Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
کۆدی پڕ بوون لە میهرەبانی

کۆدی پڕ بوون لە میهرەبانی

Closed

  عه‌بدوڵا سڵێمان (مه‌شخه‌ڵ(…..    
 
 ژنێک کاڵتر لە ڕەنگی ئاو 
 لە دوورەوە هەر لە نەوڕەسی زەیبەق و
 لە فڕینە بێوەیەکانی عیشق ئەچێت
 ژنێک ئەڵێی (جەدوەل زەرب )ی خۆشەویستی لەبەر کردووە
 ژنێک لە ژن میهرەبانتر
 ژنێک لە دەرەوەی سوێند و دوعا گەورەکان
 شەفافتر لە حەریر و ئاوریشم
 بزێو لە نێو حیکایەتە باوەکانی عەیبە و عارە
 ژنێک مزرتر لە لیمۆ ئاڵەکانی خەفەقان
 ژنێک پڕ لە جوانی و شەنگی
 ژنێک لە سادەیی ژنبوونیەوە  لە نێو شیعرێک دێتە دەرێ و
 لەسەر تاڵە شەبەنگێکی عاتیفە ئەنوسێت : لە نێو هەڵمی ماچەکانتا
 سیمای خۆمم نەناسییەوە.
 
 ژنێک هەر لە سێبەر ئەچێ و
 خوای ناوەتە نێو پەرداخێک لە زمزمی خۆشەویستی
 ئایاتەکانی مرازی
 بە کۆلیت وتاقی کیسرای نهێندا هەڵواسیوە
 ژنێک بێدەنگتر لە سکونی کەون
 مەزنتر لە کلتورەکان
 بەرزتر لە هەسارەکانی خەڵوەتی نائومێدی
 پڕتر لە پڕبوون بە جوانی و میهرەبانی
 ژنێک ووردتر لە دەنکە مرواری ئەڤین
 لە نێوشیعرێک دێتە دەرێ و
 لەسەر پشتی گەڵایەک لە موحیببەت ئەنوسێت : خۆشم ئەوێی
 
 ژنێک بە گومان لە گوڵ و بۆنە ڕەنگ پڕتەقاڵییەکان
 بێزار لە باق وبریقی دروشمەکانی دڵداری
 ژنێک وەڕس لە سوێندەکانی پیاوان و له‌ کۆیلەتی ژووری نوستن
 ژنێک یاخی لە پێکهاتی بایۆلۆژی
 دوودڵ لە گشت پەیمانە بێ بناغەکان
 ژنێک لە توێی حەزێکەوە دێتە دەرێ و
 نەفرەت دەکات لە ژیان و لە پیاو و لە خۆشەویستی
 
 شیعرێک ئەنووسم بۆ ژنێک
 دەستەکانی لەهەنگوین و برینەکانی لە سێون
 تەڕ هەر ئەڵێی دار سنەوبەرێکی ژێر بارانی زستانەیە
 کراسی خەمێکی تەڕی لەبەردایە و
 گۆی مەمکەکانی هەر ئەڵێی فەریکە نۆکێکی تازە پێگەیشتوون
 ژنێک  بیر لە وەسیەت و  لە مردن ناکاتەوە
 ژنێک تەنها خۆشەویستی ئەناسێت و
 لەناو دڵی سێبەرێکدا بۆی نووسیم"ئای لە بێوەفایی و درۆی
 پیاوەکانی ڕۆژهەڵات و سوێندەکانی پێش هاوسەری"
 
 ژنێک لە پەلکە ڕەیحانە
 ڕوونتر لە شوشەی عەدەسەی چاویلکەکانی درەختە پیرەکانی
 دارستانی کەنارەکانی ڕۆژئاوای نیشتمانە دڵ ساردەکەم
 تەنکتر لە گەڵای نەعناع
 بە نووکی پێ بەسەر پەرژینی ئاودا دێت ودەچێ
 دەست دەنێتە نێو دەستی "با" و
 لەوەرزە ساردەکان دەڕوا بۆ دیداری خودا و جوانی
 ژنێک ئاڵاوەتە سەراب
 نیشتمانێک لە ڕاستگۆیی و زەریایەک لە نهێنی بەدواوەیە
 ژنێک هەر لە باران ئەچێت
 وتی"مەشخەڵ لەپەرداخی شیعرێکتەوە ئاوی سەفەر ئەخۆمەوە و
 لەگەڵ نەورەسە تۆراوەکان کۆچ ئەکەم بۆ ئاسمانەکانی غەریبی
 لە ئاوێنەی شیعرێکتەوە جەستەی ڕووتم دەخەمە بەر دەستی وشە بزێوەکان
 لەدەلاقەی وشە حەرامەکانەوە وردە ماچ دەگرمە خۆت و
 قەسیدە ژن پەرستەکەت"
 
 ژنێک هەر تەنها بارانی گرتووە بە دەزگیران و
 لەنێو ڕوبار نەبێت نانوێت
 لەسەر دڵی هەورەکان نەبێت نازانێ سەما بکات
 ژنێک شینە…چونکە ئاسمان باوەشی پێداکردووە
 ژنێک سوورە…چونکە ئاگر لە جەستەیدا پەڵە ئەدا
 ژنێک سپییە…چونکە لە تەما خەون دەبینێ بە خۆشەویستەکەی و
 ژنێک خۆڵەمێشییە…چۆن هەر بە تەنها خۆڵەمێشی ئەوینی برد
 بۆ بەر قاپی خواوەندەکان
 ژنێک ڕەشەو بە قەترانی چاوەکانی،لەشەوێکدا بەچرپەوە وتی"مەشخەڵ
 شیعرێک بڵێ تا لە جوانیما پەڵەدەم
 شیعرێک بڵێ من و گەڵا
               من و دار و
              من و هەور ببین بە پەلکە زێڕینەی نوستنێکی ئەرخەوانی"
 وتی"مەشخەڵ شیعرێک بڵێ پاسەوانی چراکان بم
 شیعرێک بڵێ ئاوێنەکان لە ئامێز نێم
 شیعرێک بڵێ وێنەکانی تەنیاییمان ببات بەرەو ڕۆخەکانی دەریای عەشق"
 وتی"مەشخەڵ شیعرێک بڵێ گوڵەکانی نێو باخچەکەم بە ژێرکراسی سوورەوە
 بەسمت و ڕانی ڕووتەوە بێنە بەر دەرگای دڵێک و
                  گۆرانی بڵێن تا ئەبەد
 شیعرێک بڵێ ئەوین تێیدا شەپۆڵ بدا و
 منیش بەبەلەمی دڵم سەفەری عیشقی تیا بکەم
 وتی"مەشخەڵ شیعرێک بڵێ تا غەرق ئەبم لە خۆشنوودی و
 هەتا ئەبم بە دەنکە هەنارێکی حەز و بە سێوەکەی دەستی ئادەم!"
 
 18   ی جوڵای 2006—14 ی جانیوەری 2008
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.