Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
کۆسپەکانی بەردەم مۆدێرنبوونی کۆمەڵ لە کوردستان

کۆسپەکانی بەردەم مۆدێرنبوونی کۆمەڵ لە کوردستان

Closed
by February 17, 2009 گشتی

کۆسپەکانی بەردەم مۆدێرنبوونی کۆمەڵ لە کوردستان

کانەبی محەمەد عەوڵا
kanawla@yahoo.com

گۆڕانی کۆمەڵ لە کلاسیکیەوە بۆ مۆدێرن پێویستی بە شۆڕشە. ئەم شۆڕشەش لە خۆیەوە روونادات، بەڵکو دەبێت رێگای بۆ خۆشبکرێت. چەندین فاکتەر بەشداریدەکەن لە بەرپاکردنی ، لەوانە فاکتەری ئایدیۆلۆجی، سیاسی و ئابووری. ئەو ئایدیۆلۆجیەی بانگەشەی ئازادی و یەکسانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵ دەکا، دەتوانێت بەشداربێت لە گۆڕینی بەها کۆمەڵی و کولتوریەکان، ئەویش لە رێگای بڵاوکردنەوەو هاندانی باوەڕبوون بە ئازادی و یەکسانی. ئینجا لە رووی پراکتیکەوە، هەڵگرانی ئەم ئایدیۆلۆجیایە، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیان گرتە دەست، لێرەدا، سیاسەتیش، چالاکانە بەشدار دەبێت لە گۆڕینی سیستەمی بەهاکان لە رێگای دەرکردنی بڕیار و یاسا، مێدیا، پەروەردە. فاکتەری ئابووریش دەکرێت بەشداربێت لەو گۆڕانە، کاتێک ئاستی بژێوی خەڵک باوەڕ و رەفتاریان دیاریدەکات. زۆربه‌ی هەژارەکان کۆنەپارێز دەمێننەوە و پاڵدەدەنە سەر بەها ئاینی و خێڵەکیەکان، کەچی دەوڵەمەندەکان یان چینی ناوەڕاست زووتر ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی بەها و باوەڕی تازە.

لە کوردستانی باشوردا، ئایدیۆلۆجیا، نەک هەر بەشدارنەبووە لەو پڕۆسەیەی کولتور، بەڵکو، تا راددەیەک ملیداوە بۆ کۆمەڵێک مەرجی سیاسی و کۆمەڵی و ئابووری، و لە هێڵی شۆڕشگێڕانە دوورکەوتۆتەوە. ئایدیۆلۆجیاکانی کۆمونیسم، سۆسیالیسم، سۆسیال-دێمۆکراسی، لیبێرالیسم، یان سازشیانکردووە، یانیش پەڕاوێزخراون و نەیانتوانیووە باوەڕی خەڵک بگۆڕن، یانیش تەنها ناون و ناوەڕۆکیان نیە.

ئەو ئایدیۆلۆجیانەی دەسەڵاتی سیاسیان گرتۆتەدەست، یان کۆنەپارێزن یانیش لە بەر چەند هۆکارێک نایانەوێت گۆڕانی ریشەیی (شۆڕش) بکەن. باوەڕنەبوون بە شۆڕشی کۆمەڵی (سۆسیال) و وازهێنان لەو شۆڕشە، دوو شتی جیاوازن. ئەو باوەڕنەبوونە دەچێتە خانەی کۆنەپارێزیەوە و نایەوێت بەها خێڵەکی و ئاینیەکانی کۆمەڵ گۆڕانیان بە سەردابێت و هەر شتێکیش، لە شێوەی مۆدێرن بەرچاوکەوت، رووکەشی و لاساییکەرەوە دە‌بێت، نەک لە ریشەوە بێت. ناکرێ چاوەرێی شتی گەورە لەو ئایدیۆلۆجیایە بکەین چونکە دەستکاری سیستەمی کۆمەڵ ناکات. کەچی ئایدیۆلۆجیای سۆسیال-دێمۆکراسی، باوەڕی بە گۆڕانە، بەڵام کە واز لە ئامانجەکانی دێنێت، دەچێتە خانەی هەلپەرستی و سازشکاریەوە و قۆرخی دەسەڵات دەکات و بۆ ئامانجی تاکەکەسی بەکاریدێنێت نەک بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵی و کولتوری. نایەوێت کارێک بکات تا جێ بە خۆی لەق بکات. بۆیە هەوڵدەدات دۆخەکە وەک خۆی راگرێت و رێ لە کەسانی تر (ئایدیۆلۆجیای تر) دەگرێ و شەڕیان دەکات نەوەک بێنەپێشەوە.

ئەو ئایدیۆلۆجیا فەرمانکەرانەش (حاکم)، ئامرازێکی گرنگی وەک دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن، نەک لە بەرژەوەندی بەرپاکردنی شۆڕش لە رێگای یاسا و پەروەردەوە. کەواتە هیوایەکمان بەو جۆرە سیاسەتە نەبێ کە ئایدیۆلۆجیای لەم چەشنە پیادەی بکەن.

فاکتەری ئابووری، دەکرێ رێخۆشکەر بێت بۆ گۆڕانی کۆمەڵی، ئەویش کاتێ خەڵک ئاستی بژێوی بەرزبۆوە و خۆشگوزەران بوون، بە دوای گەشت و گوزار و گەڕان و رابواردن و چێژوەرگرتن لە ژیان دەکەون، بۆیە دەکرێ باوەڕیان بە بەها کۆمەڵیەکان بگۆڕێت بۆ باوەڕبوون و وەرگرتنی بەهای نوێ، ئەویش پتر بە هۆی تێکەڵبوون بە کولتور و کۆمەڵی لە خۆی مۆدێرنتر. بەم جۆرە، هەڵگرانی ئەم باوەڕە تازەیە کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەریی بەها ئاینی و خێڵەکیەکان.

لە سەرەوە گوتمان کە ئایدیۆلۆجیا و سیاسەت لە کوردستانی باشور ئاکتیڤ نین بۆ بەرپاکردنی شۆڕش؛ واتە لە سەر ئاستی ئێلیت ( نوخبە) ئەو گۆڕانە روونادات، رادیکاڵ نابێت، ئەگەر هەشبێت زۆر لاوا ز دەبێت و دەمێنێتەوە سەر ئاستی کۆمەڵی سیڤیل.

کۆمەڵی سیڤیل دەتوانێ بەشدار بێت لەو گۆڕانە کۆمەڵی و کولتوریەی کە کۆمەڵێکی مۆدێرن پێکدێنێت، تێیدا تاک، تا راددەیەکی زۆر، بە ماف و ئازادیەکانی شاد دەبێت. لە ناو کۆمەڵی سیڤیلدا، ئەو هێزانە کاریگەر و چالاک دەبن: مێدیا، نووسەران و رۆشنبیران، هونەرمەندان، سەندیکاکان بە گشتی، رێکخراوەنی داکۆکیکەر لە ژنان و منداڵان، هەموو ئەو رێکخراوانەی لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیەوە دوورن.

پێش هەموو شتێ، دەبێ کۆمەڵی سیڤیل خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و حزبیەوە دوورخاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ سەربەخۆییانە کار بکات. بەڵکو دەبێ هەموو هەوڵێک بدات تا گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوەی وەڵامی داواکانی بداتەوە، مافەکانیان مسۆگەر بکات، یان لە بەرامبەر هێزە کۆنەپەرستەکان، داکۆکیان لێبکات بە یاسا، ئەگەر لە ناوخۆی وڵات وەڵامی نەدرایەوە، دەبێ داواکانیان بگەیێننە سەکۆی رێکخراوە جیهانیەکان. دوای ئەمە، هەوڵبده‌ن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خێڵ و ئاین کەمبکەنەوە و پەڕاوێزیان بخەن و بێلایەنیان بکەن.

ئینجا نووسەران و رۆشنبیران، هەوڵبدەن تا رەخنە لە بەها خێڵەکی و ئاینیەکان بگرن و رووە ناشرینیەکانیان نیشان بدەن و سەرزەنشتیان بکەن. رۆڵی رۆشنبیران کەمتر نیە لە رۆڵی سیاسیەکانی دەسەڵات لە بەرپاکردنی شۆڕشی کولتوری، چونکە دەتوانن بە بەکارهێنانی عەقڵ و بەڵگەی زانستی و لۆجیکی، کار بکەنە سەر توێژەکانی کۆمەڵ تا دووربکەونەوە لە سمبولە خێڵەکی و ئاینیەکان.

رۆڵی رۆشنبیران کاریگەرتر دەبێت، لە کاتی گرفت و کارەساتەکانی ناو کۆمەڵ وەک کوشتنی کچان و ژنان لە سەر (نامووس) نموونەی دوعا. باشترین دەرفەت بوو بۆ رۆشنبیران ( نووسەران، رۆژنامەنووس و کەسانی مێدیایی، هونەرمەندان..) تا هێرشی توند بکەنە سەر ئاین و بەها ئاینیەکان؛ تەقینەوە و سەربڕین، منداڵ بە شوودان، ژن بە ژنی، فرەژنی، کوشتن لە سەر ئاین گۆڕین، ئازاردان و کوشتنی خەڵکی سەر بە کەمینە مەزهەبی و ئاینی و نەژادیەکان، زیندانیکردن لە سەر دەربڕینی بیروڕا…هتد.

داخەکەم، کوردستان، ئەتاتورک و ماو تسی تونگی تێدا نیە تا بە یاسا و بڕیار شۆڕشی کولتوری بەرپا بکات. ئەگەر لە بەر خاتری ناسکیی دۆخی سیاسیی کوردستان بێت، کە دەسەڵاتداران ناتوانن شۆڕش یان رێفۆرمی کۆمەڵی بکەن نەوەک هەرا دروست بێت و بەهانە بکەوێتە دەستی دوژمنانی کوردستان، بەڵام خۆ دەتوانن تاوانکاران سزا بدەن، دەمی ئەو مەلایانە داخەن و سزایان بدەن کە هانی کوشتن دەدەن چ لە دژی ژنان چ لە دژی کەمینە ئاینیەکان.

بە کورتی، دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان (گۆڕان ناکات و رێگریشە لە بەردەم گۆڕان)، خێڵ و ئیسلام 3 کۆسپی سەرەکی لە بەردەم مۆدێرنبوونی کۆمەڵ. کۆمەڵی سیڤیل دەتوانێ رۆڵێکی گرنگ یاریبکات لەم پڕۆسەیەدا، ئەرکێکی گەورەش دەکەوێتە سەر شانی رۆشنبیران تا کاریگەر بن.

پڕۆسەی مۆدێرنکردن کاری شەو و رۆژێک نیە، مەرجی سیاسیی گونجاویشی پێویستە، بەڵام رێگایەکی دوور بە هەنگاوێک دەست پێدەکات. ئەم هەنگاوەش با رۆشنبیران بیهاوێن.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.