هەموو ئەو سیستەمانەی کە تاکو ئێستا تاقیمان کردوونەتەوە باشتر بووە. بۆیە سەرباری گشت کێشەو گرفتەکانی بۆ بەشەریەت سیستەمی دیمۆکراسی بەبەراورد لەگەڵ ئەو سیستەمانەی کە پێش ئەو تاقی کراونەتەوە ئارامترە، وە تاکو ڕادەیەکی بەرچاو لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە ئارامی لە نێوان تاکو دەستەڵاتدا بەرقەرارە  لە ووڵاتانی ڕۆژئاوای دیمۆکراسیدا. هەندێ لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم ئارامی و سەقامگیرییە دەگەڕێتەوە بۆ فەراهەمکردنی رێژەیەکی بەرچاو لە ئازادی و مافی تاکەکان لە سایەی ئەم سیستەمەدا. گشت ئەم دیاردانە هەندێ لە هۆکارە سەرەکییەکانن بۆ تێگەیشتن و تەقەلاکردنی تاکەکان بۆ دەستگیربوون لەجۆرە سیستەمێکی لەو بابەتە. ئاشنا بوونی تاکی ڕؤژهەڵاتی لەو ڕاستییانەی کە لە ووڵاتانی دیمۆکراسی رۆژئاوایدا بوونیان هەیە هەوێنی سەرهەڵدان و مەوتیڤی پشت ناڕەزاییەتی و تێخرۆشانەکان بوون لە ووڵاتانی ڕۆژئاوای ناوەڕاستدا. ئەوەی ئەم پرس و خواستانەشی هەنگاوێک بردە پێشەوە، رادەی ڕێکخستن و هوشیاری گشتی ئەو کۆمەڵگایانە بوون هە بەم پرۆسەیەدا تێپەرین یاخوود تاکو ئێستاش هەر بەردەوامن. ئێمە هیچ سۆراخێکی دیمۆکراسی و ڕادەی بەرقەرار بوونی مافی تاکەکان لە لیبیا نازانین، ناشزانین لە توونس ئەو ڕووبەرووبوونەوانانەی نێوان سوپاو خەڵکەکی کە تاکو ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەگاتە حاڵەتی ئەوەی کە سوپا دەستەڵات قۆرخ بکات. وەلی هەموو شایەتحاڵی ئەوە بووین کە چۆن جەناڕاڵەکانی مسر، بەبی بەکار هینانی کارت و توولەکانی (Tools) دیمۆکراسی، ووڵاتیان خستەوە ژیر عەقڵییەتی سەربازی و مەرحەمەتی چەکەکانیان. ڕاستە ئیخوانەکان زۆر ئکستریمن و چانسی ئەوەیان نەهێشتەوە کە پرۆڵاریزم هەناسە بدات، وەلی بەکار هیێنانی سوپا لە سیستەمە دیمۆکراسیەکاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دەرباز بوون لە کارەسەتا سرووشتییەکان یاخوود پاراستنی ووڵات لە مەترسییە دەرەکییەکان بەکار دەهنێریت نەک بۆ گواستنەوە و دەستاودستپێکردنی دەستەڵاتی سیاسی. ئەمە زەنگی ئەگەری دووبارەبوونەوەی مێژوویەکی زۆر خەتەرناکە کە ئەو ناوچەیە تاڵاوێکی زۆری چیشتووە لە ڕابردوو لەگەڵیدا. ئەم ڕووداوە ئەوەمان پێدەڵێت: ئەگەر مۆرسی دووژمنێکی سەرسەختی خەونەکانی تاکی مسری بوو بۆ ئازدی و مافەکانی، ئەوە ئەو کۆدتا سەربازییە دەچێتە خانەی هەوڵەکانی ئەوەوە. ئەم کردارەی سوپا لە کاتێکدا خزمەتێکی فریادڕەسانە بوو بۆ ڕزگارکردنی ئیخوانەکان و هێشتنەوەی کاریگەرییەکانیان لە ووڵاتی مسردا، هاوکات هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی خەونی دەستادەستپێکردنی دەستەڵاتە بە شێوەیەکی هێمنانە.

ڕاستە مۆرسی لە ڕیگەی دەنگدانەوە کرا بە سەرۆکی مسر، بەڵام ئەوەی غایب بوو لە هەگبەی دیمۆکراسییەکی مورسیدا ئەوە بوو کە ئەو نەیتوانی وەک کاربەدەستێکی دەوڵەت بۆ رێزگرتن لە بەرژەوەندیەکان و هێزە سەرکییەکانی کۆمەڵ کاربکات. دیارە ئەمە گرفتێکی گەورە و فەقیرحاڵی پرۆڵاریزمە لەمۆدێلی حکومڕانیکردن و دیمۆکراسییی لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ نموونە، مۆرسی بەس نوێنەری ئیخوانەکان بوو، وەلەهەوڵی ئەوەدا بوو کە گشت ووڵات بکات بە ئیخوانەکان. لەبری کارکردن و  پێشاندانی توانای و سەلیقەیەکی باشتر بۆ پێشخستن و باشترکردنی گوزارنی ووڵات بەگشتی، دەستەڵاتی ئیخوانەکان پێ ئەچێت زیاتر خەریکی ئەو بەشە کەمەی کۆمەڵگا بووبێتن کە سەپۆرتی ئەوانی کردوو. ڕەنگە ئەمە ئەو فاکتەرە سەرەکییە بوبێت کە ئاکتەرەکانی تری نێو پرۆسەی سیساسی لە مسر لە ڕێگەی هێزی سوپا و دەستگیرکردنی ئیخوانەکانەوە کاریگەری زیاتریان هەبێت لە کۆمەڵگادا. 

ڕەنگە لێرەدا نەتوانین لەسەر زەروورەت و گرنگی باوڕو بوون بە پرۆڵارڵیزم لەلایەن هێزە سیاسیەکانی لە سیستەمە دیمۆکراسسیەکاندا هەموو شتێک بڵێین، وەلی ئەکرێت ئەوەبڵێین کە خەسڵەتەکانی هەر سیستەمێکی دیمۆکراسی ئەوەیە کە نەک بەتەنیا حزبی دەستەڵاتدار بەردەوام لە هەوڵی نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی ناو پرۆسی سیاسیدایە، بەڵکو هەمیشە ئەو چاوەڕوانییەی لەسەرە کە چانسی یەکسان و ئازاد بۆ گشت ئەو لایەنانە بڕەخسێنی کە خزمەت بە بردنە سەرەوەی پەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا دەکەن. کەچی بە پێچەوانەوە، ئەگەر رفتارەکانی مۆرسی  درزی گەورەی خستە نێو کۆمەڵگای میسرییەوە و لە دوو بەرەی دژ بەیەکدا ڕایگرتوون، ئەوە کودتا سەربازییەکی سوپاش هێندەی تر میسریەکان تووشی قەیران و ناسەقامگیری قووڵ دەکات. لەساییەی بوونی ناکۆکی و بارگرژی لەم جۆرانەدا، خەونەکانی تاک دەکەونە نێو عەرزوحاڵی ڕێکەوتنە نهێنییەکانەوە. داخوازییەکانی خەڵک دەبن بە قوربانی بۆ گێڕانەوەی ئارامی و بنیاتنانی دەزگاکانی دەوڵەت و خەرجکردنی ووزەیەکی زۆر بۆ دوور خستنەوەی سوپا لە دەستەلاتی سیاسی.  ڕاستە ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەو حەقیقەتە بکەین کە هەموو ڕووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە دەستاودەستپێکردنی دەستەڵاتی سیاسی بەبی فەرهەنگی دیمۆکراسی، کە لە هەموو ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تورکیاشەوە بوونی نییە، هەر ئەو شێوازەی لێدەکەوێتەوە کە لە مسر بینیمان. بۆ نموونە، ڕاستە خەڵکانێکی زۆر داوای لاچوونی مورسیان دەکرد، بەڵام لەبەر نەبوونی ئەو فەرهەنگە دیمۆکراسییە، نە مۆرسی زاتی ئەوەی تیا بوو کە بگەڕێتەوە بۆ سەر میزی گفتوگۆ و گوێ رابگرێت بۆ داخوازییەکانی خەڵک، وە نە سووپاش، کە بەهێزترین دەزگای ووڵاتی مسرە، ڕێگەیەکی عەقڵانیتر و کەم زەرەتری گرتەبەر بۆ تێپەڕاندنی مسر لەو بارە گرژاوویەی کە تێی کەوتووە. 

ئەم ئەزموونەی میسر و ئەو ڕووداوانەی کە ئەو ووڵاتە پێیدا دێتەپەڕێت،  ئەوەمان پێدەڵێن کە خەونی تاکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا هێشتا لەگەڵ کۆڵی بەربەستی دژواردا ڕووبەڕووە. ئەو بەربەست و کۆسپانە لەمۆدێلی حکومڕانییەکی مۆرسی  و ئەو کردارەی سوپای مسردا خۆی دەبینێتەوە، ئەم جۆرە ڕفتارانە نەک دەبنە مایەی پشێوی و بەگژیەکترداکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا کە هەر ئێستا لە مسر دەستیپێکردووە، بەڵکو لە هیچ شوێنێکدا خزمەت بە گەشەکردن و فراوانبوونەوەی فەرهەنگی دیمۆکراسی ناکەن لە هیچ ووڵاتێکدا.  

 

کاوە حەسەن

kawa2010@gmail.com 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.